کالۆری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-25-21:35:00 - کۆدی بابەت: 6993
کالۆری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بڕی وزە لە بەشێکی داریکراوی خواردن یان خواردنەوەدا بە کالۆری دەپێورێت، کاتێک مرۆڤ خواردن دەخوات یان شلەمەنییەک زیاتر دەخواتەوە ڕێژەی کالۆری زیاتر بە دەست دەهێنێت، لەشی مرۆڤ ئەو بەشەی کە زیادەیە بە شێوەی چەوری لەش هەڵیدەگرێت، ئەگەر مرۆڤ بە بەردەوامی ڕێژەی زیاتری کالۆری وەربگرێت بەپێی تێپەڕبوونی کات کێشی زیاد دەکات، مەرج نییە کالۆری تەنها لە خواردن و خواردنەوەدا بوونی هەبێت، بەڵکوو هەر شتێک کە وزەی هەبێت کالۆریشی هەیە، بۆ نموونە یەک کیلۆگرام لە خەڵووز پێکدێت لە ٧٠٠٠٫٠٠٠ کالۆری.

دوو جۆری کالۆری بوونی هەیە

  1. کالۆری بچوک کە بە هێمای (cal) ئاماژەی پێدەدرێت، بڕی وزەی پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی یەک گرام لە ئاو بە ١ پلەی سیلیزی.
  2. کالۆری گەورە کە بە هێمای (kcal) ئاماژەی پێدەدرێت و زۆرجار پێی دەورێت کیلۆکالۆری، بڕی وزەی پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی ١ کیلۆگرام لە ئاو بە ١ پلەی سیلیزی، (١ کیلۆکالۆری = ١٠٠٠کالۆری).

هاوسەنگی نێوان کالۆری و وزە

لەشی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەردەوام پێویستی بە وزە هەیە بۆ جێبەجێکردنی کاری ڕۆژانە و زیندوو مانەوە، کاتێک مرۆڤ خواردن دەخوات و شلەمەنی دەخواتەوە وزە زیاد دەکات بۆ لەشی، ئەم وزەیە لە هەموو جوڵەیەکدا بەکاردێت هەر لە هەناسەدانەوە تاکوو ڕاکردن، بۆ ئەوەی کێشی لەش بە جێگیری بمێنێتەوە پێویستە ئەو وزەیەی ڕۆژانە مرۆڤ وەریدەگرێت هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەو وزەیەی کە بەکاری دەهێنێت بە درێژایی کارە ئاساییەکانی ڕۆژانە و چالاکییە جەستەییەکان، گرنگترین شت لە پارێزی خۆراکی تەندروستدا پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان وزەی وەرگیراو و وزەی بەکارهێنراوی لەش.

ڕێژەی پێویستی ڕۆژانە

مرۆڤەکان لە ڕووی پێویستی ڕۆژانەی کالۆرییەوە جیاوازن و لەیەک ناچن، چونکە مرۆڤەکان جیاوازن لە ڕووی ئەو زیندەچالاکییەوە کە وزە دەسووتێنێت و تێکڕای سووتاندنی وزە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە جیاوازە، هەروەها هەندێک مرۆڤ بەپێی شێوازی ژیانیان وزەی زیاتر دەسووتێنن لە مرۆڤەکانی دیکە، تێکڕای کالۆری پێویستی ڕۆژانە بۆ پیاوان بریتییە لە ٢٧٠٠ کیلۆکالۆری و بۆ خانمان بریتییە لە ٢٢٠٠ کیلۆکالۆری.

ڕێژەی پێویستی وەرگرتنی کالۆری لە ڕۆژێکدا پشت دەبەستێت بە چەندین هۆکاری وەک:

  • تەندروستی گشتی لەش.
  • ڕەگەز.
  • کێش.
  • بەرزی.
  • شێوەی لەش.

کالۆری و تەندروستی

لەشی مرۆڤ پێویستی بە کالۆرییە بۆ زیندوو مانەوە، بەبێ وزە خانەکانی لەش دەمرن، دڵ و سییەکان لە کارکردن دەوەستن، هەروەها ئەندامە سەرەکییەکانی دیکەی لەش ناتوانن کاری ئاسایی خۆیان بکەن کە پێویستە بۆ زیندوو مانەوە، ئەم وزەیە مرۆڤ لە خواردن و خواردنەوەوە دەستی دەکەوێت.
ئەگەر بڕی وەرگرتنی کالۆری یەکسان بێت بە بڕی بەکارهێنانی کالۆری لە لەشی مرۆڤدا، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ژیانێکی تەندروستی دەبێت، ئەگەر بەکارھێنانی کالۆری زۆر نزم یان زۆر بەرز بێت ئەوا لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی توشبوون بە چەندین کێشەی تەندروستی.
ژمارەی کالۆرییەکان لە خواردندا دیاری دەکات کە ئەو خۆراکە تا چەند وزەی شاراوەی تێدایە، تەنها ڕێژەی کالۆرییەکە گرنگ نییە بەڵکوو ئەو پێکهاتە خۆراکییەش گرنگە کە کالۆری لێوە وەردەگیرێت.
ڕیزبەندی ڕێژەی کالۆری لە سێ پێکهاتەی سەرەکی خۆراکیدا:

  • ١ گرام لە کاربۆهیدرات پێکدێت لە ٤ کیلۆکالۆری.
  • ١ گرام لە پڕۆتین پێکدێت لە ٤ کیلۆکالۆری.
  • ١ گرام لە چەوری پێکدێت لە ٩ کیلۆکالۆری.

ئەمەی خوارەوە نموونەیە بۆ ئەوەی کە چۆن کەسێک کالۆری لە کوپێکی هێلکەی گەورەوە دەست دەکەوێت کە کێشەکەی بکاتە ٢٤٣ گرام:

  • ڕێژەی چەوری لە هێلکەکەدا: ٢٣٫١١ گرام
    ٢٣٫١١ گرام × ٩ کیلۆکالۆری = ٢٠٧٫٩٩ کیلۆکالۆری.
  • ڕێژەی پرۆتین لە هێلکەکەدا: ٣٠٫٥٢ گرام
    ٣٠٫٥٢ گرام × ٤ کیلۆکالۆری = ١٢٢٫٠٨ کیلۆکالۆری
  • ڕێژەی کاربۆهیدارت لە هێلکەکەدا: ١٫٧٥ گرام
    ١٫٧٥ گرام × ٤ کیلۆکالۆری = ٧ کیلۆکالۆری

کەواتە ٢٤٣ گرام لە هێلکەی خاو پێکدێت لە ٣٤٧ کیلۆکالۆری، کە ٢٠٨ کیلۆکالۆری لە چەورییەوە دەست دەکەوێت، ١٢٢ کیلۆکالۆری لە پڕۆتینەوە دەست دەکەوێت و ٧ کیلۆکالۆری لە کاربۆهیدراتەوە دەست دەکەوێت.

کالۆرییە بەتاڵەکان

کالۆرییە بەتاڵەکان ئەو کالۆرییانەن کە وزە دەبەخشن بەڵام بە ڕێژەیەکی خۆراکیی زۆر کەم، ئەو بەشەی خۆراک کە کالۆری بەتاڵیان تێدایە لەڕاستیدا هیچ ڕیشاڵێکی تایبەت بە پارێز و ترشی ئەمینی و دژەئۆکسان و کانزا و ڤیتامینەکانی تێدا نییە، بە شێوەیەکی سەرەکی کالۆرییە بەتاڵەکان لە چەوری توند و شەکری زیادکراوەوە وەردەگیرێن.

  1. چەورییە توندەکان: بە شێوەیەکی سروشتی لە زۆربەی خواردنەکاندا بوونیان هەیە، زۆربەیان لە کاتی پڕۆسەی پیشەسازی بەرهەمهێنانی خۆراکدا زیاد دەکرێن بۆ خواردنەکان،  کەرە نموونەیە بۆ چەوری توند.
  2. شەکری زیادکراو: ئەم جۆرەی بریتین لە شیرینکەر کە دەکرێنە خواردن و خواردنەوەوە لەکاتی پرۆسەی پیشەسازی بەرهەمهێنانیاندا، ئەم خواردن و خورادنەوانە پڕن لە کالۆری.

شەکرە زیادکراوەکان و چەورییە توندەکان بەکاردێن بۆ زیادکردنی چێژی خواردن و خواردنەوەکان، لە هەمان کاتدا کالۆری بەتاڵی زۆر دەدەن بە لەش و هۆکارێکی سەرەکی قەڵەوین.

سەرچاوەکانی کالۆری بەتاڵ

  • ئایسکرێم.
  • دۆنات.
  • کێک.
  • هات دۆگ.
  • گۆشتی پەراسوو.
  • سۆس.
  • پەنیر.
  • پیتزا.
  • ئاوی میوەی دەستکرد.
  • خواردنەوە وزەبەخشەکان.
  • سۆدە.


سەرچاوەکان



2309 بینین