سیتکۆم

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-16-21:16:00 - کۆدی بابەت: 12925
سیتکۆم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سیتکۆم (بە عەرەبی: سیتکوم، بە ئینگلیزی: Sitcom) وشەیەکی لێکدراوە، لە کورتکراوەی هەردوو وشەی ئینگلیزی (Situation=sit) لەگەڵ وشەی (Comedy=com) پێکدێت کە بە واتای دۆخێکی کۆمیدی یاخوود پێکەنیناوی دێت.

سیتکۆم چییە؟

سیتکەم پرۆگرامێکی کۆمیدی زنجیرەیییە کە تێیدا بابەتی هەر ئەڵقەیەک بە دەوری بارودۆخێکی جیاوازدا دەسوڕێتەوە. سیتکۆم ژانەرێکی کۆمیدییە کە سەرنج دەخاتە سەر کۆمەڵە کەسایەتییەکی جێگیر کە ئەڵقە دوای ئەڵقە بەردەوام دەبن. سیتکۆم بە واتای "بارودۆخێکی کۆمیدی" دێت، کەواتە پێویست ناکات بوترێت "سیتکۆمی کۆمیدی".

مێژووی سیتکۆم

زاراوەی سیتکۆم تا ساڵانی ١٩٥٠ـاکان بەکارنەدەهێنرا. ئەم ژانەرە سەرەتا لە ڕادیۆوە سەری هەڵدا و لە کۆتایییەکانی ساڵانی ١٩٤٠ـەکاندا هاتە ناو تەلەڤیزیۆن. یەکەمین سیتکۆمی تەلەڤیزیۆنی، زنجیرەی Pinwright’s progressـە. کە پێکهاتبوو لە دە ئەڵقە و لە تۆڕی بی.بی.سی لە بەریتانیا لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ و ١٩٤٧دا پەخشکرا. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر وڵیەم ئاشەر نازناوی ئەو پیاوەی لێنراوە کە سیتکۆمی داهێنا. کاری دەرهێنانی بۆ نزیکەی ٢٠ بەرهەمی سیتکۆم کردووە لەنێویشیاندا بەرهەمی I love lucy، لەنێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٧٠.

تایبەتمەندییەکانی سیتکۆم

چەند تایبەتمەندییەک سیتکۆم جیادەکاتەوە لە بەرهەمەکانی تر. یەکەمیان بەکارهێنانی کۆمەڵە کەسایەتییەکی دووبارەیە کە بە جێگیری دەمێننەوە و کەسایەتییەکان ناگۆڕێن، بۆ ئەوەی خەڵک هەرکاتێک بیانەوێت دەستبکەنەوە بە سەیرکردنی و هێشتا بتوانن لە بابەتەکان تێبگەن. هەندێک لە سیتکۆمەکان شوێنی وێنەگرتنەکانیان سنووردارە، هەندێکجار زنجیرەکە تەنها یەک شوێنی تێدایە کە هەموو ڕووداوەکانی تێدا ڕوودەدات. جۆری کۆمیدیاکە زیاترسەرنج دەخاتە سەر بارودۆخە شەرمەزارکەرەکان و هەڵەتێگەیشتنەکان، هەروەها زۆرجار ئیلهام لە ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینە وەردەگرێت بۆ ئەوەی بینەران هەست بە نزیکی بکەن لە ڕووداوەکانەوە.

بە شێوەیەکی ئاسایی سیتکۆمەکان لەگەڵ دەنگێکی باکگراوندی پێکەنیندا پەخش دەکرێن، یاخود بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەبەردەم بینەراندا وێنەی دەگیرێت کە ئەوکاتە دەنگی پێکەنینەکان و کاردانەوەکان ڕاستەقینەن.

هەر سیتکۆمێک بەلایەنی کەمەوە چوار کەسایەتیی سەرەکی هەیە. کەسایەتییەکانی سیتکۆمە کۆنەکان زیاتر ئەندامانی خێزانێک بوون یان دوو خێزان. بە تێپەڕبوونی کات، تۆڕەکانی بەرهەمهێنان دەستیان کرد بە بەرەوپێشبردنی سیتکۆمەکان و چیرۆکەکانیان سەبارەت بە کۆمەڵێک هاوڕێ، هاوپیشە یان کۆمەڵە کەسێک بوون دەکەوتنە بارودۆخێکەوە وەکوو کارمەندانی پزیشكی. زۆربەی جار کەسایەتییەکان هیچ نەدەگونجان بەیەکەوە و ئەمە ناکۆکییەکی دروست دەکرد، ئەمەش وای دەکرد بەرهەمەکە بەچێژ بێت و بەردەوام بێت. هەندێک لە سیتکۆمەکان چیرۆکێکی دوورودرێژیان هەیە کە بە درێژایی وەرزەکان باس دەکرێت و ڕووداوەکان ئاشکرا دەبن، ئەمەش ڕێگە بە کەسایەتییەکان دەدات کە پەرەبسەنن و بگۆڕێن.

بە شێوەیەکی ئاسایی کاتی هەر ئەڵقەیەکی زنجیرەیەک لە ژانەری سیتکۆم ٢٠ بۆ ٣٠ خوولەکە، هەروەها لە چیرۆکێکی سەرەکی "ئەی" و چیرۆکێکی لاوەکی "بی" پێکدێت. چیرۆکی "ئەی" پێویستی بە کاتی تەواوی ئەڵقەیەک هەیە بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە و چارەسەر بکرێت، لەکاتێکدا چیرۆکی "بی" هەندێک گۆڕانکاری و گرژی دراماتیکی دەدات بە ئەڵقەکە. هەندێک ژێرچیرۆکی تریش لەوانەیە زیاد بکرێن بۆ ئەوەی بینەران بەردەوام بن لە سەیرکردن.

کۆمەڵە نموونەیەک لەسەر سیتکۆمە بەناوبانگەکان

  • The big bang theory
  • Rick and Morty
  • Modern family
  • Silicon valley
  • Malcolm in the middle
  • How I met your mother
  • Brooklyn Nine-Nine
  • Fleabag
  • Ted lasso
  • It’s always sunny in philadelphia
  • Bojack horseman
  • The good place
  • Crub your enthusiasm
  • Friends
  • Community
  • 30 Rock
  • The office (U.S)
  • I love lucy
  • The simpsons
  • Seinfeld
  • Cheers

جۆرەکانی سیتکۆم

سیتکۆمەکان پێکدێن لە چەند جۆرێک، گرنگترینیان ئەمانەن:

فرەکامێرا: فرەکامێرا یەکێکە لەو جۆرانەی بە ئاسانی دەناسرێتەوە بەهۆی بوونی دەنگی پێکەنینی باکگراوند. بۆ دەستکەوتنی ئەو دەنگانە کۆمەڵێک کامێرا لەبەردەم ستۆدیۆیەکی ڕاستەوخۆی بینەراندا دادەنرا و وێنەی دیمەنەکان دەگیرا. سروشتی تۆمارکردنی ڕاستەوخۆی فرەکامێراکان هەستێکی تایبەت دەبەخشێت بە بەرهەمەکە، لەبەرئەوەی نواندنکارەکان تەنها بۆ کامێرا نواندن ناکەن بەڵکو بۆ بینەرانیشی دەکەن ئەمەش وای لێدەکات نواندنەکان سروشتی تر بن. تێکەڵەیەکی بێ هاوتای فیلم و شانۆیە. نموونەیەک بۆ ئەم جۆرەیان زنجیرەی The big bang theory یە.

کۆمیدیای شوێنی کار: لەوانەیە ئەمە بەناوبانگترین جۆری سیتکۆم بێت، کۆمیدیای شوێنی کار یەکێکە لەو جۆرانەی کە بەرهەمهێنەرەکان پشتی پێدەبەستن بۆ پەیداکردنی ئەزموون. کۆمیدیای شوێنی کار واتا چیرۆکەکە باسی شوێنی کار دەکات، بۆیە زۆر پێویستی بە گۆڕینی شوێن نییە. نموونە بۆ ئەم جۆرەیان زنجیرەی The office  و Brooklyn Nine-Nineـە.

درامیدی: ئەم جۆرەیان تێکەڵەی دراما و کۆمیدیایە و یەکێکە لەو جۆرانەی کەم کەس بە ئاسانی وەکوو سیتکۆم دەیانناسێتەوە. کاتێک بیر لە سیتکۆم دەکەینەوە زنجیرەیەکی سادەی تەلەڤیزیۆنی دێتە خەیاڵمانەوە، بەڵام کۆمەڵە زنجیرەیەکی درامیدی هەیە کە بە سیتکۆمیش هەژمار دەکرێن، چونکە پابەندی یاساکانی ئەم ژانەرە دەبن. یەکێک لە کارە قورسەکانی سیتکۆمی درامی- کۆمیدی نەگۆڕینی ئاڕاستەی کەسایەتییەکانە. لە سیتکۆمە ئاسایییەکاندا وا چاوەڕواندەکرێت لە سەرەتای هەر ئەڵقەیەکدا کەسایەتییەکان هەر وەکوو خۆیان بن، بەڵام لە درامادا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کەسایەتییەکان بە گۆڕاندا تێبپەڕن. نموونە بۆ ئەم جۆرەیان زنجیرەی Bojack horseman و Fleabagـە.

کۆمیدیای خێزانی: ئەم جۆرەیان بە نزیکەیی هەمان ناوبانگی کۆمیدیای شوێنی کاری هەیە. ئەم جۆرەیان باشترینە بۆ کۆمیدیایەک کە هەست بە نزیکی بکەیت لێیەوە. چیرۆکی ئەم جۆرەیان زیاتر باسی ژیانی ئاسایی کەسایەتییەکان دەکات لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی بەسەریان دێت لەگەڵ خێزان، هاوڕێ و خۆشەویستەکانیان. نموونە بۆ ئەم جۆرەیان زنجیرەی How I met your mother، Friends و Seinfeldـە.

کۆمیدیای ئەنیمەیشن: جوانی سیتکۆمە ئەنیمەیشنەکان لەوەدایە کە توانای داهێنەرانە زاڵ دەبێت بەسەر ئەو سنوورداریەی لە زنجیرەکانی تردا هەیە، نموونە بۆ ئەم جۆرەیان زنجیرەی Family guy  و Rick and mortyیە.


سەرچاوەکان



3859 بینین