دیموکراسیی لیبراڵی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-16-15:49:00 - کۆدی بابەت: 7275
دیموکراسیی لیبراڵی

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی دەستەواژەکە

دیموکراسی لیبراڵی (بە ئینگلیزی: Liberal democracy، بە عەرەبی: الديمقراطية الليبرالية) فۆرمێکە لە دیموکراسی نوێنەرایەتی کە بەپێی بنەماکانی لیبرالیزم کاردەکات، واتە پاراستنی مافی تاک بەپێی یاسا کە بە گشتی بۆی دابین کراوە. ئەم شێوازەی حکوومەت بەهەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئازاد و ڕکابەری نێوان لایەنە سیاسییەکان دیاری دەکرێت، لەگەڵ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە لقە جیاوازەکانی حکومەت و سەروەری یاسا لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە کۆمەڵگایەکی کراوە، لەگەڵ گرەنتی یەکسانیی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی مەدەنی و سیاسی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.

بۆ پێناسەکردنی سیستەمەکە بە شێوەیەکی کرداری، دیموکراسییە لیبراڵەکان زۆرجار پشت بە دەستوور دەبەستن بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی حکوومەت و بەستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی. دوای ماوەیەک لە فراوانبوونی بەردەوامی سەدەی بیستەم، دیموکراسی لیبراڵ بووە شێوازی حوکمڕانی زاڵی سەدەی ٢١ و ئەمڕۆش زۆرێک لە حیزبەکانی ڕۆژئاوا وەک پشتیوانی شێوەی حکوومەتی لیبراڵی دیموکراسی دەبینرێن سەرەڕای ئەوەی بە لیبراڵی ناناسرێن، وەک حیزبی دیموکراتی مەسیحی و حیزبی دیموکراتی سۆسیالیست.

دیموکراسی لیبراڵی ڕەنگە شێواز و فۆڕمی دەستووری جیاواز وەربگرێت:

  • لەوانەیە کۆمارێکی دەستووری بێت وەک (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، کۆماری ئیرلەندا، ئیتاڵیا، یان ئەمریکا).
  • یان پاشایەتی دەستووری وەک (ژاپۆن، ئیسپانیا، هۆڵەندا یان شانشینی یەکگرتوو).
  • لەوانەیە سیستەمێکی سەرۆکایەتی هەبێت وەک (ئەرجەنتین و بەڕازیل و مەکسیک و ئەمریکا)
  • یان سیستەمێکی نیمچە سەرۆکایەتی وەک (فەڕەنسا)
  • یان سیستەمێکی پەرلەمانی وەک (ئوستڕالیا، کەنەدا، هیندستان، ئیتاڵیا، نیوزلەندا، پۆڵەندا، هۆڵەندا و شانشینی یەکگرتوو)
  • شوێنێکی وەک ئیسرائیلیش سەبارەت بە شێوازەکەی مشتومڕ هەیە و سەرەڕای ئەوەی دیموکراسی لیبراڵییە بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە کە وای لێ دەکات ببێتە سیستمێکی ئێثنۆکراسی.

ئازادییە لیبراڵییەکان

زۆرترین پێوەری بەکارهێنراو بۆ دیموکراسی لیبراڵی فۆڕمی ماف و ئازادییەکان وەردەگرێت، بەڵام هیچ دەوڵەتێک نایەوێت بەوە بناسرێت کە "ئازاد نییە" و لەگەڵیشیدا دوژمنەکانی ئەو وڵاتە وڵاتەکە بە "ستەمکار" دادەنێن و بەمەش مشتومڕ لەسەر سووربوون لەسەر ئەوەی وڵاتێک تایبەتمەندییەکەی تێدایە یان نا کێشەی لەسەرە.

کۆمەڵێک نموونەی لیبراڵیزم

  • مافی ژیان و سەلامەتی تاکەکەسی
  • ئازادی لە کۆیلایەتی
  • ئازادی هاتووچۆ
  • یەکسانی لە بەردەم یاسا
  • ئازادی ڕادەربڕین
  • ئازادی ڕۆژنامەگەری و دەستگەیشتن بە زانیاری لە سەرچاوەی جۆراوجۆری زانیاری بەخش
  • ئازادی لە دروستکردن و بەشداری لە دامەزراوە و کۆمەڵەکان
  • ئازادی پەروەردە
  • ئازادی ئایین
  • مافی دادپەروەری لە ڕێگەی مافی دادوەری سەربەخۆ و جیاکردنەوەی لە دەسەڵات
  • مافی خاوەندارێتی و کڕین و فرۆشتن، کە زۆرجار وەک ئازادییەکە و بەستراوە بە ئازادییە ناوبراوەکانی سەرەوە، هەرچەندە ئەم پێشنیارە زۆر جێی مشتومڕە.

جیاوازی لیبراڵی و دیموکراسی

لە ڕاستیدا ئایدیۆلۆژیای لیبراڵی بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە تاکەوە هەیە، لە کاتێکدا کە ئایدیۆلۆژیای دیموکراسی بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە کۆمەڵگا و کۆمەڵەوە هەیە. کۆڵەکەی بنەڕەتی لیبڕالیزم خولیای تاکایەتی و ئازادی تاکەکەسییە، لە کاتێکدا گۆشەی دیموکراسی بە شێوەیەکی سەرەکی ئازادی لە واتا و پراکتیزەی گشتی خۆیدا لە لایەکەوە و ئاشتی و بابەتی یەکسانی گشتییە لەلایەکی دیکەوە.

فرانسیس فۆکۆیاما لیبڕالیزمی سیاسی بە یاسای یاسا پێناسە دەکات کە دەستەبەری مافی تاکەکەسی دیاریکراو یان ئازادییە تایبەتەکان دەکات بۆ هاوڵاتیان دوور لە دەسەڵاتی حکومەت.

ئەو ماف و ئازادییانەیش بابەتی فرە پێناسەیە، فرانسیس ئاماژەی بە لۆرد جەیمس پرایس کردووە، کە سێ مافی سەرەکی پێناسە کردووە و بریتین لە:

مافە مەدەنییەکان: لێخۆشبوونی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر هاوڵاتیاندا لەو شتانەی کە پەیوەندی بە کەس و خاوەندارییەوە هەیە.

مافە ئایینیەکان: لێخۆشبوونی دەسەڵات و وازهێنانی حکوومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی مافی هاووڵاتی بۆ ئازادی پەرستن و بیروڕا.

مافی سیاسی: لێخۆشبوون و وازهێنان لە سانسۆڕی هەر شتێک کە کاریگەری نەبێتە سەر ئاسایش و بەرژەوەندی کۆمەڵگا وەک ئازادی ڕۆژنامەگەری.

لە لایەکی دیکەوە دیموکراسی مافی گشتی هاوڵاتیانە کە بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بکەن، مافی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتی سیاسی، پرەنسیپێکی لیبراڵی بنەڕەتییە. بۆیە لیبراڵیزم بە درێژایی مێژوو لە پەیوەندییەکی نزیکدا بووە لەگەڵ دیموکراسیدا.

فۆکۆیاما پێناسەیەکی بنەڕەتی بۆ دیموکراسی هەیە و بۆ ئەوەی بزانێت سیستمی سیاسی وڵاتێک دیموکراسییە، دەڵێت کە سیستەمێکی دیموکراسی ئەوەیە کە هەموو هاووڵاتییە پێگەیشتووەکان لەسەر بنەمای فرەحیزبی و دەنگدانی نهێنی ڕێگە بە هەڵبژاردنی حکوومەتەکەیان پێ بدرێت. ئەم پێناسە بنەڕەتی یان فەرمییەی کە دیموکراسی چییە ڕەنگە هەمیشە گرەنتی مافی یەکسانی نەبێت بۆ بەشداریکردن، لەوانەیە ببێتە هۆی دەستکاریکردن لەلایەن بەشێکی گەورەی دەسەڵاتدار و لە بەرژەوەندی ڕاستەقینەی گەل نەبێت. بەڵام لەبیرکردنی دیموکراسی و هەڵبژاردنی نهێنی و فرەحیزبی دەرگەی ناکۆکی و دژایەتی گەورە دەکاتەوە لەلایەن دوژمنانی دیموکراسییەوە وەک ئەوەی ڤلادیمێر لینین ئەنجامی دا و دیکتاتۆری تاکحیزبی دروستکرد بەناوی "دیموکراسی ڕاستەقینە بەناوی گەل"، بۆیە سەرەڕای خراپی و لێکەوتەکانی بەڵام گرەنتی دامەزراوەیەکی چالاکی دژە دیکتاتۆری دەکات.

لە ڕووی تیۆرییەوە، دەکرێت دیموکراسی لە لیبرالیزم جیابکرێتەوە. کۆمەڵگایەک دەتوانێت لیبڕاڵی بێت و نادیموکراسی بێت وەک شانشینی یەکگرتوو لە سەدەی هەژدەهەمدا. ئەو (شۆڕشی شکۆدار) کە پادشا جەیمسی دووەمی هێنایە خوارەوە، پڕۆژە یاسایەکی دروستکرد کە مافی دەدا بە پرۆتستانتەکان چەک هەڵبگرن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەپێی یاسا، هەروەها سزا توند و نائاساییەکانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها ئازادی دەربڕینی بیروڕای دروستکرد بەبێ ترس لە لێپێچینەوە، لەگەڵ دیاریکردنی توانا و دەسەڵاتەکان و ڕێگریی لە بڕیاردانی هەر یاسایەک بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی بەریتانیا ببێتە شانشینێکی یەکگرتوو و وڵاتێکی دیموکراسیش. بەڵام مافی بەشداریکردن لە پەرلەمان سنووردار بوو بە گروپێکی زۆر بچووکی تەنیا لە ٣٪ ی دانیشتوان، بۆیە دەوترێت کە بەریتانیا لەو کاتەدا لیبراڵ بووە نەک دیموکراسی.


سەرچاوەکان



969 بینین