ڤلادیمێر لینین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-12-21:26:00 - کۆدی بابەت: 2207
ڤلادیمێر لینین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤلادیمێر ئیلیچ ئولیانۆڤ کە بە لینین ناسراوە (بە ئینگلیزی: Vladimir Lenin، بە عەرەبی: فلاديمير لينين) شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار و تیۆریستێکی سیاسیی ڕووسی بوو. لە ساڵی ١٩١٧ تا ١٩٢٤ وەک یەکەم و دامەزرێنەری حکوومەتی ڕووسیای سۆڤیەت و لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ وەک سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت کاری کردووە. لە سەردەمی ئەودا، ڕووسیا و دواتر یەکێتیی سۆڤیەت، بوو بە دەوڵەتێکی سۆسیالیستی تاکحیزبی کە حیزبی شیوعی بەڕێوەی دەبرد. لینین لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە مارکسیستە و پێشکەوتنەکانی بۆ ئایدۆلۆژیاکە ناوی لینینیزمە.

لینین لە خێزانێکی چینی ناوەڕاستی سەرەوە لە شاری سیمبیرسک لەدایکبووە، دوای لە سێدارەدانی براکەی لە ساڵی ١٨٨٧دا سیاسەتی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانەی لە باوەش گرتووە. بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژی حکوومەتی تزاری ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا لە زانکۆی ئیمپراتۆریی کازان دەرکرا، ساڵانی دواتری تەرخان کرد بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی یاسا. لە ساڵی ١٨٩٣ رووی لە شاری سانت پترسبۆرگ کردووە و بووەتە چالاکێکی باڵای مارکسیست. لە ساڵی ١٨٩٧ بە تاوانی ئاژاوەگێڕی دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ دوورخراوەتەوە بۆ شوشێنسکۆیە لە سیبیریا و لەوێ لەگەڵ نادەژدا کروپسکایا هاوسەرگیری دەکات. دوای دەربەدەری، ڕووی لە ئەورووپای ڕۆژاوا کرد و لەوێ بوو بە تیۆریستێکی دیار لە پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی مارکسیستی ڕووسی (RSDLP).

لە ساڵی ١٩٠٣دا ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابەشبوونی ئایدیۆلۆژی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی مارکسیستی ڕووسی گێڕا و سەرکردایەتی کوتلەی بەلشەڤی کرد دژی مێنشەڤیکەکانی جولیۆس مارتۆڤ. دوابەدوای شۆڕشی شکستخواردووی ڕووسیا لە ساڵی ١٩٠٥، هەڵمەتی ئەوەی کرد کە جەنگی جیهانیی یەکەم بگۆڕدرێت بۆ شۆڕشێکی پرۆلیتاریای سەرتاسەری لە ئەورووپا، کە وەک مارکسیستێک پێیوابوو دەبێتە هۆی ڕووخاندنی سەرمایەداری و جێگرتنەوەی بە سۆسیالیزم. دوای ئەوەی شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ تزاری لەکار لابرد و حکوومەتێکی کاتی دامەزراند، گەڕایەوە بۆ ڕووسیا بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگ لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا بگێڕێت کە تیایدا بەلشەڤیەکان ڕژێمی نوێیان ڕووخاند.

حکوومەتی بەلشەڤیکی لینین لە سەرەتادا دەسەڵاتی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی سۆسیالیستی چەپ و سۆڤیەتەکانی هەڵبژێردراو و ئەنجوومەنی دامەزرێنەری فرەحیزبی هاوبەش بوو، هەرچەندە تا ساڵی ١٩١٨ دەسەڵاتی ناوەندی لە حیزبی شیوعی نوێدا هەبوو. ئیدارەی لینین زەوی بەسەر جووتیاراندا دابەش کردەوە و بانک و پیشەسازی بەرفراوانی بە نیشتمانی کرد. بە واژۆکردنی پەیماننامەیەک لە جەنگی جیهانیی یەکەم کشایەوە و خاکی بە زلهێزە ناوەندییەکان بەخشی، هەروەها شۆڕشی جیهانی لە ڕێگەی ئینتەرناشناڵی کۆمۆنیستەوە بەرەوپێش برد. نەیاران لە تیرۆری سووردا سەرکوت کران، کە هەڵمەتێکی توندوتیژ بوو کە لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرا؛ دەیان هەزار کەس کوژران یان لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوەدا زیندانی کران. ئیدارەکەی لە جەنگی ناوخۆی ڕووسیا لە ساڵانی ١٩١٧ تا ١٩٢٢ شکستی بە سوپای ڕاست و چەپی دژە بەلشەڤی هێنا و سەرپەرشتی جەنگی پۆڵەندا-سۆڤیەتی لە ساڵانی ١٩١٩-١٩٢١ کرد. لە وەڵامی وێرانکارییەکانی سەردەمی جەنگ و برسێتی و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان، لە ساڵی ١٩٢١ لینین لە ڕێگەی سیاسەتی ئابووریی نوێوە هانی گەشەی ئابووری دا. چەندین نەتەوەی دەرەوەی ڕووسیا لە دوای ساڵی ١٩١٧ سەربەخۆیی خۆیان لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا مسۆگەر کردبوو، بەڵام سێ نەتەوە لە ساڵی ١٩٢٢دا یەکیان گرتەوە و بوونە یەکێتیی سۆڤیەتی نوێ. دوای ماوەیەک لینین ١٩٢٤ تەندروستی خراپ بوو و لە گۆرکی کۆچی دوایی کرد، جۆزێف ستالین شوێنی گرتەوە وەک کەسایەتییەکی دیار لە حکوومەتی سۆڤیەتدا.

کەسایەتی

بە شێوەیەکی بەرفراوان بە یەکێک لە کەسایەتییە بەرچاو و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لینین تا کاتی هەڵوەشاندنەوەی لە ساڵی ١٩٩١دا، کەسایەتییەکی نیمچەپەرستراو بوو لەنێو یەکێتیی سۆڤیەتدا. بوو بە کەسایەتییەکی ئایدیۆلۆژی لە پشت مارکسیزم-لینینزم و کاریگەرییەکی دیاری هەبوو بەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نێودەوڵەتیدا. لینین کەسایەتییەکی مێژوویی مشتومڕاوییە، لەلایەن لایەنگرانییەوە وەک پاڵەوانێکی سۆسیالیزم و چینی کرێکار سەیری دەکرێت. لەلایەکی ترەوە ڕەخنەگرانی لینین بە دامەزراندنی دیکتاتۆرییەکی تۆتالیتاری تۆمەتباری دەکەن کە سەرپەرشتی کوشتنی بەکۆمەڵ و سەرکوتی سیاسی دەکرد.

ژیان

ڤلادیمێر ئولیانۆڤ کە بە لینین ناسراوە لە ١٨٧٠/٤/٢٢ لە شاری سیمبیرسک لەدایکبووە کە ئەمڕۆ بە ئولیانۆڤسک ناسراوە. دوای تەواوکردنی خوێندن، دەچێتە فاکەڵتی یاسای زانکۆی کازان سیتی، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانی خوێندکاران، دوای لەسێدارەدانی ئەلێکساندەری برای بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێکخستنی هەوڵی تیرۆرکردنی تزار ئەلێکساندەری سێیەم، لە زانکۆکە دەرکرا. لینین گەڕایەوە بۆ کازان و پەیوەندی بە یەکێک لە کۆمەڵگا مارکسیستەکانی ئەوێ کرد. لە ساڵی ١٨٩٣ لینین ڕوو دەکاتە سانت پترسبۆرگ و دەستی کرد بە نووسینی کتێب لەسەر ئابووری مارکسیست و مێژووی بزووتنەوەی جووتیاران و کرێکاران لە ڕووسیا. لینین چەندین جار دەستگیر کرا بەهۆی چالاکی سیاسیی مارکسیستییەوە. بۆ ماوەی ساڵێک دوورخرایەوە بۆ سیبیریا و لەوێ توانی ماوەیەکی زۆر لە کاتەکانی بۆ نووسین بۆ بیرمەندانی کۆمۆنیست لە ئەورووپا تەرخان بکات. لە ساڵی ١٩٠٠ لینین گەشتی بۆ سویسرا کرد و تا ساڵی ١٩٠٥ لە دەرەوەی ڕووسیا مایەوە. لەم ماوەیەدا هەڵبژێردرا بۆ سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا کە لە ساڵی ١٨٩٨ پێکهێنرا.

لینین دوای بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە یاساییەی کە شایستەیی پێدەبەخشێت، پیشەی یاسایی نەکرد، وازی لە کار هێنا و کاری لەسەر چالاککردنی کاری شۆڕشگێڕانە و خوێندنی مارکسیزم لە شاری سانت پترسبۆرگ دەکرد. لینین زۆربەی ساڵی ١٨٩٥ لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و سویسرا بەسەر بردووە و لەوێ زۆربەی مارکسیستە چالاکەکانی ناسی. دوای دوو مانگ لە گەڕانەوەی بۆ شاری سانت پترسبۆرگ، لە کاتی ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی دۆزی کرێکاران لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٨٩٥ دەستگیرکرا. زیاتر لە ساڵێک لە ژێر لێکۆڵینەوەدا مایەوە تا لە ساڵی ١٨٩٧دا سزای دەربەدەری بۆ سیبیریا دەرچوو، لە تەممووزی ١٨٩٨دا لینین لەگەڵ سۆسیالیستێک بەناوی (نادژدا کروپسکایا) هاوسەرگیری دەکات.

لە نیسانی ساڵی ١٨٩٩ لینین توانی کتێبی (گەشەپێدانی سەرمایەداری لە ڕووسیا) چاپ بکات. دوای ئەوەی ڕووی کردە ئەورووپا کار لەسەر دامەزراندنی ڕۆژنامەی ئیسکرای سۆسیالیستی دەکات، هەروەها کاری لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی پەیوەست بە کاری شۆڕشگێڕانە کردووە. لینین ئەندامێکی چالاکی پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی بوو، کە لە ساڵی ١٩٠٣دا سەرکردایەتی حیزبی بەلشەڤی گرتە ئەستۆ. لە ساڵی ١٩٠٦ بۆ سەرکردایەتی پارتی سۆسیالیستی کرێکاری سۆسیالیستی هەڵبژێردرا و لە ساڵی ١٩٠٧ بە هۆکاری ئاسایش و پارێزراوی خۆی ڕووی لە فینلەندا کرد.

کار و شۆڕش

لینین لە ساڵی ١٨٩١ بڕوانامەی یاسایی بەدەستهێناوە و دواتر لە کۆمپانیایەکی یاسایی لە شاری سامارا دەستی بە کارکردن کردووە. لەو ماوەیەدا نووسینەکانی کارل مارکسی بە قووڵی خوێندەوە تا ساڵی ١٨٩٣ کە پەیوەندی بە ڕێکخراوێکی مارکسیستەوە کرد بە ناوی سۆسیال دیموکراسی و زۆری نەخایاند گەڕایەوە بۆ سانت پترسبۆرگ و لەوێش سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوەی گرتە ئەستۆ. لە کاتی شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ لە ڕووسیا، لینین گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی بۆ ئەوەی بەشداری لە یاخیبوونەکانی دژی حکوومەت بکات و لە ساڵی ١٩٠٨ جارێکی تر چووە سویسرا و دواتر گەشتی بۆ پاریس کردووە.

لە ساڵی ١٩١٦ دوای دووکەرتبوونی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا، لینین سەرۆکایەتی پارتی بەلشەڤی کرد. لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم، لینین داوای کرد کە جەنگی جیهانی بگۆڕدرێت بۆ شەڕی ناوخۆ لە دژی حکوومەتە سەرمایەدارەکان لە وڵاتانی ئەورووپا، هەروەها دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی تزاری لە ڕووسیا بە سەرکەوتنی شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٩١٧ و وەرگرتنی دەسەڵاتی کاتی لە وڵاتەکە، ئەڵمانیا ڕێگەی بە لینین و کۆمەڵێک لە لایەنگرانی دا بگەڕێنەوە بۆ ڕووسیا. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩١٧ لینین سەرکردایەتی شۆڕشێکی کرد کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی حیزبی بەلشەڤی لەو وڵاتە و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ.

دوای ئەم ڕووداوانە و پێکهێنانی دەوڵەتی سۆڤیەت، لینین ڕووبەڕووی مەترسی لەشکرکێشی ئەڵمانیا بووەوە و ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ حکوومەتی بەرلین واژۆ کرد. لە ساڵی ١٩١٨ لینین کەوتە بەر هەوڵی تیرۆر لەلایەن "فانیا کاپلان"، کە سەر بە یەکێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی لینین بوو، ٣ فیشەکی لە شان و سییەکانیدا لێ درا بەڵام نەمرد. زۆری نەخایاند، هەوڵی تیرۆرکردن و نیگەرانییەکانی ئیدارەی دەوڵەت پشکی خۆیان لە تەندروستی لینین گرت و چەندین جار تووشی جەڵتەی مێشک بوو کە وای لێکرد توانای قسەکردنی لەدەست بدات و لە ژیانی سیاسی دووری بخاتەوە و دواتر لە ساڵی ١٩٢٤دا کۆچی دوایی کرد.

هەرچەندە گەشتێکی زۆری دەکرد، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سۆسیالیستی لە سەرانسەری ئەورووپا و داوای بیرکردنەوەی سۆسیالیستی بکات. لە ١٦ی نیسانی ١٩١٧، لینین دوای ڕووخانی نیکۆلاسی دووەمی تزاری ڕووسی، جارێکی تر گەڕایەوە ڕووسیا، لە نێو بەلشەڤیەکان لە ڕووسیا جێگەی خۆی گرتەوە، هەروەها لە ڕۆژنامەی پراڤدا تێزی نیسانی بڵاوکردەوە، کە باس لە بۆچوونی لینین دەکات سەبارەت بەوەی کە دەبێت ڕووسیا چۆن بێت لە ڕووی سیاسییەوە. دوای شۆڕشی شکستخواردووی کرێکاران لە مانگی تەممووزی هەمان ساڵ، پاشان لە مانگی ئۆکتۆبەردا گەڕایەوە ڕووسیا بۆ سەرکردایەتیکردنی شۆڕش دژی حکوومەتی کاتیی کێرێنسکی.

لینین ڕووبەڕووی مەترسی لەشکرکێشی ئەڵمانیا بووەوە و ڕێگەیەکی نەدۆزیەوە بۆ قبووڵکردنی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانییەکان، دانوستانکارانی ڕووسیا پابەندی فەرمانەکانی لینین نەبوون و دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ڕووسیا بەشێکی زۆری خاکەکانی ڕۆژاوای لەدەست دا. یەکەم هەوڵی لینین بۆ هەناردەکردنی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕانە بە داگیرکردنی پۆڵەندا بوو دوای ئەوەی دووەمیان لە ڕابردوودا ئۆکرانیای داگیرکردبوو. 

لە ئازاری ١٩٢١ لینین هەندێك چاكسازیی ناوخۆیی جێبەجێ كرد و هانی بازرگانیی كشتوكاڵی و پیشەسازیی بچووكی دەدا، بەڵام شۆڕشی دەریایی كە لەلایەن ئیمپریالیستەوە پاڵپشتی دەكرا لە هەمان مانگدا نەیهێشت هیواكانی لینین بۆ چاكسازیی ئابووریی ناوخۆیی بەدی بهێنرێت.

شۆڕشی ئۆکتۆبەر: ١٩١٧

لە ئابی ١٩١٧، لە کاتێکدا لینین لە فینلەندا بوو، جەنەڕاڵ لاڤر کۆرنیلۆڤ، فەرماندەی گشتیی سوپای ڕووسیا، سەربازەکانی نارد بۆ پترۆگراد، کە وا دیار بوو هەوڵێکی کودەتای سەربازی بوو دژی حکوومەتی کاتی. ئەلێکساندەر کێرێنسکی سەرۆک وەزیران بۆ یارمەتیدان ڕووی لە سۆڤیەتەکەی پترۆگراد کرد، لەنێویاندا ئەندامانی بەلشەڤی، ڕێگەی بە شۆڕشگێڕان دا کە کرێکاران وەک پاسەوانی سوور ڕێکبخەن بۆ بەرگریکردن لە شارەکە. کودەتاکە پێش ئەوەی بگاتە پترۆگراد کۆتایی هات، بەڵام ڕووداوەکان ڕێگەیان بە بەلشەڤیەکان دابوو بگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی کراوە.

لە ترسی دژە شۆڕشی هێزە ڕاستڕەوەکانی دوژمنکارانە لەگەڵ سۆسیالیزم، مێنشێڤیکەکان و سۆسیالیست-شۆڕشگێڕەکان کە زاڵ بوون بەسەر سۆڤیەتەکەی پترۆگراددا، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە فشارخستنە سەر حکوومەت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەلشەڤیەکان. هەردوو مێنشێڤیک و سۆسیالیست-شۆڕشگێڕان بەهۆی پەیوەندییان بە حکوزمەتی کاتی و بەردەوامبوونی ناجەماوەریی جەنگەوە، پشتگیرییەکی زۆری جەماوەرییان لەدەستدابوو. بەلشەڤیەکان سوودیان لەم بابەتە وەرگرت و زۆری نەخایاند ترۆتسکی مارکسیستی لایەنگری بۆلشەڤی بە سەرۆکی سۆڤییەتی پترۆگراد هەڵبژێردرا. لە مانگی ئەیلوولدا بەلشەڤیەکان زۆرینەیان لە بەشی کرێکارانی هەردوو سۆڤیەتەکانی مۆسکۆ و پترۆگراد بەدەستهێنا.

لینین بە زانینی ئەوەی کە دۆخەکە بۆ ئەو سەلامەتترە، گەڕایەوە بۆ پترۆگراد. لەوێدا لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بەلشەڤی کرد، کە دیسانەوە وتی پێویستە ئەو حیزبە سەرکردایەتی یاخیبوونێکی چەکداری بکات بۆ ڕووخاندنی حکوزمەتی کاتی. ئەمجارەیان مشتومڕەکە بە دە دەنگ دژی دوو دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ڕەخنەگرانی پلانەکە، زینۆڤیێڤ و کامێنێڤ، پێیانوابوو کە کرێکارانی ڕووسیا پشتگیری لە کودەتایەکی توندوتیژانە لە دژی ڕژێم ناکەن و هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە بۆ ئەوەی لینین بڵێت کە هەموو ئەورووپا لە لێواری شۆڕشی پرۆلیتاریادایە. حیزبەکە دەستی کرد بە پلانی ڕێکخستنی هێرشەکە، لە ٢٤ی تشرینی یەکەمدا کۆبوونەوەی کۆتایی لە پەیمانگای سمۆلنی ئەنجامدا.

لە مانگی ئۆکتۆبەردا فەرمان بە کۆمیتەی شۆڕشگێڕی سەربازی درا کە کۆنتڕۆڵی ناوەندە سەرەکییەکانی گواستنەوە و پەیوەندی و چاپ و خزمەتگوزارییەکانی پترۆگراد بکات و بەبێ خوێنڕشتن ئەو کارەی کرد. بەلشەڤییەکان لە کۆشکی زستان گەمارۆی حکوومەتیان دا و زاڵبوون بەسەریدا و وەزیرەکانیان دەستگیر کرد دوای ئەوەی کەشتی کروزەر ئاورۆرا کە لەلایەن دەریاوانەکانی بەلشەڤیکەوە کۆنترۆڵکرابوو، تەقەیەکی سپی کرد بۆ ئاماژەدان بە دەستپێکردنی شۆڕش. لە کاتی یاخیبوونەکەدا لینین وتارێکی پێشکەش بە سۆڤیەتی پترۆگراد کرد و ڕایگەیاند کە حکوومەتی کاتی ڕووخێنراوە.

بەلشەڤیەکان پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێیان ڕاگەیاند کە بریتی بوو لە ئەنجوومەنی کۆمیساری گەلان، یان سۆڤنارکۆم. لینین سەرەتا پۆستی پێشەنگی سەرۆکی ڕەتکردەوە و پێشنیاری ترۆتسکی کرد بۆ ئەو کارە، بەڵام بەلشەڤیکەکانی تر پێداگریان کرد و دواجار لینین وەریگرت. پاشان لینین و بەلشەڤیکەکانی تر لە ٢٦ و ٢٧ی تشرینی یەکەم بەشداریان لە کۆنگرەی دووەمی سۆڤیەتدا کرد، و دروستکردنی حکوومەتی نوێیان ڕاگەیاند.

لەم ڕۆژە سەرەتاییانەی ڕژێمی نوێدا لینین خۆی لە قسەکردن بە زاراوەی مارکسیستی و سۆسیالیستی بەدوور گرت بۆ ئەوەی دانیشتوانی ڕووسیا نامۆ نەکات و لە جیاتی ئەوە باسی لە هەبوونی وڵاتێک کرد کە لەلایەن کرێکارانەوە کۆنترۆڵ بکرێت. لینین و زۆرێک لە بەلشەڤیکەکانی تر پێشبینیان دەکرد شۆڕشی پرۆلیتاریا لە چەند ڕۆژێک یان چەند مانگێکدا بەسەر ئەورووپادا باڵ بکێشێت.

حکوومەتی لینین

بە سەرکردایەتی ڤلادیمیر لینین کۆمۆنیستی ڕووسی، حیزبی بەلشەڤی لە کاتی کودەتایەکدا کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ناسراوە، دەسەڵاتی لە کۆماری ڕووسیادا گرت. بە ڕووخاندنی حکوومەتی کاتیی پێشتر هەبوو، بەلشەڤیکەکان ئیدارەیەکی نوێیان دامەزراند، یەکەم ئەنجوومەنی کۆمیساری گەلان لینینی وەک سەرۆکی حوکمڕانییەکەی دەستنیشان کرد. بە فەرمان، سۆڤنارکۆمی لینین چاکسازییەکی بەرفراوانی خستەڕوو کە زیاتر زەوییانی دەگرتەوە بۆ دووبارە دابەشکردنەوە لەنێوان ئەو گەلانەی ڕووسی نین و خۆیان سەربەخۆ ڕابگەیەنن، هەروەها بۆ باشترکردنی مافەکانی کار و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن.

پارتی لینین بەردەوام بوو لە هەڵبژاردنەکان کە پێشتر بڕیاربوو لە تشرینی دووەمی ١٩١٧ ئەنجام بدرێت، بەڵام کاتێک ئەنجوومەنی دەستووری بەرهەمهێنا کە پارتی شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی ڕکابەر زاڵ بوو بەسەریدا بەلشەڤیەکان بە دژە شۆڕش ناویان برد و دایانخست. حكوومەتی بەلشەڤی ژمارەیەك حیزبی ناوەندگەرایی و ڕاستڕەوی قەدەغەكرد، هەروەها چالاكی گرووپە سۆسیالیستییە ڕكابەرەكانی سنووردار كرد، بەڵام لەگەڵ پارتی شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی چەپدا هاوپەیمانییەكی حكوومییان كرد. لینین لە ناوەڕاستی جەنگی جیهانیی یەکەمدا وڵاتێکی بە میرات گرتبوو، سەربازانی ڕووسیا کە لە جەنگ ماندوو بوون لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا شەڕیان لەگەڵ زلهێزەکانی ناوەندی ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریا دەکرد. لینین بە مەترسی زانینی ململانێ بەردەوامەکان بۆ سەر حکوومەتەکەی خۆی، هەوڵیدا ڕووسیا لە جەنگەکە بکشێنێتەوە، بە بەکارهێنانی فەرمانەکەی سەبارەت بە ئاشتی بۆ دامەزراندنی ئاگربەست، دوای ئەوە دانوستانەکان ئەنجامدرا و پەیمانی برێست-لیتۆڤسک لە ١٩١٨/٣/٣ هاتە ئاراوە. ئەم پەیماننامەیە وایکرد ڕووسیا لە جەنگ بکشێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک خاکی زۆری هەرێمی بە ئەڵمانیا بەخشی کە ناوچەیەکی بەرفراوانی ئیمپراتۆریەتی پێشووی گرتە دەست.

هەر لەو ساڵەدا لینین داوای کرد کە ناوی پارتەکە لە پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیاوە بگۆڕدرێت بۆ حیزبی شیوعیی سۆسیالیستی ڕووسیا. لە مانگی ئابدا لینین هەوڵی تیرۆرکردنی درا و دوو فیشەکی لێدرا، یەکێکیان لە ملیدا مایەوە بەڵام لە مردن ڕزگاری بوو. نەیارانی دەسەڵاتی سۆسیالیستی دەستیان کرد بە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی لە شارەکان و ئەم کردەوانە لە لادێکاندا گۆڕا بۆ جۆرێک لە شەڕی ناوخۆ. بەڵام نەیاران یەکڕیزی ئامانج و دیدگایان نەبوو، بۆیە حکوومەت توانی تا ساڵی ١٩٢٠ کۆتایی بە یاخیبوونەکەیان بهێنێت. 

حکوومەتەکانی ئینگلتەرا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا ڕەتیان کردبووەوە مامەڵە لەگەڵ رژێمی نوێ بکەن، چونکە ڕەتیکردبووەوە بەڵێن بدات قەرزەکانی کایزەر بەو حکوومەتانە بداتەوە. زۆربەیان نوێنەرایەتی دیپلۆماسی و گرێبەستی بازرگانی و پیشەسازییان هەڵوەشاندەوە. لینین لە ساڵی ١٩٢١ بەرنامەیەکی بە ناوی سیاسەتی ئابووری نوێ دەرکرد و ئازادی بە جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی بچووک بەخشی بۆ مامەڵەکردن بە بەرهەمەکانیانەوە، ڕێگەی بە بازرگانی ئازاد دەدا و بانگهێشتی بیانییەکانی کرد بۆ وەبەرهێنان لە ڕووسیا. ئەم بەرنامەیە هانی حکوومەتەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا و ئەمریکای دا کە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی و پەیوەندییە بازرگانییەکان بگەڕێننەوە. بەمەش دەوڵەتی نوێ توانی دەست بە بنیاتنانی خۆی بکات تا گەیشتە ئەو پێشکەوتنە زانستی و تەکنیکی و پەروەردەییەی کە پێی گەیشتبوو و توانی هێزێکی سەربازی بنیات بنێت کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگرییەک بوو لە دەرەوە.

لینین یەکێکە لە گرنگترین بیرمەندەکانی سەردەمی مۆدێرن کە مامەڵەی لەگەڵ تیۆری کۆلۆنیالیزمدا کردووە. لینین بینی کە وڵاتانی سەرمایەداری وردە وردە لە کێبڕکێ و دەرفەتی یەکسان و بازاڕی ئازادەوە بەرەو قۆرخکاری دەگۆڕدرێن، کە وڵاتانی سەرمایەداری بە یاساکانی کێبڕکێیی ئازاد و یەکسانی دەرفەت بۆ هەمووان دەست پێدەکەن، پاشان وردە وردە ڕوو لە قۆرخکاری دەکەن، قۆناغێک کە سامان لە دەستی ژمارەیەکی زۆر کەمی تاکدا چڕ دەبێتەوە کە هاوکات ئەوانەن کە دەسەڵات دەگرنە دەست، پاشان بۆشاییەکە فراوان دەبێت لە نێوان ئەم چینە و چینی کرێکار کە نوێنەرایەتی زۆرینەی هاوڵاتیان دەکات و ئەوانەن دەگەنە هێڵی هەژاری جددی.

لینین ئەم بیرۆکەی کۆلۆنیالیزمی بەستەوە بە جەنگی جیهانی کە لە نێوان وڵاتان ڕوودەدات، وەک ئاماژەی بەوەدا کە بوونی زیاتر لە وڵاتێکی سەرمایەداری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەبێتە هۆی ئەوەی هەموویان بگەنە قۆناغی پێویستی کۆلۆنیالیزم بۆ بەکارهێنانی بەرهەمەکان. لە ئەنجامدا ململانێ و ناکۆکی لە نێوان ئەم وڵاتە گەورانەدا دروست دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆلۆنیەکان و بەم شێوەیە شەڕێکی جیهانی لە نێوان وڵاتاندا ڕوودەدات، لینین لەم شیکارییەدا لە ژێر کاریگەری جەنگی جیهانیی یەکەمدا بوو کە لە نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا ڕوویدا.

پەیوەندی لەگەڵ نووسەران

ڤلادیمێر لینین پەیوەندی باشی لەگەڵ شاعیران و نووسەران هەبووە، لەنێویاندا هاوڕێ و دۆستی تایبەتی، مەکسیم گۆرکی. گۆرکی وەسفی لینین دەکات و دەڵێت "ئەوە سەرسوڕمانی گەورەیە... چۆن ئەم پیاوەی کە شاهیدی زۆر بەدبەختی و کارەسات بووە و لەگەڵیدا ژیاوە، دەیتوانی بەو شێوەیە بێهەڵوێست و میهرەبانانە پێبکەنێت". گەورەترین خولیاکانی سەردانی کتێبخانەکان و خوێندنەوە و نووسین بوو، هەروەها پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نووسەری بەریتانی هێربێرت جۆرج وێڵز هەبوو، لەوێ لە ساڵی ١٩١٤ وێڵز سەردانی ڕووسیای کرد و بینی ڕژێمی تزار ستەمکار و گەندەڵە و لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر تێگەیشت. لە ساڵی ١٩٢٠ وێڵز سەردانی یەکێتیی سۆڤیەتی کرد و جارێکی تر چاوی بە لینین کەوت.

پەیوەندی بە ئایینەوە

لینین زۆر گرنگی بە کاروباری ئایینی نەدەدا و بە دەگمەن باسی ئایینەکانی دەکرد، بەڵام ئازادی پەرستشی بە کەسانی ئایینی بەخشی و ئەمەش لە نامەیەکدا دەرکەوت کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩١٧دا ئاڕاستەی موسڵمانانی کردبوو کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو: ئەی موسڵمانانی ڕووسیا و سیبیریا و تورکستان و قەوقاز... ئەی ئەوانەی مزگەوتەکانیان ڕووخاند، و ستەمکاران دەستکاری بیروباوەڕ و داب و نەریتەکانیانی کرد، بیروباوەڕ و داب و نەریت و دامەزراوە نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییەکانتان ئەمڕۆ ئازاد و پیرۆزن. ژیانی نەتەوەیی خۆتان بە ئازادییەکی تەواو و بێ بەرتەسکی ڕێکبخەن، ئەوە مافی ئێوەیە. 

دواتر بەرنامەیەکی بەرفراوان دامەزرا کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت "دژە هەڵاواردن"، بە ناوی کۆرنیساتسیا، واتە دانیشتووانی بنەڕەتی ناوچەکە شوێن ڕووسەکان بگرنەوە. سەرەتا بە دەرکردنی کۆلۆنیالیستە ڕووسەکان و قەوزاق و وتەبێژەکانیان لە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا لەو ناوچانە دەستی پێکرد. زمانی ڕووسی وازی لە زاڵبوون هێنا و زمانە ناوخۆییەکان گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان و حکوومەت و بڵاوکراوەکان. دانیشتووانی ناوچەکە پلەیان بەرز دەکرایەوە بۆ پۆستەکانی دەوڵەت و لە پارتە کۆمۆنیستەکانی ناوچەکەدا و تەنانەت لە دامەزراندنەکاندا لە پێش ڕووسەکانەوە بوون. زانکۆکان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی سەرکردە نا-ڕووسەکان دروستکران. هەروەها ئەو شوێنەوارە ئیسلامی و کتێبە پیرۆزانەی کە لەلایەن قەیسەرەوە تاڵان کراون، گەڕێندرانەوە بۆ مزگەوتەکان. قورئانی پیرۆز کە بە قورئانی عوسمان ناسراوە، لە رێوڕەسمێکی ڕێزلێنان لە شاری پترۆگراد لە ٢٥ـی کانوونی دووەمی ١٩١٧ ڕادەستی ئەنجوومەنی ئیسلامی کرا، ڕۆژی هەینی وەک ڕۆژی ئاهەنگی ئایینی بۆ موسڵمانان ناسێندرا و پشووی فەرمی بوو لە هەموو ئاسیای ناوەڕاست.

کۆچی دوایی

لەو هێرشەی کرایە سەری، فیشەکێک لە ملی لینیندا مایەوە. پزیشکان لە ساڵی ١٩٢٢دا لە ملیدا دەریان هێنا، بەڵام نەیانتوانی کاریگەرییە کوشندەکانی هەڵبوەشێننەوە، بەهۆی فیشەکەکەوە لە مانگی ئایاری ١٩٢٢دا لینین تووشی جەڵتەی مێشک بوو، نیوەی ڕاستی جەستەی ئیفلیج کرد و بەشداری سیاسی کەمکردەوە. مانگی کانوونی دووەمی هەمان ساڵ جەڵتەی دووەم ڕوویدا و بەشی سیاسی فەرمانی بە لینین کرد کە لە چاوی خەڵک دوور بکەوێتەوە. لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢٣ لینین تووشی سێیەم خوێن مەیین بوو و لە جێگادا مایەوە و توانای قسەکردنی لێ سەندەوە.

لە کۆتاییدا لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٤دا بەهۆی جەڵتەی کۆتاییەوە کۆچی دوایی کرد، تەرمی لینین بۆ ماوەیەکی کاتی مۆمیا کرا و لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆ بەخاک سپێردرا.

وتەکانی

  • شۆڕش واتە لەناوبردنی بتەکانی نەزانی لەناو خۆماندا لەبری ئەوەی ئەو پەیکەرانە بخەینە خوارەوە کە شاهێدی مێژووی ئێمەن.
  • ڕووناکبیران زۆرترین توانایان هەیە لە خیانەتکردندا، چونکە ئەوان زۆرترین توانایان هەیە بۆ پاساوهێنانەوەی.
  • ئەوەی خیانەت لە هاوەڵەکەی بکات خیانەتی لە دۆزەکە کردووە.
  • شۆڕشگێڕی ساختە ئەو کەسەیە کە تا ئەوکاتە گرنگی بە ستەمکارەکەی دەدات کە ستەمەکەی نەمێنێت، بیر لە کەسی دوای ئەو ناکاتەوە و چاودێری ناکات بۆیە دووبارە تووشی ستەم دەبێتەوە و بەمشێوەیەش ستەم لە جیهاندا بەردەوام دەبێت.
  • لە سیاسەتدا جیاوازی نییە لە نێوان خیانەت بەهۆی گەمژەیی یان خیانەت بە شێوەیەکی ئامادەکراو و متمانەپێکراو.
  • شۆڕشگێڕان بەتواناترین کەسن کە نادادپەروەری بناسنەوە.
  • دەنگی پیاوێک بە تەنیا ناگاتە گوێی هەموو خەڵک، بەڵکوو لە ژێرزەمینەکانی پۆلیسدا ون دەبێت و دەخنکێت.
  • متمانە باشە، بەڵام چاودێری باشترە.

ئەو کەسانەی بە لینین سەرسام بوون


سەرچاوەکان



2189 بینین