شەربەت 

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-06-15:20:00 - کۆدی بابەت: 6200
شەربەت 

ناوه‌ڕۆك

شەربەت چیە؟

شەربەت خواردنەوەیەکی سروشتییە لە ئەنجامی دەرهێنان یاخود پەستان خستنەسەر میوە و سەوزە بەرهەمدێت، هەروەها بەو شلانەش دەوترێت کە تامی سەرچاوەی خواردنی خەستکراوەیان تێکراوە وەک گۆشت یاخود خواردنی دەریایی، نموونەی ئەم جۆرە شەربەتانەش شەربەتی هێلکە شەیتانۆکەیە، شەربەت هەمیشە وەک خواردنەوەیەک بەکارهاتووە و هەندێک جاریش بۆ خۆشکردنی تامی خواردن یاخود خواردنەوەی دیکە بەکاردێت.

ڕێگاکانی ئامادەکردنی شەربەت

زۆربەی جار شەربەت ئامادە دەکرێت بە گوشینی میکانیکی یاخود خوساندنی ئەو میوە و سەوزەیەی کە وەک سەرچاوەی شەربەتەکە بەکاردێن بە بێ بەکارهێنانی گەرمی یاخود توێنەر، بۆ نموونە شەربەتی پرتەقاڵ شلەیەکە کە لە میوەی پرتەقاڵەوە دەردەهێنرێت بە پەستان خستنەسەری، شەربەت زۆربەی جار لە ماڵەوە ئامادە دەکرێت بە بەکارھێنانی دەست یاخود ئامێری جیاوازی تایبەت بە گوشینی میوەکان، زۆربەی ئەو شەربەتانەی کە بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاردێن کرۆک و ڕیشاڵەکەیان لێ دەپاڵێورێت، بەڵام شەربەتی پڕ کرۆکی پرتەقاڵ خواردنەوەیەکی زۆر بەناوبانگە، پێکهاتەی زیادەش دەکرێتە شەربەتەوە وەک شەکر و تامی دەستکرد.

ڕێگاکانی پڕۆسەی بەرھەمھێنانی شەربەت لە شەربەتێکەوە بۆ شەربەتێکی تر جیاوازە، بەڵام پڕۆسەی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی گشتی بەم هەنگاوانە دەکرێت:

  • شۆردنەوە و ڕێکخستنی سەرچاوەی شەربەتەکە.

  • دەرهێنانی شەربەت

دوای ئەوەی کە سەرچاوەی شەربەتەکە شۆردرایەوە و ڕێکخرا، شەربەتی لێ دەردەهێنرێت بە یەکێک لەم دوو ڕێگا خودکارە، لە ڕێگای یەکەمدا دوو کوپی کانزایی کە لوولەکی کانزایی تیژ لە کوپی سەرەوەدا هەیە پێکەوە دەجووڵێن بەرەو لای سەرچاوەی شەربەتەکە، توێکڵەکەی لادەبەن و پەستان دەخەنەسەر گۆشتی ئەو میوەیەی کە شەربەتەکەی لێ دەردەهێنرێت بەرەو لای لوولەکە کانزاییەکە، ئاوی میوەکە لە کونە بچووکەکانی لوولەکەکەوە دێتە دەرەوە، توێکڵی میوەکەش کۆدەکرێتەوە لە پیشەسازی دیکەدا بەکاردێت، ڕێگای دووەم پێویستی بەوەیە کە میوەکان لە ناوەڕاستدا لەت بکرێن پێش ئەوەی بخرێنە ناو گوشەری میوەکەوە.

  • پاڵاوتن و پاککردنەوە.

  • پوختەکردن

دوای پاڵاوتنی شەربەتەکە زۆربەی کات لەناو هەڵمێنەردا خەست دەکرێتەوە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەبارەی شەربەتەکە و وای لێ دەکات کە ئاسان بێت بۆ گواستنەوە و بەرواری بەسەرچوونی زیاد دەکات، شەربەت خەست دەکرێتەوە بە گەرمکردنی بۆ کەمکردنەوەی ئاو تێیدا، نزیکی ٢/٣ ئاوی ناوی لادەبرێت، پاشان سارد دەکرێتەوە لە نزیکی ١٣ پلەی سیلیزیدا، دواتر دووبارە بە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا تێپەڕدەکرێت کە تێیدا شەربەتە خەستکراوەکە تێکەڵدەکرێت لەگەڵ ئاوو و ماددەی دیکەدا بۆ گەڕاندنەوەی هەر تامێک کە لە کاتی خەستکردنەوەدا شەربەتەکە لە دەستی دابێت، هەروەها دەتوانرێت بە بێ زیادکردنی ئاو و ماددەی دیکە و بە خەستی بفرۆشرێت ئەوکات بەکارهێنەر لە کاتی ئامادەکردنیدا بە پێی خواستی خۆی ئاوو و ماددەی دیکەی وەک شەکری تێدەکات

  • پڕکردن و خاوێنکردنەوە لە بەکتریا و ڤایرۆس

پاش پوختەکردن شەربەکە پاکدەکرێتەوە و دەخرێتە ناو بوتڵی تایبەت، هەندێک جار هەر بە گەرمی دەپێچرێتەوە، ئەگەر بە گەرمی بخرێتە ناو بوتڵەوە دەبێت بە زووترین کات سارد بکرێتەوە، ماددەی کیمیایی ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین دەتوانرێت بەکاربێت بۆ پاککردنەوەی شەربەتەکان لە بەکتریا و ڤایرۆس.

  • ساردکردنەوە و پێچانەوە.

ڕیزبەندی تەندروستترین شەربەتەکان

شەربەتی تووتڕک

تامی ترش و ڕەنگی سورێکی ئاڵە، کوپێک لە شەربەتی تووتڕک (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ١١٦ کالۆری
  • ١ گرام پڕۆتین
  • ٣١ گرام کاربۆهیدرات
  • ٠,٢٥ گرام ڕیشاڵ
  • ٣١ گرام شەکر
  • ٤٪ پۆتاسیۆم
  • ٢٦٪ ڤیتامین C
  • ٢٠٪ ڤیتامین E
  • ١١٪ ڤیتامین K

شەربەتی تووتڕک بەوە ناسراوە کە توانای پاراستنی لەشی هەیە دژی نەخۆشی هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ، توێژینەوەکان دەربارەی ئەم کاریگەرییەی شەربەتی تووتڕک ئەنجامی جیاوازییان هەیە، بەڵام لە دوایین توێژینەوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خواردنەوەی شەربەتی تووتڕک مەترسی نەخۆشی هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ بە ڕێژەی ٣٢٪ کەم دەکاتەوە.

ئەم شەربەتە دژەئۆکسانیشی تێدایە کە یارمەتی پاراستنی لەش دەدات دژی تێکشکانی خانەکان بەهۆی تەنۆلکەی سەربەستەوە، تەنۆلکەی سەربەست بەو تەنۆلکانە دەوترێت کە ئۆکسجینی تێدایە بە ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن، ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن وا لە ئۆکسجین دەکات بە ئاسانی کارلێک بکات لەگەڵ گەردەکانی تردا، تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارلکێکی کیمیاییی لە لەشدا و ئەم کارلێکانە ئەگەری هەیە سوودبەخش یاخود زیانبەخش بن.

شەربەتی تەماتە

ئاوی تەماتە جگە لەوەی کە لە دروستکردنی خواردندا بەکاردێت، دەتوانرێت خۆی بە تەنها وەک خواردنەوەیەکی بەتام و بەسوود بخورێتەوە، لە کاتێکدا کە زۆربەی خەڵک پێیان وایە تەماتە سەوزەیە چونکە لە چێشتخانەدا وەک سەوزە بەکاردێت، بەڵام لە پێناسەی بایۆلۆجیدا تەماتە میوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کۆمپانیاکان تەماتە وەک سەوزە هەژماردەکەن لەبەر تامەکەی و ڕێژەی کەمی شەکر تێیدا.

کوپێک لە شەربەتی تەماتە (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ٤١ کالۆری
  • ٢ گرام پڕۆتین
  • ٩ گرام کاربۆهیدرات
  • ١ گرام ڕیشاڵ
  • ٦ گرام شەکر
  • ١١٪ پۆتاسیۆم (ڕێژەی ڕۆژانە)
  • ١٨٩٪ ڤیتامین C
  • ٦٪ ڤیتامین A
  • ٥٪ ڤیتامین E
  • ٥٪ ڤیتامین K

تەماتە ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین C تێدایە کە دژەئۆکسانێکی بەهێزە و یارمەتی مژینی ئاسن دەدات و پێست و کۆئەندامی بەرگری چالاک دەکات، هەروەها تەماتە ڕێژەیەکی زۆر لە خوێی تێدایە کە کانزایەکە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە ئەگەر لە رێژەی ئاسایی زیاتر بەکاربێت.

شەربەتی چەوەندەر

ئەم شەربەتە ڕەنگدارە بە تێکەڵکردنی چەوەندەر لەگەڵ ئاو دروست دەکرێت.

کوپێک لە شەربەتی چەوەندەر (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ٧٠ کالۆری
  • ١ گرام پڕۆتین
  • ١٨ گرام کاربۆهیدرات
  • ١ گرام ڕیشاڵ
  • ١٣ گرام شەکر

ڕێژەیەکی کەم لە شەکری تێدایە وەک زۆربەی سەوزەکانی دیکە، چەوەندەر سەرچاوەیەکی بەهێزی بێتالاینەکانە (betalains) کە بریتین لەو ڕەنگانەی ڕەنگی سووری تۆخ دەدەن بە سەوزەکان، بێتالاینەکان وەک دژەئۆکسانێکی بەهێز کاردەکەن و مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ، هەوکردن و هەندێک جۆری شێرپەنجە کەم دەکەنەوە.

شەربەتی سێو

شەربەتی سێو یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆرەکانی شەربەت و خواستێکی زۆری لەسەرە، دوو جۆری سەرەکی هەیە، تەڵخ و ڕوون، جۆری تەڵخ کرۆکی سێوەکەشی تێدایە و نەپاڵێوراوە، بەڵام جۆری ڕوون کرۆکی تێدانییە و پاڵێوراوە.

کوپێک لە شەربەتی سێو (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ١١٤ کالۆری
  • کەمتر لە ١ گرام پڕۆتین
  • ٢٨ گرام کاربۆهیدرات
  • ٠,٥ گرام ڕیشاڵ
  • ٢٤ گرام شەکر
  • ٥٪ پۆتاسیۆم 
  • ٣٪ ڤیتامین C

شەربەتی سێو سەرچاوەیەکی مامناوەندی پۆتاسیۆمە، کانزایەکە کە وەک ئەلیکترۆلایت کاردەکات و گرنگە بۆ کاری کۆئەندامی دەمار و تەندروستی دڵ، ڕێژەی زۆری دژەئۆکسانی تێدایە یارمەتی پاراستنی لەش دەدات دژی تێکشکانی خانەکان بەهۆی تەنۆلکەی سەربەستەوە، جۆری تەڵخی شەربەتی سێو زۆرترین ڕێژەی دژەئۆکسانی تێدایە.

شەربەتی هەڵوژەی وشک

کوپێک لە شەربەتی هەڵوژەی وشک (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ١٨٢ کالۆری
  • ١,٥ گرام پڕۆتین
  • ٤٥ گرام کاربۆهیدرات
  • ٢,٥ گرام ڕیشاڵ
  • ٤٢ گرام شەکر
  • ١٧٪ ئاسن
  • ٩٪ مەگنیسیۆم
  • ١٥٪ پۆتاسیۆم
  • ١٢٪ ڤیتامین C
  • ٨٪ ڤیتامین K
  • ١٤٪ ڤیتامین B2
  • ١٣٪ ڤیتامین B3
  • ٣٣٪ ڤیتامین B6

شەربەتی هەڵوژەی وشک ڕێژەی زۆری جۆرەکانی ڤیتامین B تێدایە کە ڕۆڵیان هەیە لە زیندەچالاکی لەش و بەرهەمهێنانی DNA و خڕۆکە سورەکانی خوێن، هەروەها تەندروستی چاو و پێست دەپارێزن، وەک چارەسەری قەبزی بەکارهاتووە لەسەردەمی کۆندا و سەرچاوەیەکی باشی دژەئۆکسانیشە.

شەربەتی هەنار

شەربەتی هەنار لەبەر زۆری سوودەکەی لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا وەک چارەسەرێکی باش بەکاردەهێنرێت

کوپێک لە شەربەتی هەنار (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ١٣٤ کالۆری
  • کەمتر لە ١ گرام پڕۆتین
  • ٣٣ گرام کاربۆهیدرات
  • ٠٫٢٥ گرام ڕیشاڵ
  • ٣٢ گرام شەکر
  • ١١٪ پۆتاسیۆم
  • کەمتر لە ١٪ ڤیتامین C
  • ٢٢٪ ڤیتامین K

شەربەتی هەنار دەوڵەمەندە بە ڤیتامین K، کە بەشدارە لە مەینی خوێن، تەندروستی دڵ دەپارێزێت، یارمەتی گەشەی ئێسک دەدات، هەندێک جۆری شەربەتی هەنار ڤیتامین C بۆ زیاد دەکرێت و ڕێژەی ئەم ڤیتامینە تێیدا دەگاتە ٢٧٪.

شەربەتی پرتەقاڵ

یەکێک کۆنترین و باوترین جۆرەکانی شەربەتە و بە سوودە زۆرەکانی بەناوبانگە

کوپێک لە شەربەتی پرتەقاڵ (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ١١٢ کالۆری
  • ٢ گرام پڕۆتین
  • ٢٦ گرام کاربۆهیدرات
  • ٠,٥ گرام ڕیشاڵ
  • ٢١ گرام شەکر
  • ١١٪ پۆتاسیۆم
  • ١٣٨٪ ڤیتامین C

شەربەتی پرتەقاڵ بە سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین C دادەنرێت، دژەئۆکسانێکی گرنگە بۆ تەندروستی پێست و مژینی ئاسن، شەربەتی پرتەقاڵ هەندێک جۆری تری دژە ئۆکسانی تێدایە کە یارمەتی پاراستنی لەش دەدات دژی تێکشکانی خانەکان بەهۆی تەنۆلکەی سەربەستەوە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ٣٠ کەس ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە خواردنەوەی شەربەتی پرتەقاڵ دوای ژەمێکی پڕ لە چەوری و کاربۆهیدرات دەبێتە هۆی باشتر هەرسکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەوکردن، هەندێک جۆری شەربەتی پرتەقاڵ کالسیۆمی بۆ زیاد دەکرێت بۆ پاراستنی تەندروستی ئێسکەکان.

شەربەتی ترێ

کوپێک لە شەربەتی ترێ (٢٤٠ میلیلیتر) ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ٩٥ کالۆری
  • ١,٥ گرام پڕۆتین
  • ١٩ گرام کاربۆهیدرات
  • ١,٥ گرام ڕیشاڵ
  • ٢٠ گرام شەکر
  • ٨٪ پۆتاسیۆم
  • ٩٦٪ ڤیتامین C
  • ٤٪ ڤیتامین E

ئەوەی گرنگە دەربارەی شەربەتی ترێ ئەوەیە کە لەگەڵ ٨٥ جۆری دەرمان کالێک دەکات،بۆیە پێویستە لەکاتی بەکارهێنانی دەرمان بەبێ پرسی پزیشک نەخورێتەوە.


سەرچاوەکان



1711 بینین