کازاخستان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-04-26-13:47:00 - کۆدی بابەت: 8393
کازاخستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆماری کازاخستان (بە ئینگلیزی: Kazakhstan، بە عەرەبی: كازاخستان وڵاتێکە بەشێکی زۆری دەکەوێتە ئاسیاوە و بەشێکی کەمیشی لە ئەورووپادایە. لە باکوور و خۆرئاوادا لەگەڵ ڕووسیا، لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ چین و لە باشوورەوە لەگەڵ هەرسێ وڵاتی قیرغزستان، ئۆزپاکستان و تورکمانستان هاوسنوورە. لە ٨٧ شار پێکهاتووە، پایەختەکەی نوور سوڵتانە ناسراو بە ئەستەنە و ئەلماتی گەورەترین شار و پایتەختی پێشووی کازاخستانە، گەورەترین وڵاتە کە هیچ سنوورێکی ئاوی نەبێت، ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٩ ملیۆن تێپەڕ ناکات و یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین ڕێژەی دانیشتوانی هەیە لە جیهاندا.

پایتەخت نوور سوڵتان
گەورەترین شار ئەلماتی
زمانی فەرمی کازاخی
بنەچەکان
  • ٦٨.٥٪ کازاخی
  • ١٨.٩٪ ڕووسی
  • ٣.٣٪ ئۆزپاکستانی
  • ١.٥٪ ئیگۆری
  • ١.٤٪ ئۆکرانی
  • ١.١٪ تاتاری
  • ١٪ ئەڵمانی
  • ٤.٥٪ ئەوانی تر/نەزانراو
ئایین
  • ٧٢٪ ئیسلام
  • ٢٣.١ مەسیح
  • ٥٪ ئەوانی تر/نەزانراو
  • ٤٪ بێ دین
دراو تێنج
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
ژمارەی نێودەوڵەتی تەلەفۆن ٧+ 

مێژوو

مێژووی دۆزینەوەی کازاخستان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین. مێژووناسان بۆیان دەرکەوت ناوچەکە لەلایەن هندۆئەورووپیەکانەوە دۆزراوەتەوە. لە سەرەتای سەدەی ١٩دا ڕووسیا هەوڵی فراوان کردنی دەسەڵاتەکەیدا و بەم شێوەیەش پەلی بۆ ئاسیا ڕاکێشا، کازاخستان و ناوچەکانی چواردەوری بوون بە ئامانجی هەردوو یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا، ئەو ماوەی جەنگە (١٨١٣ بۆ ١٩٠٧) کە ئامانج لێی داگیرکردنی وڵاتانی ناوەندی ئاسیا بوو بە یاری مەزن یان جەنگی (Great Game) ناودەبرێت. ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا چەند یاسایەکی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند و ئامانجی ئەوەبوو چەند سەربازگە و چەکخانەیەک دروست بکات بۆ جەنگەکانی دژی بەریتانیا، شێوازی سەربازگەکان لە هیندییەکان و وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا وەرگیرابوو. ڕووسیا هەوڵیدا دەسەڵاتی تەواوەتی بچەسپێنێت و لە ١٨٦٠دا هەندێک لە کازاخییەکان دژی وەستانەوە، بەڵام بێسوود بوو. لە ١٩١٦ دانیشتوانە موسڵمانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا شۆڕشێکیان بە ناوی شۆڕشی ناوەڕاستی ئاسیا دژ بە ڕووسەکان ڕاگەیاند و هێرشیان کردە سەر سەربازگەکانیان و ڕووبەڕووی یەک بوونەوە و زیانێکی زۆر بەر هەردوولا کەوت، هەردوولا خۆیان بەدەستەوەدا و ڕژێمی گشتیگەری ناوچەکە تا ١٩١٩ حوکوومڕانی کرد. لە ٢٥\١٠\١٩٩٠ کازاخستان کە کۆتا دەوڵەت بوو لە سۆڤیەتدا مابێتەوە سۆڤیەتی بەجێهێشت و لە ١٦\١٢\١٩٩١ سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و نوورسوڵتان بە سەرۆکی وڵات دەستنیشانکرا.

جوگرافیا

کازاخستان بەهەردوو ڕووی ڕووباری ئۆڕالدا درێژ دەبێتەوە و ئەورووپا و ئاسیا لەیەک جیادەکاتەوە. هاوشانی ئازەربایجان یەکێکە لەو دوو وڵاتەی ڕووبەری لە دوو کیشوەری جیاوازدا هەیە. ڕووبەرەکەی برییتیە لە ٢،٧٠٠،٠٠٠ کیلۆمەتر دووجا و بەمەش دەبێتە نۆیەم گەورەترین دەوڵەتی جیهان، کاتێک دەوڵەتەکە بەشێک بوو لە سۆڤیەت بەشێک لە خاکەکەی لەدەستدا بۆ وڵاتانی چین و ئۆزپاکستان. شارە گرنگەکانی بریتیین لە (نوور سوڵتان، ئەلماتی، کاراجاندی، شیمکێنت، ئەتیراو و ئۆسکمێن)، بەشێکی گەورەی کەوتۆتە ئاسیا و بەشێکی بچووکیشی دەکەوێتە ئەورووپا. کازاخستان خاوەن بڕێکی زۆری گازی سروشتی و بەنزینە، دووەم دەوڵەمەندترین وڵاتە لە ڕووی زۆریی  (یۆرانیۆم، قوڕقوشم، کرۆم و تۆتیا)ـی خەزنکراوە. دەیەم دەوڵەمەندترین وڵاتە لە زۆریی (خەڵووز، ئاسن و زێڕ) و وا پێشبینی دەکرێت کە بڕێکی مامناوەند لە ئەڵماس لە ژێر خاکەکەیدا هەبێت. کازاخستان خاوەن هاوینێکی گەرم و زستانێکی سارد و وشکە، نوورسووڵتان بە دووەم ساردترین پایتەخت دادەنرێت. کازاخستان ماڵی چەندین جۆری جیاوازی ڕووەکە بە دەگمەن و باوەوە، بڕێکی زۆری ترێی ڕەش و سێوی تێدا دەڕوێنرێت بەهۆی کەشەکەیەوە، ئاژەڵە باوەکانی ناوچەکە بریتیین لە (گورگ، ڕێوی سوور، ڕێوی سپی، موس و مەڕە کێوی). کازاخستان خاوەن ١٢٥ جۆری جیاوازی ئاژەڵە لە باڵندە، خشۆک، کێوی و ٤٠٤ جۆری جیاوازی ڕووەکی تێدایە.

ئابووری

ئابووریی کازاخستان بە گشتی پشت بە هەناردەکردنی نەوت بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا دەبەستێت، داهاتی ساڵانە لە ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٧ زیادی کرد. پاشان لە ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٩ دابەزی بەڵام دووبارە دوای ٢٠١٠ بەرەو بەرزبوونەوە ڕۆیشت، لە ٢٠١٠ لە پلەی ٧٢ـەم، ٢٠١١ ٥٢ـەم و لە ٢٠١٨ لە پلەی ٤٢ـەمداخۆی دەبینێتەوە وەکوو خاوەنی بەهێزترین ئابووری لەسەر ئاستی جیهانی.

کشتوکاڵ

سەدا پێنجی ئابووریی کازاخستان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت. ٪٨٠ـی خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ گونجاوە و (ترێ، کاڵەک، پەتاتە و سەوزە) بە گشتی گرنگترین بەرهەمی وڵاتەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا مەیی کازاخی بە جۆرێکی نایابی مەی دادەنرێت لە جیهان. گرنگترین دانەوێڵەی ناوچەکەش بریتین لە (گەنم، جۆ، برنج و کەتان). لە ٢٠٠٣ دا کازاخستان توانی ١٧.٦ ملیۆن تەن داوێڵە بەرهەم بهێنێت.

گەشتوگوزار

سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧دا کازاخستان ٤٢ـەمین وڵات بوو لە ڕووی زۆری ڕێژەیی گەشتیارەوە بەڵام دەکرێت ژمارەیی گەشتیار بەڕێژەیەکی زۆر بەرزبکرێتەوە بە پەرەپێدان بە شوێنە گەشتیاریەکان و بەرچاوخستنی زیاتری سروشتی ناوچەکە.

کولتوور

پێش داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن ڕووسییەکانەوە، کازاخستان خاوەن کولتوورێکی تایبەت بەخۆی بوو کە زۆری لە ئیسلامەوە وەرگیرابوو. کازاخستان ماڵی زۆرێک لە فەیلەسووف و زانا و شاعیرە لەوانە (Abay Qunanbayuli, Mukhtar Auezov, Gabit Musirepov Kanysh Satpayev, Mukhtar Shakhanov, Saken Seyfullin و Jambyl Jabayev).

ئەدەب

ئەدەبی کازاخی بە (جەستەی ئەدەب) ناسراوە. ئەدەبی کازاخی شوێنەواری هەریەک لە ڕووسییەکان و تورکەکان بەتایبەتیش تورکەکانی پێوە دیارە، بەپێی سەرچاوەیەکی چینی بێت کازاخە تورکەکان لە سەدەی ٥بۆ٧ـەوە بە نووسینەوە خەریکبوون و لەسەر بەرد یاخوود لەناو ئەشکەوتەکاندا شیعر و داستان و چیرۆکیان نووسیوەتەوە. ئەو کۆمەڵانەی مێژوو و نووسینەکانیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە و لە نەوە بۆ نەوە گواستویانەتەوە بۆ دوو بەرە دابەش دەبن، یەکەمیان (Žyranus, zhiraus) ئەم بەرەیە هیچ شتێکی خۆیان زیاد نەکردووە و تەنها ئەرکیان ئەوەبووە کە ئەدەب بگەیەنن بە نەوەکانی دوای خۆیان، دووەمیان (aqyns)ـەکان بوون کە لە کاتی گواستنەوەکەدا توانیوویانە چەندین چیرۆک، شیعر، داستان و پەخشان بۆ ئەدەبی کازاخی زیادبکەن.

مۆسیقا

یەکەمجار و پێش داگیرکردنی ڕووسییەکان کازاخیەکان لە ١٩٣١دا توانیان مۆسیقای خۆیان بنووسنەوە، توانا و بەهرەکانیان بخەنە ڕوو لە ڕێی ئامێرژەنین و مۆسیقای دەنگەوە، بەڵام لەدوای داگیرکردنی لەلایەن و ڕووسیەکانەوە مۆسیقای کازاخی گۆڕانی بە خۆیەوە بینی و ڕەنگدانەوەیەکی مۆسیقای ڕووسی تیا بەدیکرا تەنانەت لە کۆنسێرت و ئۆپیراکانیشدا. لە ئێستادا هەوڵی تازەکردنەووەی ئەو مۆسیقایە دەدرێت کە پێش داگیرکردنی کازاخستان و گۆڕینی مۆسیقا لەلایەن ڕووسیەکانەوە هەبوو.

وەرزش

وەرزشە ناسراوەکان لە کازاخستاندا بریتیین لە (تۆپی پێ، باسکە، شەڕەمست (بۆکسینگ) و هۆکی لەسەر سەهۆڵ). ناسراوترین یاریزانی باسکە (Alzhan Zharmukhamedov) یاریزانی یانەی مۆسکۆی سۆڤیەت بوو لە ساڵانی ١٩٦٠بۆ١٩٧٠ و توانیوتەتی چەندین مەدالیا و خەڵات بەرێتەوە لەوانە ئۆڵۆمپیاتی هاوینە، جامی جیهانیی باسکە و یۆرۆ. یاریزانی بۆکسینگی کازاخی ناسراون لە سەرتاسەری جیهاندا، لە هەرسێ ئۆڵۆمپیاتی ١٩٩٦، ٢٠٠٨، ٢٠١٢ سێ بۆکسەری کازاخی بە ناوەکانی [ڤاسیلی جیرۆڤ(١٩٩٦)، بەختیار ئەرتەێڤ(٢٠٠٤)، سێریک ساپیێڤ(٢٠١٢)] توانیان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و چەندین مەدالیا بۆ خۆیان و وڵاتەکەیان بەدەست بهێنن.


سەرچاوەکان

294 بینین