ڤێتنام

له‌لایه‌ن: - مەستان محەمەد مەستان محەمەد - به‌روار: 2022-04-09-01:25:00 - کۆدی بابەت: 8180
ڤێتنام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

ڤێتنام (بە ئینگلیزی: Vietnamدەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە لەگەڵ باشووری دەریای چین، هەروەها لە باکوورەوە لەگەڵ وڵاتی چین هاوسنوورە، لە باشووری ڕۆژئاوادا لەگەڵ کەنداوی تایلەند و لە ڕۆژئاوادا لەگەڵ کەمبۆدیا و کۆماری دیموکراتی لاو هاوسنوورە، ژمارەی دانیشتوانی ڤێتنام بە نزیکەیی دەکاتە 102 ملیۆن کەس، ڕووبەرەکەی 331.212 کیلۆمەتر دووجایە، لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی باکوور و باشوور لە ساڵی 1976 شاری هانۆی بووە بە پایتەختی وڵات، دەکەوێتە بەشی باکوورەوە و لەڕووی ڕووبەرەوە بە یەکەم گەورەترین شار دادەنرێت کە ڕووبەرەکەی دەکاتە 3.324.92 کیلۆمەتر دووجا، دووەم گەورەترین شارە لە ڕووی دانیشتوانەوە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی بەنزیکەیی دەکاتە 6,936,900 کەس.

مێژووی ڤێتنام

مێژووی بوونی دانیشتوان لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 500.000 ساڵ پێش زایین بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، چەند ساڵێکی کەم پێش زایین لەلایەن چینییەکان داگیرکرا، لەساڵی 43ی زاینییدا شۆڕشێکیان بەرپاکرد دژی چینییەکان بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، داگیرکاری چین بۆ سەر ڤێتنام تاکو ساڵی 602ی زایینی بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا سەربەخۆ بوو، لە ساڵی 602ی زایینی دووبارە چین توانی دەستی بەسەردا بگرێتەوە، بەردەوام بوو لە حوکمکردن تا ساڵی 905ی زایینی. لە دوای سەدەی دەیەم چەند دەسەڵاتێکی جۆراوجۆر حوکمی ڤێتنامیان کرد، دواتر بۆ چوارەم جار لەلایەن هێزە چینیەکانەوە داگیرکرایەوە، ئەم جارە بۆ ماوەی دوو دەیە فەرمانڕەواییان کرد، پاش کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم فەڕەنسا داوای کرد کە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێردەستی بۆ بگێڕنەوە، کە ڤێتنام و کەمبۆدیا و لاوس بوون خەڵکی ڤێتنامی سەربەخۆییان دەویست، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێک ئەنجامەکەی کشانەوەی فەرەنسا و دابەشبوونی ڤێتنام بوو. بەشی باکوور زۆر بە خێرایی لەلایەن کۆمۆنیستەکان داگیرکرا، لە کاتێکدا کە بەشی باشوور لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرا. پشتگیری ئەمریکا بۆ باشوور لە بەرامبەر پشتگیری کۆمۆنیستەکان بۆ باکوور لە کۆتاییدا بووە هۆی جەنگێک کە بە "جەنگی ڤێتنام" ناسراوە، ئەمریکا پاشەکشەی کرد و ڤێتنامی باکوور لە ساڵی 1975 شەڕەکەی بردەوە، سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان بووە هۆی پێکهێنانی دەوڵەتێک کە تا ئەمڕۆش کۆمۆنیستە.

سیستمی دەسەڵات

ڤێتنام وڵاتێکە کە سیستمی کۆماری سۆسیالیستی هەیە.

شارە سەرەکییەکانی ڤێتنام

•  هۆ چی مین
•  هانۆی
•  دا نانگ
•  هایفونگ
•  بین هوا
•  هیوگ
•  نها ترانگ
•  کن تا‌
•  راش جیا
•  کی نهۆن

ئایین و ژمارەو زمانی دانیشتووان

لە ڕووی ئایینەوە ڤێتنام وڵاتێکی عیلمانییە، لە ئەنجامی ڕابردووە کۆمۆنیستەکەی، بەڵام کۆنفوسیانیزم و مەسیحیەت و بودی و هیندۆزی و ئیسلام و ئایینی ڤێتنامی بوونیان هەیە، ئایینی فۆلکلۆری ڤێتنامی تێکەڵەیەکە لە ئایینە جیهانی و ئایینە ڕەسەنەکان، بەڵام زیاتر تیشک دەخاتە سەر پیرۆزکردنی هێما خواوەندییەکان، زۆرینەی ڤێتنامیەکان سەر بە هیچ ئایینێک نین، بەپێی سەرژمێرییەکان بۆ ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی ڤێتنام بە نزیکەیی 102,789,598 کەس دەبن، بەو پێیەش 15یەمین وڵاتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، زمانی ڤێتنامی زمانی سەرەکی وڵاتە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی قسەی پێدەکەن، کەمینەکان بە چەند زمانێکی تر دەدوێن وەکوو تای، مونگ و چینی، هەروەها زمانی فەڕەنسی وەکو پاشماوەی داگیرکاری تاکوو ئێستا کەسە بەتەمەنەکان بەکاری دەهێنن، لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکانی نێوان ڤێتنام و ڕۆژئاوا زیادی کردووە و ئینگلیزیش بووە بە زمانی دووەم لە وڵاتەکەدا.

ئابووری ڤێتنام

ئابووری ڤێتنام بە پێی داهاتی ناوخۆیی بە پلەی 45 دێت لە جیهاندا و پلەی 33یەمین لە جیهاندا وەکوو گەورەتریین ئابووری بە پێی توانای هێزی کڕین، جگە لە ئەندامێتی ڤێتنام لە کۆمەڵەی هاریکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن و کۆمەڵەی نەتەوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی.

کەرتی گەشتوگوزار لە ڤێتنام

ڤێتنام یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین وڵاتە گەشتیاریەکانە، گەشتیاران لە سەرتاسەری جیهان ڕووی لێدەکەن، دیمەنێکی بێوێنەی هەیە بەهۆی دەریای چین، کە چێژێکی جیاواز دەبەخشێت بە کەرتی گەشتیاری ڤێتنام، لە نێو کەناراوەکان و ڕووبارەکان و دوورگە سەرسوڕهێنەرەکان کە دەورەدراوە بە درەخت و گەڵا سەوزەکان.


سەرچاوەکان

597 بینین