دار

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-03-12:19:00 - کۆدی بابەت: 7477
دار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دار (بە ئینگلیزی: wood) بریتییە بەشی سەرەکی بەهێزکەر و شانە گەیەنەری خۆراک بە درەخت و ڕووەکەکانی دیکە و یەکێکە لە ماددە سروشتییە پێویست و بەردەستەکان بۆ مرۆڤ، دار بە ڕەنگ و دەرکەوتەی جیاواز بوونی هەیە، زۆر بەهێزە بە بەراورد بە کێشەکەی و کارەبا و گەرمی ناگەیەنێت، چەندین تایبەتمەندی و خوڕەوشتی خوازراوی هەیە، دار هەر لە سەرەتای دروست بوونی مرۆڤایەتییەوە وەک کەرەستە بەکارهاتووە.
لە سەدەی ٢١دا سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بەکارهێنانی پلاستیک و کانزا و چیمەنتۆ و هەندێک ماددەی دیکە، دار وەک کەرەستە ڕۆڵە ڕەسەنەکەی خۆی لە دەست نەداوە و بە بەکارهێنانی لە چەندین بواری نوێدا خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات. 
جگە لە بەرهەمە ناسراوەکانی کەلوپەل و تەختە و تەختەداری تەنک و پان، دار ماددەی خاوی بەرهەمهێنانی سافکەرەکانی لە دار دروستکراو و هەویری کاغەز و کاغەز و هەندێک بەرهەمی کیمیایی لە دار دروستکراوە، هەروەها دار تاکوو ئێستاش لە زۆربەی بەشەکانی جیهاندا یەکێکە لە گرنگترین سووتەمەنییەکان.

بەرهەمهێنان و بەکارهێنان

لە دەستەواژەی ڕووەکیدا دار بەشێکە لەو سیستمەی کە ئاو و کانزا تواوەکان لە ڕەگەوە دەگوازێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی ڕووەک، ئەو خۆراکەی لەلایەن ڕۆشنەپێکهاتنەوە بەرهەم دەهێنرێت هەڵدەگرێت، هەروەها وەک پاڵپشتێکی هەڵگری ڕووەک کاردەکات.
نزیکەی ٢٥٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠٠ جۆری ڕووەک داریان هەیە و لەو ژمارەیە تەنها ٣٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ دارەکەی گونجاوە بۆ بەکارهێنان وەک کەرەستە، دارستانەکانی بەرهەمهێنانی دار و ڕووەکە دارییەکانی دیکە دوو جۆرن: تۆوداپۆشراو (بە ئینگلیزی: angiosperms) و تۆوڕووت (بە ئینگلیزی: gymnosperm)، تۆوڕووتەکان بەشێوەیەکی گشتی دارەکەیان سافە و هەمیشە سەوزن وەک: سنەوبەر و ئەنەناس، بەڵام دارە تۆوداپۆشراوەکان دارێکی کەمەرەیی خۆڕاگر و بەهێزە وەک داری بەڕوو و بەلسا و ساج.
دار کەرەستەیەکە کە گرنگییەکی ئابووریی مەزنی هەیە، لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە و دەکرێت بە شێوەیەکی بەردەوام ڕێکبخرێت وەک سەرچاوەیەکی نوێکەرەوە.
لەسەر بنچینەی کێشەکەی بەکارهێنانی دار هەمیشە لە فراوان بووندایە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا زیاتر لە نیوەی دارەکانیان وەک سووتەمەنی بەکاردێت، بەرهەمهێنانی کاغەز بە شێوەیەکی خێرا لە هەموو بەرهەمەکانی دیکەی دار زیاتر پەرەی سەند، پێشبینی دەکرا ئەم خواستەی بەکارهێنانی کاغەز بەردەوام بێت تاکوو بەکارهێنانی کاغەز بۆ هەرکەسێک لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا نزیک ببێتەوە لەو بەکارهێنانەی کە بە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەیە.
زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی زەوی هۆکارە بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی دار و بڕینەوەی دارستانەکان.
هەوڵەکان بۆ وەستاندنی کەمبوونەوەی دارستانەکانی سەرزەوی و زیادکردنی بەرهەمی دارستانەکان بوو بەهۆی پلان و بەرنامە دانان بۆ خێرا گەشەکردنی بەشەکانی درەخت، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کاغەز و بەکارهێنانی دار لە چەندین توێژینەوەدا توانی کێشەی زۆر بەکارهێنانی دار کەم بکاتەوە.

تایبەتمەندی

تایبەتمەندی بەرکەوتن

تایبەتمەندییەکانی بەرکەوتنی دار ڕەنگ، بۆن، تام، درەوشانەوە، دەرکەوتە، کێش، بەهێزی، شێوە و زبرییەکەی دەگرێتەوە، ئەم تایبەتمەندییە دیارانەی دار دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ ناساندن و پێناسەکردنی بەشێک لە دار.

ڕەنگ

دار مەودایەکی فراوان لە ڕەنگی هەیە وەک زەرد، سەوز، سوور، قاوەیی، ڕەش و سپی، بەڵام زۆربەی دارەکان ڕەنگێکی سپی یان قاوەیی باویان هەیە، جیاوازییەکان دەکرێت لەسەر یەک پارچە داردا دەرکەون، ڕەنگی سروشتی دار شایەنی گۆڕانە بە بەرکەوتنی هەوا یان سپیکەرەوە و ڕەنگکەر بۆ ماوەیەکی زۆر، هەندێک جۆری دارەکان درەوشاوەن.

بۆن و تام

بۆن و تامی دار بەهۆی ماددە بەهەواداچووەکانی ناویەوە دروست دەبن، قورسە کە پێناسەی بۆن و تامەکەی بکەیت، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا بەسوودن بۆ جیاکردنەوەی تایبەتمەندی دارەکان، دەستەواژەی دەرکەوتەش پێناسەی ڕێژەی چونییەکی دەرکەوتەی ڕووکاری دار دەکات.

زبری و دەرکەوتە

دەستەواژەی زبرییش بە شێوەیەکی هاوواتا لەگەڵ دەرکەوتەدا بەکاردێت کە ڕەقیی، وردی، دەرکەوتە یان زبری دەگرێتەوە، هەروەها ئاڕاستەی توخمەکانی دار پێناسە دەکات بەوەی کە ڕێک یان پێچخواردوو یان شەپۆلدارن، زبری هەندێک کات بەکاردێت بۆ سەلماندنی شێوە.

شێوە

دەستەواژەی شێوە بەکاردێت بۆ دیزاینی سروشتی و شێوازی ڕووکاری دار.

کێش و بەهێزی

کێش و بەهێزیش زیاتر ڕێگای دەستنیشانکردن دەگرێتەوە نەک تەکینیکەکەی، کێش بە بەرزکردنەوە بە دەست دیاری دەکرێت و بەهێزییەکەشی بە پەستان خستنەسەری بە پەنجەی دەست.

چڕی و چڕی ڕێژەیی

چڕی بریتییە لە کێش یان بارستایی لەسەر قەبارەی دار، چڕی ڕێژەییش بریتییە لە ڕێژەی چڕی دار لە چڕی ئاودا، لە سیستمی مەتری پێوانەدا چڕی و چڕی ڕێژەیی ژمارەییانە چونییەکن.

دۆزینەوەی چڕی دار لە هەموو ماددەکانی تر قورسترە چونکە دار شێ هەڵدەمژێت و کێش و قەبارەش بە بڕی شێ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، لەبەر ئەم هۆیە بۆ دەستکەوتنی ژمارەیەکی جێگیر کێش و قەبارە لە بڕێکی دیاریکراوی شێدا دەدۆزرێنەوە.
چڕی کاردەکاتە سەر بڕی ئەو شێیەی دار دەتوانێت بیمژێت و درزبردن و ئاوسانی، هەروەها تایبەتمەندی میکانیکی و تایبەتمەندییەکانی دیکە، بەشێوەیەکی گشتی چڕی کوالیتی داری خاوێن دیاری دەکات.

تایبەتمەندیی میکانیکی

تایبەتمەندییە میکانیکی یان هێزییەکانی دار توانای دار بۆ بەرگەگرتنی ئەو زەبرەی دەخرێتە سەری دەپێوێت، کە دەکرێت بەپێی قەبارە و شێوەکەی بگۆڕێت، توانای بەرگەگرتنی زەبر پشت دەبەستێت بە بڕ و شێوازی خستنەسەری زەبرەکە و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی دار وەک چڕی و بڕی شێ، گرنگە کە بزانرێت دار بەتەواوی تایبەتمەندییە هێزییەکانی دەگۆڕێت کاتێک زەبر دەخرێتە سەری بەشێوەیەکی ئەستوونی یان بەشێوەیەکی ئاسۆیی.
چڕی باشترین کاریگەرە لەسەر هێزی دار، چڕی بەرز مانای هێزی زیاترە، هەروەها هێزی دار بە ڕێژەی شێش کاری لێدەکرێت، بەشێوەیەکی گشتی کەمیی ڕێژەی شێ بە واتای زیادکردنی زۆربەی تایبەتمەندییە هێزییەکانی دار دێت، پلەی گەرمی و کاتی مانەوەی زەبر کاردەکاتە سەر هێزی بەرگەگرتنی دار، هەروەها هێزی دار بەتەواوی کەم دەکات بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.

تایبەتمەندیی گەرمی

بە گۆڕانی پلەی گەرمی دار دەکشێت و دەچێتەوە یەک، ئەم گۆڕانە بە بەراورد بە درزبردن و ئاوسان کە هۆکارەکەی ڕێژەی شێیە کەمترە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا گۆڕانی پەیوەست بە پلەی گەرمی کە کشان و چوونەوە یەکە پشتگوێ دەخرێت، تەنها پلەی گەرمی خوار سفری سیلیزی توانای هەیە کاربکاتە سەر پشکنینی ڕووکارەکەی، لە درەختی زیندوودا چوونەوەیەکی نایەکسانی چینەکانی دەرەوە و ناوەوەی درەختەکە دەکرێت ببێتە هۆی درزبردن.
دار توانای گەیاندنی گەرمی کەمە (توانای نەگەیەنەریی زۆرترە) بە بەراورد بە ماددەکانی دیکەی وەک شووشە و کۆنکرێت، گەیاندنی گەرمی لە ئاڕاستەی ستوونی داردا بەرزترینە و بە زیادبوونی چڕی و ڕێژەی شێ زیاد دەکات، واتە داری وشکی سووک باشترین نەگەیەنەرە.
کاتێک دار پلەی گەرمییەکی زۆری بەردەکەوێت دەسووتێت، ئەم تایبەتمەندییە وای لە دار کردووە کە گونجاوبێت بۆ مەبەستی سووتاندن، دار دەبێت پلەی گەرمییەکەی بەرز بکرێتەوە بۆ نزیکی ٢٥٠ پلەی سیلیزی بۆ ئەوەی پریشک یان گڕبگرێت تاکوو بسووتێت، بەڵام کاتێک پلەی گەرمییەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ ٥٠٠ پلەی سیلیزی ڕاستەوخۆ دەسووتێت.


سەرچاوەکان



1779 بینین