کۆمۆنیزم

کۆمۆنیزم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-21-15:55:00 - کۆدی بابەت: 9111
کۆمۆنیزم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمۆنیزم یان شیوعیەت (بە ئینگلیزی: Communism، بە ڕووسی: коммунизм، بە عەرەبی: الشيوعية) ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکی چەپڕۆی توندڕەوی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و کۆمۆنیستییە، واتە شێوازێکی ئابووری-کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای بیرۆکەی خاوەندارێتی هاوبەشی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و ئاڵوگۆڕکردن و تەرخانکردنی بەرهەمەکان بۆ هەموو کەسێک لە کۆمەڵگەدا.

کۆمۆنیزم لە کاتێکدا هەندێک جار وەک هاوواتای سۆسیالیزم بەکاردەهێنرێت، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی فۆرمێکی تایبەتە و جیاوازە لە سۆسیالیزم. زۆرجار کۆمۆنیستەکان بەدوای دۆخێکی خۆبەڕێوەبەری و جیاکەرەوە دەگەڕێن بۆ خۆیان، بەڵام بەهۆی ناکۆکییان لە کۆمەڵێک ئامڕازدا ناتوانن ئەوە بە ئەنجام بگەیەنن. بەم پێیە کۆمۆنیزم جۆرێکە لە سۆسیالیزم، بە بڕوای لایەنگرانی فۆرمێکی باڵاتر و پێشکەوتووترە لەو. جیاوازی کۆمۆنیزم لە سۆسیالیزم لە مێژە جێگەی مشتومڕە، بەڵام جیاوازییەکە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر پابەندبوونی کۆمۆنیستەکان بە سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕانەی کارل مارکسەوە وەستاوە.

جۆرەکانی کۆمۆنیزم بە درێژایی مێژوو پەرەیان سەندووە، لەوانە ئەنارکۆ-کۆمۆنیزم و قوتابخانە بیرکردنەوەی مارکسیستەکان و چەندانی تر. کۆمۆنیزم چەندین قوتابخانەی بیرکردنەوە لەخۆدەگرێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان مارکسیزم، لینینزم و کۆمۆنیزمی ئازادیخواز و هەروەها ئەو ئایدۆلۆژیایە سیاسییانەی تر کە هاوشێوەن، کە هەموویان هاوبەشی ئەو شیکارییەن کە لەم سیستمی سەرمایەداریدا دوو چینی کۆمەڵایەتی سەرەکی هەن، پەیوەندی نێوان ئەم دوو چینە ئیستغلالکەرانەیە و ئەم دۆخە تەنیا لە کۆتاییدا دەتوانرێت لە ڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە چارەسەر بکرێت. 

ئەو دوو چینە بریتین لە پرۆلیتاریا (چینی کرێکار) کە زۆرینەی دانیشتوانی ناو کۆمەڵگا پێکدەهێنن و دەبێت کار بکەن بۆ مانەوە، هەروەها بۆرژوازی (چینی سەرمایەداری) کە کەمینەیەکی بچووکە و قازانج لە دامەزراندنی چینی کرێکار لە ڕێگەی تایبەتەوە وەردەگرێت و خاوەندارێتی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان دەکات. بەپێی ئەم شیکارییە، شۆڕش چینی کرێکاری دەخاتە سەر دەسەڵات و لە بەرانبەردا، خاوەندارێتی هاوبەشی موڵک و ماڵی دادەمەزرێنێت کە توخمێکی سەرەکییە لە گۆڕینی کۆمەڵگە بەرەو شێوازێکی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیستی.

لە سەدەی بیستەمدا، حکوومەتە بەڕواڵەت کۆمۆنیستەکان کە پشتگیری لە مارکسیزم-لینینیزم و جۆرەکانی تریان دەکرد لە بەشێکی جیهاندا هاتنە سەر دەسەڵات، سەرەتا لە یەکێتیی سۆڤیەت بە شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ و دواتر لە بەشێک لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ئاسیا و چەند بەشێکی تر لە ناوچەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم. لە زۆربەی سەدەی بیستەمدا نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتە کۆمۆنیستەکاندا دەژیان. ئەم حکوومەتانە بە حوکمی یەک حیزبی و سەرکوتکردنی دژایەتی و ناکۆکی تایبەتمەند بوون. هاوکات لەگەڵ سۆسیال دیموکراسیدا، کۆمۆنیزم تا ساڵانی ١٩٢٠ بوو بە مەیلی سیاسی باڵادەست لەناو بزووتنەوەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتیدا.

چەندین زانا پێیان وایە ئەو مۆدێلەی سۆڤیەت کە ئەم دەوڵەتە بەڕواڵەت کۆمۆنیستیانە لەژێردا کاریان دەکرد، مۆدێلێکی ئابووریی ڕاستەقینەی کۆمۆنیستی نەبووە بەپێی زۆربەی پێناسە پەسەندکراوەکانی کۆمۆنیزم وەک تیۆرێکی ئابووری، بەڵکوو لە ڕاستیدا جۆرێک بوو لە سەرمایەداریی دەوڵەت.

دەستەواژەکە

"کۆمۆنیزم" زاراوەیەکی چەترە کە کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیا لەخۆدەگرێت. بەکارهێنانی مۆدێرن لە زاراوەی ئەم زاراوەیە لە ڤیکتۆر دی هوپایەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەرستۆکراتێکی فەڕەنسی سەدەی ١٨ کە بانگەشە بۆ ژیان لە "کۆمونەکان" دەکات کە هەموو موڵک و ماڵی تێدا هاوبەش دەبێت و "هەمووان سوود لە کارەکانی هەمووان وەردەگرن". بەڵام بیرۆکەکە تەنانەت لەو کاتەشدا بەزەحمەت نوێ بوو: کتێبی کردەوەکانی پێغەمبەران باس لە کۆمەڵگە مەسیحییەکانی سەدەی یەکەم دەکات کە موڵک و ماڵی هاوبەشیان بەدەستەوەیە بەپێی سیستمێک کە بە "کۆینۆنیا" ناسراوە، کە ئیلهامبەخش بووە بۆ گرووپە ئاینییەکانی دواتر وەک "هەڵکۆڵەران-Diggers"ـی ئینگلیزی سەدەی ١٧ بۆ خاوەندارێتی تایبەت ڕەت بکەنەوە.

مانیفێستی کۆمۆنیستی

ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی مۆدێرن لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسادا دەستی بە گەشەکردن کرد و نووسراوە سەرەکییەکەی بە ناوی "مانیفێستی کۆمۆنیستی" لەلایەن کارل مارکس و فریدریش ئەنگڵس لە ساڵی ١٨٤٨دا بڵاوکرایەوە. ئەو نامیلکەیە شێوازی مەسیحی فەلسەفە کۆمۆنیستەکانی پێشووی ڕەتکردەوە، ماتریالیستێکی و شیکارییەکی زانستی بۆ مێژوو و ڕێڕەوی داهاتووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خستەڕوو. مارکس و ئەنگڵس نووسیویانە: "مێژووی هەموو کۆمەڵگەیەک کە تا ئێستا هەبووە، مێژووی ململانێی چینایەتییە".

مانیفێستی کۆمۆنیست، شۆڕشی فەرەنسی وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی سەرەکی خستەڕوو کاتێک "بۆرژوازی" پێکهاتەی دەسەڵاتی فیۆداڵی هەڵوەشاندەوە و سەردەمی مۆدێرن و سەرمایەداری هێنایە ناوەوە. ئەو شۆڕشە جێگەی خەباتی چینایەتی سەدەی ناوەڕاستی گرتەوە، کە ئاغاکان لە دژی کۆیلەکان دەوەستانەوە، بەڵکوو شۆڕشێکی تر جێگای گرتەوە کە وایکرد خاوەن سەرمایەی بۆرژوازی لە دژی "پرۆلیتاریا"، ئەو چینە کرێکارییەی کە کارەکانی خۆیان بە کرێ دەدەن بوەستنەوە. لە مانیفێستی کۆمۆنیست و بەرهەمەکانی دواتردا، مارکس و ئەنگڵس و شوێنکەوتووانیان بانگەشەیان بۆ شۆڕشێکی پرۆلیتاریای جیهانی دەکرد (پێشبینیان کرد کە لە ڕووی مێژووییەوە حەتمییە)، کە سەرەتا سەردەمێکی سۆسیالیزم، دواتر سەردەمی کۆمۆنیزم دروست دەکات.

ئەم قۆناغە کۆتاییەی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی کۆتایی خەباتی چینایەتی دەهێنێت، هەموو مرۆڤەکان لە هاوسەنگی کۆمەڵایەتیدا بەبێ جیاوازی چینایەتی، پێکهاتەی خێزان، ئایین، یان موڵک دەژین. دواتر دەوڵەتیش دەتوایەوە. ئابوورییش بەو شێوەیە دەبێت وەک دروشمی مارکسیزمی باو دەڵێت: "لە هەریەکەیان بەپێی توانای خۆی، بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆی".

یەکێتیی سۆڤیەت

کۆمۆنیزمی جەنگ یەکەم سیستم بوو کە بەلشەڤیەکان لە کاتی شەڕی ناوخۆی ڕووسیادا لە ئەنجامی چەندین گژنێدا وەریانگرت. تیۆرییەکانی مارکس و ئەنگڵس تا دوای مردنیان لە جیهانی ڕاستەقینەدا تاقی نەدەکرانەوە. لە ساڵی ١٩١٧ لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕاپەڕینێک لە ڕووسیا دەسەڵاتی تزاری ڕووخاند و شەڕێکی ناوخۆی لێکەوتەوە کە دواجار کۆمەڵێک مارکسیستی توندڕەو بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر لینین لە ساڵی ١٩٢٢ دەسەڵاتیان بەدەستهێنا، بەلشەڤیەکان لەسەر خاکی پێشووی ئیمپراتۆری ڕووسیا یەکێتیی سۆڤیەتیان دامەزراند و هەوڵیاندا تیۆری کۆمۆنیست بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێش شۆڕشی بەلشەڤی، لینین تیۆری مارکسیستی پێشڕەوگەرایی پەرەپێدابوو، کە دەیگوت گرووپێکی نزیک لە هەڵبژێراوانی ڕووناکبیریی سیاسی پێویستن بۆ هێنانەپێشەوەی قۆناغە باڵاکانی پەرەسەندنی ئابووری و سیاسی؛ سۆسیالیزم و ئینجا کۆمۆنیزم. لینین پاش ماوەیەکی کەم لە کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ کۆچی دوایی کرد، بەڵام "دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا" کە جۆزێف ستالینی جێنشینی سەرۆکایەتی دەکرد، بەدوای پاکتاوکردنی دڕندانەی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی و هەروەها بەکۆمەڵکردنی کشتوکاڵی زۆرەملێدا دەگەڕا. دەیان ملیۆن کەس لە سەردەمی دەسەڵاتی ستالیندا، لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٥٢ کۆچی دواییان کرد، جیا لە دەیان ملیۆنی تر کە بەهۆی جەنگ لەگەڵ نازییەکاندا مردن.

دەوڵەتی سۆڤیەت لەبری ئەوەی نەمێنێت، بوو بە دامەزراوەیەکی بەهێزی تاک حیزبی کە ناکۆکی قەدەغە دەکرد و "بەرزایی فەرماندەیی" ئابووریی داگیرکرد. کشتوکاڵ، سیستمی بانکی و بەرهەمهێنانی پیشەسازی کەوتبوونە ژێر پشک و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵێک نرخەوە کە لە زنجیرەیەک پلانی پێنج ساڵەدا داڕێژرابوو. ئەم سیستمەی پلاندانانی ناوەندی بووە هۆی پیشەسازیکردنی خێرا و لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٦٥ تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی سۆڤیەت (GDP) لە ئەمریکا زیاتر بوو. بەڵام بەگشتی ئابووریی سۆڤیەت بە خێراییەکی زۆر خاوتر لە هاوتا سەرمایەدار و دیموکراتەکانی گەشەی کرد. 

خەرجییە لاوازەکانی بەکاربەران کێشەیەکی تایبەت بوو بۆ گەشەکردن. هەروەها جەختکردنەوە لەلایەن پلاندانەرانی ناوەندی لەسەر پیشەسازی قورس بووە هۆی کەم بەرهەمهێنانی درێژخایەنی کاڵای ڕۆژانە. بازاڕە ژێرزەمینییە گەشەسەندووەکان -کە لەلایەن هەندێک لە ئەکادیمییەکانەوە بە "ئابووری دووەم" ناودەبرێن- داواکارییان لەسەر جگەرە، شامپۆ، مەی، شەکر، شیر و بە تایبەتی کاڵای بەناوبانگی وەک پانتۆڵی جینز کە لە ڕۆژاواوە بە قاچاخ دەهاتنە ناوەوە، دابین دەکرد. لە کاتێکدا ئەم تۆڕانە نایاسایی بوون، بەڵام بۆ کارکردنی حیزب زۆر گرنگ بوون: ئەو کەموکوڕیانەیان کەم دەکردەوە کە هەڕەشەی وروژاندنی شۆڕشێکی دیکەی بەلشەڤی دەکرد؛ بەرپرسە حیزبی و حکوومییەکانیش سوودێکی زۆریان لێ دەبینی.

یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١دا ڕووخا، ئەمەش دوای پاڵنەرێک بۆ چاکسازی لە سیستمی ئابووری و سیاسی و دابینکردنی بوارێکی زیاتر بۆ کارگەی تایبەت و ئازادی ڕادەربڕین. بەڵام ئەم پاڵنەرە چاکسازییانە کە بە "پەرێسترۆیکا و گلاسنۆست" ناسراون، ئەو دابەزینە ئابوورییەی نەوەستاند کە یەکێتیی سۆڤیەت لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تووشی بوو.

چینی کۆمۆنیست

لە ساڵی ١٩٤٩ و دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ شەڕی نێوان پارتی ناسیۆنالیستی چینی و ئیمپڕاتۆریەتی ژاپۆن، حیزبی شیوعی ماو تسی تۆنگ کۆنتڕۆڵی چینی بەدەستهێنا و دووەم دەوڵەتی گەورەی مارکسیست-لینینی لە جیهاندا پێکهێنا. ماو هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا دروست کرد، بەڵام سیاسەتەکانی سۆڤیەت لە داماڵینی ستالینگەرایی و "پێکەوەژیانی ئاشتیانە" لەگەڵ ڕۆژاوای سەرمایەداری بووە هۆی جیابوونەوەی دیبلۆماسی چین لەگەڵ وڵاتەکە لە ساڵی ١٩٥٦. دەسەڵاتی ماو لە چین لە توندوتیژی و بێبەشی و پێداگری لەسەر پاکی ئایدیۆلۆژیدا لە دەسەڵاتی ستالین دەچوو. لە کاتی بازدانی گەورە بۆ پێشەوە لە ساڵی ١٩٥٨ تا ١٩٦٢، حیزبی شیوعی فەرمانی بە دانیشتوانی گوندەکان کرد کە بڕێکی زۆر پۆڵا بەرهەم بهێنن لە هەوڵێکدا بۆ دەستپێکردنی شۆڕشێکی پیشەسازی لە چین. خێزانەکان ناچار دەکران بۆ دروستکردنی کورە لە حەوشەی ماڵەوە، لەوێ کانزای خراپ و کەلوپەلی ناوماڵیان دەتواندەوە بۆ ئاسنی خاوی کوالێتی نزم کە سوودێکی ناوخۆیی کەمی پێشکەش دەکرد و هیچ سەرنجڕاکێشیەکی بۆ بازاڕەکانی هەناردەکردن نەبوو.

بەو پێیەی هێزی کاری گوندەکان بۆ دروێنەکردنی بەرهەم بەردەست نەبوو، ماو پێداگری لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە دەکرد بۆ ئەوەی سەرکەوتنی سیاسەتەکانی نیشان بدات. بەڵام بەهۆیەوە خۆراک کەم بووەوە، برسێتی گەورە دروست بوو و لە ئەنجامدا لانیکەم ١٥ ملیۆن کەس و ڕەنگە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەس مردن. دواتر شۆڕشی کولتووری سەری هەڵدا، پاکتاوکردنێکی ئایدیۆلۆژی بوو کە لە ساڵی ١٩٦٦ تا مردنی ماو لە ساڵی ١٩٧٦ بەردەوام بوو، کە ڕەنگە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسی تری کوشتبێت.

دوای مردنی ماو، دێنگ شیاوپینگ زنجیرەیەک چاکسازی لە بازاڕدا خستەڕوو کە لە سەردەمی جێنشینەکانیدا ماونەتەوە. پێش مردنی ماو ئەمریکایش دەستی کرد بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین کاتێک سەرۆکی ئەمریکا، نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧٢ سەردانی چینی کرد.

بەڵام حیزبی شیوعی چینی لە دەسەڵاتدا مایەوە، کە سەرۆکایەتی سیستمێکی سەرمایەداری دەکات، هەرچەندە کارگە دەوڵەتییەکان بەردەوامن لە پێکهێنانی بەشێکی گەورە لە ئابووری. ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە؛ هەڵبژاردن قەدەغە کراوە (جگە لە کۆلۆنی پێشووی بەریتانیا لە هۆنگ کۆنگ کە دەبێت کاندیدەکان لەلایەن حیزبەوە پەسەند بکرێن و مافی دەنگدان بە توندی کۆنتڕۆڵ دەکرێت)، هەروەها هیچ دژایەتیکردنێکی واتادار لەگەڵ حیزب ڕێگەپێدراو نییە.

جەنگی سارد

ئەمریکا لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە وەک دەوڵەمەندترین و بەهێزترین نەتەوەی جیهان لە ڕووی سەربازییەوە دەرکەوت. وەک دیموکراسییەکی لیبڕاڵ کە تازە لە دوو شانۆدا شکستی بە دیکتاتۆری فاشیست هێنابوو، بەهۆیەوە وڵاتەکە هەستی بە جیاوازی و ئامانجێکی مێژوویی دەکرد. هەروەها یەکێتیی سۆڤیەت کە هاوپەیمانەکەی بوو لە شەڕی دژی ئەڵمانیا و تاکە دەوڵەتی مارکسی شۆڕشگێڕی جیهان بوو. ئەو دوو زلهێزە بەپەلە ئەورووپایان بەسەر کایەکانی کاریگەری سیاسی و ئابووریدا دابەش کرد: وینستن چەرچڵ ئەم هێڵە دابەشکەرەی بە "پەردەی ئاسن" ناوبرد.

ئەم دوو زلهێزە کە لە دوای ساڵی ١٩٤٩ هەردووکیان خاوەنی چەکی ناوکی بوون، لە شەڕێکی درێژخایەن کە بە جەنگی سارد ناسرابوو، بەشداریان کرد. بەهۆی باوەڕی لەناوبردنی دڵنیایی یەکتر هیچ شەڕێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت ڕووی نەدا و پەردەی ئاسن تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگ و ئارام بوو، چونکە هەردوولا دەیانزانی جەنگ دەبێتە هۆی لەناوچوونی زەوی. بەڵکوو شەڕێکی بە وەکالەتی جیهانییان ئەنجامدا، هەریەکەیان سپۆنسەری ڕژێمە دۆستەکانیان دەکرد لە گەلانی دوای کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین. ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت هەردووکیان سپۆنسەری کۆمەڵێک کودەتایان دەکرد بۆ دانانی ئەو جۆرە ڕژێمانە لە وڵاتە جیاوازەکاندا.

نزیکترین کات کە ئەمریکا لە ململانێی سەربازی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت هاتبوو، قەیرانی مووشەکی کوبا بوو لە ساڵی ١٩٦٢. لە ماوەی جەنگی سارد، دوای چەندین جەنگ وەک جەنگەکانی (جەنگی کۆریا، جەنگی ڤێتنام)، کۆمەڵێک وڵاتی کۆمۆنیستی وەک کۆریای باکوور و ڤێتنام دروست بوون و زۆرێکیش لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لە کۆمۆنیستیی خۆیان کشانەوە و گۆڕانکاریی ڕیشەییان تێدا ئەنجام درا. 

بۆچی کۆمۆنیزم شکستی هێنا؟

هۆکارەکانی ڕووخانی کۆمۆنیزم

لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان لەسەر هۆکارەکانی شکستی کۆمۆنیزم کراوە، توێژەران یەک دوو هۆکاری هاوبەشیان دیاری کردووە کە بەشداربوون لە لەناوچوونی کۆمۆنیزم.

یەکەمیان نەبوونی هاندانە لای هاوڵاتیان بۆ بەرهەمهێنان بۆ قازانج. هاندانی قازانج دەبێتە هۆی کێبەرکێ و داهێنان لە کۆمەڵگەدا. بەڵام هاووڵاتییەکی ئایدیاڵ لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا بەبێ خۆپەرستی تەرخان بوو بۆ دۆزی کۆمەڵایەتی و بە دەگمەن بیری لە خۆشگوزەرانی خۆی دەکردەوە. لیو شاوقی، سەرۆکی دووەمی کۆماری گەلی چین نووسیویەتی: "لە هەموو کات و هەموو پرسیارێکدا پێویستە ئەندامێکی حیزب یەکەم رەچاوی بەرژەوەندییەکانی حیزب بە گشتی بکات و بیانخاتە پێشەوە و بابەتی کەسی و بەرژەوەندییەکان لە پلەی دووەمدا دابنێت".

دووەم هۆکاری شکستی کۆمۆنیزم، ناکاراییە سروشتییەکانی سیستمەکە بوو، وەک پلاندانانی ناوەندی. ئەم فۆڕمە لە پلاندانانیش ئاڵۆز بوو. لە چەندین حاڵەتدا، داتاکانی گەشەکردن چەقبەستوو بوون یان تووشی هەڵە دەبوون بۆ ئەوەی ڕاستییەکان لە ئامارە پلان بۆ داڕێژراوەکاندا بگونجێن و ساوێرێک بۆ پێشکەوتن دروست بکەن.

هەروەها چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێکی هەڵبژێردراودا ناکارایی پەروەردە کرد و بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال هاندانێکی بۆ دابین کرد بۆ یاریکردن بە سیستمەکە بۆ سوودی خۆیان و دەستگرتنیان بە دەسەڵاتەوە بهێڵنەوە. گەندەڵی و تەمبەڵی بوونە تایبەتمەندییەکی ئیندێمیکی ئەم سیستمە و چاودێریکردن، وەک ئەوەی کە تایبەتمەندی کۆمەڵگەکانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و سۆڤیەت بوو. هەروەها خەڵکی کۆششکار و ماندووی ماندوو دەکرد. ئەنجامی کۆتایی ئەوە بوو کە ئابووری زیانی بەرکەوت.

دوای سێ ساڵ لە شۆڕشی ڕووسیا، ئابووریناسێکی نەمسایی بە ناوی لودڤیگ ڤۆن میسێس، باسی لەوە کرد کە کۆمۆنیزم شکست دەهێنێت و هۆکارەکەی ڕوون کردەوە. کۆمۆنیزم، یان سۆسیالیزم، نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، میسێس لە ساڵی ١٩٢٠ نووسیویەتی، چونکە بازاڕە ئازادەکانی هەڵوەشاندبووەوە بەجۆرێک کە بەرپرسان هیچ نرخێکی بازاڕیان نەبوو بۆ ڕێنماییکردنیان لە پلاندانان بۆ بەرهەمهێنان. یەکێتیی سۆڤیەت بە هیوایەکی زۆرەوە دەستی پێکرد. پلاندانان دەبوو لەلایەن لیژنەیەکی ناوەندییەوە ئەنجام بدرێت، بیمەیەکی زۆر بۆ هەمووان بکرێت. دەوڵەت دەبوو وشک ببێتەوە. بەڵام شتەکان بەو شێوەیە نەبوون. هەر زوو دەوڵەتی سۆڤیەت بوو بە یەکێک لە ستەمکارترین دەوڵەتەکانی جیهان. لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ بە ملیۆنان ڕووسی برسی بوون. وەک میسێس ئاماژەی پێکردووە، ئەو کەرەستە خاو و کار و ئامێرانەی کە لە بەرهەمهێنانی سۆسیالیستیدا بەکاردەهێنرێن لە دەرەوەی بازاڕن. خاوەندارێتی حکوومەت دەکەن و لەلایەن پلاندانەرانی حکوومەتەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. کەس ناتوانێت بیانکڕێت و بیانفرۆشێت. هیچ نرخێکی بازاڕ ناتوانێت گەشە بکات بۆیان چونکە ناگۆڕدرێن.

بەرهەمهێنانی مۆدێرن ئاڵۆزە و کات دەبات. بەرهەمهێنەران دەبێت بیر لە جێگرەوەکان بکەنەوە لەکاتی بڕیاردان لەسەر بەرهەمهێنانی چی و دەبێت لە کاتی بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێناندا ئامڕازی جۆراوجۆری بەرهەمهێنان لەبەرچاو بگرن. پێویستە کەرەستەی خاو و کەرەستە و ئامێرەکان بۆ بەپەلەترین پڕۆژە تەرخان بکرێن و بەفیڕۆ نەدرێن.


سەرچاوەکان

77 بینین