ئەلبانیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-12-22:43:00 - کۆدی بابەت: 8993
ئەلبانیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

وڵاتی ئەلبانیا یان کۆماری ئەلبانیا (بە عەرەبی: البانیا، بە ئینگلیزی: Albania) وڵاتێکە هەڵکەوتەی هەرێمی بەڵتیکە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپا لە بەشی ڕۆژئاوای نیمچە دوورگەی بەڵتیک.
لە باكووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ کێوی ڕەش و لە باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ کۆماری کۆسۆفۆ هاوسنوورە، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنووری کۆماری مەقدوونیایە، هاوکات وڵاتی یۆنانیش دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتیەوە، نزیکەی 72 کیلۆمەتر لە وڵاتی ئیتاڵیاوە دوورە و ڕووبەری وڵات نزیکەی 28,748 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
"تێرانا" پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە.
زمانی فەرمی وڵات زمانی ئەلبانییە و دراوی فەرمی "لیکی ئەلبانییە".
دروشم و هێمانی نێو ئاڵای وڵات هەڵۆیەکی ڕەشی دوو سەرە، ئەم وێنەیە لە ئەشکەوتەکانی ئەلبانیا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین.

واتای ناوەکەی

ڕەچەڵەکی وشەی ئەلبانیا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینی سەدەکانی ناوەڕاست، لە ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر ناوەکەی گۆ کراوە وەکوو "ئەلبانیتیا"، "ئەربانیا"، "ئەربیریا" و چەندا شێوەی تر. بەهۆی بوونی هۆزی "ئەلبانی" لە ناوچەکە ئەو ناوەیان بۆ هەڵبژاردووە و بەپێی بەسەرچوونی کات ناوەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە هەر سەردەمێک بە ناوێک ناسراوە.

مێژووی ئەلبانیا

ـ دۆزراوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەدەکانی پێش زایینەوە مرۆڤ دانیشتووی خاکی ئەلبانیا بووە، "ئیلێرییەکان" یەکەمین گەل بوونە کە دانیشتووی ئەو خاکە بوونە و ڕەچەڵەکی ئەلبانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆزە، مێژووی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ 3000 ساڵی پێش زایین.
ـ بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافییەکەی و پێگە و دەوڵەمەندی خاکەکەی هەمیشە ناوچەیەکی داگیرکراو بووە، لەلایەن زۆرێک لە دەسەڵاتە زلهێزەکانەوە داگیر کراوە، نموونەی ڕۆمانییەکان، یۆنانییەکان، بیزەنتییەکان، سڕبییەکان و عوسمانییەکان.
ـ 165 ساڵ پێش زایین ناوچەکە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی داگیر کرا، لە ساڵی 395ـی پێش زایین دوای دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەکە، ئەلبانیا کەوتە ژێر دەسەڵاتی بیزەنتییەکان.
ـ تاکوو سەدەکانی ناوەڕاست سێ خێزانی سەرەکی بیزەنتییەکان دەسەڵاتی ئەلبانیایان بەڕێوە دەبرد.
ـ لە دوای سەدەی 14ـیەمەوە دەسەڵاتی عوسمانییەکان زیاتر فراوان بوو زۆرێک لە ناوچەکانی نزیک ئەلبانیای داگیر کرد، لە سەدەی 15ـیەمەوە ئەلبانیا کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان و بۆ ماوەی پێنج سەدە دەسەڵاتی ناوچەکەیان بەڕێوەبرد و ئایینی ئیسلام لەو سەردەمەدا لە ئەلبانیا بڵاوبووەوە و گرنگی بە ناوچەکە درا.
ـ لە ساڵی 1912 ئەلبانیا بە فەرمی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئازاد کرا.
ـ لە ساڵی 1939 بە فەرمانی مۆسۆلۆنی ئیتاڵیا ئەلبانیای داگیر کرد، مۆسۆلۆنی بە بیانووی ئەوەی کە ئەلبانیا بەشێکە لە ئێمبراتۆریەتی ڕۆمانی کۆن وڵاتەکەی داگیر کرد.
ـ لە جەنگی جیهانیی دووەم ئەلبانیا لەو وڵاتانە بوو کە هەر لەسەرەتای جەنگەكەوە لەلایەن وڵاتانی تەوەر داگیر کرا، لە جەنگەکە بووە شوێنێکی جوگرافی گرنگ کە لە ڕێگەیەوە یۆنان داگیرا.
ـ دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی مۆسۆلۆنی ئیتاڵیا، نازییەکانی ئەڵمانیا ئەلبانیایان داگیر کرد.
ـ لە ساڵی 1944 شۆڕشگێرەکانی ئەلبانیا بەبێ وەرگرتنی هاوکاری لە هێزەکانی سۆڤیەت، وەکوو یەکەمین وڵات توانیان خۆیان نازییەکان لە وڵاتەکە بکەنە دەرەوە و ئەلبانیایان ڕزگار کرد.
ـ لە دوای ساڵی 1944 "ئەنوەر خۆجە" وەکوو ڕابەری حیزبی شیوعییەکان بووە یەکەمین سەرۆکی وڵات.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی شیوعییەکان و ئەنوەر خۆجە کە بۆ ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری وڵاتەکەی کرد، وڵات دژی هەموو ئایین و پەرستشێک بوو، زۆرێک لە مزگەوت و کڵێساکان خاپوورکران و پەرستشەکان قەدەغەکران، لە ساڵی 1967 ئەلبانیا وەکوو وڵاتێکی بێ ئایین ناسێنرا.
ـ لە ساڵی 1985 دوای کۆچی دوایی ئەنوەر خۆجە، بارودۆخی وڵات بەرەو باشی هەنگاوینا، ئازادییەکان فراوانتر کرا و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەلبانیا باشتر بوون، لە ساڵی 1990 پەرستگا و مزگەوتەکان کرانەوە و دوای 45 ساڵ لە ڕێگریکردن، دواجار بە ئازادی ڕێگە بە ئەنجامدانی پەرستشەکان درا.
ـ لە ئێستادا سیستمی دەسەڵات کۆمارییە، ئەلبانیا بە فەرمی وەکوو کۆماری ئەلبانیا ناسراوە و بەسەر 12 ناوچەی سەرەکی دابەشکراوە.

دیمۆگرافیای دانیشتوان

بەپێی کۆتا سەرژمێرییەکان ژمارەی دانیشتوانی ئەلبانیا نزیکەی سێ ملیۆن کەسە، زمانی فەرمی وڵات زمانی ئەلبانییە و دوو شێوەزاری هەیە.
95%ـی دانیشتوان بە ڕەچەڵەک ئەلبانین، نزیکەی 3% 6% یۆنانین و 2% کۆچبەر و خەڵکی وڵاتانی ترن کە نیشتەجێی ئەلبانیان.

ئایینی سەرەکی وڵات ئیسلامە و پاشان ئایینی مەسیحی دووەمین ئایینە کە لەو وڵاتە پەیڕەو دەکرێت. لە سەدەی ڕابردوو بەهۆی ڕێکارەکانی دەسەڵاتدارە شیوعییەکانی وڵات  و جیاکردنەوە و داماڵینی ئایین لە ژیانی خەڵکی و سنووردارکردنی ئازادییەکان، لە ئێستادا بەشێک لە دانیشتوانی وڵات هیچ پەرستشێک جێبەجێ ناکەن و پەیوەستی ئایین نین.

بواری ئابووری وڵات

نزیکەی سێیەکی ڕووبەری وڵات بە دارستان داپۆشراوە، بۆیە خاکەکەی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زۆر بەپیتە، هاوکات داری بەڕوو و داری سنەوبەر لە گرنگترین دوو جۆرە داری بەربڵاون لە وڵاتەکە.
بەپێی پێوەرەکانی ئەورووپا ئەلبانیا لە ڕووی داهاتی ناوخۆوە وڵاتێکی هەژارە، بەڵام حکوومەتی ئەلبانیا لە هەوڵی گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوامە بە وڵاتەکەی.


سەرچاوەکان



681 بینین