ناوهڕۆك
ناساندن
دەستنیشانکردنی خەستبوونەوەی خوێن (بە ئینگلیزی: Diagnosis of polythycemia، بە عەرەبی: تشخیص كثرة الحُمر الحقيقية)، هەر دوو جۆرەکەی خەستبوونەوەی خوێن بەهەمان جۆرە پشکنین دەستنیشان دەکرێت بەڵام بە پشکنینی تایبەت جیاوازی نێوان دیاری دەکرێت. لە کەسێکی گومانلێکراو بۆ تووشبوون بە خەستبوونەوەی خوێن پشکنین دەکرێت پشتڕاستکردنەوەی خەستبوونەوەی خوێن و پاشانیش بۆ دیاریکردنی جۆرەکەی.
خەستبوونەوەی خوێن بە گشتی دۆخێکی تەندروستییە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری خڕۆکە سوورەکان دروست دەبێت و ئەم ژمارە زۆرەی خڕۆکە سوورەکان دەکرێت لە ڕێڕەوی خوێندا بنە هۆی تۆپەڵبوون و بەمەش زەحمەتی لە ڕۆیشتنی خوێن بۆ شانە و ئەندامەکانی جەستە دروستدەکەن.
خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی بەهۆی بوونی گرێ لە مۆخی ئێسکدا دروستدەبێت کە گرێکەش بەهۆی بازدان لە بۆهێڵەکان دروستبووە. واتا خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی نەخۆشییەکی بۆماوەییە. بەهۆی تێکچوونی مۆخی ئێسک خڕۆکەی سووری زیاد لە پێویست دروست دەکات پاشان ئەمە ئاماژە دەنێردێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیریسرۆپۆیتن. هەروەها خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی دەگمەنترە بەراورد بە خەستبوونەوەی خوێن دووەمی.
خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی بەهۆی بوونی کۆمەڵێک هۆکارەوە دروست دەبێت بەتایبەتی ژینگەیی هەروەها دوور نییە بەهۆی بۆماوەییەوە بێت، بەڵام ئەم بۆماوەییە پەیوەندی بە بازدان لە بۆهێڵەکانی مۆخی ئێسکدا نییە. زیاترین هۆکار بۆ خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی پێویستی کەسەکەیە بە ئۆکسجینی زیاتر کە ئەمەش هاندان دەنێرێت بۆ زیاتر دەردانی خڕۆکە سوورەکان بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیریسرۆپۆیتن. ئەم پێویستییە زۆرەش بۆ ئۆکسجین کۆمەڵێک هۆکاری هەیە لەوانە:
- جگەرە کێشان.
- کێشانی نێرگەلە.
- ژیانکردن لەو ناوچانەی بەرزترن لە ئاستی ڕووی دەریا.
- وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا.
- نەخۆشی دڵ و سییەکان کە ببنە هۆی دابەزینی ئۆکسجینی جەستە.
پشکنینەکان
خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی لەوانەیە بۆ چەندین ساڵ نیشانە دروست نەکات. نەخۆشییەکە زۆرجار لە کاتی پشکنینی ڕۆتینی خوێندا دەدۆزرێتەوە کە لەبەر هۆکاری تر ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکانی خوێن ئاسایی نەبوو، پزیشک دەکرێت بیەوێت پشکنینی زیاتر ئەنجام بدات.
پزیشک نەخۆشی خەستبوونەوەی خوێن دەستنیشان دەکات لەسەر بنەمای نیشانەکان، تەمەن و دۆخی تەندروستی، مێژووی پزیشکی، پشکنینی جەستەیی و پاشانیش ئەنجامەکانی پشکنینی تاقیگەیی.
لەکاتی پشکنینی جەستەییدا، پزیشک بەدوای نیشانەکانی خەستبوونەوەی خوێن دەگەڕێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەش پشکنینی دەست دەکات بۆ دیاریکردنی گەورەبوونی سپڵ و سەیری ڕووخسار دەکات بۆ دیاریکردنی پەڵەی سوور لەسەر دەموچاو هەروەها خوێنبەربوون لە پووک یەکێکی ترە لە نیشانەکانی بوونی خەستبوونەوەی خوێن. پاشان پزیشک داوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی تاقیگەیی دەکات بۆ دەستنیشانکردنێکی تەواو. ئەو پشکنینانەی ئەمجامدەدرێت بۆ دیاریکردنی خەستبوونەوەی خوێن بریتین لە:
- پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن (CBC)
- سمیری خوێن
- پشکنینی ئاستی هۆرمۆنی ئیریستۆپۆیتین
- پشکنینی مۆخی ئێسک
- پشکنینی کارلێکیی زنجیرەی پەڵمەرە (PCR)، پشکنینی بۆماوەیی بۆ دیاریکردنی بازدان لە بۆهێڵەکان
- سۆنەری هەناوی یاخود وێنەگرتنی دیکەی ئەندامە ناوەکییەکان.
ئەگەر پزیشک پشتڕاستی کردەوە کە نەخۆش تووشبووی خەستبوونەوەی خوێنە، ئەوا هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە بزانیت کە ئایا کام جۆرەی خەستبوونەوەی خوێن هەیە، خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی (پۆلیسایسیمیا ڤێرا) یان خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی.
مێژووی پزیشکی و تاقیکردنەوەی جەستەیی دەتوانن ئەوە پشتڕاست بکەنەوە کە نەخۆش چی جۆرە خەستبوونەوەیەکی خوێنی هەیە. بەڵام بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەواوەتی پزیشک داوای ئەنجامی ئاستی هۆرمۆنی ئیریسرۆپۆیتین دەکات. کە ئەنجامی ئەم پشکنینە دەتوانێت خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی لە خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی جیا بکاتەوە.
پسپۆڕانی بەشدار
ئەو پزیشکانەی لە فریاکەوتنەکان هەن دەتوانن پشکنینە گرنگەکانی دەستنیشانکردنی خەستبوونەوەی خوێن بنووسن و پاشانیش بەپێی ئەنجامەکان دۆخی نەخۆشەکە دیاری دەکەن و چارەسەریشی بۆ دەنووسن. هەندێک جاریش نەخۆشەکە دەنێرن بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن بۆ چارەسەرکردنێکی وردتری نەخۆشەکە.
بەڵام باشترە دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەلایەن دکتۆرەکانی نەخۆشخانەوە نەخۆش خۆی هەرچۆنێک بێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن بکات، گەر دەستنیشانکردنەکەش بە تەواوی کرابێت بۆ چارەسەر وەرگرتن باشترە بگەڕێتەوە بۆ پزیشکە پسپۆڕەکە.
پشکنینە تاقیگەییەکان
پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن
زۆرجار، یەکەم پشکنین کە دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی خەستبوونەوەی خوێن پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێنە. لەم پشکنینەدا چەند پێکهاتەی خوێن پێوانە دەکرێت، کە ڕێژەی پێکهاتەکانی تایبەت بە خڕۆکە سوورەکان ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە دەستنیشانکردنی خەستبوونەوەی خوێن. لە پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێندا ئەوەی جێی سەرنجە بۆ دەستنیشانکردنی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن بریتییە لە:
ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن: خڕۆکە سوورەکان یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی ناو پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن. ژمارەی خڕۆکە سوورەکان دەستپێکی دەستنیشانکردنی زۆربەی نەخۆشییەکانی خوێنە. لە خەستبوونەوەی خوێن بە هەردوو جۆرەکەیەوە ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیاد دەکات.
ئاستی هیمۆگلۆبین: هیمۆگلۆبین پڕۆتینێکی دەوڵەمەندە بە ئاسن کە یارمەتی خڕۆکە سوورەکان دەدات بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین لە سییەکانەوە بۆ بەشەکانی تری لەش. لە کاتی بوونی خەستبوونەوەی خوێن بە هەردوو جۆرەکەیەوە کەسی نەخۆش ڕێژەیەکی بەرزتری هیمۆگڵۆبینی هەیە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە.
ڕێژەی خوێن: هێماتۆکریت یاخود ڕێژەی خوێن پێوانەیەکە بۆ ئەوەی دیاریبکات چەند خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە خوێندا هەن، بەرز بوونەتەوە یاخود نزمبوونەتەوە. ئاستی بەرزی هیماتۆکریت یەکێکە لە دەستنیشانییەکانی خەستبوونەوەی خوێنی بێ جیاکردنەوەی جۆرەکەی.
هەروەها لە پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن و چەند ڕێژەیەکی تری تایبەت بە خڕۆکە سپییەکان و پێکهاتەکانی پەڕەکانی خوێن و ڕێژەکەی لە خوێندا پشکنین دەکرێت. لەوانەیە ئەنجامە نائاساییەکان نیشانەی خەستبوونەوەی خوێن، نەخۆشییەکانی تری خوێن، هەوکردنەکان یاخود حاڵەتە پزیشکییەکانی دیکە بن.
جگە لە ژمارەی بەرزی خڕۆکە سوورەکان، ئەو کەسانەی کە خەستبوونەوەی خوێنیان هەیە دەکرێت ژمارەی بەرزی خڕۆکە سپییەکانی خوێن و ژمارەی بەرزی پەڕەکانی خوێنیان هەبێت.
سمیری خوێن
بۆ ئەم پشکنینە، نموونەیەکی بچووک لە خوێن وەردەگیرێت، بەزۆری لە قۆڵدا هەر چەندە لە سەری پەنجەش دەکرێت وەربگیرێت. پاشان وەرگرتن و دانانی خوێنەکە لەسەر سڵایدێکی شووشە، پشکنین بۆ خانەکانی خوێن لە ژێر مایکرۆسکۆپدا دەکرێت.
لە سمیری خوێندا خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەژمێردرێن و سەیری شێوە و قەبارەیان دەکرێت، ڕێژەی ئاسایی و نائاسایی قەبارە و شێوەی خڕۆکە سوورەکان دەستنیشاندەکرێت واتا دەتوانێت نیشانی بدات کە ئایا ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیاترە لە ژمارەی ئاسایی و ئەگەر زیاتر بوو ڕێژە زیاترەکەی دیاری دەکات. هەروەها پشکنینەکە دەتوانێت خانە نائاساییەکانی خوێن نیشان بدات کە پەیوەندییان هەیە بە بەڕیشاڵبوونی مۆخی ئێسک (myelofibrosis) و نەخۆشییەکانی تری پەیوەندیدار بە خەستبوونەوەی خوێنەوە.
ئاستی ئێریسرۆپۆیتین
ئەم پشکنینە ئاستی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتن لە خوێندا دەپێوێت. ئێریسرۆپۆیتن هۆرمۆنێکە کە مێشک هاندەدات بۆ دروستکردنی خانەی خوێنی نوێ. ئەو کەسانەی کە خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتاییان هەیە ڕێژەیەکی زۆر نزمی هۆرمۆنەکەیان هەیە. بەڵام ئەو کەسانەی کە خەستبوونەوەی خوێنی دووەمیان هەیە بە زۆری ئاستی ئاسایی یان بەرزی هۆرمۆنەکەیان هەیە.
پشکنینی مۆخی ئێسک
پشکنینی مۆخی ئێسک دەتوانێت نیشانی بدات کە ئایا مۆخی ئێسک چەنێک تەندروستە. هەروەها ئەم پشکنینە ئەوە نیشان دەدەن کە ئایا مۆخی ئێسک دەتوانێت بڕێکی ئاسایی خانەکانی خوێن دروست بکات یاخود نا.
دوو پشکنینی مۆخی ئێسک هەن. یەکیان بە نموونە وەرگرتن لە مۆخی ئێسک دەبێت (وەرگرتنی نموونەی شانەیی) و ئەویتریان ئەسپایرەیشنە واتا بە ناردنی دەرزییەک بۆ ناو مۆخی ئێسک دەبێت کە تێیدا پزیشک بڕێکی کەم لە شلەی مێشک لە ڕێگەی دەرزییەوە وەردەگرێت. دواتر نموونەکان لەژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنینیان بۆ دەکرێت.
ئەگەر پشکنینەکان ئەوە نیشان بدەن کە مۆخی ئێسک لووی هەیە و لە ئەنجامی ئەمەش خانەی خوێنی زۆر دروست دەکات، ئەمە بە نیشانەیەک بۆ خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی دادەنرێت.
کاردانەوەی زنجیرەی پەڵمەرە
ئەم پشکنینە دەکرێت بۆ دیاریکردنی دۆخی بۆهێلەکان و دۆزینەوەی بازدان. لە خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی بازدان لە بۆهێڵی (JAK2) ڕوودەدات کە ئەمەش دەکرێت لە ڕێی ئەم پشکنینەوە دیاری بکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی نەخۆشییەکە.
پشکنینەکانی تر
- هێڵکاری لێدانی دڵ
- سۆنەری دڵ
- تیشکی ئیکسی دڵ
- تۆمۆگرافیای کۆمپیوتەری
جیاکردنەوەی نێوانیان
جیاکردنەوەی خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی لە خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی لەڕێی چەند پشکنینەوە دەبێت کە ئەوانیش کاردانەوەی زنجیرەی پەڵەمەڕە، پشکنینی ڕێژەی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتن لەگەڵ پشکنینی مۆخی ئێسک دەگرنەوە.
ئەو کەسانەی کە خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتاییان هەیە ڕێژەیەکی زۆر نزمی هۆرمۆنی ئێریسرۆپۆیتینیان هەیە. بەڵام ئەو کەسانەی کە خەستبوونەوەی خوێنی دووەمیان هەیە بە زۆری ئاستی ئاسایی یان بەرزی هۆرمۆنەکەیان هەیە. هەروەها ئەو کەسانەی خەستبوونەوەی خوێنی دووەمیان هەیە کێشەیان لە مۆخی ئێسک نییە لە کاتێکدا هۆکاری خەستبوونەوەی خوێنی سەرەتایی تێکچوونی مۆخی ئێسکە.
بۆماوەیی و بازدان لە بۆهێڵەکان بەگشتی دەکرێت بڵێین بە سەرکەوتووترین ڕێگا دادەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و جیاکردنەوەی نێوانیان. بەتایبەتیش لە بەرئەوەی لە هەردوو جۆری خەستبوونەوەکەدا لە نیشانە و پشکنینە سەرەتاییەکان لێکچوونێکی زۆر هەیە، PCR دەتوانێت دەستنیشانکردنێکی تەواو لەسەر نەخۆشییەکە بدات.