ڕووبار

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-23-19:15:00 - کۆدی بابەت: 8036
ڕووبار

ناوه‌ڕۆك

ڕووبار چییە؟

ڕووبار (بە ئینگلیزی: river)، ئاوەڕێیەکی ڕۆییووی سروشتییە، کە بەگشتی ئاوەکەی سازگارە و بەرەو زەریا، دەریا، دەریاچە یان ڕووبارێکی تر دەڕوات. لە هەندێک حاڵەتدا ڕووبار دەڕژێتە سەر زەوی و لە کۆتایی ڕێگاکەیدا وشک دەبێت بەبێ ئەوەی بگات بە تەنێکی تری ئاوی، هەروەها بە ڕووبارە بچووکەکان دەگووترێت جۆگە.

دەکرێت ڕووبارەکان پان و قووڵ بن یان ئەوەندە باریک و تەنک بن کەسێک بتوانێت بەناویدا بڕوات و بپەڕێتەوە. هەندێک لە ڕووبارەکان بەدرێژایی ساڵ هەڵدەقوڵێن، لە کاتێکدا هەندێکی تریان تەنیا لە چەند وەرزێکی دیاریکراودا یان کاتێک بارانێکی زۆر دەبارێت هەڵدەقوڵێن. لەوانەیە ڕووبارە زۆر گەورەکان هەزاران کیلۆمەتر درێژببنەوە. هێزی داخورانی ڕووبارەکان دەتوانێت شوێنە سەیروسەمەرە جیۆلۆجییەکانی وەکوو گراند کانیۆن دروست بکات.

هەموو ڕووبارێک خاڵێکی دەستپێکی هەیە کە ئاو لێیەوە هەڵدەقوڵێت، بەم سەرچاوە دەگووترێت سەرچاوەی ڕووبار، دەشێت ئەم سەرچاوە لە ئاوی باران یان توانەوەی بەفری شاخەکانەوە هاتبێت، بەڵام دەشێت لە ئاوی ژێرزەوییەوە هەڵقوڵا بێت یان لە کەناری دەریاچەیەک یان گۆمێکی گەورەوە پێک هاتبێت. سەرەکەی تری ڕووبار پێی دەگووترێت ڕێژگە، ڕێژگەش ئەو شوێنەیە کە ئاوی ڕووبارەکە دەڕژێتە نێو تەنێک ئاویی گەورەتر، وەکوو دەریاچە یان زەریا.

ئەو ئاوەی که لە ڕووبارەکانەوە هەڵدەقوڵێن ئاوی شیرین یان سازگارن، واتە کەمتر لە لەسەدا یەک خوێی تێدایە. بەڵام ڕووبارەکان خوێی گرنگ و ماددەی خۆراکییەکانیان تێدایە کە پاڵپشتی ژیانی ڕووەک و ئاژەڵەکان دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەش، هەندێک لە زیندەفرەجۆرترین ژینگەکانی سەر ئەم هەسارەیە لە دەوروبەری ڕووبارەکانن. بەگشتی زانایان ئەوە دەخەمڵێنن کە هەموو ساڵێک تەواوی ڕووبارەکانی جیهان نزیکەی چوار بلیۆن تەن خوێی زەوی دەگوازنەوە بۆ زەریاکان.

هەروەها ڕووبارەکان شتێکی تریش پێک دەهێنن کە پێی دەگووترێت گەرووی ڕووبار، گەرووش شوێنی تێکەڵبوونی ئاوی سازگاری ڕێژگەی ڕووبارە لەگەڵ ئاوی سوێری دەریا کە "ئاوی سوێرەک" پێک دێنن. ڕووباری هادسۆن لە شاری نیو یۆرک نموونەی زاری ڕووبارە، کە ئاوی سوێرەک زیاتر لە 241 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوه.

گرنگی ڕووبارەکان

هەرچەندە ڕووبارەکان و جۆگەکان تەنیا 0.1%ی زەوی دادەپۆشن بەڵام زۆربەی کات بە بەشێکی سەرەکی دیمەنی سروشتی دادەنرێن. ڕووبار و جۆگەکان لەمێژە گرنگی خۆیانیان هەیە و چەندین شار و شارستانییەت لە چواردەوری ئاوی سازگاری ڕووبارەکان دروست کراون. زۆربەی شارە سەرەکییەکانی جیهان کەوتونەتە سەر ڕێژگەکانی ڕووبارەکان و وەکوو سەرچاوەی ئاو، بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، بۆ گواستنەوە، وەکوو سنوورەکان، بۆ پاراستنی ناوچەکە لە دووژمن، وەکوو سەرچاوەی هێزی کارۆئاوی، بۆ خۆشتن، ئاو خواردنەوە، کشتوکاڵ، مەلەکردن و وەکوو ئامڕازێک بۆ فڕێدانی خاشاک و زبڵ بەکارهێنراون.

هەریەکێک لەم بەکارهێنانەی ڕووبارەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی ڕووبارەکه و سیستمی ژینگەیی دەوروپشتی هەبێت. چاودێریکردنی تەندروستی ڕووبارەکان و دەریاچەکان و جۆگەکان کارێکی گرنگی ئەو زانایانەیە کە پێیان دەگووترێت پسپۆڕی زانستی ئاوی سازگار و دەریاچەکان و ئەوان بەم کارە هەڵدەستن.


سەرچاوەکان



1965 بینین