تایوان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-04-20:33:00 - کۆدی بابەت: 9696
تایوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تایوان (بە چینی: 臺灣، بە ئینگلیزی: Taiwan، بە عەرەبی: تایوان)، بەفەرمی کۆماری چین، وڵاتێکە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا. ژمارەی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن کۆماری چینەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن لە 168 دوورگە پێکدێن و ڕووبەری ڕووەکەیان 36,193 کیلۆمەتر دووجایە. بە 23.2 ملیۆن دانیشتووانەوە تایوان لەنێو چڕترین وڵاتەکانی جیهاندایە. پایتەختی تایوان (تایپێ)ـیە و دەکەوێتە بەشی باشووری دوورگەکە.

مێژووی تایوان و دانیشتووانەکەی

بەلایەنی کەمەوە 25,000 ساڵە مرۆڤەکان لە تایوان نیشتەجێ بوون. تایوانییە ڕەسەنەکان نزیکەی 6,000 ساڵ پێش ئێستا لە دوورگەکەدا ژیاون. لە ماوەی ساڵانی 1500 و 1600 تایوان چەندین جار کەوتە ژێر دەسەڵاتی پورتوگالی، هۆڵەندی، ئیسپانی و چینییەکانەوە. هەروەها لە سەدەی 17ـدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی هان چینی کۆچیان کرد بۆ بەشی خۆرئاوای تایوان. ژاپۆنییەکان لە کۆتایی ساڵانی 1800ـکاندا هێرشیان کردە سەر تایوان و هەزاران هاوڵاتی تایوانی لە هەوڵی بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەیان کوژران. تایوان لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە ناوچەیەکی ژێردەستەی ژاپۆنەوە گەڕێنرایەوە بۆ چین، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چەندین جەنگ و هەزاران کوژراو کە تا کۆتایی ساڵانی 1900ـکان بەردەوام بوو، بەم بۆنەیەشەوە ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووانەکە‌ی بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بوویەوە. لە سەرەتای ساڵانی 1960ـکاندا، ئابووری و پیشەسازی تایوان گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی و تایوان قاچی نایە چەرخێکەوە کە پێی وترا "پەرجووی تایوان". لە ساڵی 1999ـدا بوومەلەرزەیەک لە جیجیدا و دوو ملیۆن و 415 کەس گیانیان لەدەستدا و 11 هەزار کەسیش بریندار بوون. لە ئێستادا تایوان وڵاتێکی پێشکەوتووە، بەرهەمی ناوخۆیی وڵات لە پلەی بیستەمدایە.

دانیشتووان

نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکی تەممووزی 2022ـدا ژمارەی دانیشتووانی تایوانیان بە 23,893,394 کەس خەمڵاند. ڕووبەری ڕووی تایوان 36,193 کیلۆمەتر دووجایە و تێکڕای چڕی دانیشتووانەکەی 649 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. بەمەش دەبێته 17ـیەم چڕترین وڵاتی جیهان. چڕی دانیشتووان لە شارە گەورەکاندا زۆر زیاترە، لە تایپێی پایتەخت چڕی دانیشتووان لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا 10 هەزار کەسە.

نەژاد

بەپێی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی (ROC) لە سەدا 95 بۆ 97ـی دانیشتووانی تایوان لە نەتەوەی چینی هانن و زیاتر لە 2%ـی دانیشتووان لە خەڵکی ڕەسەنی تایوانی پێکهاتوون. هەروەها 21,000 هاوڵاتی ڕۆژئاوایی لە تایوان دەژین، کە 0.1%ـی کۆی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنێت.

ئایین

ئازادی ئایین لە تایواندا بەپێی دەستوور گەرەنتی کراوە و لە وڵاتەکەدا کۆمەڵێک ئایینی جۆراوجۆر پەیڕەو دەرکرێن. بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2005، نزیکەی 81.3%ـی دانیشتووان خاوەن ئایینن، 35%ـی دانیشتوون پەیڕەوکەرانی ئایینی بوودایین و 33%ـی دانیشتووان بە تاوی خۆیان داوە لە قەڵەم. ئایینی فۆلکلۆری چینی بەگشتی لەژێر چاودێری ئایینی تاویدا پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا زیاتر لە 10%ـی دانیشتووان پابەندن بە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ڕزگاری. هەروەها کۆنفیوشەس ڕێبازێکی باوەڕپێکراو و یاسا ئاکارییەکانی وڵاتەکەیە. مەسیحییەکان 3.9%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و کڵێسا مەسیحییەکان بۆ ماوەی چەندین سەدەیە لە تایوان چالاکن، زۆرینەیان پرۆتستانتن و لەگەڵ پرێزبیتێرییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. هەروەها ئایینی ئیسلام لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە موسڵمانانی بیانی لە تایواندا بەدوای کاردا دەگەڕێن، دیارترینیشیان لە ئێندۆنیزیا. هەروەها نزیکەی 18.7%ـی خەڵکی تایوان بێ ئایین. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپێکی بچووک لە شوێنکەوتوانی ئایینی شینتۆ لە وڵاتەکەدا نیشتەجێن کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ناسێندرا.

زمان

ماندەرین زمانی فەرمی وڵاتەکەیە و نزیکەی تەواوی دانیشتووانی تایوان قسەی پێ دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ژاپۆنی لەلایەن زۆرێک لە خەڵکە بەتەمەنەکەی تایوانەوە قسەی پێ دەکرێت. ژمارەیەک زمانی ڕەسەنیش لە تایواندا قسەیان پێ دەکرێت و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەم زمانە ڕەسەنانە، ژمارەی بەکارهێنانیان لە کەمبوونەوەدایە.

تەمەنی دانیشتووانی تایوان

تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیان لە تایواندا 40.7 ساڵییە. ئەمەش بەو واتایە دێت کە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵییەوەیە و بەم زووانە ناتوانن بەشداری لە هێزی کاردا بکەن. ئەمەش لە داهاتوودا فشارێکی زۆر دەخاتە سەر تایبەتمەندییە ئابوورییەکان و ئەو نەوە گەنجانەی کە کار دەکەن. تایوان خەریکە دەگاتە قۆناغێک کە تەمەنی کۆمەڵگاکەی لەسەرەوەیە.

ئابووری

ئابووری تایوان ئابوورییەکی بازاڕی زۆر گەشەسەندووە. 8ـەمین گەورەترین ئابووری ئاسیا و 18هەمین گەورەترین ئابوورییە لە جیهاندا. بەمەش تایوان لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە دەخرێتە ناو گرووپی ئابوورییە پێشکەوتووەکانەوە. هەروەها لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە لە گرووپی ئابوورییە داهات بەرزەکاندا پێوانە دەکرێت. لەڕووی تەکنەلۆجیاشەوە پێشکەوتووترین کۆمپانیای دروستکەری وردەتەڵەزم (مایکرۆچیپ)ـی کۆمپیوتەرە لە جیهاندا. تایوان شانبەشانی هۆنگ کۆنگ، کۆریای باشوور و سەنگاپور یەکێکە لە چوار پڵنگەکەی ئاسیا.

پەیوەندی نێوان تایوان و چین

بەهۆی پێگەی تایوانەوە لەمێژە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان تایوان و چیندا هەیە، چین و تایوان لە ساڵی 1949ـەوە لەیەکتری جیابوونەتەوە، بەڵام چین وەکوو بەشێکی وڵاتەکەی خۆی لە تایوان دەڕوانێت و هەڕەشەی یەکخستنەوەی دوورگەکە دەکات وەکوو بەشێک لە خاکی خۆی، کرژی و ئاڵۆزییەکان تابێت زیاتر دەبێت و ئەمریکاش پشتگیری خۆی بۆ تایوان دووپات دەکاتەوە و پەیوەندییەکانی خۆی و تایپێی پایتەخت دەپارێزێت.

کەشوهەوا

کەشوهەوای تایوان، بەفەرمی فۆرمۆسا، کە دوورگەیەکە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا خولگەییە و مانگەکانی وەرزی زستان مامناوەندە، لە کاتێکدا مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و باراناوییە، بەهۆی وەرزەبای هاوینەوە لە مانگەکانی ئایار و ئەیلوولدا لە سەرتاسەری وڵاتدا بارانێکی زۆر دەبارێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا بارانێکی کەم دەبارێت.

پلەکانی گەرما لە وەرزی زستان و لە بەشی باشووری وڵاتدا خۆشن، پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا نزیکەی 23 پلەی سەدییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات خۆر بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە، لە کاتێکدا کەشی بەشی باکووری شارەکە فێنکتر و هەوراوییترە، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی 19 پلەی سەدییە. بەڵام هەندێکجار پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ 10 بۆ 12 پلەی سەدی.

لە وەرزی بەهاردا، لە مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایار، ڕەشەبای بروسکاوی لە پاشنیوەڕۆ و لە باکوورەوە هەڵ دەکات. وەرزەبا لە باشوورەوە دێت و دەوروبەری 10 و 20ـی ئایار دەگاتە دوورگەکە و دەبێتە هۆی بارینی بارانێکی زۆر لە سەرانسەری دوورگەکەدا، بەتایبەتی بەدرێژایی کەناری باشووری ڕۆژئاوا.

هاوینی تایوان گەرم و شێدار و باراناوییە، بەدرێژایی کەنارەکانی باشوور زیاتر باران دەبارێت (بە پێچەوانەی زستانەوە). پلەکانی گەرما لە باکوور بۆ باشووردا تەواو یەکسانن: لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە بەرزایی سەر دەریا و بەدرێژایی کەناراوەکان نزیکەی 28.5 پلەی سەدییە، لە تایپێی پایتەختیش 30.5 پلەی سەدییە. لە هاویندا، دوورگەکە زۆرجار لەژێر کاریگەری تایفوون (گەردەلوولی کەمەرەیی)ـدایه، کە گێژەڵووکەی خولگەیی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیان، توانای هێنانی بای بەهێز و بارانبارینی بەخوڕیان هەیە؛ بە شێوەیەکی گشتی زیانێکی زۆر بە ناوچەکانی کەنارەکانی ڕۆژهەڵات دەگەیەنن.

دوای وەرزەبا‌ و لە وەرزی پاییزدا، لە مانگی تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەم، ڕێژەی دابارینی باران کەم دەبێتەوە و کەشی شارەکە گەرم دەبێت. تاکە ناوچەیەک کە تاڕادەیەک بە باراناوی دەمێنێتەوە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتە، کە لە مانگێکدا زیاتر لە 100 مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها تێکڕای ڕێژەی دابارین لە تایواندا 3000 مللیمەترە.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی تایوان لە مانگی تشرینی دووەم تا مانگی ئازارە، بەو پێیەی پلەکانی گەرما مامناوەندترینن و کەشی وڵاتەکە خۆشە.

لەڕووی گەشتیارییەوە

ژمارەی گەشتیارانی تایوان لە مانگی ئایاری ساڵی 2022ـدا 32.47 هەزار کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە مانگی حوزەیران بۆ 38.45 هەزار بەرزبوویەوە. هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی وڵاتەکە بریتییە لە:

  1. تایپێ 101
  2. مۆزەخانەی کۆشکی نیشتمانی
  3. پارکی نیشتیمانی یوشان
  4. دەریاچەی سەن مون
  5. باخچەی ئاژەڵانی ماوکۆنگ
  6. پاگۆرای ئەژدیها و پڵنگ
  7. گوندی پەڵگەڕەنگينە
  8. بازاڕی شەوانی شیلین
  9. مۆزەخانەی شایمی


سەرچاوەکان



997 بینین