ناوهڕۆك
سەرەتا
سۆسی سۆیا (بە عەرەبی: صلصة الصويا، بە ئینگلیزی: Soya sauce) جۆرە سۆسێکی ڕەنگ قاوەیی تۆخە کە وەکوو بەهاراتێکی تامداری شل دادەنرێت، تامەکەی تێکەڵە شۆر و تیژە و هاوکات تامێکی کەمی شیرینی و ترشیشی هەیە، بە هەوێن کردن و ترشاندنی پاقلەی سۆیا لەگەڵ ئاو و خوێ و گەنم سۆسی سۆیا بەرهەم دەهێنرێت.
سۆسی سۆیا پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە خواردن و چێشتخانە و کولتووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بۆیە مێژووی دەرکەوتن و بەکارهێنانی سۆسی سۆیا دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییە کۆنەکانی وڵاتی چین، بە دیاریکراوی مێژووی دەرکەوتن و بەکارهێنانی سۆسی سۆیا دەگەڕێتەوە بۆ ٢٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا.
بەهای خۆراکی
بەپێی سەرچاوەی تەندروستی ئەمریکی بڕی ١٠٠ گرام بەهای خۆراکی لە سۆسی سۆیا پێکهاتووە لە:
- ٥٣ کالۆری
- ٧١ ملیلیتر ئاو
- ٠٫٥٧ گرام چەوری
- ٥ گرام کاربۆهیدرات
- ٠٫٨ گرام ڕیشاڵ
- ٨٫١٤ گرام پرۆتین
- ٠٫٤ شەکر
پێکهاتەی خۆراکی سۆسی سۆیا
بە گشتی سۆسی سۆیا لە چوار بەرهەمی سەرەکی دروست دەکرێت کە بریتین لە پاقلەی سۆیا، گەنم، خوێ، ماددەی ترشاندن یان خومرە، بڕی ئەم پێکهاتانە لە سۆسەکە جیاوازە و بەپێی جۆرو شێوازی دروستکردنی سۆسەکە بڕی پێکهاتەکان دیاری دەکرێت، بەو هۆیەوە تام و ڕەنگ و بۆنیشی بەپێی پێکهاتە و جۆرەکانی دەگۆڕدرێن.
جۆرەکانی سۆسی سۆیا
سۆسی سۆیای ئاسایی
ئەم جۆرەی سۆسی سۆیا لە بەربڵاوترین جۆرەکانی سۆسی سۆیایە لە جیهاندا و بڕی ٨٠٪ لە قەبارەی بەرهەمەکانی سۆسی سۆیا لە جیهاندا پێکدەهێنێت، ڕەنگەکەی قاوەییەکی تۆخی مەیلەو ڕەشە، چڕییەکی زۆرکەمی هەیە و ڕوونە و تامەکەی کەمێک شۆر و تاڵە، هەروەها تامی شیرینی و ترشێکی کەمیشی هەیە.
سۆسی سۆیای سوک
سۆسی سۆیای سوک یان سۆسی سۆیای ڕوون لە سۆسە ناودار و بەربڵاوەکانی سۆسی سۆیایە و زیاتر لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەکاردەهێنرێت و لە کولتووری خواردنی چینی زۆر ناودراە، هەر خواردنێکی چینی ئەگەر سۆسی سۆیای تێدا بەکارهێنرابێت ئەم جۆرەیانە، تامەکەی زۆر شۆرە و لەگەڵ تامی تردا تێکەڵ دەکرێت و ڕەنگەکەی قاوەییەکی ئاڵتوونییە و چڕییەکی کەمی هەیە.
سۆسی سۆیای سپی
ئەم جۆرەی سۆسی سۆیا لە هەوێنکردن و ترشاندنی گەنم و گلۆتینی پرۆتینی نێو گەنم دروست دەکرێت، چڕییەکەی بە بەراورد بە جۆرەکانی تری سۆسی سۆیا کەمترینە و ڕەنگێکی کاڵی ڕوونی هەیە، تامەکەی شیرینە و بۆنێکی زۆر ئارامکەرەوەی هەیە، ئەم جۆرەی سۆسی سۆیا لە دروستکردنی شۆربا و شیرینی و پسکویت بەکاردەهێنرێت.
سۆسی سۆیای تۆخ
سۆسی سۆیای تۆخ ڕەنگێکی ڕەشی تۆخ و تێری هەیە و چڕییەکەی بە بەراورد بە جۆرەکانی تری سۆسی سۆیا زۆرترە، تامەکەی شیرینە و لە دۆشاوی شەکر و کەرامێڵی شەکر دروست دەکرێت، ئەم جۆرەی سۆسی سۆیا تام و ڕەنگ دەبەخشێتە خواردن و لە زۆرێک لە خواردنەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەکاردەهێنرێت و لەگەڵ جۆرەکانی تری سۆسی سۆیا تێکەڵ دەکرێت.
سۆسی سۆیای شیرین
سۆسی سۆیای شیرین بریتییە لە تێکەڵ کردنی شەکر یان دۆشاوی شەکر یان هەنگوین یاخود هەر ماددەیەکی شیرینکەر لەگەڵ جۆرێکی تری سۆسی سۆیا، ئەم جۆرەی سۆیا تامی شیرینە و ڕەنگێکی کاڵ و ڕوونی هەیە و چڕییەکی کەمی هەیە.
سۆسی سۆیا بە کوارگ
ئەم جۆرەیان سۆسی سۆیای ئاساییە بەڵام لەنێو کوارگ و ئاوی شۆرکراو سۆسەکە ترشاندنی بۆ دەکرێت، جۆری کوارگەکان زۆرجار کوارگی ڕەشن یان کوارگی وشککراوەن یاخود کوارگی چینین، تامی ئەم سۆسەی سۆیا شۆرە و بەهاراتیشی بۆ زیاد دەکرێت.
سوودەکانی سۆسی سۆیا
بەکارهێنانی سۆسی سۆیا بە شێوەیەکی تەندروست لە خواردندا سوودی بۆ مرۆڤ هەیە، یارمەتی و ئاسانکاری کرداری هەرس دەدات. ئەو کەسانەی کە هەستیاریی وەرزییان هەیە دەتوانن بە بەکارهێنانی سۆسی سۆیا لە خواردنەکانیان نیشانەکانی هەستیاریی وەرزی کەم بکەنەوە. سۆسی سۆیای سروشتی بڕێکی زۆر لە دژە ئۆکسێنی تێدایە و سوودی زۆری هەیە بۆ تەندروستی دڵ و بایەخدارە بۆ کۆئەندامی بەرگری مرۆڤ.
زیانەکانی سۆسی سۆیا
ئەو کەسانەی کە هەستیارییان بە پاقلەی سۆیا یان پرۆتینی گلۆتین هەیە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن سۆسی سۆیا بەکاربهێنن چونکە زیانێکی زۆری بۆیان هەیە، بەکارهێنانی بۆ ئەو کەسانەی کە هەستیارییان هەیە چەند لێکەوتەیەک لە کەسەکە دەردەکەوێت نموونەی ڕشانەوە، گۆڕانی ڕەنگی پێست، سکچوون، زگ ئێشە، ئازاری گەدە، خاوبوونەوەی ترپەی دڵ، هەڵئاوسانی لێوەکان و زمان، زەردهەڵگەڕانی پێست، هەناسەتەنگی و کۆکە، هەر کاتێک ئەم نیشانانە لە کەسەکە دەرکەوت پێویستە ڕاستەوخۆ چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.
ئەو جۆرانەی سۆسی سۆیا کە بە شێوەیەکی کیمیایی دروست دەکرێن پێکهاتەی زیانبەخشیان تێدایە نموونەی سۆدیۆم، پرۆتینی گلۆتین، ترشە ئەمینییەکان و چەند پێکهاتەیەکی کیمیایی تر کە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری زیان بۆ تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات. ماددەی ڕەنگکراوی MEI-4 لە پێکهاتەی سۆسی سۆیا هەیە کە ماددەیەکی شێرپەنجەییە زیانی بۆ ئاژەڵانی ماڵی هەیە.