کرێکار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-04-23:16:00 - کۆدی بابەت: 7497
کرێکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کرێکار یان عەمەلە، (بە عەرەبی: العامل، بە ئینگلیزی: laborer) کەسێکە کە کار دەکات و چالاکییەکی دەستی ئەنجام دەدات و یەکێکە لە پایە گرنگەکانی دروستکردنی پڕۆژەیەکی ئابووری و دروستکردن، لە بەرانبەریشدا کرێیەکی دارایی و ئەخلاقی وەردەگرێت، ئەو کارەی کە کرێکار دەیکات پێی دەوترێت (کرێکاری) و کارەکە لە ڕووی جەستەییەوە کارێکی قورسە و پێویستی بە توانا و جەستەی سەلامەتە.

جلوبەرگی کرێکار

لە جیهاندا کرێکارەکان زۆرینەی کات جلی تایبەت بۆ کار لەبەر دەکەن و زیاتر ڕەنگی شین بەکاردێنن، کە ئەم پۆشاکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٤ لە ڕۆژنامەی ئیوا ئاماژەی پێ دراوە، ڕەنگی جلوبەرگی کرێکار بە پێی سروشت و شێوازی کارەکە جیاوازە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەو کرێکارانەی لە بەردەستی وەستایەکدا کاردەکەن و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دامەزراوەیی نین، بەزۆری جلوبەرگی تایبەتیان نییە و پۆشینی شەڕواڵی کوردیش یەکێکە لە سیما دیارەکانی کرێکار و زۆر دەپۆشرێت، بەڵام ئەوانەی لە کۆمپانیایەک کاردەکەن زۆرجار جلوبەرگێکی تایبەت بە کۆمپانیاکە لەبەردەکەن بۆ ئەوەی جیابکرێنەوە و فەرمیتر بن.

کرێکاری خوار ١٨ ساڵان

لە هەندێک وڵات ڕێگە بە کەسانی خوار ١٨ ساڵ نادرێت کرێکاری بکەن، هەندێک مەرجیش هەن کە لە ١٥ ساڵییەوە دەست بە کرێکاری بکەن ئەگەر ڕەزامەندی دایک و باوکیان هەبێت و کاری سەختیان پێ نەکرێت، لەگەڵ جێگیرکردنی پشووی هەفتانە و پێدانی مۆڵەتی ساڵانە، بەتایبەت لە ڕۆژە پشووەکان و بۆنە کولتووری و جیهانییەکان، یان لە کاتی مردنی کەسێکی نزیکدا.

شێوازی مامەڵەی دروست لەگەڵ کرێکاران

کاتێک ئێمە پێویستمان بە کەسێک دەبێت بۆ ئەوەی کارێکمان بۆ بکات، دەبێت ئەوپەڕی ڕێزی لێ بگرین و بە گەرمی پێشوازی لێ بکەین، بەدەمیەوە بین و هاوکاریشی بکەین، داوای سەخت و ناڕاستی لێ نەکەین و ئاگاداری بین تاوەکوو کۆتایی کارەکەی، هەر چەند کاتژمێر جارێک ژەمێک خۆراکی سووک یان شیرینییەکی پێشکەش بکەین و پشووی پێ بدەین. دەبێت کەسی کرێکار بە ئاسوودەیی و دڵخۆشییەوە بڕواتە سەر کار و خاوەن کار نەهێڵێت ڕقی بەرانبەر دۆخی ژیانی خۆی دروست ببێت و هەستەکانی بڕوشێنێت.

مەترسییەکانی کرێکاری

پیشەی کرێکاری بەهۆی سەختییە فیزیکییەکەیەوە زۆرجار دەبێتە هۆی برین و ئازار بۆ کرێکار، ساڵانە چەندین کرێکار بریندار دەبن و هەندێک کاتیش ڕووداوی مردن ڕوودەدات، زۆر کەس کە وەک کرێکار کار دەکەن تەنانەت تووشی هەندێک حاڵەتی هەمیشەیی دەبن، وەک: لەدەستدانی بیستن، هەوکردنی جومگە، داخورانی ئێسک، ئازاری پشت، کێشەکانی چاو و نابینایی، لێدانی سەر، سووتان، نەخۆشییەکانی سی و لەدەستدانی نینۆک، لەدەستدانی ئەندامی جەستە و تێکچوونی پێست.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە نێوان ٨٠,٠٠٠ بۆ ١٨٠,٠٠٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە.

ڕۆژی کرێکاران

لە جیهاندا ڕۆژی یەکی ئادار بە ڕۆژی کرێکار دادەنرێت، لە کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش یەکەمین دووشەممەی مانگی ئەیلوول بە ڕۆژی کرێکار دادەنرێت و پشوویەکی فەرمییە.

ئەو کەرەستانەی کرێکاری پێ دەناسرێتەوە

  • چەکوش
  • دەمەقەل
  • کەتەر
  • مەتر
  • تراز
  • سۆندەی تراز
  • شاوڵ
  • مقاش
  • سپانە
  • دەڕنەفیز
  • ماڵە
  • پێنووس
  • بەردەسابوون
  • دەبەی ئاو
  • کڵاوی پارێزەر
  • چاویلکەی پارێزەر
  • پارێزەری چاو
  • گوریس
  • جلوبەرگی فسفۆڕ
  • جزمە
  • ماسک
  • پێڵاوی نووک پۆڵا

جۆرەکانی کرێکار

  • کرێکاری گەچکاری
  • کرێکاری کۆنکرێت
  • کرێکاری دیوار
  • کرێکاری ڕووخێنەر
  • کرێکاری ڕووخێنەری ناوەوە (دەرگا، پەنجەرە، دیوارەکانی ژوورەوە)
  • کرێکاری ژینگە و زبڵ
  • کرێکاری ئاو و ئاوەڕۆ
  • کرێکاری پەرژین
  • کرێکاری جوانکاری
  • کرێکاری سەقف
  • کرێکاری کاشی
  • کرێکاری قیر
  • کرێکاری پاکۆکەرەوە شارەوانی
  • کرێکاری فڕێدانی زبڵ و خاشاک
  • کرێکاری خشت
  • کرێکاری مەنهۆڵ و بۆڕی ئاوەڕۆ
  • کرێکاری بەشی تەکنەلۆجی
  • کرێکاری تونێل و هەڵکەندن
  • کرێکاری کارەبایی

کرێی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان

کرێکاری لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەپێی شێوازی کار و زۆریی ڕێژەی کار دەگۆڕێت، چونکە کاتێک ڕێژەی کارکردن کەمدەبێتەوە، وەستای کار نرخی کارکردن دادەبەزێنێت و بەمەش کرێکاری پەیوەستە بە جووڵەی بازاڕ و ئابووری وڵاتەوە و بەپێی ئەوە نرخەکان دیاری دەکرێن، لە شارە بچووکەکان بە گشتی نرخی کرێکاری بەمشێوەیە و گۆڕانکاریشی بەسەردێت:

تێبینی: کرێیەکان بۆ ڕۆژێک کارکردنە

  • کرێکاری کاشی: ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار دینار
  • کرێکاری سەقفی ئاسایی بە مەتری چوارگۆشە و تەختەبەستن: ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار دینار
  • کرێکاری سەقفی پرد (سەر دەرگا و پەنجەرە): ١٢ بۆ ١٥ هەزار دینار
  • کرێکاری سەقفی ژوورەوە (تەپەدۆر): سێ و نیو بۆ ٥ هەزار
  • کرێکاری سەقفی ژوورەوە (مەغریبی): ١٨ بۆ ٢٠ هەزار دینار
  • کرێکاری لەبغکردن (سادە): سێ هەزار دینار
  • کرێکاری لەبغکردن (نەخش): چوار بۆ پێنج هەزار دینار 
  • کرێکاری ئاوەڕۆ: بە مەتر دەپێورێت
  • کرێکاری گەچکاری: بە مەتر دەپێورێت و سێ بۆ چوار و نیو هەزار دینار
  • کرێکاری کارەبا: بە خاڵ دەپێورێت و هەر خاڵێک ١,٥٠٠ بۆ ٢,٥٠٠ هەزار دینارە
  • کرێکاری دیوار: ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار (هەندێک کات ٣٥ هەزار دینار)


سەرچاوەکان



4200 بینین