ماو تسی تۆنگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-13-23:04:00 - کۆدی بابەت: 2232
ماو تسی تۆنگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماو تسیتۆنگ یان ماو زی دۆنگ (بە ئینگلیزی: Mao Zedong، بە عەرەبی: ماو تسي تونغ) هەروەها بە سەرۆک ماو ناسراوە، شۆڕشگێڕێکی کۆمۆنیستی چینی و دامەزرێنەری کۆماری گەلی چینە، لە دامەزراندنی کۆماری گەلی چین لە ساڵی ١٩٤٩ تا مردنی لە ساڵی ١٩٧٦ وەک سەرۆکی حیزبی شیوعیی چینی سەرکردایەتی وڵاتی کردووە. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە مارکسیست-لێنینیستێکە، تیۆری و ستراتیجییە سەربازییەکانی و ڕێبازە ڕامیارییەکانی بەکۆمەڵ بە ماویزم ناسراون. هەروەها بە بکوژی ٨٠ ملیۆن کەس دادەنرێت بەهۆی سیاسەتەکانییەوە.

سەرۆکی حیزبی شیوعیی چین ٢٠ی ئازاری ١٩٤٣ – ٩ی ئەیلوولی ١٩٧٦
سەرۆکی کۆماری گەلی چین ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٥٤ – ٢٧ی نیسانی ١٩٥٩
سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربازیی ناوەندی ٨ی ئەیلوولی ١٩٥٤ – ٩ی ئەیلوولی ١٩٧٦
سەرۆکی حکوومەتی گەلی ناوەندی ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩ – ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٥٤
لەدایکبوون ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٨٩٣
کۆچی دوایی ٩ی ئەیلوولی ١٩٧٦ (تەمەنی ٨٢ ساڵ)
شوێنی حەسانەوە هۆڵی یادەوەری ماو، پەکین
حیزبی سیاسی حیزبی شیوعی چین (١٩٢١-١٩٧٦)
هاوسەر(ـەکان)
لوو یشیو (هاوسەرگیری ١٩٠٧؛ کۆچی دوایی ١٩١٠)
یانگ کای (هاوسەرگیری ١٩٢٠؛ کۆچی دوایی ١٩٣٠) 
هی ژیژێن (هاوسەرگیری ١٩٢٨؛ جیابوونەوە ١٩٣٧) 
جیانگ چینگ (هاوسەرگیری ١٩٣٨؛ تاوەکوو ساتی کۆچی دواییی ماو)
منداڵەکان ١٠ منداڵ
واژۆ
ناو بە چینی 毛泽东

ماو کوڕی جووتیارێک بوو لە شاری شاوشان لە هونان. لە سەرەتای ژیانیدا پشتگیریی ناسیۆنالیزمی چینی دەکرد و تێڕوانینێکی دژە ئیمپریالیزمی هەبوو، و بە تایبەتی لە ژێر کاریگەری ڕووداوەکانی شۆڕشی شینهای ساڵی ١٩١١ و بزووتنەوەی چوارەمی ئایاری ١٩١٩دا بوو. دواتر سەرقاڵی بیرکردنەوەی مارکسیزم-لینینیزم بوو کاتێک لە زانکۆی پەکین وەک کتێبخانەکار کاری دەکرد. دواتر بووە ئەندامی دامەزرێنەری حیزبی شیوعی چینی (CCP)، سەرکردایەتی ڕاپەڕینی دروێنەی پاییزی کرد لە ساڵی ١٩٢٧.

لە کاتی شەڕی ناوخۆی چین لە نێوان کوومینتانگ (KMT) و حیزبی شیوعیی چینی، ماو یارمەتی دامەزراندنی سوپای سووری کرێکاران و کۆڵبەرانی چینی دا، سەرکردایەتی سیاسەتە توندڕەوەکانی زەوی و زاری سۆڤیەتی جیانگشی کرد و لە کۆتاییدا لە ماوەی ڕێپێوانی درێژدا بوو بە سەرۆکی حیزبی شیوعی. هەرچەندە لە ماوەی جەنگی دووەمی چین و ژاپۆن (١٩٣٧-١٩٤٥) حیزبی کۆمۆنیستی چین بە شێوەیەکی کاتی هاوپەیمانی لەگەڵ کوومینتانگ لە ژێر دەستی بەرەی یەکگرتووی دووەمدا کرد، بەڵام دوای خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن شەڕی ناوخۆی چین دەستی پێکردەوە و هێزەکانی ماو شکستیان بە حکوومەتی ناسیۆنالیست هێنا، ئەوانیش لە ساڵی ١٩٤٩دا بۆ تایوان کشانەوە.

ماو لە ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩دا بناغەی کۆماری گەلی چینی ڕاگەیاند، کە دەوڵەتێکی تاکە حیزبی مارکسی-لێنینیست بوو کە لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی چینەوە کۆنترۆڵکرابوو. ماو لەڕێگەی هەڵمەتەکانی دژی خاوەن زەوییەکان، سەرکوتکردنی نەیارانی شۆڕش، هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی (١٩٥١-١٩٥٢) و سەرکەوتنی لە جەنگی کۆریادا بووە هۆی مردنی چەند ملیۆن چینییەک. 

لە ماوەی نێوان (١٩٥٣-١٩٥٨) ماو رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕزگارکردنی ئابووریی چین و دامەزراندنی یەکەمین دەستووری کۆماری گەلی چین و دەستپێکردنی بەرنامەی پیشەسازی و دەستپێکردنی پرۆژەی بۆمبی ئەتۆمی و داگیرکردنی بۆشاییی ئاسمان. ماو لە ساڵی ١٩٥٧ هەڵمەتێکی دژە ڕاستڕۆکانی دەستپێکرد کە لانیکەم ٥٥٠ هەزار کەسی کوشت کە زۆربەیان ڕۆشنبیرانی ناڕازی بوون. لە ساڵی ١٩٥٨دا دەستی بە کارێک کرد کە بە بازدانی گەورە بۆ پێشەوە ناسراوە، کە ئامانجی گۆڕینی خێرای ئابووری چینە لە کشتوکاڵەوە بۆ پیشەسازی. ئەم بەرنامەیە بووە هۆی توندترین برسێتی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە بە کوژرانی نێوان ٢٠-٤٦ ملیۆن چینی لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٢ کۆتایی هات.

ماو لە ساڵی ١٩٦٣ بزووتنەوەی پەروەردەی سۆسیالیستی دەستپێکرد، و لە ساڵی ١٩٦٦ دەستی بە شۆڕشی کولتووری کرد، کە بەرنامەیەک بوو بۆ لەناوبردنی "توخمەکانی دژە شۆڕش". شۆڕشی کولتووری ١٠ ساڵی خایاند و بە خەباتی چینایەتی توندوتیژ و وێرانکاری بەرفراوان لە کۆمەڵگای چین و سەرهەڵدانی پەرەستنی ماو بەدیهات. لەم شۆڕشەدا دەیان ملیۆن کەس دوورخرانەوە و بوونە قوربانی و ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە سەدان هەزار کەسەوە تا ملیۆنان کەس بەرز بوویەوە، لەنێویاندا لیو شاوچی دووەم سەرۆکی کۆماری گەلی چین.

ماو لە ساڵی ١٩٧٦ تووشی زنجیرەیەک جەڵتەی دڵ بوو و لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ژمارەی دانیشتووانی چین لە سەردەمی ماودا لە نزیکەی ٥٥٠ ملیۆن کەسەوە بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن کەس بەرزبووەوە، چونکە حکوومەتەکەی بە توندی پلانی خێزانی جێبەجێ نەکرد، لە کاتێکدا جێنشینەکانی وەک دێنگ شیاوپینگ سیاسەتی توندتریان گرتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی تەقینەوەی دانیشتووان.

کەسایەتی

ماو تسی تۆنگ کەسایەتییەکی مشتومڕاوییە کە بە بیرمەندێکی سیاسی و تیۆریست و ستراتیژێکی سەربازی و شاعیر و بیرمەندێکی دیدەوان ناسراوە. لە سەردەمی ماودا چین چووە ناو جەنگی کۆریا و دابەشبوونی چین و سۆڤیەت و جەنگی ڤێتنام و سەرهەڵدانی خمیری سوور. ماو لە ساڵی ١٩٧٢ لە پەکین پێشوازی لە ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەمریکا کرد، ئەمەش سەرەتای سیاسەتی چین بۆ کرانەوە بەڕووی جیهاندا بوو. لایەنگرانی ئەو شانازیی دەکەن بە دەرکردنی ئیمپریالیزم لە چین و بنیاتنانی نەتەوەی چین بۆ زلهێزێکی جیهانی و بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان و پەرەپێدانی پەروەردە و چاودێری تەندروستی و زیادکردنی تەمەنی چینی ئاسایی.

سەبارەت بە نەیارەکانیشی، ڕژێمەکەیان بە تاکڕەو و تۆتالیتار ناو بردووە، هەروەها بە سەرکوتکردنی بەکۆمەڵ و وێرانکردنی شوێنەوار و شوێنە ئاینییەکان و کولتوورییەکانیان شەرمەزاریان کردووە، جگە لەوەش ماو بەرپرسیار بووە لە مردنی نێوان ٣٠ بۆ ٨٠ ملیۆن کەس بەهۆی برسێتی، دوورخستنەوە و زیندانیکردن و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ.

ژیان

ماو لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٨٩٣ لە ناوچەی هیوفێن لە باوکێکی جووتیار لەدایکبووە، کاتێک تەمەنی هەژدە ساڵ بوو، شۆڕش لە دژی بنەماڵەی چینگ ڕوویدا و چەند مانگێک دوای دامەزراندنی، دەسەڵاتی پاشایەتی کۆتایی هات و کۆماری چین ڕاگەیەندرا. ماو دەیویست ببێتە مامۆستا، بۆیە لە ساڵی ١٩١٨ دەچێتە زانکۆی پەکین، لەوێوە بە بیری کۆمۆنیزم ئاشنا بوو و لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا بە ڕوونی مارکسیستێکی ڕادیکاڵ بوو وەک دەیان چینی تر. لە حوزەیرانی ١٩٢١ بوو بە یەکێک لە دوازدە دامەزرێنەرانی حیزبی شیوعی لە شاری شەنگەهای. 

چالاکییە شۆڕشگێڕییە سەرەتاییەکانی

پەکین و ئەنارکیزم و مارکسیزم (١٩١٧-١٩١٩)

ماو ڕووی لە پەکین کرد و لەوێ لەلای مامۆستاکەی (یانگ چانگێ) لە زانکۆی پەکین کارێکی وەرگرت. یانگ پێی وابوو ماو بە شێوەیەکی ناوازە زیرەک و قۆزە، بۆیە یارمەتی دا لە زانکۆ لە کتێبخانەی لی دژاو کارێک بەدەست بهێنێت، کە بووە ناوەندێکی سەرەتایی کۆمۆنیزمی چینی. لی زنجیرە وتارێکی بۆ گەنجان نووسی سەبارەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا، لەو ماوەیەدا حیزبی کۆمۆنیستی بەلشەڤی بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر لینین دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. وتارەکانی لی بەشدارییان کرد لە ناساندنی مارکسیزم بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی چین. ماو بە تێپەڕبوونی کات توندڕەوتر بوو، لە سەرەتادا کەوتە ژێر کاریگەریی بیری ئەنارکیستی پیتەر کرۆپۆتکین کە یەکێک بوو لە ڕادیکاڵترینەکانی ئەو سەردەمە. ئەنارکیستەکانی چینی وەک کای یوانپێی، ڕاوێژکاری زانکۆی پەکین، بانگەشەیان بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی تەواو دەکرد لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەی خێزان و یەکسانی جێندەریدا، نەک ئەو گۆڕانکارییە سادەیە لە شێوەی حکوومەتدا کە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی پێشوو داوایان دەکرد. ماو پەیوەندی بە گرووپەکەی لیەوە کرد و لە زستانی ساڵی ١٩١٩دا بەخێرایی بیری خۆی گۆڕی بۆ مارکسیزم.

لەم ماوەیەدا ماو بەهۆی ئەو مووچە کەمەوە کە وەریدەگرت لە ژوورێکی بچووکدا دەژیا لەگەڵ حەوت خوێندکاری خەڵکی هونان. ماو بەهۆی شێوەزاری لادێیی و نزمیی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە لە زانکۆ دژایەتی دەکرا. بەڵام پەیوەندی بە کۆمەڵگەی فەلسەفە و ڕۆژنامەگەری زانکۆوە کرد، هەروەها بەشداری لە وتارەکانی چێن دوکسیو و هوو شی و کیان شوانتۆنگ دەکرد. ماو لە بەهاری ساڵی ١٩١٩ پەکین بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ هاوڕێکانی کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ کۆچکردن بۆ فەرەنسا گەشتیان کرد بۆ شاری شەنگەهای.

کولتوری نوێ و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان (١٩١٩-١٩٢٠)

لە ٤ی ئایاری ١٩١٩، خوێندکارانی پەکین لە دەروازەی ئاشتی کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستێوەرنەدانی حکوومەتی چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتی داگیرکاریی ژاپۆن بۆ چین. ناسیۆنالیستە چینییەکان بەهۆی تەوژمی ژاپۆنییەکان تووڕە بوون، لە ساڵی ١٩١٥دا ٢١ داواکارییان لە حکوومەت کرد. ئەم خۆپیشاندانانە "بزووتنەوەی چوارەمی ئایار"ـی سەرتاسەرییان دروست کرد و دیپلۆماسی چینی بە هۆکاری دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی و کولتووری زانی. ماو دەستی کرد بە وانە وتنەوەی مێژوو لە قوتابخانەی شویی سەرەتایی لە چانگشا، هەروەها یارمەتی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی دژی ژانگ جینگیاو، پارێزگاری هونان دەدا، بەهۆی گەندەڵی و دڕندەیییەکەیەوە. 

ماو لە کۆتایی مانگی ئایاردا لەگەڵ هێ شوهێنگ و دینگ ژۆنگێ هاوبەشی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی هونان بوو، هەروەها لە مانگی حوزەیران مانگرتنێکی بەرفراوانی خوێندکارانی ڕێکخست. لە تەمموزی ١٩١٩ دەستی کرد بە دەرکردنی هەفتانەیەکی ڕادیکاڵ بە بەکارهێنانی زمانی ڕەسەن کە زۆرینەی گەلی چین لێی تێدەگەن و داوای "یەکێتیی گەورەی جەماوەری گەل"ـی دەکرد. بیرۆکەکانی ماو لەم قۆناغەدا مارکسیست نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا پیتەر کرۆپۆتکین کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەبوو. 

زۆرێک لە بۆچوونەکانی فێمینیست و داکۆکیکار بوو لە ڕزگاری ژنان لە کۆمەڵگەی چیندا. لە کانوونی دووەمی ١٩١٩ ماو یارمەتی ڕێکخستنی مانگرتنی گشتی لە هونان دا و توانی هەندێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام خۆی و سەرکردە خوێندکارەکانی تر هەستیان بە هەڕەشە کرد لەلایەن پارێزگار ژانگەوە، بۆیە ماو گەڕایەوە پەکین و سەردانی ڕاهێنەرە نەخۆشەکەی یانگ چانگجی کرد. ماو بۆی دەرکەوت کە بابەتەکانی ئاستێکی بەرزی جەماوەرییان لە نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ئەوێدا بەدەستهێناوە، بۆیە دەستی کرد بە کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ڕووخاندنی ژانگ.

فەلسەفەی ماو

سەرەتا ماو پێی وابوو کە لایەنگرانی ئەو حیزبە دەبێت کرێکارانی شارەکان بن، کە ئەم بیرۆکەی لە وتەکانی کارل مارکسەوە وەرگرتبوو. لە ساڵی ١٩٢٥دا دوای گۆڕانی بارودۆخی چین بیرکردنەوەکەی گۆڕا و ماو پشتی بە جووتیاران دەبەست و هەموو بیرتیژیی خۆی خستبووە سەر گەشەپێدانی کشتوکاڵ. ماو کاری کرد بۆ پەرەپێدانی چەمکێکی نوێی کۆمۆنیزم بە ناوی "ماویزم" کە تێکەڵەیەک بوو لە کۆمۆنیزمی لینین و مارکس. کاری لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت کرد و دەستی کرد بە دروستکردنی شۆڕشی کولتووری بەرانبەر گەلی چین.

ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی حیزب بوونەوە

هاوپەیمانی نێوان سوپای ناسیۆنالیست و کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩٢٧ لەت بوو، ئەمەش کاتێک چیانگ کایشی دەستی بە پاکتاوکردنی توندوتیژانەی کۆمۆنیستەکان کرد، ماو و هاوکارەکانی بەرەو شاخەکانی سنووری هێزان کیانگسی هەڵهاتن بۆ ڕێکخستنی یەکەم حکوومەتی سۆڤیەتی چین کە جەختی لە جووتیاران دەکردەوە. لە ساڵی ١٩٣٤ ناسیۆنالیستەکان گەمارۆی سۆڤیەتی هێیوان-کیانگسییان دا و شیوعیەکان کشانەوە و دەستیان کرد بە هەڵهاتن لە گەشتێکی ٩،٦٥٦ کیلۆمەتر بەرەو سنووری ڕۆژاوا، زیاتر لە ١٠٠ هەزار پیاو و ژن و منداڵ بۆ ماوەی ساڵێک بە پێ گەشتیان کرد و بە ١٢ پارێزگا و ٢٤ ڕووباردا تێپەڕین، لە کۆتاییدا تەنها ٢٠ هەزار کەس لە ژیاندا مانەوە.

دەسەڵات

حیزب پلانێکی هێواشی داڕشت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، دوای تیرۆرکردنی چەند سەرکردەیەکی کۆمۆنیست، ماو بوو بە تاکە سەرکردە، لە ساڵی ١٩٤٧دا بزووتنەوەکە دەستی کرد بە ڕووخاندنی ڕژێم بە سەرۆکایەتی چیانگ کای شێک، لە ساڵی ١٩٤٩ هێزەکانی شیوعی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ماو ئەوکات تەمەنی ٥٦ ساڵ بوو، وڵاتەکەی بە ململانێ و شەڕ ماندوو بوو، لە حاڵەتێکی هەژاری و دواکەوتوویی و نەزانیدا بوو و چیانگیش هەڵات بۆ تایوان.

ماو شێوازی توندوتیژی بەکارهێنا بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی حیزب لە چین، زۆرێک لە دژمنانی شۆڕشی کوشت کە هەندێکیان سەرکردەی دژە شۆڕش بوون و هەندێکی تریشیان ئیمپریالیست و کەسانی سیاسی و چەتە بوون.

گرنگترین دەستکەوتەکانی

ماو شارستانییەتبوونی چینی گرتە ئەستۆ و گۆڕی بۆ نەتەوەیەکی بەهێزی مۆدێرن، سەرەتا بە گرنگیدان بە پەروەردە و پیشەسازی و تەندروستی دەستی پێکرد. سیستمی ئابووری لە سەرمایەداریەوە گۆڕی بۆ سۆسیالیزم، ماو کۆنترۆڵی هەموو ئامێرەکانی دەوڵەتی کرد و بۆ پڕوپاگەندە بەکاری هێنا، دوای ئەوەی چین بۆ هەزاران ساڵ باوک و باپیری پیرۆز دەکرد، ئەو بیروباوەڕە گۆڕا و نیشتمان بووە تاکە پیرۆزی و وردە وردە فێرکارییەکانی کۆنفۆشیۆس دەستی کرد بە نەمان تاوەکوو گەیشتە ئەوەی نەمێنێت.

پڕۆژەی بازدانی گەورە بۆ پێشەوە

ڕۆژاوا بە یەکێک لە مەترسیدارترین پڕۆژەکانی ماوی دەزانی؛ ئەو کاتە تەمەنی شەستەکان بوو، ساڵی ١٩٥٨ پڕۆژەکە دەستی پێکرد و لەسەر بنەمای پیشەسازی بچووک لە کێڵگە و گوندەکانی لادێ دامەزرابوو، کە تێیدا ملیۆنان جووتیار و کرێکار و خەڵکی مەدەنی ناچار بوون لەم بەرنامە پیشەسازییەدا بە ڕێژەیەکی خێرا کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە. بەڵام خەڵک نەیتوانی لەگەڵ خێرایی پێویستدا بگونجێت و پڕۆژەکە داڕما و زیانێکی گەورەی بەجێهێشت کە چین دوای دوو ساڵ بەسەریدا زاڵ بوو، لەم قۆناغە سەختەدا گەل باجەکەی دا، ڕووبەڕووی هەژارییەکی لەڕادەبەدەر بووەوە و تووشی بێ خۆراکی و بێ جلوبەرگی بوویەوە، بۆیە ماو ناچار بوو گەنم لە وڵاتە سەرمایەدارەکان بکڕێت بۆ ئەوەی خۆراک بە گەلەکەی بدات.

شۆڕشی کولتووری

لە ساڵی ١٩٦٦ ماو شۆڕشی گەورەی ڕووناکبیری دەستپێکرد و ئەو کاتە تەمەنی لە حەفتاکان بوو، دەیویست ئۆپۆزسیۆن بە هیچ شێوەیەک نەهێڵێت، شۆڕشی گەورەی کولتووری پرۆلیتاریای دەستپێکرد. ماو لەو کاتەدا هۆشداری دا کە بەناو نوێنەرانی بۆرژوازی دزەیان کردۆتە ناو حیزبی شیوعی و ئەویش کاردەکات بۆ نەهێشتنیان. دوای ڕاگەیاندنی شۆڕشی کولتووری، بە ملیۆنان خوێندکاری ئامادەیی و زانکۆکانی ئازاد کرد بۆ ئەوەی وەک پاسەوانی سوور خزمەت بکەن و شۆڕشەکە سەربخەن، بەڵام ئاژاوەی لە وڵاتەکەدا دروست کرد و چینی پاڵنا بۆ لێواری شەڕێکی توندی ناوخۆیی.

پلانی پێنج ساڵەی یەکەم

گەلی چین دوای دامەزراندنی چینی نوێ دەستیان کرد بە بنیاتنانی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو بۆ ئەوەی لە هەژاری و لاوازی ڕزگاریان بێت، بۆیە یەکەم پلانی پێنج ساڵە کە لە ساڵی ١٩٥٣ دەستی پێکرد، گرنگییەکی مێژوویی هەبوو. لەو ماوەیەدا بنکەی پیشەسازی و پیشەسازیی بەرگری دامەزرا. هەر ئەو پێنج ساڵە بوو کە بناغەی بنیاتنانی سۆسیالیستی چینی دانا. یەکەم پلانی پێنج ساڵە لە تەممووزی ١٩٥٥ لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی گەلەوە پەسەندکرا. 

پلانەکە لەسەر پیشەسازی قورس بوو کە بڕیاریدا لە بوارە جیاوازەکاندا پێش بکەوێت؛ بە تایبەتی کشتوکاڵ، چونکە زۆربەی چینییەکان کشتوکاڵ دەکەن. کۆمەڵە کێڵگە میکانیزەکراوەکانی دەوڵەت کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دڵی جووتیاران بەجێهێشت و وایان لێکردن چاوەڕێی ژیانێکی باشتر بکەن. پیشەسازی قورس لە دوو ساڵی یەکەمی پلانی پێنج ساڵەی یەکەمدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

لە ساڵی ١٩٥٢ تا ١٩٥٤ بڕی بەرهەمهێنانی ئاسن ٥٦%، پۆڵا ٦٥%، کارەبا ٥١%، خەڵووز ٢٦%، نەوت ٨٤%، چیمەنتۆ ٦١%، ئامێرەکان ١٠٠% زیادی کرد. چین زیاتر لە دوو هەزار جۆر پارچەی مەکینەی بەرهەم هێنا کە لە ماوەی ڕابردوودا نەیدەتوانی بەرهەمی بهێنێت. تا کۆتایی ساڵی ١٩٥٧، ئامێری قورس، ئامێری ورد، فڕۆکە، بارهەڵگر و تراکتۆر بەبێ پچڕان لە نێوان پلانەکانی بەرهەمهێناندا دەردەکەوتن. لەو کاتەدا کۆی گشتی بڕی بەرهەمی پیشەسازیی قورس دەگەیشتە ٢.٢٥ هێندەی بڕی سەدەی بیست و یەک.

چاکسازیی کشتوکاڵی

یەکێک لە کردەوە گرنگەکانی حکوومەتی ناوەندی لە ساڵانی سەرەتای دوای ڕزگارکردنی چیندا ئەنجامدانی چاکسازی کشتوکاڵی بوو لە لادێکان بۆ ئەوەی جووتیاران زوو بتوانن ببنە خاوەنی کێڵگەکان. لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٥٠دا "یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی کۆماری گەلی چین"ـی ڕاگەیاند کە بڕیاریدا سیستمی دەرەبەگایەتی خاوەندارێتی زەوی، سیستمی ئیستغلالکاری خاوەن زەوییەکان هەڵبوەشێنێتەوە؛ بۆیە بە بەکارهێنانی سیستمی خاوەندارێتی زەوی لەلایەن جووتیارانەوە جێگەی گرتەوە بۆ ڕزگارکردنی هێزی بەرهەمهێنانی گوندەکان و پەرەپێدانی بەرهەمی کشتوکاڵی، بەجۆرێک کە ڕێگە خۆش بکات بۆ پیشەسازیکردنی چینی نوێ.

پێش چاکسازیی کشتوکاڵی، خاوەن زەوییەکان کە ٥٪ی دانیشتووانی گوندەکان پێکدەهێنن، خاوەنی ٥٠-٦٠٪ی کێڵگە کشتوکاڵییەکان بوون؛ ئەم دۆخە ناڕەوایەی چەوساندنەوەی خەڵک هۆکارێکی شاراوە بوو کە ڕێگری لە پێشکەوتنی چین دەکرد. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٠دا، حکوومەتی ناوەندیی گەل کە تەنیا هەشت مانگ بوو دامەزرابوو، یاسایەکی سەبارەت بە چاکسازیی کشتوکاڵی دەرکرد؛ لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا بڕیارێک لەسەر دیاریکردنی چینەکان لە لادێیەکان دەرچوو. 

ئەم چاکسازییە لە چوار هەنگاودا ئەنجام درا:

  • هەنگاوی یەکەم شیکارییەکی قووڵ بۆ یەک قەزا یان یەک گوند وەک نموونە
  • هەنگاوی دووەم بریتییە لە دیاریکردنی چینبەندی دانیشتووانی گوندەکان
  • هەنگاوی سێیەم بریتییە لە زەوتکردن و دابەشکردنەوەی موڵک و ماڵی خاوەن زەوییەکان
  • هەنگاوی چوارەم بریتییە لە سووتاندنی ئەو تاپۆ و خاوەندارێتییانەی خانووبەرە و قەرزە کۆنەکان کە خاوەن زەوییەکان هەیان بووە، لە بەرچاوی خەڵکیدا. 

لە ساڵی ١٩٥١دا چاکسازیی کشتوکاڵی لە نێوان ٣٢٠ ملیۆن جووتیاردا جێبەجێکرا کە دەکاتە ٨٠٪ی دانیشتووانی گوندەکانی چین. دوای چاکسازیی کشتوکاڵی، جووتیاران هەوڵێکی زۆریان لە کاردا نیشان دا، بەرهەمهێنان زیادی کرد، ئەمەش توانای کڕینی دانیشتووانی گوندەکانی زیاد کرد و بنەمای پرۆسەی پیشەسازیکردنی چینی دانا. گرنگی چاکسازیی کشتوکاڵی تەنیا لە بواری ئابووریدا قەتیس نەبوو، بەڵکوو سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆ پێشکەوتنی سیاسی و کولتووری و ئاشتی جیهانی، چونکە دەرەبەگایەتی و کۆلۆنیالیزم سەرچاوەی هەژاری و دواکەوتوویی و شەڕەکانن.

لایەنی سەربازی

لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی بیست ماو هێزێکی زۆری خۆبەخشی ڕەوانەی کۆریای باکوور کرد بۆ شکستپێهێنانی سوپایەکی ئەمریکی لە ژێر سەرپەرشتی جەنەڕاڵ دۆگلاس ماکئارسەر، بەهۆی ئەوەشەوە سوپای ئەمریکا پاشەکشەی کرد بەرەو کۆریای باشوور. دوای ساڵێک هێزەکانی چین هێرشیان کردە سەر چیاکانی تبت و هەزاران کەسیان لە چەکدارانی بەرخۆدانی تبت کوشت. لە ساڵی ١٩٦٢ ماو سوپایەکی نارد بۆ ئەودیوی هیمالایای هیندستان و دوای چەند هەفتەیەک چین پاش داگیرکردنی کۆمەڵێک ناوچە کشایەوە.

ساڵی ١٩٦٤ توانییان یەکەم بۆمبی ناوەکی لەسەر خاکی چین تاقی بکەنەوە، دوای ماوەیەکی کەمیش بۆمبی هایدرۆجینییان دروست کرد. چین لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ٩ی ئایاری ١٩٦٦ (بە کاتی پەکین) بە سەرکەوتوویی هایدرۆجینێکی گەرمیداینامیک لە یەکێک لە ناوچەکانی ڕۆژاوای خۆی تەقاندەوە. حکوومه‌تی چین له‌ یه‌که‌م و دووه‌مین بۆنه‌ی ته‌قینه‌وه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌یدا به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستی چینی له‌باره‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی ڕوون کرده‌وه‌ و پێشنیازێکی خسته‌ڕوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌ی جیهانی بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی گشتگیر و له‌ناوبردنی کۆتایی چه‌کی ئه‌تۆمی.

یەکەم هەڵدانی مانگی دەستکرد

لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٠ چین یەکەم مانگی دەستکردی خۆی خستە بۆشاییی ئاسمان. وڵات بەم هەواڵە دڵخۆش بوو، خەڵک لە شارەکان و لادێکان لە دەوری ڕادیۆکان یان لە ژێر بڵندگۆدا کۆدەبوونەوە بۆ گوێگرتن لە لێدوانەکەی ئەم هەواڵە و هەموو پێکەوە "بژی سەرۆک ماو!"ـیان دووبارە دەکردەوە. 

نەتەوە یەکگرتووەکان و چین

چین یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها یەکێکە لە پێنج ئەندامی لیژنەی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش. لە ئەنجامی بەرخۆدانی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دووبارە دامەزراندنەوەی کورسی شەرعی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆماری گەلی چین دواخرا تا کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنی خۆیدا لە ساڵی ١٩٧١، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەی ژمارە ٢٧٥٨ـی پەیوەست بەوەوە پەسەند کرد. لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە پێویستە هەموو مافە ڕەواکانی کۆماری گەلی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێندرێنەوە.

کۆچی دوایی

لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٧٦ سەرکردەی چین ماو لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە دەروازەی چین بەخاک سپێردرا کە بە گۆڕستانی ماو تسی تۆنگ ناسرا. پەکین پایتەختی چین مەراسیمێکی سەرەخۆشی بۆ سەرۆک ساز کرد و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس ئامادەی بوون.

بەرهەمەکانی

  • شیکاری چینەکانی کۆمەڵگەی چینی (١٩٢٦)
  • ڕاپۆرتێک لەسەر ئەو لێکۆڵینەوەیەی لە هونان لەسەر بزووتنەوەی کۆڵبەران ئەنجامدراوە (١٩٢٧)
  • پرسە ستراتیژییەکانی جەنگی شۆڕشگێڕی لە چین (١٩٣٦)
  • دیموکراسی نوێ (١٩٤٠)
  • پێشەکی و تەواوکەری لێکۆڵینەوەکان لە وڵاتدا (١٩٤١)
  • دەستێوەردانەکان لە سیمینارەکانی ئەدەب و هونەر لە ینان (١٩٤٢)
  • لەسەر دە ڕاپۆرتی کێری (١٩٥٦)
  • بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانەی دژایەتییەکان لە نێوان خەڵکدا (١٩٥٧)
  • بەشێک لە قسەکانی سەرۆک ماو تسی تۆنگ (١٩٦٧)


سەرچاوەکان

764 بینین