تێكچوونی هۆڕمۆناتی کچانی هەرزەکار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-29-23:25:00 - کۆدی بابەت: 13387
تێكچوونی هۆڕمۆناتی کچانی هەرزەکار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێكچوونی هۆڕمۆناتی کچانی هەرزەکار (بە ئینگلیزی: Teenage hormone imbalance، بە عەرەبی: خلل الهرمونات في سن المراهقة)، دەکرێت ئاستی هۆرمۆنەکان لە هەرزەکاراندا بە بەردەوامی لە گۆڕانکاریدابێت، بەڵام جیاواز لە گۆڕانەکەی دەکرێت لە هەندێک کەسدا ڕێژەی ناهاوسەنگی هەبێت، ناهاوسەنگییەکەش یان بەرچاوە و پێی دەزانرێت یاخود شاراوەیە، ئەوانەی بە شێوەیەکی ئاشکرا ناهاوسەنگی هۆڕمۆنیان هەیە دەکرێت سووڕی مانگانەیان دوابکەوێت یاخود کێشی جەستەیان زیاد بکات، لە کاتێکدا ئەوانی تر سووڕی مانگانەیان هەیە و هەست بە هیچ نامۆییەک ناکەن لە کاتێکدا کە ئاستی هۆڕمۆنەکانیشیان ناڕێکە.

ئەو هۆڕمۆنانەی پەیوەندیدارن بە دۆخەکەوە

  • پرۆجیسترۆن: ئەم هۆڕمۆنە لەلایەن هێلکەدانەکانەوە بەرهەمدەهێنرێت و لە ماوەی هێلکەداناندا ڕێژەی دەردانی بەرزدەبێتەوە، کەمی ئاستی دەبێتە هۆی سەرئێشە و ناڕێکی سووڕی مانگانە لەگەڵ شەکەتی، هەروەها پرۆجیسترۆن ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە جڵەوکردنی ڕێژەی ئیسترۆجیندا، واتە ئەگەر پرۆجیسترۆن نزمبوو ئەوا ئیسترۆجینیش کێشە دروستدەکات.
  • ئیسترۆجین: ناهاوسەنگی لە ئیسترۆجین کاریگەری دەبێت لەسەر زۆرینەی لایەنەکانی ژیانی خانمانی هەرزەکار، ڕێژەی بەرزی دەبێتە هۆی قەڵەوبوون، لەدەستدانی ئارەزووی سێکسی و بچووکی مەمک، گۆڕانی زۆر لە هەوەس و سروشتی کەسەکە، نزمی ڕێژەکەشی دەبێتە هۆی زۆر هەوکردنی میزەڕۆ، شەکەتی، ئازاری جەستە یاخود قورسی سەرنجدان.
  • کۆرتیزۆل: یاخود پێی دەوترێت هۆرمۆنی فشار، بەرزی ڕێژەکەی دەبێتە هۆی نەخۆشی کەشین و قەڵەوبوون، نیگەرانی یان خەمۆکی، نزمی ڕێژەکەشی دەبێتە هۆی نەخۆشی ئەدیسۆن و لاوازبوونی جەستە یاخود شەکەتبوون.
  • هۆرمۆنەکانی سایرۆید: بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکانی ئەم ڕژێنە دەبنە هۆی لەدەستدانی کێش، پەرێشانی، ناڕێکی سووڕی مانگانە، داخورپینی دڵ، شەکەتی، نزمی ڕێژەکەشیان دەبێتە هۆی قەڵەوبوون، خەمۆکی، وشکبوونەوەی پێست و قژ، ناڕێکی سووڕی مانگانە.
  • تیستێسترۆن: کچانی هەرزەکار دەکرێت ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە نێرینەیە، وەک دەرکەوتنی مووی ڕەش لەسەر ڕووخسار و دروستبوونی زیبکە.

 نیشانەکان

ژمارەیەکی زۆر نیشانە هەن کە پەیوەندیدارن بە تێكچوونی هۆڕمۆنەوە هەندێکیان گشتین وەک ئەمانە:

  • ناڕێکی سووڕی مانگانە یان هەبوونی خوێنی زۆر
  • شەکەتی و زیادبوونی کێشی جەستە
  • دەرکەوتنی مووی زیادە
  • گۆڕانکاری زۆر لە هەوەس و سروشتی کەسەکە

هەندێک نیشانەی تریش هەن کە کەمتر گشتین ئەوانیش ئەمانەن:

  • زیادبوونی هەستیاری بە گەرمی و ساردی
  • خڕبوونی ڕووخسار، وشکبوونەوەی پێست
  • بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوەی لێدانی دڵ
  • قەڵەوبوون یان لاوازبوونی چاوەڕواننەکراو
  • تینووێتی زۆر یان برسێتی زۆر، یاخود زۆر میزکردن
  • شەکەتی ماسولکە، ئازار یان سڕبوونی ماسولکە و جومگەکان
  • ئارەقکردنەوە، چاو کزبوون، سەرئێشە
  • خەمۆکی، خەوزڕان

چارەسەر

شێوازی چارەسەرکردن بە گوێرەی هۆکار و ڕێژەی ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان دەگۆڕێت، لە زۆرینەی دۆخەکاندا بەکارهێنانی دەرمان و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانکردن هاوکاری چاکبوونەوە دەکەن، ئەزموون کردنی گۆڕان و ناهاوسەنگی هۆڕمۆن لە هەرزەکاراندا بۆ هەردوو دایک و باوک و منداڵەکەش بێزارکەر و ماندووکەرە، بەڵام بە ئەنجامدانی پشکنینی گونجاو و ڕاوێژکردن بە پزیشک چارەسەری گونجاو دەدۆزرێتەوە.


سەرچاوەکان



32 بینین