موریتانیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-26-15:20:00 - کۆدی بابەت: 9175
موریتانیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

مۆریتانیان یان موریتانیا یاخود کۆماری موریتانیای ئیسلامی (بە عەرەبی: موریتانیا، بە ئینگلیزی: Mauritania), وڵاتێکە دەکەوێتە سەر کەناری زەریای ئەتڵەسی لە باکووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا. لە باکوورەوە لەگەڵ وڵاتی جەزائیر و بیابانی ڕۆژئاواییەکان هاوسنوورە، لە باشوورەوە لەگەڵ سەنیگال و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتی مالی هاوسنوورە، بە پردی گەیەنەری نێوان وڵاتی مەغریب لەگەڵ ڕۆژئاوای ئەفریقا دادەنرێت. بە وڵاتی ملیۆن شاعیرەکە ناسراوە چونکە شاعیری مەزنی تێدا هەڵکەوتووە. پایتەختی وڵات "نواکشۆت"ـە گەورەترین شاری وڵاتە کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس نیشتەجێی ئەو شارەن. ڕووبەری وڵات 1،030،700 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. کەشوهەوای وڵات بیابانییە و تاڕادەیەک هاوینی گەرم و وشکە، بارانی زستانیشی سنووردارە، بەهۆی وشکەساڵییەوە نزیکەی 78%ـی خاکەکەی دووچاری بەبیابانبوون بووەتەوە، سەرباری ئەوەش چەند ناوچەیەکی خاکی موریتانیا زۆر بەپیتە و بە کشتوکاڵی هەمەجۆر ناودارە.

مێژووی وڵات

ـ مێژووی وڵات و ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا.
ـ پێش بڵاوبوونەوەی ئیسلام ناوچەی موریتانیا بە "ئیمپراتۆریەتی گانا" ناسراو بوو.
ـ ئیمپراتۆریەتی گانا لە ناوچەکە تاکوو سەدەی سیازدەهەم بەردەوام بوو.
ـ لە سەدەکانی ناوەڕاست لەڕێگەی بازرگانە موسڵمانەکانەوە ئایینی ئیسلام لە ناوچەکە بڵاوبووەوە.
ـ لە ساڵی 1920ـەوە موریتانیا بووە بەشێک لە ڕۆژئاوای ئەفریقا کە خاکەکەی کەوتە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسییەکان.
ـ دوای داگیرکاریی فەڕەنسییەکان، ناوی وڵاتەکە گۆڕدرا و فەڕەنسییەکان ناوی موریتانیایان بۆ هەڵبژارد، کە ناوێکی ڕۆمانی  کۆنە و ڕەچەڵەکەکەی لاتینییە، واتای "خاکەکەمان" دەبەخشێت.
ـ لە ساڵی 1960 موریتانیا بە فەرمی سەربەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسییەکان بەدەست هێنا.
ـ لە ئێستادا سیستمی دەسەڵات کۆماریی ئیسلامییە و موریتانیا دابەشبووەتە سەر 15 ناوچە هەر یەک لەو ناوچانە کراون بە 44 بازنەی تر.

دیمۆگرافیای دانیشتوان

پێکهاتەی دانیشتوانی موریتانیا هەمەجۆر و تێکەڵە، دانیشتوانی لە عەرەبی ئەمازیغی سپی پێست و ئەفریقییە ڕەش پێستەکان پێکهاتووە. بەشی باشوور دانیشتوانەکەی ڕەچەڵەکیان ئەفریقی ڕەش پێستەو 20%ـی دانیشتوان پێکدەهێنن، بەشی باکووریش سپی پێستەکانی لێ نیشتەجێن و نزیکەی 80%ـی ڕێژەی دانیشتوان پێکدەهێنن. هاوکات بە گشتی ژمارەی دانیشتوان نزیکەی  4,775,110 کەسن.
زمانی عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتە، بەڵام چەندان شێوەزاری هەیە و موریتانییەکان بە شێوەزاری خۆیان دەدوێن. لە ڕابردوودا بەهۆی کاریگەرییەکانی داگیرکارییەکانی فەڕەنسا، لە ئێستادا زمانی فەڕەنسیش تاڕادەیەک بەکاردەهێنرێت و کاریگەری کردووەتە سەر زمانی عەرەبیش.
ئایینی ئیسلام بەربڵاوترین ئایینی وڵاتە و هەموو دانیشتوان پەیڕەوەی دەکەن و لەسەر ڕێبازی سوننەی مالیکیین، هیچ ئایینێکی تر لەو وڵاتە پەیڕەو ناکرێت.

ئابووریی وڵات

موریتانیا وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن چەندین سەرچاوەی سروشتییە، کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی لە ئابووری وڵات پشکی گەورەی هەیە، بە جۆرێک کە دووەم وڵاتە لە دوای وڵاتی سوودان گەورەترین سامانی ئاژەڵی هەیە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئابووریی وڵاتەکەی پشتی پێدەبەستێت.
موریتانیا خاوەن گەورەترین کانی نیشتووی ئاسنە. لە ساڵی2001 نەوت لە چەند ناوچەیەکی موریتانیا دۆزرایەوە و بووە یەکێک لەو وڵاتە ئەفریقیانەی کە نەوت بەرهەم دەهێنێت.


سەرچاوەکان



428 بینین