شەکر

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-23-21:27:00 - کۆدی بابەت: 6687
شەکر

ناوه‌ڕۆك

دەبارەی شەکر

شەکر ناوێکی ڕەگەزییە بۆ کاربۆهیدراتە تواوە تام شیرینەکان، کە زۆربەیان لە دروستکردنی خواردندا بەکاردێن، شەکری ئاسایی و شەکری زبر و شەکری هاڕدراو هەموویان سەرچاوەکەیان سوکەرۆزە، کە شەکرێکی دووانییە و لە گلوکۆز و فرەکتۆز پێکدێت، شەکر بە شێوەیەکی سروشتی لە هەموو سەوزە و میوەیەکدا بوونی هەیە، بەرهەمی سەرەکی ڕۆشنەپێکهاتنە، ڕۆشنەپێکهاتن ئەو پڕۆسەیە کە تێیدا وزەی شەکر لەلایەن ڕووەکەوە دەگۆڕدرێت بۆ خواردن، زۆرترین ڕێژەی شەکر لە قامیشی شەکر و چەوەندەری شیریندایە کە جیادەکرێتەوە و بۆ مەبەستی بەکارهێنانی بازرگانی.

جۆرەکانی شەکر

جۆرە سەرەکییەکانی شەکر بریتیین لە شەکری سپی و شەکری قاوەیی

شەکری سپی

شەکری سپی کە پێشی دەوترێت شەکری ئاسایی چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە، هەندێک لەم جۆرانە تەنها لەلایەن کارگەکانی دروستکردنی خواردن و تەنوورەوان (وەستا تایبەتەکانی دروستکردنی شیرینی)ـیەوە بەکاردێن و لە مارکێتەکاندا بەردەست نین بۆ فرۆشتن، جۆرەکانی شەکری ئاسایی بەپێی قەبارەی کریستاڵی شەکرەکە جیاوازن، هەر قەبارەیەکی جیاوازی کریستاڵی شەکر تایبەتمەندییەکی جیاواز و بێهاوتا دەدات بە شەکر و وای لێدەکات بۆ مەبەستێکی جیاواز گونجاوبێت.

شەکری ئاسایی (Granulated Sugar)

شەکری ئاسایی کە پێشی دەوترێت شەکری چا یان شەکری سپی، بەناوبانگترین و بەکارهاتووترین جۆری شەکرە، لە شەکردانی هەموو ماڵێکدا بوونی هەیە، باوترین جۆری شەکرە و داواکاری زۆری لەسەرە، تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ئەم شەکرە بریتییە لە وردی دەنکە کریستاڵەکانی و ڕەنگە سپییە ڕوونەکەی.

شەکری تۆز (Confectioners or Powdered Sugar)

شەکری تۆز کە پێشی دەوترێت شەکری هاڕدراو، ئەم جۆرەی شەکر شەکری ئاساییە و هاڕدراوە بۆ وردتر و تۆزێکی لوسی لێ بەرهەم هاتووە و پاشان بێژراوە، ئەم جۆرەی شەکر ٣٪ لە نیشاستە پێکدێت، شەکری تۆز سێ پلەی جیاوازی هەیە لە وردی دەنکەکانیدا، ئەو تۆزی شەکرەی لە مارکێتەکاندا بەردەستە وردییەکەی ڕێژەی ١٠ ئێکسە (10X) و لە دوو جۆرەکەی تری تۆزێ شەکر وردترە و لە دروستکردنی توێژی شەکری سەر کێک و حەڵوا و هەندێک جۆری کرێمدا بەکاردێت، دوو جۆرەکەی دیکەی شەکری تۆز لەلایەن وەستای کارگەکانی دروستکردنی کێک و شیرینییەوە بەکاردێت.  

شەکری زبر (Coarse Sugar)

شەکری زبر پێشی دەوترێت شەکری مرواری یان شەکری ڕازاندنەوە، هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە قەبارەی دەنکە کریستاڵەکانی ئەم جۆرەی شەکر گەورەترە لە قەبارەی کریستاڵەکانی شەکری ئاسایی، شەکری زبر بەرهەمدێت کاتێک شیلە شەکری خەستی پڕ لە سوکەرۆز وازی لێ دەهێنرێت تاکوو دەبێت بە کریستاڵ، گەورەیی قەبارەی کریستاڵەکانی ئەم جۆرەی شەکر وای لێکردووە کە بەرگری باشی هەبێت بۆ گۆڕانی ڕەنگ یان تێکشکانی سروشتی سوکەرۆز بۆ فرەکتۆز و گلوکۆز لە پلەی گەرمی لێنان و برژاندندا، ئەم تایبەتمەندییەی شەکری زبر گرنگە بۆ دروستکردنی حەڵوا و شیلە و هەویری شەکر.

شەکری خورما (Date Sugar)

شەکری خورما زیاتر خواردنە وەک لەوەی شیرینی بێت، لە خورمای وشککراوەوە بەرهەم دەهێنرێت و دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، بەکارهێنانی کەمە بەهۆی گرانی نرخەکەی و نەتوانەوەی لەناو شلەمەنیدا.

شەکری میوە (Fruit Sugar)

شەکری میوە دەنکە کریستاڵەکانی کەمێک لە شەکری ئاسایی وردتترە، لە تێکەڵەی وشکی وەک جەلی (جەلاتین) و خواردنەوە تۆزەکانی وەک شەربەتی وشک و هەندێک جۆری چۆکلێتدا بەکاردێت، دەنکە کریستاڵەکانی شەکری میوە قەبارەیان وەک یەکە ئەمەش وایان لێ دەکات کە کڵۆ نەبن و نەنیشن و سەرئاونەکەون، ئەمەش تایبەتمەندییەکی گرنگە بۆ دروستکردن تێکەڵەی وشک.

شەکری تایبەت بە تەنوورەوان (Bakers Special Sugar)

قەبارەی کریستاڵەکانی شەکری تایبەت بە وەستای دروستکردنی شیرینی زۆر وردترە لە خودی شەکری ناو میوە، هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە ئەم جۆرەی شەکر بەتایبەتی بۆ کارگەکانی دروستکردنی شیرینی بەرهەمهێنراوە، تەنوورەوانە تایبەتەکان ئەم شەکرە لە دروستکردنی کێکی وەک دۆناتدا بەکاردەهێنن بۆ پێدانی تامی شیرین بە کێکەکە.

شەکری قاوەیی

شەکری قاوەیی کە پێشی دەوترێت شەکری بۆر هەندێک لە پێکهاتەی بەشی سەرەوەی شیلە شەکری تێداماوە، کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم جۆرەی شەکر تامێکی خۆش و خوازراوی هەبێت، شەکری قاوەیی تۆخ ڕەنگێکی تۆختر و تامێکی زیاتری هەیە بە بەراورد بە شەکری قاوەیی کاڵ، جۆرەکانی شەکری قاوەیی کاڵ بە شێوەیەکی گشتی بەکاردێن بۆ دروستکردنی کێک و هەندێک جۆری شیرینی و چۆکلێتی ڕەنگ قاوەیی و بەهارات و شووشەسازی، شەکری قاوەیی تۆخی تام زۆر بەکاردێت لە دروستکردنی هەندێک جۆری بسکیت و تام خۆشکەری کێک و چەندنی خواردنی دیکەی بەتام.

شەکر لە ڕووی کیمیاییەوە

بە شێوەیەکی زانستی شەکر لە ژمارەیەک کاربۆهیدراتی وەک شەکری تاک (مۆنۆسەکەراید) و شەکری دووانی (دایسەکەراید) و کەم شەکر (ئۆلیگۆسەکەراید) پێکدێت، شەکری ئاسایی و شەکری زبر و شەکری هاڕدراو هەموویان سەرچاوەکەیان سوکەرۆزە، کە شەکرێکی دووانییە و لە گلوکۆز بە شێوگی کیمیایی (C6H12O6) (شەکرێکی تاکە) و شەکری سادەی کیتۆنی فرەکتۆز بە شێوگی کیمیایی (C6H12O6) (شەکرێکی تاکە) پێکدێت، شەکری تاک پێشی دەوترێت شەکری سادە کە گرنگترینیان گلوکۆزە، زۆربەی مۆنۆسەکەرایدەکان شێوگی کیمیاییان بریتییە لە (CnH2nOn) کە n لە ژمارە ٣ تاکوو ٧ وەردەگرێت جگە لە دیۆکسیڕایبۆز، شەکرەکان بە شێوەیەکی گشتی پاشگری (ۆز) وەردەگرن وەک گلوکۆز و فرەکتۆز، شەکرە تاک و دووانییە نابازنەییەکان گروپی کیتۆنی و ئەڵدیهایدیش وەردەگرن، هەموو ئەو شەکرانەی کە زیاتر لە یەک بازنە لە پێکهاتە کیمیاییەکەیاندا هەیە لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو یان زیاتر شەکری تاک کە بە بەندی گلایکۆسایدیەوە بەیەکەوە دەبەسترێن دروست بوون و لەم کارلێکەدا بۆ دروست بوونی هەر بۆندێک گەردێکی ئاو دەردەچێت.

توانای گڕگرتن و کاردانەوە بۆ گەرمی

چونکە شەکرەکان بە ئاسانی دەسووتێن کاتێک گڕیان لێ نزیک بکرێتەوە هەڵگرتنی شەکر مەترسی تەقینەوەی تۆزی لێدەکرێت (بریتییە لەو کارەساتەی تێیدا دەنکە وردەکانی ماددەیەکی کیمیایی کە لە هەوادان و لە شوێنێکی داخراودان لەناکاو گڕ دەگرن)، مەترسی ئەم تەقینەوەیە زۆرترە کاتێک کە شەکرەکە هاڕدراوە بۆ تۆزێکی زۆر ورد وەک ئەو شەکرەی بەکاردێت لە دروستکردنی بنێشتتدا، لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی گڕگرتنی تۆزی شەکرەوە، کارگەیەکی شەکر لە جۆرجیا تەقیەوە و بوو بە هۆی مردنی ١٤ کەس و برینداربوونی ٣٦ کەس، هەروەها زۆربەی کارگەکە ڕووخا و وێران بوو، لە بواری چێشتخانەدا گەرمکردنی شەکر دەبێتە هۆی دروستبوونی کارامێل.


سەرچاوەکان



4211 بینین