جیاوازی سایکۆپاس و سۆشیۆپاس

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-06-19-23:20:00 - کۆدی بابەت: 9087
جیاوازی سایکۆپاس و سۆشیۆپاس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سایکۆپاس یان دەروون نەخۆش (بە ئینگلیزی: Psychopath) و سۆشیۆپاس یان کۆمەڵایەتییانە نەخۆش (بە ئینگلیزی: Sociopath) دوو وشەی باون بۆ پێناسەکردنی هەمان ڕەوشەکانی کەسایەتی کە کەسانێکن گوێ بە یاساکان نادەن، توندوتیژی دەنوێنن و هەست بە تاوان ناکەن، هەرچەندە زۆربەی ڕەفتارەکانیان وەکوو یەکە، بەڵام دوو شتی تەواو جیاوازن، بۆ نموونە سۆشیۆپاس یان کۆمەڵایەتییانە نەخۆش واتا کەسەکە لەڕووی هەستەوە ناجێگیر بێت، بەڵام سایکۆپاس یان دەروون نەخۆش واتا کەسەکە تەواو بێهەست بێت. زۆرجار گوێمان لە وشەی سایکۆپاس و سۆشیۆپاس دەبێت، یان زۆرجار لە زنجیرە و فیلمە سینەمایییەکاندا کەسایەتیێکی سایکۆپاس یان سۆشیۆپاس دەبینین کە ڕۆڵی دژەپاڵەوان یان ئەهریمەن دەگێڕن و جۆری کەسایەتییەکەیان وا دەکات کە دڵخوازی بینەر بن، بەتایبەتیش کەسانی سایکۆپاس کە لەژیانی ڕاستیشدا دڵخوازن چونکە لەڕاستیدا سایکۆپاسەکان فریودەرن، زۆر ئارامن، نەرموونیان و بێدەنگن ئەمەش وا دەکات کەسانی تر بخەنە ژێر ڕکێف و هەستی سۆزداریی خۆیانەوە بۆیە کەسانی تر هاوسۆزییان بۆیان دەبێت لەبەرئەوەی ئارام دەردەکەون و لەگەڵ ژیان و کاردا خۆیان دەگونجێنن بە پێچەوانەی کەسانی سۆشیۆپاس. 

لە ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکاندا هیچ پێناسەیەک بۆ سایکۆپاس و سۆشیۆپاس نابینرێت و پزیشکەکان بەشێوەیەکی فەرمی خەڵکی بە سایکۆپاس و سۆشیۆپاس دەستنیشان ناکەن، لەجێی ئەوە دەستەواژەی جیاواز بەکاردەهێنن، کە پێی دەوترێت تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ (APD) و ئەم دوو حاڵەتە بە جۆرێک لە تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ دادەنێن، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکانی بواری دەروونشیکاری زۆربەی شارەزایان و توێژەران پێیان وایە کە سایکۆپاس بەشێک نییە لە تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ و تەواو جیاوازە چونکە بەهۆی جیاوازی و گۆڕان لە بۆماوە و بۆهێڵی کەسەکان دروست دەبێت، تا ئێستا لێکۆڵینەوە و توێژێنەوە لەم بارەیەوە بەردەوامن بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکە و جیاکردنەوەیان.

نیشانە و تایبەتمەندییەکان

سۆشیۆپاس یان کۆمەڵایەتییانە نەخۆش

  • شکاندنی یاساکان
  • هێرش و پەلاماری جەستەیی
  • فێڵکردن و خەڵەتاندنی کەسانی تر بۆ ویستی تایبەتیی خۆیان
  • تووڕەیی و دژمنکاری
  • گۆڕانی میزاجی پێشبینینەکراو
  • ڕەفتاری سەرەڕۆ و سەرگەرمی
  • ژیانێکی سەرلێشێواو
  • ناتوانێت ژیانێکی ئاسایی و کاری هەبێت
  • چەوساندنەوەی کەسانی تر
  • نابەرپرسیاری
  • هەستنەکردن بە تاوان و پەشیمانی

سایکۆپاس یان دەرووننەخۆش

  • بێهەستییەکی تەواو
  • هەبوونی ژیانێکی ئاسایی بۆ شاردنەوەی تاوانکارییەکانیان
  • سادیزم، چێژوەرگرتن لە ئازادرانی کەسانی تر
  • گرنگی نەدان بە هەستی کەسانی تر، بەڵام وا خۆی دەردەخات کە گرنگی دەدات
  • درۆکردن
  • کەسایەتیێکی دڵبەر
  • نەترسان
  • ڕەفتاری مەترسیدار
  • دانانی پەیوەندی درۆیینە بۆ بەرژەوەندی خۆیان
  • ناتوانێت کەسی خۆش بوێت
  • توانای بڕیاردانی لاوازە
  • نەبوونی ئامانجی ژیان
  • هەستنەکردن بە تاوان و پەشیمانی بۆ کارە هەڵەکانیان
  • ڕەفتاری دڵساردانە

نیشانە و هێماکان لە منداڵاندا

هەندێک ڕەفتاری منداڵ هەن کە دەکرێت ئاماژە بن بۆ ئەوەی ئەو منداڵە لە داهاتوودا دەبێت بە کەسێکی سایکۆپاس یانیش سۆشیۆپاس، بۆ نموونە:

  • هێرش و پەلاماری جەستەیی بۆ سەر کەسانی تر
  • خراپ بەکارهێنانی ئاژەڵ و ئازاردانیان بەبێ بەزەیییانە
  • درۆکردن
  • دزیکردن
  • شکاندنی یاساکان بەبەردەوامی و پێچەوانەی ڕێنماییەکان هەڵسوکەوت دەکەن
  • هەڵسوکەوتی لەناوبەرانە

جیاوازی نێوان سۆشیۆپاس و سایکۆپاس

زۆربەی شارەزایان پێیان وایە کە سۆشیۆپاس و سایکۆپاس هەمان ڕەوشی کەسایەتییان هەیە کە هەردووکیان هەستی ناخیان بەرامبەر ڕاست و هەڵە لاوازە و ناتوانن لە کەسانی تر تێ بگەن و هاوبەشی هەستی کەسانی تر بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازیی زۆریان هەیە کە وا دەکات وەک دوو ڕەوشی جیاواز دەربکەون، کەسایەتیی سۆشیۆپاس یان کۆمەڵایەتییانە نەخۆش ناوێکی نافەرمییە بۆ تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ کە وەک نەخۆشییەکی دەروونی دەستنیشان دەکرێت، بەڵام کەسایەتیی سایکۆپاس یان دەروون نەخۆش ناچێتە هەمان پۆلێنەوە.

جیاوازییەکان بریتین لە:

هەبوونی ویژدان

جیاوازیێکی سەرەکی لەنێوان سۆشیۆپاس و سایکۆپاس بریتییە لە هەبوونی ویژدان کە بریتییە لەو دەنگە نزمەی ناخی مرۆڤ کە ئاگادارمان دەکاتەوە کاتێک کارێکی هەڵە دەکەین. سایکۆپاسەکان ویژدانیان نییە، دەتوانن درۆ لەگەڵ کەسێک بکەن بۆئەوەی پارەکەی بدزن و هەست بە هیچ دڵتەنگبوونێکی ڕەوشتیش ناکەن. لەکاتێکدا سۆشیۆپاسەکان ویژدانیان هەیە، بەڵام لاوازە، ڕەنگە بزانن بردنی پارەکەت کارێکی هەڵەیە و هەستیش بە کەمێک پەشیمانی و تاوانیش بکەن، بەڵام ئەمە لە ئەنجامدانی کارەکە نایانوەستێنێت. بە گشتی سایکۆپاسەکان بەبێ هەستکردن بە ئازاری ویژدان تاوان ئەنجام دەدەن، بەڵام سۆشیۆپاسەکان بە هەستکردن بە ئازاری ویژدانەوە تاوان ئەنجام دەدەن.

سۆشیۆپاسی سەرگەرم و سایکۆپاسی دڵسارد

شتێکی ئاسان نییە کە هەڵەیەک لە کەسێکی سایکۆپاس بگریت و ئاشکرایان بکەیت، چونکە کەسانی زۆر زیرەک و دڵبەرن زۆر بەباشی لاسایی هەستە سۆزدارییەکان دەکەنەوە، لەوانەیە وا خۆیان دەربخەن کە کەسێکیان بەدڵە بەڵام لەڕاستیدا هیچ بەلایانەوە گرنگ نەبێت. ڕۆڵگێڕی زۆر شارەزان کە بەئاسانی کەسانی تر دەخەڵەتێنن بۆ ویستی تایبەتیی خۆیان. لەکاتێکدا سۆشیۆپاسەکان کەمتر دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن و بەئاشکرا دەری دەخەن ئەگەر کەسێکیان بەدڵ نەبێت، زۆرجار لۆمەی کەسانی تر دەکەن و پاساو بۆ ڕەفتارەکانیان دەهێننەوە.

هەندێک لە شارەزایان سۆشیۆپاسەکان بە کەسانی سەرگەرم دادەنێن کە زۆر بەخێرایی تووڕە دەبن و ڕەفتار دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە کەسانی تر چیان لێ دێت، لەکاتێکدا سایکۆپاسەکان زیاتر دڵساردن و زوو هەڵناچن بەڵکوو بەوریایییەوە دەجووڵێنەوە و پەلاماردانەکانیان بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدەن تاوەکوو بگەن بەوەی مەبەستیانە.

ژیان

سۆشیۆپاسەکان زۆر بە زەحمەت دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و کارێکی ڕێکوپێکیان هەبێت، یاخوود بتوانن پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کەسێکدا ببەستن، بەڵام سایکۆپاسەکان دەتوانن زۆر بەئاسایی بژین و کاریش بکەن، خۆیان لەگەڵ خەڵکدا دەگونجێنن و پەیوەندی سۆزداری درۆیینەش دەبەستن تا ئەو کاتەی سوودی بۆیان دەبێت.

دروستبوون و پەرەسەندن 

سۆشیۆپاسەکان وەک لە ناوەکەیانەوە دیارە کۆمەڵایەتییانە نەخۆشن واتا لەڕووی مێشک و جەستەوە بێکێشەن بەڵام بەهۆی ژینگەی دەوروبەر و کۆمەڵگەوە دروست دەبن، لەکاتێکدا سایکۆپاسەکان دەروون نەخۆشن واتا بەم شێوەیە لەدایک دەبن، بۆیە دروستبوونی سایکۆپاسەکان هۆکاری بۆماوەیییان هەیە و بەپێی توێژینەوە نوێیەکان دەرکەوتووە کە مێشکی ئەم کەسانە لە کەسانی ئاسایی جیاوازاە کە کار لە فەرمانەکانی جەستەشیان دەکات، بۆ نموونە کاتێک کەسێک خوێن و توندوتیژی لە فیلمێکدا دەبینێت، لێدانی دڵ و هەناسەدانی خێراتر دەبێت و ناولەپی دەستی ئارەق دەکات، بەڵام سایکۆپاسەکان کاردانەوەی پێچەوانەیان هەیە و ئارامتر دەبنەوە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە زۆر بەبێ ترسی ڕەفتاری مەترسیدار دەکەن.

هۆکار

سۆشیۆپاس و سایکۆپاس هەردووکیان هۆکاری بایۆلۆجی و ژینگەیییان هەیە، ژیانی منداڵیی تاک و شێوازی گەورەکردنیان، لە داهاتوودا ڕۆڵێکی سەرەکیی لە پەرەسەندنی کەسایەتیی سۆشیۆپاس یان سایکۆپاس هەیە. بەشێوەیەکی گشتی تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ لەگەڵ زۆرێک لە نەخۆشییەکانی تردا ڕوودەدات، وەکوو:

هۆکاری سۆشیۆپاسی یان کۆمەڵایەتییانە نەخۆش بوون

زاناکان بەدیاریکراوی هۆکارەکانی سۆشیۆپاسییان نەزانیوە و لێی تێنەگەیشتوون، بەڵام پێیان وایە ژینگەی تاک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بۆ نموونە ئەو منداڵانەی لەڕووی جەستەیی، سێکسی و سۆزدارییەوە خراپ بەکارهێنراون ئەگەری بوون بە سۆشیۆپاسیان زیاترە، هەرچەندە مەرج نییە هەموو کەسێکی سۆشیۆپاس خراپ بەکار هێنرابێت.

هۆکاری سایکۆپاسی یان دەرووننەخۆشی

توێژەرەکان پێیان وایە بۆماوە و هۆکارە بایۆلۆجییەکان ڕۆڵێکی گرنگتریان هەیە لە سایکۆپاسی وەک لە سۆشیۆپاسی. کەسانی سایکۆپاس نیشانەکانیان لە تەمەنێکی منداڵترا لێ دەردەکەوێت وەک لە کەسانی سۆشیۆپاس، ئەمەش ئاماژە بۆ ئەو بیردۆزە دەکات کە دەڵێت "سایکۆپاسەکان لەدایک دەبن، بەڵام سۆشیۆپاسەکان دروست دەبن". سایکۆپاسی دەکرێت پەیوەندیی بە ناتەواوی یان گەشەنەکردنی ئەو بەشەی مێشکەوە هەبێت کە پێی دەوترێت ئەمیگداڵا، کە بەرپرسە لە تواناکانی تاک بۆئەوەی کاردانەوەی گونجاوی بۆ حاڵەتە ترسناک و مەترسیدارەکان هەبێت، ئەم بەشەی مێشک هەستە سۆزدارییەکانیش ڕێک دەخات. هەروەها دەرکەوتووە چەند بەشێکی تریش لە مێشکی کەسانی سایکۆپاس لە مێشکی کەسانی ئاسایی جیاوازە. هەروەها بەپێی توێژینەوەک دەرکەوتووە کە کەسانی دەروون نەخۆش مێژووی خێزانێکی ناجێگیریان هەیە، لە ژینگەیەکدا گەورەبوون کە لەبار بووە بۆ توندوتیژی و زۆربەشیان دایک و باوکێکی ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانیان هەبووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ناجێیگری ژیانیان کاتێک گەورە دەبن.

نواندنی توندوتیژی

هەرچەندە سۆشیۆپاس و سایکۆپاسەکان بەشێوەیەکی باو وا بیریان لێ دەکرێتەوە کە خۆڕسکانە کەسانی توندوتیژن و خەریکی کوشتن و بڕینن، بەڵام ئەمە تەنیا لە زنجیرە و فیلمەکاندا زیاتر وێناکراوە و دەرخستنێکی ڕاستی و گشتیی کەسایەتیی سۆشیۆپاس و سایکۆپاس نییە، ئەم کەسانە لە ژیانی ڕاستیدا توندوتیژی دەنوێنن بەڵام تایبەتمەندییەکی خۆڕسک نییە تێیاندا و مەرج نییە هەمووشیان تاوانی توندوتیژانە و گەورە ئەنجام بدەن بەڵکوو زیاتر کەسانی تر دەخەڵەتێنن و ڕەفتاری سەرشێتانە و کەمتەرخەمانە ئەنجام دەدەن بۆ گەیشتن بەوەی دەیانەوێت. بە گشتی سایکۆپاسەکان مەترسیدارترن بۆ کۆمەڵگە و زیاتر چاوەڕوانی ئەنجامدانی تاوانیان لێ دەکرێت و ئازاری خۆشیان دەدەن، چەند سایکۆپاسێکی ڕاستەقینە لە مێژوودا بوونیان هەیە هاوشێوەی کەیسەکەی جێفری دامر (Jeffrey Dahmer) کە بکوژێکی زنجیرەییی ئەمریکی بوو لە شاری موڵواکیی لە ویلایەتی ویسکانسن، جێفری بە دڕندەکەی موڵواکی ناسرابوو کە لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٩١ نزیکەی ١٧ پیاو و کوڕی کوشت و پارچەپارچەی کردن، هەروەها زۆدیاکی بکوژی زنجیرەیی کە لەماوەی ساڵانی ١٩٦٠ـەکاندا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکادا تاوانی زۆری ئەنجامداو و وا دەخەمڵێنرێت کە نزیکەی ٣٧ تاوانی کوشتنی ئەنجام دابێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز دەستگیر نەکرا و کەس نازانێت کێ بووە و چی لێ بەسەرهاتووە.

دەستنیشانکردن و چارەسەر

سۆشیۆپاس و سایکۆپاس دوو کەسایەتیی جیاوازنن توێژینەوەکان لەسەر کەسایەتیی سایکۆپاس بەردەوامن و تا ئێستا ئەمە وەک حاڵەتێکی فەرمی دەستنشاننەکراوە، بەڵام کەسایەتیی سۆشیۆپاس کە ناوێکی نافەرمییە بۆ تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ بەشێوەیەکی فەرمی و کلینیکی وەک نەخۆشییەکی دەروونی دەستنیشان دەکرێت و چارەسەر دەکرێت. 

بابەت: دەستنیشانکردن و چارەسەری تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ.


سەرچاوەکان



2449 بینین