ناوهڕۆك
هەرێمی باکوور
سەرەتای سەرژمێری گشتی دانیشتووانی لە هەرێمی باکووردا، بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە. لەم هەرێمەدا لەسەردەمی عوسمانییەکاندا، دوو سەرژمێری کراوە، یەکەمیان لە ساڵی ١٨٣١ و دووەمیشیان لە ساڵی ١٨٧٦ دا بووە. لە دوایشدا درێژە بەو کارە دراوە. یەکەم سەرژمێری گشی لە چوارچێوەی کۆماری تورکیای نوێدا، لە ساڵی ١٩٢٧ دا کرا. لە پاشان هەر پێنج ساڵ جارێک، ئەم کارە لە لایەن دامودەزگاکانی ئامارییەوە دووبارە کراوەتەوە. ژمارەی سەرژمێرییەکان تا ساڵی ١٩٩٠، گەیشتە ١٣ سەرژمێری گشتی.
دانیشتووان لە هەرێمی باکووری کوردستاندا، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٧ – ١٩٩٠ دا، ٨ میلۆن و ٨٤٥ هەزار کەسیان زیاد کردووە، واتا، ١١٦٪ یاخود پێنج کەڕەتیان زیاد کردووە. تێکڕای زیادبوونی ساڵانە لەم هەرێمەدا، بە ڕێژەی ٢.٦٪ بووە. کە وەکوو تێکڕای زیادبوونی ساڵانەی سەرەتایی کوردستان. زیادەکەش بە پلەی یەکەم، بۆ زیادبوونی سروشتیی دەگەڕێتەوە.
زیادبوونی ڕووت و ڕێژەیی لە پارێزگاکانی هەرێمی باکووردا، جگە لە دەرسییم (تونجەلی) ئەنجامێکی باشی هەبوو، بەڵام زیادبوونەکە لە هەموو پارێزکاکاندا وەکوو یەک نەبوو. بەرزترین ڕێژەی زیادبوون، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٠ – ١٩٨٥ دا، بەر پارێزگاکانی ئورفە (١٩٢ هەزار کەس) و گازی ئانتەب (١٥٨ هەزار کەس) و دیاربەکر (١٥٦ هەزار کەس) کەوت. هۆکەشی بۆ چەند فاکتەرێ دەگەڕێتەوە، لەوانە: زیادکردنی بەرهەمی ساڵانەی بەروبوومی کشتوکاڵی لە یەک هێکاتر زەویدا، بەهێزبوونی توانی چاندن، گۆڕینی سروشت و شێوەی چاندن لە کشتوکاڵکردن بە شێوەیەکی فراوان، بۆ کشتوکاڵ کردن بە شێوەیەکی چڕتر، واتا چاندنی بەرهەمی پیشەسازیی و ئالیکی بۆ ئاژەڵ، لە جیاتی گەنم و جۆ، کۆچکردن لە هەندێک پارێزگای دیکەوە، بۆ ئەم یەکە ئیدارییانە.
دەرسیم تاکە پارێزگایە لەم هەرێمەدا، کە ژمارەی دانیشتووانی نەک هەر زیاد ناکات، بەڵکوو بەردەوام ڕوو لە کەمبوونیش دایە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ – ١٩٨٥ دا، لە ١٥٨ هەزار کەسەوە بوون بە ١٥٢ هەزار کەس، واتا، شەش هەزار کەسیان کەم کردووە. هۆکەشی لە لایەکەوە بۆ هەژمار نەکردنی ئانقەستی هەندێک لە دانیشتووان لە سەر ژمێرییەکدا دەگڕێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ ئەوەی نە بە تورک نە بە هاونیشتمانییانی تورکیا لە قەڵەم بدرێن. هەروەها لە هەندێک دانیشتووانی ئەو شارە، لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا تێکەڵ بوون. کە ناکرێت ناونووس بکرێن.
دیارە ئەم ژمارەیە گەلێ زیاتر دەبوو، ئەگەر ئاشتی و ئاسایشی و هێمنی لە ووڵاتدا هەبووایە و خەڵکی ئەو ناوچانە لە ئەنجامی جەنگی نێوان هێزەکانی تورکیا و کوردستاندا، دەربەدەر و دوور نەخستایایەتەوە و نە کوژرانایە، بۆ نموونە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٤ – ١٩٩٥ دا، بە پێی هەواڵی هۆیەکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵاتی، ١٧ هەزار کەس کوژراوە.