جۆزێف ستالین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-15-23:27:00 - کۆدی بابەت: 2291
جۆزێف ستالین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆزێف ڤیساریۆنۆڤیچ ستالین (بە ئینگلیزی: Joseph Stalin، بە عەرەبی: يوسف ستالين) سەرکردەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستی سۆڤیەتە کە لە ساڵی ١٩٢٢ـەوە تا مردنی لە ساڵی ١٩٥٣ سەرکردایەتی یەکێتیی سۆڤیەتی کردووە. دەسەڵاتی وەک سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعیی یەکێتیی سۆڤیەت (١٩٢٢-١٩٥٢) و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی یەکێتیی سۆڤیەت بووە (١٩٤١-١٩٥٣). سەرەتا وەک بەشێک لە سەرکردایەتییەکی بەکۆمەڵ حوکمڕانی وڵاتی دەکرد، تاوەکوو ئەوەی دەسەڵاتی چەسپاند و لە ساڵانی ١٩٣٠ بوویە دیکتاتۆر. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پابەند بوو بە لێکدانەوەی لینینی مارکسیزمەوە، لە کاتێکدا سیاسەتەکانی خۆی بە ستالینیزم ناودەبرێت.

ستالین لە خێزانێکی هەژار لە شاری گۆری لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا (ئێستا جۆرجیا) لەدایکبووە، پێش ئەوەی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی مارکسیستی ڕووسیاوە بکات، بەشداری لە خوێندنگەی ڕۆحانی تفلیس کردووە. سەرنووسەری ڕۆژنامەی "پراڤدا"ی حیزبەکەی کردووە و لە ڕێگەی دزی و ڕفاندن و ڕاکێتی پاراستنەوە پارەی بۆ فراکسیۆنی بەلشەڤیکی سەر بە ڤلادیمێر لینین کۆدەکردەوە. بەهۆی چالاکییەکانییەوە چەندین جار دەستگیرکرا و دوورخرایەوە. دوای ئەوەی بەلشەڤییەکان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و لە ساڵی ١٩١٧دا دەوڵەتێکی تاک حیزبییان لە ژێر دەستی حیزبی شیوعیی نوێدا دروستکرد، ستالین بوویە ئەندامی مەکتەبی سیاسی. لە جەنگی ناوخۆی ڕووسیادا خزمەتی کردووە و لە ساڵی ١٩٢٢ سەرپەرشتی دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت دەکات، دوای مردنی لینین لە ساڵی ١٩٢٤ بوویە دووەمین سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت.

لە سەردەمی ستالیندا، سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا بوو بە بنەمایەکی ناوەندی دۆگمای حیزبەکە. لە ئەنجامی پلانە پێنج ساڵەییەکەیدا، وڵاتەکە بەکۆمەڵبوونی کشتوکاڵی و پیشەسازییەکی خێرای بەسەردا هات، ئەمەش ئابوورییەکی فەرماندەیی ناوەندی دروستکرد. پچڕانی توندی بەرهەمهێنانی خۆراک بووە هۆی برسێتییەکی گەورە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠-١٩٣٣ کە ملیۆنان کەسی کوشت. بۆ بنبڕکردنی دوژمنەکانی خۆی، ستالین پاکتاوکردنی گەورەی دامەزراند، کە تێیدا زیاتر لە ملیۆنێک زیندانی کران و لانیکەم ٧٠٠ هەزار کەس لە نێوان ساڵانی ١٩٣٤ بۆ ١٩٣٩ لە سێدارە دران. تا ساڵی ١٩٣٧ کۆنترۆڵی ڕەهای بەسەر حیزب و حکوومەتدا هەبوو. هەروەها ستالین سیستمی گولاگی ئۆردوگای کاری زۆرەملێی زیاتر فراوانتر کرد.

ستالین لە ڕێگەی نێودەوڵەتییەوە بیرۆکەی مارکسیزم-لینینیزمی لە دەرەوەی وڵات بەرەوپێش برد و لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠دا پشتگیری لە بزووتنەوە دژە فاشیستەکانی ئەورووپا دەکرد، بە تایبەتی لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا. لە ساڵی ١٩٣٩ پەیمانی نادەستدرێژی لەگەڵ ئەڵمانیای نازی واژۆ کرد و لە ئەنجامدا سۆڤیەت هێرشی کردە سەر پۆڵەندا. ئەڵمانیا بە هێرشکردنە سەر یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٤١ کۆتایی بەو پەیمانە هێنا. سەرەڕای کارەساتە سەرەتاییەکان، سوپای سووری سۆڤیەت لەشکرکێشی ئەڵمانیای بەرپەرچ دایەوە و لە ساڵی ١٩٤٥ بەرلینی گرت و کۆتایی بە جەنگی جیهانیی دووەم لە ئەورووپا هێنا. دوای جەنگ کۆمەڵێک وڵاتی کۆمۆنیست لە سەرانسەری جیهان و بەرەی ڕۆژهەڵات بەتایبەت دروست بوون. یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا وەک زلهێزی جیهانی سەریان هەڵدا و چوونە ناو قۆناغێکی گرژی و ئاڵۆزییەوە کە جەنگی سارد بوو. ستالین لە ساڵی ١٩٤٩ سەرۆکایەتی ئاوەدانکردنەوەی سۆڤیەتی لە دوای جەنگ و پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی کرد. لەم ساڵانەدا وڵاتەکە تووشی برسێتییەکی گەورەی دیکە و هەڵمەتێکی دژە جوولەکە بوو کە بە پیلانی پزیشکان (the doctors' plot) گەیشتە لوتکە. دوای مردنی ستالین لە ساڵی ١٩٥٣، دواجار نیکیتا خرۆشۆڤ شوێنی گرتەوە، کە دواتر دەسەڵاتەکەی ئیدانە کرد و دەستی کرد بە داماڵینی ستالینگەرایی لە کۆمەڵگەی سۆڤیەتدا.

لەدایک بوون
١٨ی کانوونی دووەمی ١٨٧٨ 
گۆری، پارێزگای تیفلیس، ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا (ئێستا جۆرجیا)
مردن

٥ی ئازاری ١٩٥٣ (تەمەنی ٧٤ ساڵ)

کونتسێڤۆ داچا، مۆسکۆ، یەکێتیی سۆڤیەت

شوێنی ناشتن
  • گۆڕستانی لینین، مۆسکۆ (١٩٥٣-١٩٦١)
  • نەکرۆپۆلیسی دیواری کرێملین، مۆسکۆ (لە ساڵی ١٩٦١)
خوێندن خوێندنگەی ڕۆحی تفلیس
پیشە سیاسەتمەدار
واژۆ
نازناو کۆبا
خزمەتی سەربازی
ساڵانی خزمەتکردن
  • ١٩١٦–١٩١٧
  • ١٩١٨–١٩٢١
  • ١٩٤١–١٩٥٣
پلە
  • مارشاڵی یەکێتیی سۆڤیەت (١٩٤٣)
  • جەنەرالیسیمۆسی یەکێتیی سۆڤیەت (١٩٤٥)

کەسایەتی

بە شێوەیەکی بەرفراوان بە یەکێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، ستالین بابەتی کولتێکی کەسایەتی بەربڵاو بوو لەناو بزووتنەوەی نێودەوڵەتی مارکسیست-لێنینیستدا، کە وەک پاڵەوانێکی چینی کرێکار و سۆسیالیزم ڕێزی لێدەگیرا. لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، ستالین لە ڕووسیا و جۆرجیا وەک سەرکردەیەکی سەرکەوتووی سەردەمی جەنگ کە پێگەی یەکێتیی سۆڤیەتی وەک زلهێزێکی پێشەنگی جیهانی چەسپاندووە ڕێزی لێ دەگیرا. بەپێچەوانەوە ڕژێمەکەی بە تۆتالیتاری وەسف کراوە، و بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرکۆنەی سەرکوتکردنی بەکۆمەڵ، پاکتاوکردنی نەتەوەیی، دیپۆرتکردنەوەی بەرفراوان، سەدان هەزار لە سێدارەدان و برسێتی دەکرێت کە بووەتە هۆی کوشتنی ملیۆنان کەس.

بابەت: وتەکانی ستالین

ژیان

جۆزێف ستالین لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٨٧٨، لە شاری گۆری لە جۆرجیا لەدایکبووە، لە شارەکەی خۆیدا گەورە بووە و لەوێ خوێندنی خوێندووە پێش ئەوەی بچێتە شاری تیفلیس بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خوێندنگەی تیفلیسەوە بکات. لە کاتێکدا کە خوێندکار بوو لە خوێندنگەدا مارکسیزمی لە باوەش گرت و بوو بە شوێنکەوتوویەکی بەئەمەکی ڤلادیمێر لینین، دواتریش خوێندنگەی جێهێشت بۆ ئەوەی ببێتە شۆڕشگێڕ. دوای ئەوەی بەهۆی چالاکییەکانیەوە لەلایەن پۆلیسی نهێنی ڕووسیاوە نیشانە کرا، بوو بە شۆڕشگێڕێکی تەواو و دەرچوو لە یاسا. بوو بە یەکێک لە ئەندامانی ئۆپەراسیۆنە سەرەکییەکانی بەلشەڤیەکان لە قەوقاز، یەکەیەکی نیمچە سەربازی ڕێکخست و پڕوپاگەندەی بڵاوکردەوە، لە ڕێگەی دزی لە بانک و ڕفاندن و زەوتکردنی موڵکەکانەوە پارەی کۆدەکردەوە. بەهۆیەوە چەندین جار گیرا و دوورخرایەوە بۆ سیبیریا و زۆرینەی جارەکان هەڵاتووە. بوو بە یەکێک لە نزیکترین هاوکارەکانی لینین، ئەمەش یارمەتی دا لە دوای شۆڕشی ڕووسیا بەرەو بەرزاییەکانی دەسەڵات بەرزبێتەوە. لە ساڵی ١٩١٣ ستالین بۆ دواجار ڕەوانەی سیبیریا کرا و لە دەربەدەری مایەوە تا شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٩١٧ بووە هۆی ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا.

دوای ئەوەی لە نیسانی ١٩١٧دا ستالین هەڵبژێردرا بۆ کۆمیتەی ناوەندی بەلشەڤی، یارمەتی لینینی دا بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت و فەرمانی بە بەلشەڤیە گەمارۆدراوەکان کرد کە خۆیان ڕادەست بکەن بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت. پاشان بەلشەڤیەکان دەستیان بەسەر پترۆگراددا گرت و ستالین وەک کۆمیساری گەل بۆ کاروباری نەتەوەکان دەستنیشانکرا. لە شەڕی ناوخۆی نێوان سوپای سووری لینین و سوپای سپیدا، ستالین هاوپەیمانی لەگەڵ کلیمنت ڤۆرۆشیلۆڤ و سێمیۆن بودیۆنی پێکهێنا لەکاتێکدا سەرکردایەتی سەربازەکانی دەکرد لە قەفقاز. لەوێ فەرمانی کوشتنی ئەفسەرانی پێشووی تزار و دژە شۆڕشەکانی دەرکرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٩ ستالین ڕەوانەی بەرەی ڕۆژاوا کرا، لە نزیک پترۆگراد. بۆ ڕێگریکردن لە وازهێنان و پاشگەزبوونەوەی سەربازانی سوپای سوور، لەوێ فرمانی کرد وازهێنەر و لادەرەکان کۆبکرێنەوە و بە ئاشکرا وەک خیانەتکار لە سێدارە بدرێن. دوای ئەوەی بەلشەڤییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٩دا خەریکی سەرکەوتن بوون لە شەڕی ناوخۆدا، لینین و زۆر کەسی دیکە ویستیان شۆڕشەکە بەرەو ڕۆژاوا فراوان بکەن بۆ ئەورووپا، لە پۆڵەندا دەستی پێکرد کە لە بیلاڕووسیا و ئۆکرانیا شەڕی سوپای سووری دەکرد. ستالین لە شوباتی ١٩٢٠ بۆ ماوەیەکی کورت گواسترایەوە بۆ قەفقاز بەڵام توانی لە مانگی ئایاردا بگوازرێتەوە بۆ ئۆکرانیا و لەوێش پۆستی کۆمیساری بەرەی باشووری ڕۆژاوای قبوڵ کرد. ستالین لە مانگی ئابی ١٩٢٠ گەڕایەوە مۆسکۆ و لەوێ لەبەردەم مەکتەبی سیاسی بەرگری لە خۆی کرد بەهۆی هێرشە ناڕەوا و زۆرەملێیەکانییەوە لەوکاتەی دەسەڵاتداری ناوچەکانی قەوقاز و ئۆکرانیا بووە. ستالین تۆمەتبار کرا بە ملکەچ نەبوون، ویستی کەسی، بێتواناییی سەربازی و هەوڵی بنیاتنانی ناوبانگی خۆی بە سەرکەوتنەکان لە بەرەی خۆیدا لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی شوێنەکانی دیکەی پاشەکشێ پێ کردووە. بەڵام ستالین سوور بوو لەسەر ئەوەی خودی شەڕەکە هەڵەیە (ئەمەش شتێک بوو کە هەمووان لەسەری کۆک بوون)، نەک کارەکانی ئەو.

ساڵانی کۆتایی لینین: ١٩٢١-١٩٢٣

حکومەتی سۆڤیەت هەوڵیدا دەوڵەتانی دراوسێ بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە؛ لە شوباتی ١٩٢١دا هێرشی کردە سەر جۆرجیا کە لەلایەن مێنشێڤیکەوە بەڕێوەدەبرا، لە کاتێکدا لە نیسانی ١٩٢١دا ستالین فەرمانی بە سوپای سوور کرد بچێتە ناو تورکستانەوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتی ڕووسیا بچەسپێنێت. ستالین دژی بیرۆکەی کۆمارە خۆبەڕێوەبەرییە جیاوازەکانی جۆرجیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان بوو، بەو پێیەی کە پێدەچێت ئەمانە کەمینە نەتەوەییەکان لەناو خاکەکانی خۆیاندا بچەوسێننەوە؛ لەبری ئەوە داوای کۆماری سۆڤیەتێکی فیدراڵی سۆسیالیستی ترانسقاوقازی کرد. 

دوای شەڕی ناوخۆ، مانگرتنی کرێکاران و ڕاپەڕینی جووتیاران لە سەرانسەری ڕووسیادا سەریهەڵدا، کە تا ڕادەیەکی زۆر دژایەتی پڕۆژەی وەرگرتنی خۆراکی سۆڤنارکۆم بوو؛ وەک هەڵوێستەیەک، لینین چاکسازییەکانی بازاڕگەرایی خستەڕوو: سیاسەتی ئابووری نوێ (NEP). هەروەها گێژاوی ناوخۆیی لە حیزبی شیوعیدا دروست بوو، لە کاتێکدا ترۆتسکی سەرکردایەتی کوتلەیەکی دەکرد کە داوای هەڵوەشاندنەوەی سەندیکاکانی دەکرد؛ لینین دژی ئەمە بوو، ستالینیش یارمەتی کۆکردنەوەی دژایەتی بەرانبەر هەڵوێستی ترۆتسکی دەدا و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سەرپەرشتیکردنی بەشی ئاژاوە و پڕوپاگەندە لە سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی. لە یازدەهەمین کۆنگرەی حیزب لە ساڵی ١٩٢٢، لینین ستالینی وەک سکرتێری گشتیی نوێی حیزبەکە کاندید کرد. لەو ماوەیەی کە لینین بەهۆی جەڵتەی دووەمەوە ئیفلیج بوو، دوو جار داوا لە ستالین دەکات ژەهری پێبدات بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت، بەڵام ڕازی نابێت.

دەسەڵات

لە ساڵی ١٩٢٢ ستالین پۆستی سکرتێری حیزبی گرتە ئەستۆ و دوای مردنی ڤلادیمێر لینین لە کانوونی دووەمی ١٩٢٤دا حکوومەتەکە لە سێ کەس پێکهاتبوو: ستالین، کامێنێڤ و زینۆڤیێڤ. لە سەردەمی حکوومەتی سێ لایەنەدا، ستالین بیرۆکەی شۆڕشێکی جیهانی کۆمۆنیستی لە بەرژەوەندی سۆسیالیزمی ناوخۆیی ڕەتکردەوە، کە لە کردارەکەیدا پێچەوانەی بنەماکانی "ترۆتسکی" بوو کە داوای کۆمۆنیزمی نێودەوڵەتی دەکرد. ستالین بە هاوکاریی باڵی ڕاستڕەوی حیزب کە لە بوخارن و ڕیکۆڤدا بەرجەستە دەبوو، شکستی بە کامێنێڤ و زینۆڤیێڤ هێنا و سەرکەوتوو بوو لە دەرکردنی ترۆتسکی و زینۆڤیێڤ و کامێنێڤ لە کۆمیتەی ناوەندی لە ساڵی ١٩٢٧ و پاشان لە حیزبی شیوعی. 

کاریگەری ستالین لەسەر گۆڕینی یەکێتیی سۆڤیەت لە ڕووی پیشەسازییەوە

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ستالین لە جێبەجێکردنی پلانی پێنج ساڵەی پێشخستنی یەکێتیی سۆڤیەت ڕووبەڕووی بووەوە، بەڵام دەستکەوتە پیشەسازییەکان سەرەڕای نەبوونی ژێرخانی پیشەسازی و بازرگانی دەرەکی دەستی بە گەشەکردن کرد، ڕێژەی گەشەی پیشەسازی ڕووسیا ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەهەمی و چالاکییەکانی ڕکابەرە ژاپۆنییەکەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا تێپەڕاند. ستالین توانی پارەی نەختینەی پێویست بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژە گەورەکانی دابین بکات، بەڵام بە سنووردارکردنی دابینکردنی خۆراک لەلایەن هاوڵاتی سۆڤیەتەوە.

کشتوکاڵی هاوبەش

ستالین تیۆری کشتوکاڵی هاوبەشی بەسەر یەکێتیی سۆڤیەتدا سەپاند. تیۆرییەکە لەسەر بناغەی گۆڕینی کێڵگە کشتوکاڵییە سەرەتاییەکان بوو کە پشت بە مرۆڤ و ئاژەڵ دەبەستن لە کێڵان و چاندنی زەوی بۆ کێڵگەی کشتوکاڵی بە ئامێری مۆدێرن وەک تراکتۆری میکانیکی. کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالیندا لە جۆری سەرەتایی بوون. لە ڕووی تیۆریەوە یەکەم براوەی کشتوکاڵی هاوبەش بڕیار بوو جووتیار بێت، کە لەلایەن حکوومەتەوە بەڵێنی گەڕانەوەی بڕی ئەو هەوڵەی پێدرابوو کە خەرج کراوە. سەبارەت بە دەرەبەگەکان، بە کشتوکاڵی هاوبەش لەناوچوون، چونکە بڕیار بوو خاوەن زەوییەکان بەرهەمی کشتوکاڵی خۆیان بە حکوومەت بفرۆشن بە نرخێک کە حکوومەت خۆی دیاری دەکات. کشتوکاڵی هاوبەش لەگەڵ سامانی دەرەبەگایەتی دەوڵەمەنددا جیاواز بوو و کێڵگەکانیان دەدا بە جووتیارە بچووکەکان.

کشتوکاڵی هاوبەش لەلایەن دەرەبەگەکانەوە بە توندی دژایەتی دەکرا و ئۆپۆزسیۆن گەیشتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی نێوان دەسەڵات و دەرەبەگەکان. ستالین هەوڵی دەدا فیوداڵەکان بە بەکارهێنانی هێزی تایبەت دووربخاتەوە و ناچاریان بکات زەوی و ئاژەڵەکانیان ڕادەستی جووتیارە هەژارەکان بکەن لە بەرانبەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو کە حکوومەت پێیانی دەدا. بەڵام فیوداڵە دەوڵەمەندەکان (چینی کولاکەکان) پێیان باشتر بوو کە ئاژەڵەکانیان سەرببڕن نەک بەزۆر بیانبەن بۆ بەرژەوەندی بەرنامەی کشتوکاڵی هاوبەش کە بووە هۆی قەیران لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی خۆراکدا. کولاکە دەرەبەگەکان لە کۆی ٣٤ ملیۆن ئەسپ کە لە ساڵی ١٩٢٨دا خاوەندارێتییان دەکرد، ١٩ ملیۆن ئەسپیان لەناوبرد. لە کۆی ٧٠.٥ ملیۆن مانگا لە ساڵی ١٩٣٢ تەنها ٤٠.٧ ملیۆن مانگا لە ژیاندا مانەوە و لە کۆی ٣١ ملیۆن مانگای شیردەر ١٨ ملیۆن مانگا مانەوە، بەهۆی ئەم بەفیڕۆدانی خۆراکەوە لەلایەن فیوداڵەکانەوە، بووە هۆی برسێتی لە ئۆکرانیا لە ماوەی ١٩٣٢-١٩٣٣دا. ستالین دواتر توانی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە، ستالین پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی ئەو فیوداڵە دەوڵەمەندانە کرد کە خاوەنی کێڵگەی کشتوکاڵی قەبارە مامناوەندن و بە "سەرمایەداری مشەخۆر" ناویانی برد و وتی کە ئەوان بوونەتە هۆی کەمیی سەرچاوەی خۆراک. فیوداڵەکان وەک تێکدەر دادگایی کران کە تاوانیان لە دژی گەلی سۆڤیەت ئەنجامداوە، دوای ئەوە سیستمی کشتوکاڵی هاوبەش بەبێ کێشە بەردەوام بوو چونکە یاسای باوی ئەو کاتە لە سیستەمی کشتوکاڵی هاوبەشدا (هەر یەکە بە پێی هەوڵی خۆی) بوو، واتە هەر جووتیارێک بەپێی ئەو هەوڵەی کە کردوویەتی، پشکی لە دروێنەکە وەردەگرێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٩دا ستالین لە مەراسیمێکی گەورەدا بۆ ڕێزگرتن لە جووتیاران بەتایبەت کۆڵبەرانی قەفقاز و کەمینەکان، کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پێشخستنی کشتوکاڵدا هەبوو، سەرکەوتنی سیستمی کشتوکاڵی هاوبەش و خۆبژێوی خۆراکی یەکێتیی سۆڤیەتی ڕاگەیاند. 

حکوومەتی ستالین خەمی ئەوە بوو کە جەخت لەسەر لایەنی گۆڕانکاری کۆمەڵگەیەک بکاتەوە کە پڕ بوو لە چەمکە ئایینییەکانی ڕێباز و نەتەوە جیاوازەکان. پێویست بوو کۆمەڵگا لە کشتوکاڵییەوە بگۆڕدرێت بۆ پیشەسازی بۆ ئەوەی خزمەت بە تیۆری کۆمۆنیستی و یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی بکات -کرێکارانی جیهان لە دژی دوژمنی هاوبەشمان یەکبگرن- ئەم تیۆرییە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی فیۆدالیزم و بۆرژوازی هاوپەیمانی یاسادانەرانی ئایینی و کەسانی ئایینی پێچەوانە بوو، چونکە یەکێک لە گرنگترین ویستەکانی کۆمۆنیزم شیکردنەوەی زانستیانەی ڕووداوەکان و پێدانی ماف بوو بە کرێکاران بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کاتژمێرەکانی کار. ئەم گۆڕانکاریانە بوونە نموونە بۆ کرێکاران لەسەر ئاستی جیهانی. بەڵام دوای هەموو ئەوانە، یەکێک لە زیانەکانی ئەم سیستمە جەختکردنەوە بوو لەسەر شارەکان لەسەر حیسابی لادێکان، کە بووە هۆی دابەزینی ئابووری تێیدا. 

ململانێ لەگەڵ ترۆتسکی و پاکتاوکردنی حیزب

لەگەڵ هاتنە سەرکاری ستالین لە ساڵی ١٩٢٩دا، دەستی کرد بە پاککردنەوەی حیزب و بەهۆی ململانێی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵ لیۆن ترۆتسکی دابەشبوونێک لەناو حیزبەکەدا دروستبوو؛ ستالین بڕوای بە تیۆری سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا هەبوو، لە کاتێکدا ترۆتسکی بڕوای بە شۆڕشی هەمیشەیی هەبوو. ستالین تیۆری ترۆتسکی و شۆڕشی هەمیشەیی بە سەرگەرمییەکی بیرۆکراتی وەسف کرد، چونکە خەمی فراوانکردنی شۆڕش بوو نەک پارێزگاری لێکردنی، هەروەها ئەو کەسانەی کە پشتیوانی بیری ترۆتسکی دەکەن بە ڕیڤیزۆنیزم و دوژمنی شۆڕش تۆمەتباری کردن. دواجار بووە هۆی ئەوەی ستالین پارتەکە پاک بکاتەوە لە هەڵمەتێکدا کە لە کۆتاییەکانی ١٩٣٠دا سەرکردایەتی دەکرد، کەسایەتییە دیارەکانی لە سێدارە دا کە ئایدۆلۆژیای ترۆتسکییان لە باوەش گرتبوو یان پشتگیریان دەکرد، وەک: نیکۆلای بوخارین و ئەلێکسی ڕیکۆڤ و هەزاران کەسی تر و لە کۆتاییدا ستالین توانی ترۆتسکی لە مەکسیک تیرۆر بکات.

هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە پاکتاوکردنی حیزب لەلایەن ستالینەوە تەماحی دەسەڵات نەبووە. چونکە ستالین لە ساڵانی ١٩٢٤ و ١٩٣٢ و ١٩٤٥ و ١٩٥١ زیاتر لە جارێک داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد. بەڵکوو پێیان وایە پاککردنەوەی ئەو حیزبە بەهۆی لێکترازان و شلبوونی حکوومەتەوە بووە کە ترسی ئەوەی هەبووە ببێتە هۆی ڕووخانی دەوڵەت. ستالین پێی وابوو ئەگەر ترۆتسکیستەکان (شۆڕشگێڕە هەمیشەییەکان) بێنە سەر دەسەڵات، ئەوا دەچنە ناو جەنگێکی جیهانییەوە کە دەبێتە هۆی ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت. 

هەڵمەتە سەربازییە گەورەکە

دوای بنیاتنانی سوپای سوور، ستالین ئەفسەرە لاواز و گوماناوییەکانی لەناوبرد بۆ ئەوەی لە کاتی هەڵمەتە سەربازییەکاندا کە لە ماوەی ١٩٣٧-١٩٤١دا جێبەجێی دەکرد، خیانەتی لێ نەکرێت. لەماوەی ئەم لەشکرکێشانەدا ستالین ویستی تۆڵەی ئەو هێرشانە بکاتەوە کە پێشتر ڕووسیا بەدەستیانەوە دەیناڵاند، بۆیە لە ژاپۆنەوە دەستی پێکرد و ئامانجی وەرگرتنەوەی ئەو زەویانە بوو کە ژاپۆن داگیری کردبوو، گرنگترینیان دوورگەکانی کوریلی ڕووسیا بوو کە ژاپۆن داگیری کردبوو لە کاتی جەنگی ڕووسیا و ژاپۆن لە ساڵی ١٩٠٥. هەروەها ویستی تۆڵە لە پۆڵەندا بکاتەوە و ئەو زەویانە وەربگرێتەوە کە لە کاتی جەنگی پۆڵەندا و سۆڤیەتدا داگیری کردبوو، هەروەها کە لەو ماوەیەدا لە نێو ئەو ١٠٠ هەزار دیلەی سۆڤیەت لە پۆڵەندا، تەنها ٦٠ هەزار کەس لە کاتی جەنگی پۆڵەندا و سۆڤیەتدا گەڕانەوە لە ساڵی ١٩٢٠. هەروەها هێرشی کردە سەر فینلەندا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە پاڵپشتیکردنی ڕووسیە سپییەکان لە دژی بەلشەڤیەکان لە کاتی شەڕی ناوخۆی ڕووسیا و دژە کۆمۆنیزمیان.

جەنگی نێوان ژاپۆن و یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٣٩ بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ستالین و یەکێتیی سۆڤیەت دادەنرێت، جەنگەکە بە شکستی تەواوەتی سوپای شەشەمی ژاپۆن بە سەرۆکایەتی میچیتارۆ کۆماتسوبارا لەسەر دەستی هێزەکانی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی مارشال جۆرجی ژوکۆڤ کۆتایی هات. کە دواتر بووە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ژاپۆن.

جەنگی نێوان فینلەندا و یەکێتییەکەش، بە لەشکرکێشی سۆڤیەت بۆ سەر فینلەندا لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٩، سێ مانگ دوای سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی دووەم دەستی پێکرد و دوای سێ مانگ و نیو بە پەیمانی ئاشتی مۆسکۆ لە ١٣ی ئازاری ١٩٤٠ کۆتایی هات. فینلەندا ١١%ی خاکی پێش جەنگ و ٣٠%ی سەروەت و سامانی ئابووری خۆی بە یەکێتیی سۆڤیەت بەخشی و هەموو چالاکییە دژە کۆمۆنیستەکانی ڕاگرت.

دوای ئەوەش هەستا بە داگیرکردنی نیوەی پۆڵەندا، ستالین دەرفەتەکەی قۆستەوە و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەڵمانییەکان کرد بە مەبەستی گێڕانەوەی ئەو زەویانەی کە لەلایەن پۆڵەندا داگیرکرابوون، سوپای سوور لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٣٩ لە ڕۆژهەڵاتەوە هێرشی کردە سەر پۆڵەندا، ئەمەش دوای شانزە ڕۆژ لە داگیرکردنی خاکەکانی پۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە. هێرشی سۆڤیەت لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٩ کۆتایی پێهات و یەکێتیی سۆڤیەت دوای وەرگرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی سۆڤیەت، ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندای گرتەوە.

جەنگی جیهانیی دووەم

پەیمانی شەڕنەکردن لەگەڵ هیتلەر

دوای ئەوەی ئەڵمانیا نەیتوانی هاوپەیمانییەکی سەربازی لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا واژۆ بکات، سەرنجی خۆی خستە سەر یەکێتیی سۆڤیەت و لە ٢٣ی ئابدا یەکێتیی سۆڤیەت پەیمانێکی دژە دەستدرێژی لەگەڵ ئەڵمانیای نازی واژۆ کرد کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت ڤیاچێسلاڤ مۆلۆتۆڤەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا یواخیم ڤۆن ڕیبێنترۆپ واژۆ کرا. بە فەرمی تەنها پەیمانێکی نادەستدرێژی بوو، بەڵام بە نهێنی مەرجی دابەشکردنی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بوو لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیای نازی. زۆر کەس سەریان سوڕما لەوەی ستالین پەیمانی ئاشتی لەگەڵ هیتلەر واژۆ کرد، هەرچەندە ئەو دەزانێت کە هیتلەر بەقەد جوولەکەکان دوژمنایەتی کۆمۆنیزم دەکات، بەڵام زۆربەی مێژوونووسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ستالین بۆ بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ هیتلەر کردووە بۆ ئەوەی پۆڵەندا داگیر بکات و سۆڤیەت بگەڕێنێتەوە ئەو زەویانەی کە لەلایەن پۆڵەندا لە کاتی شەڕی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٢٠ داگیرکرابوون.

هێرشی ئەڵمانیا و کوژرانی کوڕی ستالین

بەرەبەیانی ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١، ئەدۆلف هیتلەر پەیمانی نەهێشتنی دەستدرێژی پێشێل کرد و ئۆپەراسیۆنی باربارۆسای بۆ داگیرکردنی یەکێتیی سۆڤیەت دەستپێکرد، لە پاییزی ساڵی ١٩٤٠ ستالین هۆشداری لە حیزبی شیوعی هۆڵەنداوە وەرگرت، کە هیتلەر خۆی بۆ شەڕ لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت ئامادە دەکات. لەبەرئەوەی سوپای سوور ئامادە نەبوو بۆ جەنگ و بەهۆی بەهێزیی هێرشی نازییەکان، سۆڤیەت تاوەکوو کۆتایی ساڵی ١٩٤١دا ٤ ملیۆن سەربازی لەدەستدا، هێزی ئاسمانی سۆڤیەت لەناوچوو، سوپای ئەڵمانیاش ١٦٩٠ کیلۆمەتر دزەی کردە ناو خاکی سۆڤیەت؛ پێشتر هیچ کاتێک سۆڤیەت ڕووبەڕووی دوژمنێک نەبووەوە کە شارەزایی و ئامادەکاری و تاکتیکی لەو شێوەیەی هەبێت.

لە سەرەتاییترین هێرشەکانی سوپای ئەڵمانیادا، کوڕە گەورەکەی ستالین بە ناوی یاکۆڤ ستالین لەلایەن هێزەکانی ئەڵمانیاوە دیل گیرا و لەو کاتەدا پلەی جێداری هەبوو لە هێڵەکانی پێشەوە، دوای ئەوە ئەڵمانییەکان پەیوەندییان بە ستالینەوە کرد بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دیلەکان. لە ڕێککەوتنەکەدا بڕیاری ئازادکردنی کوڕەکەی ستالین بە مەرجی ئازادکردنی فریدریش پاولۆس، فەرماندەی سوپای شەشەمی ئەڵمانیا دیاریکرابوو. ستالین رەتیكردەوە كوڕەكەی لەوانی تر جیابكاتەوە و وتی: (هەموو سەربازەكانی سوپای سوور كوڕی منن، منیش جێدارێک ناگۆڕمەوە بە مارشاڵێک). دواتر کوڕەکەی لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئەڵمانیا دوای ئەوەی دەیەوێت هەڵبێت دەکوژرێت.

ستالین و ڕاگرتنی پێشڕەویی نازییەکان

کاتێک ئەڵمانییەکان لە پێشڕەویدا بوون، ستالین پەیمانێکی هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجامدا. پێش مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤١، هێزەکانی ئەڵمانیا پێشڕەوییان کرد و بوونە ٣٢ کیلۆمەتر لە کرێملین دووربوون، خەڵکی شارەکە تووشی شۆک و ترس بوون، و پێیان وابوو کەوتنی مۆسکۆ تەنیا پرسی کاتە. دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ستالین لە مۆسکۆ هەڵهاتووە و ئەمەش ستالینی ناچار کرد بێتە دەرەوە و وتارێک پێشکەش بکات. ستالین شێوازی زەوی سووتاوی بەکارهێنا؛ داوای لە خەڵکی گوندەکان کرد پێش ئەوەی شوێنەکانیان چۆڵ بکەن گوندەکانیان بسووتێنن بۆ ئەوەی ئەڵمانییەکان سوودیان لێ وەرنەگرن، هەروەها داوای لە هێزەکانی سوپای سوور کرد تا زستان دێت خۆیان ڕابگرن، ئەڵمانییەکان دەیانویست مۆسکۆ داگیر بکەن پێش هاتنی زستان، بەڵام بەهۆی فەرمانی ستالین و ئیرادەی سوپای سوور، ئەڵمانییەکان دواکەوتن لە گەیشتنیان بە مۆسکۆ. تەنها لە شەڕی سمۆلێنسكدا سوپای سوور بۆ ماوەی سێ مانگ خۆی ڕاگرت، دوای ئەوە زستان هات و سوپای ئەڵمانیا بەهۆی سەرما سەختەكەیەوە ئازارێکی زۆری چەشت. لەم دۆخە دڵتەزێنەی سوپای ئەڵمانیادا، ستالین هێزەکانی سیبیریای ناردە بەرەکانی پێشەوە، کە بەهێزترین و باشترین مەشقپێکراوی ستالین بوون؛ لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤١ هێزەکانی سیبیریا هێرشیان کردە سەر سوپای ئەڵمانیا و زیانێکی زۆریان بەسەر سوپای ئەڵمانیادا گەیاند، ئەڵمانییەکان بە دووری زیاتر لە ٦٠ کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور خرانەوە، ئەمە یەکەم زیانی گەورەی سوپای ڤێرماخت بوو لەو جەنگەدا. لەو کاتەدا ستالین لەلایەن گۆڤاری تایمزی ئەمریکییەوە وەک پیاوی ساڵ دەستنیشانکرا.

شەڕی ستالینگراد و ڕێپێوان لە مۆسکۆوە بۆ بەرلین

شەڕی ستالینگراد یەکێک بوو لە شەڕە بەناوبانگەکانی جەنگی جیهانیی دووەم. ستالین لە شەڕی ستالینگراددا خرۆشۆڤی وەک فەرماندەی سوپای سوور دەستنیشان کرد و بەهۆی توانای سوپای سوورەوە، سەرەڕای زیانەکانیان سەرکەوتوو بوون و فەرماندەی سوپای شەشەمی ئەڵمانیا فریدریش پاوڵۆس لەگەڵ سوپاکەیدا گیرا. لە ٢ی شوباتی ١٩٤٣دا، سۆڤیەت هەڵمەتەکانی ئەڵمانیایان لە باشوور بەرپەرچ دایەوە، دوای ئەوە لە پێگەی بەرگرییەوە بەرەو پێگەی هێرشبەرانە ڕۆیشتن. ئەڵمانییەکان لە تەممووزی ١٩٤٣ ویستیان تۆڵەی زیانەکانیان لە ستالینگراد بکەنەوە، بۆیە سوپایەکی زەبەلاحیان ئامادە کرد کە تێیدا ٢٧٠٠ تانک و ٥٢ هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا کرد. زۆربەی تانکەکان تایگەر بوون و ئەڵمانییەکان دەیانویست گەمارۆی کورسک بدەن و سوپای سوور لەناوببەن، بەڵام ستالین پلانی بۆ ئەم شەڕە دانابوو؛ پێش دەستپێکردنی شەڕەکە ستالین فەرمانی دا کە کارگەکان بگوازرێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی دوور بۆ ئەوەی لە شەڕ و بۆردومان بپارێزرێن. شەڕی کورسک ڕوویدا کە بە گەورەترین شەڕی تانک لە مێژوودا هەژمار دەکرێت.

ستالین شێوازی فریودانی بەکارهێنا، وا بە سوپای ئەڵمانیا وترابوو کە تانکەکانی سۆڤیەت لە ١٢٠٠ تانک تێنەپەڕێنن، بەڵام بەهۆی فرمانی ستالینەوە بۆ خێراکردنی دروستکردنی تانک و جبەخانەی دەوڵەت، ژمارەی تانکەکانی سۆڤیەت گەیشتبووە زیاتر لە ٥,٥٠٠ تانک. بەهۆی ئەو تاکتیکانەی ژوکۆڤ و ستالین پەرەیان پێدا، سۆڤیەت توانی زیانێکی زۆر بە ئەڵمانییەکان بگەیەنێت، ئەڵمانییەکان لە کۆی ٢٧٠٠ تانک، ٢٠٠٠ تانکیان لەدەستدا، واتە ١٥%ی جبەخانەکانی سوپای ئەڵمانیا. هەروەها زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز و کوژراو و بریندار و زیاتر لە ٧٠٠ فڕۆکەیان لەدەستدا. 

لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٣دا سۆڤیەتەکان نیوەی ئەو خاکانەیان وەرگرتەوە کە لە ساڵی ١٩٤١ لەلایەن ئەڵمانەکانەوە داگیرکرابوون و لە تشرینی دووەمی ١٩٤٣ ستالین لە کۆنفرانسی تاران چاوی بە چەرچڵ و ڕۆزڤێڵت کەوت و باسیان لە ڕزگارکردنی فەرەنسا لەلایەن ئەمریکاوە کرد. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٤، سۆڤیەت دوای ئۆپەراسیۆنی باگرەیشن و ڕزگارکردنی دەوڵەتانی باڵتیک گەیشتە سنوورەکانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات و ئەم هەڵمەتە لەلایەن مارشالەکانی سۆڤیەت و لەژێر چاودێری ستالین پلانی بۆ داڕێژرا، بە لەدەستدانی یەک ملیۆن سەربازی ئەڵمانی کۆتایی هات.

کۆتاییی جەنگ

فەرمانی باڵا لە ستالینەوە هات بۆ بۆردومانکردنی شوێنە سەربازییەکانی بەرلین لە ڕۆژی ٢٢ـی نیسانی ١٩٤٥. دوای ئەو بۆردومانە قورسە، سۆڤیەتەکان هێرشیان کردە سەر شارەکە و پێکدادانی توند ڕوویدا، زیانەکانیش لە هەردوولا قورس بوون، لە ٣٠ی نیسانی ١٩٤٥دا هیتلەر لەگەڵ خۆشەویستەکەی ئیڤا براون کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لەدوای ئەوە ستالین لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ ژوکۆڤدا دەڵێت: بەرەبەیان "حەز دەکەم ببیستم ئەفسانەی ڕایخ سڕاوەتەوە"، دوای ئەوە هێزەکانی ئەڵمانیا خۆیان ڕادەست کرد. 

دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ لە کاتی جەنگ

لە ماوەی دەسەڵاتی ئەڵمانییەکان، سوپای سوور خەریکی چۆڵکردنی هاووڵاتیان بوو لە ناوچەکانی نزیک لە ئەڵمانییەکان، لە ترسی ئەوەی کە بکەونە دەست ئەڵمانییەکان لەوانەیە لە سێدارەیان بدەن یان بیاننێرن بۆ ئۆردوگای مەرگی نازییەکان یان بۆ ئۆردوگاکانی کار. ئەم ئەرکە لەلایەن ١٨٠ شەمەندەفەرەوە ئەنجامدرا کە خێزانەکانیان دەگواستەوە بۆ ناوچە ئارامەکان و سەربازانیان دەنارد بۆ ناوچەی جەنگ؛ بەڵام زۆربەی کەمینەکان بە تایبەت لە چیچانیەوە هاوکاری ئەڵمانییەکانیان دەکرد، بۆ نموونە ٧٠٪ی تاتارەکانی قرم دوای وەرگرتنیان لە سوپا، سوپایان بەجێهێشت. زۆرینەیان پەیوەست بوون بە ئەڵمانییەکانەوە، چونکە لە سوپای ئەڵمانیادا گەلەی تەواو هەبوو کە لەو چیچانی و کەمینانە پێکهاتبوون کە لە سوپای سوور کشابوونەوە و لەگەڵ دوژمنی وڵاتەکەیان پەیوەست بووبوون. لە ساڵی ١٩٤٢دا، ٩٣%ی سەربازانی سوپای سوور لە چیچانی ئینگوشەوە چوونە پاڵ ئەڵمانییەکان، تەنانەت لە شوباتی ١٩٤٣ ناسیۆنالیستەکانی چیچان لە ژێر ئاڵای دژە کۆمۆنیستی نازییەکان ڕاپەڕینیان سازکرد. دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، ستالین بڕیاریدا تۆڵەی هەموو ئەو کەسانە بکاتەوە کە لەگەڵ ئەڵمانییەکان هاوکاریان دەکرد، چ کەمینە بێت یان ناکەمینەکان. سەرکردایەتی سۆڤیەت لێکۆڵینەوە و ئاماری وردی ئەنجامدا بۆ ئەوەی هاوکارەکانی ئەڵمانییەکان بزانرێن، ستالین ئەم ئەرکەی بە لاڤرێنتی بێریا سپارد و ژمارەی هاوکارانی لەگەڵ داگیرکاری نازییەکان بە ٥٠٠ هەزار کەس خەمڵاند، جا چ لە کەمینەکان بێت یان ناکەمینەکان، کە دواتر هەموویان نێردران بۆ سیبیریا وەک سزایەک.

دوای جەنگ

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی، فرانکلین ڕۆزڤێڵت، سەرۆکی ئەمریکا و وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە شوباتی ١٩٤٥ لە هاوینەهەواری یاڵتا لە دەریای ڕەش چاویان بە جۆزێف ستالین کەوت بۆ ئەوەی هێڵکاری داهاتووی کیشوەری ئەورووپا دابنێن. بەهۆی هەوڵی سۆڤیەت لە ڕزگارکردنی ئەورووپای رۆژهەڵات لەژێر کۆنترۆڵی نازییەکان، حیزبە شیوعییەکان لەو وڵاتانەدا بوونە زۆرینە، هەنگاریا، بولگاریا، ڕۆمانیا، ئەلبانیا، یووگۆسلاڤیا و پۆڵەندا بوونە کۆمۆنیست. هەموو وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بوونە وڵاتی کۆمۆنیست، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا وڵاتی سەرمایەداری بوون، بۆیە جیهان بەسەر دوو بەشدا دابەش بوو. بەرەی ڕۆژهەڵات چین و وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەت لەخۆدەگرێت. هەروەها بەرەی ڕۆژاوا کە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەندێک وڵات لەخۆدەگرێت. بەهۆی ئەم جیاکردنەوە و دابەشکردنی ئەڵمانیا بۆ بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت دروست بوو.

بۆمبی ئەتۆمی

دوای سەرکەوتن بەسەر نازیزمدا هەمووان بە بۆنەی سەرکەوتنەوە لە یەکێتیی سۆڤیەت ئاهەنگیان دەگێڕا و ستالین پلانێکی نوێی پێنج ساڵەی داڕشت بە مەبەستی پێشخستنی وڵات و قەرەبووکردنەوەی ئەوەی کە بەهۆی شەڕەوە وێران کرابوو، بەڵام ستالین تەنها گرنگی بە بەدەستهێنانی بۆمبێکی ئەتۆمی دەدا وەک ئەوەی کە ئەمریکییەکان خاوەندارێتییان دەکرد. دوای ماوەیەکی زۆر و چەندین هەوڵ و سیخوڕی یەکێتیی سۆڤیەت توانی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی تایبەتی خۆی. لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩، کاتژمێر حەوتی بەیانی، یەکەم بۆمبی ئەتۆمیی سۆڤیەت لە ناوچەیەکی دابڕاو لە بیابانی کازاخستان تەقێنرایەوە. ئەم هەواڵە حکوومەتی ئەمریکای تووشی شۆک کرد، کە هەمیشە دەیگوت ئەتۆم بە قۆرخکاریی ئەمریکا دەمێنێتەوە.

ستالین و پاکتاوکردنی جوولەکەکان

یەکێتی سۆڤیەت یەکێک بوو لە یەکەم گەلان کە لە ساڵی ١٩٤٨دا دانپێدانانی دیپلۆماسی بۆ دەوڵەتی تازە دروستکراوی ئیسرائیل ڕاگەیاند، بەو هیوایەی هاوپەیمانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستبهێنێت. بەڵام ئیسرائیل لایەنگری ئەمریکا بوو و هەرزوو ستالین هیوای لەدەستدا. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت هەڵمەتێکیان بۆ پاکتاوکردنی جوولەکە ناسیۆنالیستەکان لە یەکێتیی سۆڤیەت دەستپێکرد، بۆیە مۆزەخانەی سروشتی جوولەکە لە ڤیلنیۆس و مۆزەخانەی ئێتنۆگرافی کە لەلایەن جوولەکەکانی جۆرجیاوە دامەزرابوو لە ساڵی ١٩٣٣ داخران. ئەو قوتابخانانەی کە بە زمانی عیبری خوێندنیان تێدا ئەنجام دەدرا داخران و لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٢دا ستالین لە دانیشتنێکی مەکتەبی سیاسیدا ڕایگەیاند: کە هەموو ناسیۆنالیستێکی جوولەکە سیخوڕە بۆ سی ئای ئەی. لە ساڵانی ١٩٥١ بۆ ١٩٥٣، کۆمەڵێک پزیشکی خەڵکی مۆسکۆ کە زۆرینەیان جوولەکە بوون، بە پیلانگێڕی بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی سۆڤیەت تۆمەتبار کران. دوای ئەمەش زۆرێک لە پزیشکان، کە زۆرینەیان جوولەکە بوون، لە کارەکانیان دەرکران و دەستگیرکران و ئەشکەنجە دران. 

کۆچی دوایی

لە ١ی ئازاری ١٩٥٣ لە کاتی نانخواردنێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی سۆڤیەت لاڤرێنتی بێریا و "خۆرشۆڤ" و کەسانی دیکە، باری تەندروستی ستالین تێکدەچێت و دوای چوار ڕۆژ و لە ١٩٥٣/٣/٥ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. کۆچی دوایی ستالین یەکێکە لە مشتومڕتراویترین مردنەکانی سەدەی بیستەم و چەندین گێڕانەوەی هەیە.

پاسەوانە تایبەتەکەی دەڵێت کە کاتێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک گوێی لە هیچ جووڵەیەکی سەرۆک نەبووە نیگەران بووە، بەڵام لەبەرئەوەی هیچکەسێک نەیتوانیوە بڕواتە ژوورەوە بەبێ ئەوەی خۆی داوای بکات سەردانی نەکردووە، بەڵام کە هەستی بە تێکچوونی حاڵەتی ستالین کردووە تەلەفۆنی بۆ بێریا کردووە و ئەویش وتوویەتی بە کەس نەڵێت و پزیشک دەهێنێت، بەڵام کاتێک گەیشتووە پزیشکی لەگەڵ نەبووە. لە ڕۆژی دواتر کاتژمێر نۆ پزیشکەکان هاتوون و چارەسەری سەرەتاییان بۆ کردووە، بەڵام دوای ١٠ کاتژمێر بە خوێنبەربوونی مێشکەوە گیانی لەدەستداوە.

کچەکەی ستالین دەڵێت: "خوێنبەربوونەکە مێشکی گرتبووەوە. دەموچاوی دەستی کرد بە زەردبوون و لە چرکەیەکدا، پێش کۆتایی هاتنی، لەناکاو چاوەکانی کردەوە تا هەموو دەوروبەرەکەی ببینێت، من سەیری چاوەکانیم دەکرد و ئەوە دوا نیگای بوو و وا دیار بوو هەستی بە خەمێکی قووڵ کردبوو، لەناکاو دەستی چەپی بەرز کردەوە و ئاماژەی بۆ کەسێکمان دەکرد بەڵام نەیتوانی و دەستی کەوتە خوارەوە و گیانی سپارد". سڤێتلانای کچی ستالین بێریای تۆمەتبار کرد و هەموو بەرپرسیارێتییەکی خستۆتە ئەستۆی ئەو لەسەر دواکەوتنی لە گەیشتن بە سەرۆک، هەروەها دەڵێت بێریا بە ئەنقەست پزیشکەکانی دواخستووە بە بیانووی ئەوەی ڕێگاکە بە بەفر داپۆشراوە.   

ناشتن

پرسەیەکی گەورە بۆ ستالین ئامادەکرا، کە نزیکەی ٣ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری یەکێتیی سۆڤیەت بەشدارییان تێدا کرد، لە جووتیاران و خەڵکی ئاساییەوە تا سەرکردە باڵاکانی حیزب و مارشاڵی سوپا و فەرماندەکان، ژمارەیەک لە قەشەش ئامادەی پرسەکەی بوون. پاشان تەرمی ستالین گواسترایەوە و لە تەنیشت تەرمی لینین دانرا و تا ساڵی ١٩٦١ لە تەنیشت لینین مایەوە و دوای ئەوە گواسترایەوە و لە نزیک کرێملین نێژرا.

ژیانی تایبەت

ستالین جگەرە و مەی زۆر دەخواردەوە و ویسکی پۆڵەندی لە ڤۆدکای ڕووسی پێ باشتر بوو و حەزی لە خواردنی نەریتی ڕووسی بوو، بەپێی بیرەوەرییەکانی خرۆشۆڤ، ستالین حەزی لە فیلمی کاوبۆی ئەمریکی بووە و شەوان سەیری کردووە. فیلمە خۆشەویستەکانی ستالین فیلمەکانی چارلی چاپلین و فیلمە ڕۆژاواییەکان بوون. ستالین لە یاری بلیارددا باش بوو و ڕۆژانە نزیکەی ٥٠ لاپەڕەی دەخوێندەوە و یەکێک لە خولیا خۆشەویستەکانی ستالین ماسیگرتن بوو، کە خولیایەک لە ماوەی ١٩١٣-١٩١٧ فێری بووبوو کاتێک دوورخرابوویەوە.

لە ژیانیدا دوو هاوسەری هەبووە، ئیکاتێرین سڤانیدزێ کە لە ساڵی ١٩٠٦ هاوسەرگیرییان کردووە و ساڵی ١٩٠٧ کۆچی دوایی کردووە. دواتریش نادەژدا عەلیلویەڤا کە لە ساڵی ١٩١٩ هاوسەرگیرییان کردووە و لە ١٩٣٢ کۆچی دوایی کردووە. خاوەنی سێ منداڵ بووە بەناوەکانی (یاکۆڤ دوگاشڤیلی، ڤاسیلی ستالین، سڤێتلانا عەلیلویڤا، ئارتیۆم سێرگیێڤ (هەڵگیراوە)).


سەرچاوەکان

836 بینین