شەکری ستیڤیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-13-17:19:00 - کۆدی بابەت: 12891
شەکری ستیڤیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەکری ستیڤیا یان شەکری ستیڤیای تەندروست یان شرینکەری ستیڤیا (بە عەرەبی: سكر ستيفيا، بە ئینگلیزی: Stevia) یەکێکە لە جێگرەوە سروشتییەکانی شەکری ئاسایی و بە شیرینکەرێکی سروشتی دادەنرێت. ستیڤیا لە گەڵای ڕووەکی ستیڤیا ڕیبۆدیانا (بە ئینگلیزی: Stevia Rebaudiana) دەردەهێنرێت و دروست دەکرێت، گەڵاکانی ئەم ڕووەکە هەشت جۆر ماددەی گلیکۆسیدات لەخۆدەگرێت کە ئەم ماددەیە بەرپرسە لە دروستکردنی تامی شیرینی.

تامی شەکری ستیڤیا ڕەگێک تاڵی کەمی هەیە، بەڵام هەندێک کەس پێیان وایە تامی هەندێک جۆری نزیکە لە تامی ڕەگە بەڵەک (بە عەرەبی: عرق سوس) لەگەڵ ماددەی مێنتۆڵ کە تامێکە نزیکە لە تامی نەعناوە بۆیە هەست بە تاڵی دەکرێت ئەگەر بە تەنها تام دەکرێت. گەڵای ڕووەکی ستیڤیا لەلایەن دانیشتووانی ئەمریکای باشوورەوە پێش سەدان ساڵ دۆزراوەتەوە. لە ساڵی ٢٠١١ـەوە یەکێتی ئەورووپا ڕێگەی بەوەدا کە شەکری ستیڤیا وەکوو جێگرەوەی شەکری ئاسایی لە بەرهەمی خۆراکی تەندروست و بەرهەمە دایتەکان بەکاربهێنرێت.

جیاوازی نێوان شەکری ئاسایی و شەکری ستیڤیا

شەکری ستیڤیا جیاوازە لە شەکری ئاسایی بەو پێیەی شەکری ستیڤیا لە گەڵاکانی ڕووەکی ستیڤیا دەرهێنراوە نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٤۰۰ هێندەی شەکری ئاسایی شیرینترە، هەروەها شەکری ستیڤیا هیچ کالۆرییەکی تێدا نییە و کالۆری لەخۆناکرێت. هاوکات بڕی ماددەی کاربۆهیدرات لە شەکری ستیڤیا بەراورد بە شکری ئاسایی کەمترە، یەک گرام لە شکری ستیڤیا یەک گرام کاربۆهیدرات لەخۆدەگرێت بۆیە ئاستی شەۆری خوێن بەرزناکاتەوە، هاوکات شەکری ستیڤیا زیانی کەمترە بۆ ددان بەراورد بە شەکری ئاسایی چونکە کارلێک لەگەڵ بەکتریای دەم ناکات و بەوهۆیەشەوە ددان کلۆر نابێت. نرخی شەکری ستیڤیا لە بازاڕەکاندا وەکوو هەمو گرانتر و بەرزترە بەراورد بە نرخی شەکری ئاسایی.

شێوازی بەکارهێنانی شەکری ستیڤیا

شەکری ستیڤیا لەنێو زەرفی تایبەتی بە شێوەی کەپسوول یان پاودەر بەردەستە و وەکوو جێگرەوەی شەکری ئاسایی لە شیرینکردنی خواردن و خواردنەوەکان بەکاردێت، شەکری ستیڤیای پاودەر و کەپسوول بۆ چا، قاوە، شەربەت، شیر، بەکاردێن، بەڵام شەکری ستیڤیای پاودەر زیاتر لە کارە هەویرییەکان و شیرینەمەنییەکان بەکاردێت و جۆر و مارکەکانی شەکری ستیڤیای پاودەر جیاواز و زۆرن، بەشێکیان بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لێی دەبێتە هۆی دروستبوونی تامی تاڵی، بۆیە هەموو جۆرەکانی شەکری ستیڤیا بۆ کاری هەویرکاری و شیرینەمەنی ناگونجێن.

بڕی بەکارهێنانی ڕێگەپێدراوی ڕۆژانەی شەکری ستیڤیا چەندە؟

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڕی ڕێگەپێدراوی بەکارهێنانی شەکری ستیڤیا لە ڕۆژێکدا دیاریکردووە، کە نابێت لە ٤ میلیگرام دابەش یەک کیلۆگرام لە کێشی تاکێک زیاتر بێت، واتا چوار میلیگرام بۆ هەر کیلۆگرامێک لە کێشی لەش ئەمەش ژەمی بەکارهێنانی ڕێگەپێدراوی شەکری ستیڤیایە بۆ منداڵان و گەورەکان.

سوودە تەندروستییەکانی شەکری ستیڤیا

گرنگی شەکری ستیڤیا لە پرۆسەی خۆلاوازکردن

لە زۆرێک لە سیستم و ڕیجیمەکانی خۆلاوازکردن شەکری ستیڤیا ڕێگەپێدراوە، چونکە هیچ کالۆرییەکی تێدانییە و تاڕادەیەک شەکرەکە تامی شیرینی ئاسایی دەبەخشێت، وەکوو جێگرەوەی شەکری ئاسایی و شیرینکەری خواردن و خواردنەوە و شیرینەمەنییەکان بەکاردەهێنرێت.

گرنگی شەکری ستیڤیا بۆ نەخۆشانی شەکرە

بەهۆی ئەوەی ماددەی خۆراکی کاربوهیدرات لە پێکهاتەی خۆراکی شەکری ستیڤیادا کەمە، بە جێگرەوەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ تووشبووانی نەخۆشی شەکرە، خواردنی نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری لەناکاو لەخوێندا، بەڵام دەبێت بە بڕی کەم و ماناوەند بەکاربهێندرێت و زیادەڕۆیی تێدا نەکرێت، ئەو جۆرانە بەکاربهێنن کە جۆری شەکری تری دەستکرد لە پێکهاتەکانیان نییە.

سوودەکانی شەکری ستیڤیا بۆ پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ

بەکارهێنانی بڕێکی دیاریکراو لە شەکری ستیڤیا بۆ تووشبووانی نەخۆشی دڵ و پەستانی خوێن وەکوو جێگرەوەی شەکری ئاسایی تەندروستە، چۆنکە هەندێک لە جۆری ماددە گلایکۆسایدەکانی نێو شەکری ستیڤیا چەندین تایبەتمەندییان هەیە کە سوودیان لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێندا هەیە، وەک فراوانکردنی خوێنبەرەکان و زیادکردنی دەردانی سۆدیۆم و میزکردن. هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێکخستنی لێدانی ترپەکانی دڵ.

دژە ئۆکسێنەکانی نێو شەکری ستیڤیا

شەکری ستیڤیا چەند جۆرێک دژەئۆکسێن لە پێکهاتەکەی هەیە وەک فلاڤۆنۆیدس و تێرپینەکان کە سوودی زۆریان بۆ لەشی مرۆڤ هەیە.

زیانە تەندروستییەکانی شەکری ستیڤیا

بەکارهێنانی شەکری ستیڤیا بە شێوەیەکی تەندروست و مامناوەند بێ زیانە و تەندروستە، بەڵام بەکارهێنانی زیاد لەپێویستی شەکری ستیڤیا بە بڕێکی زۆر زیان بە تەندروستی لەشی مرۆڤ دەگەیەنێت، گرنگترین زیانەکانی بریتین لە.:

  • دابەزینی ئاستی شەکر و پەستانی خوێن بە شێوەیەکی نائاسایی و ناتەندروست.
  • بەرزبوونەوەی چەند جۆرێک چەوری زیانبەخش لە لەش نموونەی چەوری کۆلیستڕۆڵ.
  • کێشە و تێکچوون دروست دەکات لە ئاستی بەکتریا سوودەبەخشەکانی ڕیخۆڵە چونکە هەرس ناکرێت.
  • هەستی برسێتی و هەستی ئەوەی کە شەکر کەم دەخۆیت لەلات دروست دەبێت، چونکە شیرینکەری ستیڤیا چەنێک بەکاربهێنیت ئەو هەستەت پێدەبەخشێت که کەمت بەکارهێناوە و تامی خواردنەکە شیرینییەکی سروشتی نییە، بۆیە یارمەتیدەرە بۆ کێش زیادکردن و بەکارهێنانی زیاد لەپێویست.
  • ئەو کەسانەی هەستیارییان بە شەکری ستیڤیا هەیە بەکارهێنانی ئەم جۆرە شەکرە مەترسیدارە بۆیان، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە هەستیارییان بە ڕووەکەکانی Feverfew و Ragweed هەیە، کە جۆرە ڕووەکێکی پزیشکین و گوڵەکانیان دەبنە هۆی هەستیاری سەخت و نیشانەکانی هەستیارییان لەسەر دەردەکەوێت.
  • هەندێک جۆری شەکری ستیڤیای دروستکراو چەندان جۆری تری شەکری دەستکردی لەگەڵ تێکەڵ دەکەن، بۆیە بەرهەمەکە سوودەکانی لەدەست دەدات و ئاستی شەکری لەش زیاتر بەرز دەکاتەوە.

ئایا شەکری ستیڤیا بۆ منداڵان تەندروستە؟

بەڵێ، ئاساییە بە بڕی پێویست و دیاریکراو شەکری ستیڤیا بۆ منداڵان بەکاربهێنرێت، بە تایبەتی ئەو منداڵانەی کە کێشی زیادەیان هەیە و هەوڵی خۆلاوازکردن دەدەن.

ئایا شەکری ستیڤیا بۆ ژنانی دووگیان تەندروستە؟

بەڵێ، بەکارهێنانی شەکری ستیڤیا بۆ ژنانی دووگیان تەندرووستە بەو مەرجەی زیادەڕۆیی تێدانەکرێت و بە شێوازێکی مامناوەند بەکاربهێنرێت.

ئەگەر بڕێکی زۆر لە شەکری ستیڤیا بەکاربهێنرێت چی ڕوودەدات؟

بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە شەکری ستیڤیا دەبێتە هۆی سکچوونی بەردەوام، ئاوسانی سک، سک ئێشە، غازات، تامی تاڵی لە دەمدا، بۆیە ئەگەر بڕێکی زۆرت لە شەکری ستیڤیا بەکارهێنا و ئەم نیشانانەت لێ دەرکەوت پێویستە ڕاستەوخۆ چارەسەری تەندروستی وەربگریت.


سەرچاوەکان



3781 بینین