سووتانی پێست

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-24-23:08:00 - کۆدی بابەت: 6702
سووتانی پێست

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی سووتان

سووتان جۆرە زیانێکە کە بە خانەکانی پێست دەگات و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، کە ئازارێکی زۆری هەیه و پێستەکە دەسوتێتەوە، ئازاری سووتان بە بەهێزترین ئازار دانراوە، سووتان زیانی زۆر دەگەیەنێت بە خانەکانی پێست و دەبێتە هۆی مردنی خانەکان، هەروەها سووتان پلەی جیاوازی هەیە و بە پێی پلە و زۆر و کەمی سووتانەکە و هۆکاری سووتاویەکە دەگۆڕدرێت، ئەگەر سووتانەکە زۆر بێت زۆر جار دەبێتە هۆی مردنی کەسەکە.

هۆکارەکانی سووتان

بڕی سووکی و توندی سووتان بەندە لەسەر

  • قووڵی سووتانەکە.
  • ڕووبەری پێستی سووتاو.
  • شوێنی سووتانەکە.

نیشانەکانی سووتان

  • سووربوونەوە.
  • بڵقی پێست.
  • چرچبوونی پێست.
  • توێژ هەڵدانی پێست.
  • ئازار.
  • هەڵئاوسان.
  • سپی بوونەوەی پێست.

جۆرەکانی سووتان

سووتانی پلە یەک

سووتانی پلە یەکی پێست کەمترین زیان دەگەیەنێت بە پێست، بەڵام زۆرترین ئازاری هەیە، نیشانەکانی بریتییە لەمانە:

  • سووربوونەوە.
  • هەوکردن یاخود ئاوسان.
  • ئازار.
  • کاتی چاکبوونەوە پێستەکە وشک و توێژ توێژ دەبێت.

سووتانی پلە دوو

سووتانی پلە دوو توندترە لە سووتانی پلە یەک، چونکە قووڵترە و زیانێکی زیاتر دەگەیەنێت بە خانە و شانەکانی پێست، ئەم جۆرە سووتانە سووبوورنەوە و ئازارێکی زۆری هەیە، بە تێپەڕبوونی کات هەندێک لە برینەکان دەترەکێن و دەکرێنەوە و شێوەیەکی شێدار و ئاوداری دەبێت، وە بە تێپەڕبوونی کاتیش لەوانەیە توێژێکی ئەستوور و نەرم لەسەر برینەکە دروست ببێت.
بۆیە گرنگە ئەم برینانە هەموو ڕۆژێک بە جوانی پاک بکرێتەوە تاکوو دووربێت لە هەوکردن و پیس بوون.

سووتانی پلە سێ

ئەگەر گوێ به سووتانی پلە چوار نەدەین سووتانی پلە سێ قووڵترین جۆری سووتانە، ئەم سووتانە زۆر قووڵە و زیانی زۆری دەبێت، بیرکردنەوەیەکی هەڵە هەیە کە دەڵێن سووتانی پلە سێ بە ئازارترین جۆری سووتانە، بەڵام ئەم جۆرە سووتانە هیچ جۆرە ئازارێکی نییە بە هۆی ئەوەی هەموو هەستەوەرەکانی پێست سووتاون و لەناوچوون، نیشانەکانی سووتانی پلە سێ بریتین لە

  • ڕەنگی مۆمی و سپی پێست.
  • ڕەشبوونەوەی شوێنی سووتان وەک خەڵووز.
  • ڕەنگی قاوەیی تۆخ.
  • هەڵئاوسانی زۆر و بڵقی زۆر.

ئەم جۆرە سووتانانە ئەگەر نەشتەرگەرییان بۆ نەکرێت جێگای سووتانەکە دەمێنێتەوە و پێستەکە تێک دەدات، هەرگیز نابێت ئەم جۆرە سووتانە لە ماڵەوە چارەسەر بکرێت و دەبێت بە زووترین کات بگەیەندرێتە نەخۆشخانە.

سووتانی پلە چوار

لەم جۆرە سووتانەدا جیا لەوەی تەواوی خانە و شانەکانی پێست سووتاون و لەناوچوون، سووتان گەیشتووە بە ماسولکەکان و تەنانەت ئێسکەکانیش، ئەگەری مردن لەم جۆرە سووتانەدا زۆرە.

ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سووتان

باشترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە سووتان خۆپارێزی و وریایی زۆرە، زۆرینەی سووتانەکان لە ماڵەوەدا ڕوودەدات و زۆر جار منداڵ و گەنج دەسوتێن، بۆیە گرنگە کە زۆر وریابیت و ئاگاداری ئەم خاڵەنە بیت:

  • کاتێک خواردن دروست دەکەیت لە چێشتخانە مەهێڵە منداڵەکەت بێت بەلاتدا بە تایبەت لای تەباخدا.
  • دەستگیر بەکاربهێنە بۆ داگرتنی مەنجەڵی گەرم.
  • هەمیشە با ئاگرکوژێنەوەیەکی بچووک لە ماڵەکەتدا هەبێت.
  • مانگی جارێک پشکنین بکە بۆ بتڵی غاز و کارەبای ناو ماڵەکەت.
  • پلەی گەرمی بۆیلەری ماڵەوە با لە ١٢٠ پلەی فەهرەنایت زیاتر نەبێت.
  • پێش ئەوەی بە ئاوی گەرماوەکە خۆت بشۆیت و بیکەیت بە سەرتدا تاقیبکەرەوە،
  • شقارتە و چەرخ لەلای ئاگردا دەمەنێن.
  • مەهێڵن وایەری ڕووت هەبێت لە ماڵەکەدا.

چارەسەری سووتان

سووتانی پلە یەک و دوو ئەگەر هاتوو بە خێرایی و بە باشی چارەسەر بکرێن ئەوا زوو چارە دەبن و خۆش دەبنەوە، ئەم جۆرە سووتانانە بە دەگمەن جێگای برینەکەی پێوە دەمێنێتەوە، بەڵام دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی ئەو پێستەی کە سووتاوە، بۆیە گرنکە بە باشی ئاگاداری سووتانەکە بیت و ڕۆژانە بە جوانی تەداوی بکرێت.
ئەو زیانە توندانەی کە سووتانی پلە دوو و پلە سێ بریتین لەوەی کە دەتوانن زیان بگەیەنن بە خانە قووڵەکانی پێست و ئێسک و ئەندامەکانی ناوەوە و هەر بۆیە بۆ چارەسەر لەوانەیە پێویست بەم ڕێگایانەی خوارەوە بکات:

  • نەشتەرگەری.
  • چارەسەر بە تیشک.
  • گرنگیپێدانی زۆر.
  • چاودێریکردنی برینەکە تاکوو کۆتایی تەمەن.
  • ماددە پاککەرەوە کیمیاییەکان لە بەردەستدا دامەنێ و کاتێک بەکاری دەهێنیت دەستکێش و ماسک بکە.
  • هەموو چوونە دەرەوەیەک دژە خۆر بەکاربهێنە و زۆر لەبەر تیشکی خۆردا مەمێنەوە بە تایبەت ڕۆژانی گەرمی هاوین.


سەرچاوەکان



1857 بینین