چۆنیەتی شۆردنی جلی ژێرەوەی خانمان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-27-21:01:00 - کۆدی بابەت: 13016
چۆنیەتی شۆردنی جلی ژێرەوەی خانمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی شۆردنی جلی ژێرەوەی خانمان (به ئینگلیزی: How to wash women's underwear، بە عەرەبی: كيفية غسل الملابس الداخلية النسائية). جلی ژێرەوە بەهۆی ئەوەی جلێکە بۆ ناوچەی هەستیاری مرۆڤ، پێویستە زۆر ئاگاداری شۆردنیان بین. کە ئەم بەشانەی جەستە هەستیار و ناسکن و پێویستییان بە چاودێری ورد هەیە. پێویستە گرنگی زۆر بدرێت بە پاکوخاوێنی جلەکانی ژێرەوە، دەبێت هەموو ڕۆژێک جلەکانی ژێرەوەمان بگۆڕین و بیانشۆین. هەر لەو کاتەوەی کە شۆرت یاخود ستیان دەکڕیت پێش لەبەرکردنی دەبێت بشۆردرێت، چونکە ئەم جلانە لە پرۆسەی وەبەرهێنانیاندا بە چەند هەنگاوێکدا دەڕۆن ئەویش لەژێر چەند ئامێرکی پیسدا کە دەکرێت هەڵگری چەندین جۆری بەکتریا یاخود ڤایرۆس بن.

گرنگی پاکڕاگرتنی جلی ژێرەوە

خانمان زۆر پێویستە گرنگی بدەن بە پاکڕاگرتنی جەستە و جلیان، بەتایبەت جلەکانی ژێرەوەیان. جەستە و پێستی خانمان زۆر ناسک و هەستیارە بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە خۆیان بە ناوچەی هەستیار ناودەبرێن. زۆر گرنگە خانمان بەتایبەت ئەوانەی مەمکیان گەورەیە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ جارێک ستیان بشۆن و بیگۆڕن، ئەمە وادەکات هەستیاری و سوربوونەوەی پێستەکە دروست نەبێت. هەروەها دەبێت هەموو ڕۆژێک شۆرت بشۆردرێت، چونکە زێی خانمان زۆر هەستیارە و بە سادەترین هۆکار تووشی هەوکردن دەبێت.

چۆنیەتی شۆردنی جلی ژێرەوە

شۆردنی جلی ژێرەوە کە پێکدێت لە ستیان و شۆرت بە دوو ڕێگا دەبێت، ئەویش شۆردن بە دەست و شۆردنە بە ئامێری جلشۆردن. واباشە جلەکانی ژێرەوە بە دەست بشۆردرێن و نەخرێنە ئامێری جلشۆردنەوە.

شۆردن بە دەست

باشترین ڕێگا بۆ شۆردنی جلی ژێرەوە شۆردنە بە دەست، بەکارهێنانی پاککەرەوەیەکی گونجاو و هەروەها شۆردنە بە ئاوی گەرم، ئەویش ئەگەر جلەکە زۆر چەور و پیس بێت، بەڵام ئەگەر هەموو ڕۆژێک جلەکان بشۆیت پێویست ناکات ئاوەکە زۆر گەرم بێت و دەتوانیت ئاوی شلەتێن بەکاربهێنیت. چونکە ئاوی گەرم لۆکە و ماددەکانی ناوەوەی جلەکە زووتر تێکدەدات. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە نێوان چەند خانمێکدا کراوە دەرکەوتووە کە:

  • تەنها ٪٦ـییان جلەکانیان بە دەست دەشۆن.
  • هەروەها دوو لەسەر سێیان بەشێوەیەکی ئاسایی جلەکان دەشۆن وەک هەر جلێکی تر. 
  • واباشە جلەکانی ژێرەوە لە ساڵێکدا سێ جار بگۆڕدرێت و لە کاتی شۆردنیشدا زۆر بە توندی نەشۆردرێن تاکوو تازەیی بمێننەوە.

چەند ڕێگایەک هەیە بۆ شۆردنی ستیان بە دەست:

ئامادەکردنی ئاوی پاک

پێویستە دڵنیابیت ئەو ئاوەی کە ستیانەکەی پێ دەشۆیت پاک بێت. کەوچێکی قاوە پاکەرەوەی تێبکە. دڵنیابەرەوە لەوەی پاککەرەوەکەت ماددەی کهولی تێدا نییە. دەبێت بەباشی ئاوەکە تێک بدەیت تاکوو پاککەرەوەکە تێکەڵ دەبێت و کەفی زۆر دەکات، هەروەها بەدڵنییایەوە دەبێت لە کاتی شۆردنی جلەکاندا دەستکێش بەکاربهێنیت، ئاگاداربە ئەگەر دەزانیت ستیانەکان ڕەنگ دەگرن جیایان بکەرەوە و مەهێلە ڕەنگیان تێکبچێت.

ئامادەکاری پێش شۆردن

پێش ئەوەی دەستبکەی بە شۆردن واباشە ستیانەکان بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک لە نێو کەفەکەدا  جێبهێڵیت و ئەگەریش زۆر چەورە دەتوانیت بۆ ماوەی کاتژمێرێک جێی بهێڵیت.

دەست بکە بە شۆردن

ئێستا ستیانەکان بەباشی بەدەست تێکەڵ بکە، ئەگەر ستیانەکەت ئیسفەنجییە هەوڵبدە زۆر فشاری نەدەیت و توند نەیشۆیت، بۆ ماوەی چەند خولەکێک بەردەوامبە تاکوو پاک دەبێتەوە و پاشان گیراوەکە بڕێژە.

هەڵکێشان

تەشتەکە پڕبکە لە ئاو و ستیانەکانی تێبکە بەباشی ئاویان پێدا بکە تاکوو تەواوی ماددە پاککەرەوەکەیان لێ دەبێتەوە.

وشککردنەوە

دەکرێت ستیانەکان بخەیتە نێوان دوو خاولییە و فشاری بدەیت تاکوو ئاوەکەی نەمێنێت، دواتر هەڵیدەخەیت و تاکوو لەبەر هەوا و خۆردا وشک ببێتەوە.

چۆنیەتی شۆردنی شۆرت

شۆردنی شۆرتی خانمان بەبەراورد بە ستیان زۆر ئاگاداری دەوێت و هەستیارترە، چونکە ئەو بەشەی خانمان زۆر ناسک و هەستیارە. ئەگەری گواستنەوەی بەکتریا و نەخۆشی لە ڕێگەی شۆرتی پیسەوە بۆ ئەم ناوچەیە زۆرە. واباشە شۆرتەکان بەدەست بشۆردرێن و بەهەمان ڕێگاکانی شۆردنی ستیان بشۆردرێت.

بۆچی نابێت جلی ژێرەوە بە ئامێری جلشۆردن بشۆردرێت؟

تاکوو دەتوانیت بەهیچ شێوەیەک جلی ژێرەوەت بە ئامێری جلشۆر مەشۆ. چونکە لەناو ئەم ئامێرەدا هەموو جۆرێکی جل دەشۆردرێت، ناوچەیەکی لەبارە بۆ پیسبوون و تووشبوون بە نەخۆشی و دروستکردنی هەستیاری. دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن و هەستیاری پێست. هەروەها بەهیچ شێوەیەک نابێت جلی ژێرەوەی خانمان و پیاوان تێکەڵ بکرێت و پێکەوە بشۆردرێن ئەمە وادەکات هەر نەخۆشی یاخود هەوکردنێک هەبێت بگوازرێتەوە. 

باشترین پاککەرەوە بۆ جلی ژێرەوە

ڕاستە تایت و سابوون پاککەرەوەیەکی باشن بەڵام بۆ ناوچەی هەستیارەکان و جلی ژێرەوە گونجاو نین. هەروەها دووربکەوە لە بەکارهێنانی هەر ماددەیەکی پاککەرەوە کە بۆندار بێت. شۆردنی جلی ژێرەوە بە شامپۆی منداڵ باشترین هەڵبژاردەیە.


سەرچاوەکان



113 بینین