کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

له‌لایه‌ن: ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-01-22:33:00 - کۆدی بابەت: 2817
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

ناوه‌ڕۆك

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

بە هۆی ستراتیژیەتی شوێنی جوگرافی شارەکە، کە هاوسنووری ئێرانە و ڕێگایەکی بازرگانییە و مێژووی دوور و درێژی بەرهەڵستی کردنی دانیشتوانەکەی لە دژی زۆرداری ڕژێمی بەعس، گەواهی خۆڕاگری و لە خۆبوردەیی دانیشتوانەکەی بووە. ئەم هۆکارانە وای لە ڕژێـمی بەعس کرد، چاوی زیاتر بخاتە سەر دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، هەڵەبجە بە لایەنگری نەیارانی ڕژێم ئەژماردەکرا، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨، کە هێزی پێشمەرگە توانیان شارەکە و دەوروبەری لەدەست ڕژێم دەربێنن، بۆ ڕژێم بووە بەهانە بۆ درێژەپێدانی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی کورد، هێرشێكی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەکە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی پێشمەرگەی کوردستان، لەم شاڵاوەدا زۆر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی وێران کرد، یەکێک لەم شارانە ‌‌هەڵەبجە بوو، شایانی باسە شاڵاوی کیمیاباران بۆ سەر هەڵەبجە، بەشێک نەبوو لە زنجیرە شاڵاوەکانی (ئەنفال) بۆ لە ناوبردنی کورد.

لە شەوی (١٥-١٦ی ٣ی ١٩٨٨) بۆردومانی تۆپ و کاتیۆشای دوورهاوێژ بۆ ناو شار دەستی پێکرد.

خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژانی پێشوودا شاریان جێهێشتبوو، چووبوونە دەرەوەی شار، سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەر شارەکە، بە موشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردومان کرد، کە ژمارەیەک خەڵک کوژران و خانووبەرەیەکی زۆریش وێرانکرا. لەو کاتە ئیتر هەستکرا کە دوژمن نیازی خراپی هەیە، بۆیە داوا لە دانیشتوانەکەی کرا شار چۆڵبکەن، بەڵام خەڵکێکی زۆر لە شار مانەوە، لە ترسی بۆمبارانکردن لە ژێر زەمینی خانووەکانیان خۆیان حەشاردابوو. ئەو بۆمبانەی کە لە کاتژمێر یازدە شاری پێ بۆمبارانکرد چەکی کوشندەی تێکەڵاوبوو لە بۆمبی گەورەی ئاسایی و ناپاڵم و کیمیاوی، بۆیە بڕیاردرا تا شەو دادێت خەڵکەکەی ڕەوبکەن، بەڵام فڕۆکەکانی ڕژێم بەردەوام بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕانەوە و دەرفەتیان نەدا خەڵكەکە خۆیان ڕزگار بکەن. 

چڕترین بۆردومانی کیمیاباران کاتژمێر (٥،٢٠)ی ئێوارەی ١٦ی ئادار دەستی پێکرد، تا سەر لەبەیانی ڕۆژی ١٧ ئادار، (١٤) جار فڕۆکەکان بە بەردەوامی بۆردومانی شارەکەیان کرد.
سەرئەنجام ئەم بۆردومانە چڕە دڕندانەیە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە (٥٠٠٠) پێنج هەزار کەس، لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر، هەروەها بریندار بوونی زیاتر لە (١٠) دە هەزار کەس و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە بەرەو ئێران و ناوچەکانی تری وەک سلێمانی و دەوروبەری و کاولکردنی شارەکە بە تەواوەتی و کوشتنی هەرچی پەلەوەر و ماڵاتی ناوچەکە بوو هەمووی قڕکرد.
ئەم هێرشە کە لە ناوەڕاستی ئاداری ١٩٨٨ بەچەکی کیمیاوی لە لایەن سوپای عێراقەوە کرایە سەر هاوڵاتیانی کورد، ئەم جارە نەک هێرشێکی گازی کوشندە و ژەهراوی و مەترسیدار بوو دژی گەلی کورد، بەڵکو گەورەترین هێرش بوو بە گازی ژەهراوی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە ئەنجام درابێ.


سەرچاوەکان

113 بینین