ناوهڕۆك
ناساندن
ڕۆڵی بایۆتەکنەلۆجی لە گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا (بە عەرەبی: تأثير بايوتكنلوجي في التغيرات العصرية، بە ئینگلیزی: The role of biotechnology in the changing times)، تەکنەلۆجی بە واتا فراوانەکەی، پراکتیزەکردنی سەرجەم بوارەکانی زانستە لە بەردەم پێداویستییەکانی مرۆڤدا، ئەم تەکنەلۆجیای ژیانە کە بە بایۆتەکنەلۆجی ناسراوە بووەتە بوارێکی فراوانیش بۆ سەدان کۆمپانیای جیهانی، کە توێژەر و لێکۆڵەرەوەکانی بایۆلۆجی کاری تێدا دەکەن. بایۆتەکنەلۆجی لە پڕۆسەی کارکردنیدا، پشت بە زانستە نوێیەکانی مایکرۆبایۆلۆجی و بەرگری زانی و فیسیۆلۆجی و بایۆکیمیا و بۆماوەزانی و خانەزانی دەبەستێت.
بوارەکانی بایۆتەکنەلۆجی
- مادە ئەندامییەکان
- وردە زیندەوەران
- بەرهەم هێنانی خۆراک
- توێژینەوە تەندروستییەکان
- کیمیای کشتوکاڵ
- کیمیای شیکاری
- ئەندازەی بۆماوە
- لەبەرگرتنەوە
لایەنە سەرەکییەکانی ئەم تەکنەلۆجیایە
تەکنەلۆجیای وزە
یەکێک لە کێشە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ، کێشەی کەم بوونەوە و دەستنەکەوتن و نەمانی وزەیە، بە تایبەتی ئەو وزانەی ئەمڕۆ لە بەردەستدان بۆیە هەوڵە بێ ئەندازەکانی زانایان بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی دیکەی وزە، هەر لە کاردایە، بە تایبەت پەنا بردنە بەر وزەی خۆر و سوود وەرگرتن لە وزەی ئاو و با، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاستی بەرهەم هێنان و بەکارهێنانی ئەم جۆرە وزانە تا ئێستا سنووردارە بوارێکی تەسک و کەمی گرتووەتەوە، بە تەواوەتی ناتوانن بنەبڕی ئەم کێشەیە بکەن، کە مرۆڤایەتی ڕەنگە لە ساڵانی داهاتوودا زۆر بە سەختتر دووچاری ببێت هەر بۆیە زاناکانی بایۆلۆجی، پەنایان بردووەتە بەر بایۆتەکنەلۆجی بۆ دروستکردنی وزە لە ڕێگای وردە زیندەوەرە، کە ئەمڕۆ بە پیشەسازییە میکرۆبییەکان ناودەبرێت.
لە پاشماوەی نەوتی خاو خەڵوزی بەردین، خەڵوزی ئاساییەوە بەهۆی بایۆتەکنەلۆجی کردارەکانی گەنین و ترشاندنەوە دەتوانرێت بڕێکی زۆر هایدرۆکاربۆنەکان بەرهەم بهێنرێت بە تایبەتی ئەثيلين و ئەسیتالدە و هایدو بیوثانۆل، ئەسیتۆن و گازی زیندوو و زۆرێکی تر، هەروەها هەر بەم پڕۆسەیە بایۆئەلکهول ئەمڕۆ لە گەنینی ڕووەکەکان پەیدا دەبێت وەک شەکری قامیشی شەکر، چەوەندەری شەکر، نیشاستە و دانەوێڵە و پەتاتە، ئەو وزەیەی ئەم واتایە دەبەخشێت، زۆرە و لە ئاستێکی بەرزدایە، هەر بۆیە لە ئێستاوە زاناکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو زەوییانە بە کەڵکی کشتوکاڵ دێن، زۆربەی بەو بەروبومانە بچێنرێن کە لە بایۆتەکنەلۆجیدا سوودیان لێ دەبینرێت.
بایۆتەکنەلۆجی و کێشەی پسیبوون
کێشەی پیسبوونی ژینگە، ئەمڕۆ بە یەکێک لە هەرە کێشە گەورەکانی ژیانی سەردەم دادەنرێت، کە بە هۆیەوە زیانێکی زۆر لە سامانی سروشتی، خاک و ئاو دەردەکەوێت، ئەمەش بە تایبەتی لە ئەنجامی بەربڵاوی بەکارهێنانی ماددە جۆربەجۆرەکانی کیمیا و تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان، بایۆتەکنەلۆجی، بە مەبەستی بەرگریکردن و بن بەستکردنی ئەم کێشەیە، زۆر هەنگاوی ناوە، لەوانە گۆڕانکاریکردن لە سیستمی سروشتی هەندێک بەکتریادا، کە توانای جیاکردنەوەی ئەو ماددە کیمیاییە ژەهراویانەیان لە سروشتەوە هەبێت، لە پاشدا شیکردنەوە و هەڵوەشاندنیان بۆ کۆمەڵە ماددەیەکی سوودبەخش.
کێشەی پزیشکی و بایۆتەکنەلۆجی
کێشەی دیاریکردنی جۆری ئەو میکرۆبانەی کە نەخۆشی دەخەنەوە، یەکێکە لە هەرە کێشە گەورەکانی بایۆلۆجی پزیشکی لەبەر بوونی سەدان هەزار جۆر لە بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕووەکان و مشەخۆرەکان ئەمڕۆ لە ڕێگای دیاریکردنی DNA، یان RNA هەر یەکێک لەو میکرۆب و مشەخۆرانەوە بە ڕێگای بایۆتەکنەلۆجی، زانست لە کێشەی دیاریکردنی جۆر و تیرەی ئەو میکرۆبانە بووەتەوە و ئەم ڕێگایەش نوێترین ڕێگای دیاریکردنە.
کێشەی هەڵگرتنی خوێنی بەخشراو بۆ چەند ڕۆژێک و لە پاشدا خراپبوونی لە کێشە گەورەکانی بواری پزیشکییە، ئەمڕۆ بەهۆی بایۆتەکنەلۆجییەوە، زانست بەسەر ئەم کێشەیەشدا زاڵ بووە و لەمەو بە دوا دەتوانرێت خوێن بۆ چەندەها ساڵ هەڵبگیرێت، بەبێ ئەوەی هیچی لێ بێت، تەنانەت کەسی ساغیش دەتوانێت خوێنی خۆی لە کاتی لەش ساغیدا بەم ڕێگایە بۆ چەندەها ساڵ هەڵبگیرێت و هەرکاتێک پێویستی پێ بوو، سەرلەنوێ بۆ خۆی بەکاریبهێنێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە خوێنی کەسێکی دیکە بێت.
خواردن و بایۆتەکنەلۆجی
پەیداکردنی خۆراک و جۆرە نوێیەکانی یەکێکی دیکەیە لە هەوڵە بێ ئەندازەکانی بایۆتەکنەلۆجی بە مەبەستی خۆشگوزەرانی و ئامادەکردنی سەرچاوەی خۆراکی نوێ بۆ مرۆڤ و گیانداران ئەگەر چی هەر لە کۆنەوە، بە ڕێگای ترشاندن و گەنین زۆر جۆری خۆراکی پەیداکردووە، وەک جۆرە جیاوازەکانی ترشیات و سرکە، مرەبا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بەشێک لە بایەخە هەرە گەورەکانی بایۆتەکنەلۆجی گرنگیدان بوو بە پەیداکردنی سەرچاوەی نوێی پڕۆتین بە تایبەتی گۆشت، و کەمکردنەوەی چەوری، زۆرکردنی هێلکەی پەلەوەر و تۆو و بەری ڕووەک، خۆشکردنی تام و چێژ و ئاوداری و قەبارە، ئێستا بەم ڕێگایە زۆربەی جۆری کاربۆهیدراتیەکانی وەک نیشاستە و گلوکۆز و شەکرەکانی دیکە و جۆرە جیاوازەکانی ڕۆن و ترشە ئەمینییەکان و سەرچاوەکانی دیکەی وزە پەیدا دەکرێت.
پەروەردەکردنی گیانداران
بایۆتەکنەلۆجی لە سەرجەم هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانیدا لایەنی پەروەردەکردنی ئاژەڵی فەرامۆش نەکردووە، لەم لایەنەوە زۆر هەوڵیداوە:
١- پیتێن کردنی ناو شووشە کە هێلکەی مێ و تۆوی نێر لە شووشەی تاقیکردنەوەدا لێک دەدرێت، پاشان دروست بوونی هێلکەی پیتراو، دەخرێتە ناو مێیەکی هەڵبژاردەوە.
٢- دەرهێنانی کۆرپەلە، گەشەپێکردنیببۆ ماوەیەک و لەپاشاندا چاندنی لە دایکێکی بەهێزدا.
٣- پەڕینی دەستکرد، بە وەرگرتنی تۆوی نێر و پیتێن کردنی مێیەکان بە دەستکرد لە ڕێگای تێکردنی تۆوەکان بۆ زێی مێیەکان.
٤- سوود وەرگرتن لە هەنگاوەکانی ئەندازەی بۆماوە، لە وەرگرتنی جینی حەز لێکراو و چاندنی لە خانەی گیانەوەرێکی دیکەدا.
٥- وەرگرتنی کۆرپەلە لە قۆناغە هەرە زووەکانیدا و لێکردنەوەی خانەکانی و چاندنی هەر خانەیەک لە منداڵدانی مێیەکدا.