هەنگاریا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-10-03-15:08:00 - کۆدی بابەت: 6779
هەنگاریا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی هەنگاریا

وڵاتی هەنگاریا (بە ئینگلیزی: Hungary) وڵاتێکی ناوەڕاستی ئەورووپایە لە تەختاییەکانی کارپاسیاندا، هەڵکەوتەی ئەم وڵاتە وای کردووە سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی زۆردا هەبێت، لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سلۆڤاکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ ئۆکرانیادا، ڕۆمانیا دەکەوێتە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە، سڕبیا لە باشوورییەوە وڵاتانی کرواتیا و سلۆڤینیا لە باشووری ڕۆژئاواوە، هەرچی وڵاتی نەمساشە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەم نیشتیمانەوە.

ڕووبەری خاکی وڵاتەکە ٩٣ هەزار و ٣٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی دەچێتە ١٠ میلیۆن کەس، ئەم وڵاتە وڵاتێکی داخراوە و هیچ سنوورێکی لەگەڵ زەریا و دەریاکاندا نییە، گەورەترین شار و پایتەختەکەی “بودابێست”ـە، جگە لە هەنگارییەکان چەندین نەتەوە و گرووپی تر لە وڵاتەکەدا دەژین.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات هەنگاریا
پایتەخت بودابێست
زمانی فەرمی هەنگاری
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٩٤ هەنگاری
  • ٪٣ ڕۆمانی
  • ٪٢ ئەڵمانی
  • ٪١ نادیار
ئایین
  • ٪٥٤ مەسیحی
  • ٪١٨ بێ ئایین
  • ٪٢٨ نادیار
هەنگاریای کۆن ٨٩٥ زایین
ئیمپڕاتۆرییەتی نەمسا-هەنگاریا ٣٠/٣/١٨٦٧
وڵاتی هەنگاریا ٤/٦/١٩٢٠
چوونە ناو یەکێتی ئەورووپا ١/٥/٢٠٠٤
ڕووبەر ٩٣,٠٣٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان (٢٠٢١) ٩,٧٣٠,٠٠٠
چڕی دانیشتووان ١٠٥ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ١٤٩.٩٣٩ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٣٢,٤٣٤ دۆلار
دراو فۆرینت
کات UTC +1
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٦

جوگرافیا

جوگرافیای وڵاتی هەنگاریا هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی نەمسا، سلۆڤاکیا، ڕۆمانیا، ئۆکرانیا، سڕبیا و کرواتیا و سلۆڤینیا، زمانی فەرمی وڵاتەکە هەنگارییە و نزیکەی ١٠ میلیۆن کەس لە وڵاتەکەدا دەژین و ڕووبەرەکەی ٩٣ هەزار کیلۆمەتر دووجایە، وڵاتی هەنگاریا لە مێژوویدا بە دوو ڕووباری گرنگ ناسراوە لە ئەوانیش ڕووباری بەناوبانگی "دانووب" و ڕووباری "تیزا"ـیە، وڵاتەکە دابەشدەبێت بەسەر سێ هەرێمی سەرەکیدا لەوانە (دونانتول) کە ناوچەکانی پشتی دانووب دەگرێتەوە، (تیزانتول) کە ناوچەکانی لای ڕووباری تیزا دەگرێتەوە، وە هەرێمی سێیەم کە پێی دەوترێت (دونا-تیزا کۆز) و دەکەوێتە نێوانی هەردوو ڕووبارەکەوە، ڕووباری دانووب لە سەرەوە بۆ خوارەوەی وڵاتەکە دەڕوات ڕێک بە ناوەڕاستیدا. 

بەرزترین خاڵی وڵاتەکە لووتکەی "ئیرۆت-کۆ"ـیە کە دەکەوێتە زنجیرەچیای ئەڵپەوە و ٨٨٢ مەتر بەرزە، گەورەترین دەریاچەی وڵاتانی ناوەڕاستی ئەورووپا و گەورەترین دەریاچەی گەرمی (دەریاچەیەک کە چڕی جیاوازی هەبێت و پلەی گەرمییەکەی بەپێی قووڵییەکەی بگۆڕێت) دەکەونە ئەم وڵاتەوە کە دەریاچەی "بالاتۆن" و "هێڤیز"ـن بەدوای یەکدا و دەکەونە هەرێمی ترانسدانوبیاوە، درێژترین زنجیرە چیای هەنگاریا دەکەوێتە ناوچەی کارپاسیانەوە لەسەر سنووری سلۆڤاکیادا کە درێژییەکەی ١٠١٤ مەتر دەبێت بەناوی "کێکێس"ـەوە.

ئەم وڵاتە خاوەنی ١٠ پارکی گەورەی نەتەوەییە، وە زیاتر لە ١٥٠ ناوچەی سرووشتی هەیە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وڵاتی هەنگاریا جێی دانیشتن و پەناهەندەی چەندان نەتەوە و خەڵکانی وڵاتی ترە لەوانە ڕۆمانی و ئەڵمانی و نەمسایی و سەڵتیکەکان و خەڵکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشێکن لەو نەتەوانەی کە لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئەورووپادا دەژین. 

مێژووی نوێ 

وڵاتی هەنگاریا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە هەردوو جەنگە جیهانییەکاندا لە بەرەی ئەڵمانیا بووە و زەرەرێکی زۆری بەرکەوتووە بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کە ئەم جەنگە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆرییەتی نەمسا-هەنگاریا و لەدەستدانی خاکێکی زۆری لایەنە دۆڕاوەکانی جەنگەکەوە کە بەناوی "هێزەکانی ناوەند"ـەوە (بەئینگلیزی: Central power) بوو و لایەنی براوەش "هێزەکانی هاوپەیمانان" (بەئینگلیزی: Allied Power) بوون، لە دۆڕانی جەنگی جیهانی یەکەمدا هەنگاریا ٪٧١ خاکەکەی و ٪٥٨ خەڵکەکەی لەدەستدا کە لە ناویاندا ٪٣٢ خەڵکە ڕەسەنەکەی هەنگاریا بوون.

کەشوهەوا

وڵاتی هەنگاریا وەک وڵاتانی ناوەڕاستی کیشوەری ئەورووپا خاوەنی کەشێکی جۆراوجۆرە بەگوێرەی بەرز و نزمی خاکەکەی و وەرزەکان، بەشێوەیەکی گشتی کەشی هاوینی وڵات گەرمە و ڕێژەی شێ نزمە، لەگەڵ زستانی سارد و ڕەهێڵەی باران و بارینی بەفر، تێکڕای ڕێژەی پلەی گەرمی ساڵانەی وڵاتەکە ١٠ پلەی سیلیزییە، بەرزترین پلەی گەرمی وڵاتەکە لە ٢٠ـی تەمووزی ٢٠٠٧ دا بووە کە پلەی گەرمی چووەتە ٤١.٩ پلەی سیلیزی و نزمترین پلە لە ١٦ ی شووباتی ١٩٤٠ دا بووە کە چووەتە ٣٥ پلە ژێر سفرەوە، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی وەرزی هاوین لە نێوان ٢٣ بۆ ٢٨ پلە دەبێت و لە زستاندا لە -٣ بۆ -٧ دەبێت، وە تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی وڵات ٦٠٠ میلیمەترە.


سەرچاوەکان



2781 بینین