ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی سەردانی نەخۆشدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-29-02:14:00 - کۆدی بابەت: 5001
ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی سەردانی نەخۆشدا
ڕۆشنبیری ئیسلامی

داوای دوعاکردن لە نەخۆش ، ئادابەکانی سەردانی نەخۆش ، کەم مانەوە لای نەخۆش ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

باسی ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی سەردانی نەخۆشدا 

مسوڵمانان کە بەڕاستی برای یەکترین، وەک یەک جەستە و لەش وان کە کاتێک ئەندامێکی ئەم لەشە دەکەوێتە ئازارەوە، گشت ئەندامەکانی تر ئەکەونە ئازارەوە، مسوڵمانیش تا لە ژیان دابێ تووشی نەخۆشی و نەساغی دەبێ، نەخۆشیش وەک هەموو کەس دەیزانێ پێویستی بە سەردان و دڵدانەوە و دڵ ڕاگرتن هەیە، تا ئازاری نەخۆشییەکەی لەسەر کەم بێتەوە، جا بۆ چوونە لای نەخۆش ئیسلام ئەم بەشەشی فەرامۆش نەکردووە، بەڵکو چەند ئاداب و ڕەفتارێکی داناوە، پێویستە مسوڵمانان بۆ خۆیان بە گشتی و منداڵەکانیشیان لێ فێر بکەن،

ئادابەکانی سەردانی نەخۆش

پەلەکردن لە سەردانی نەخۆش

کاتێک مسووڵمانێک دوچاری نەخۆشی دەبێ، وا پێویستە و چاکە، یەکسەر بچێتە سەردانی، وەک پێغەمبەر د.خ فەرموویەتی (إذا مرض فعدە) واتە مسوڵمانێک نەخۆش کەوت، یەکسەر سەردانی بکە.

کەم مانەوە لای نەخۆش

لە ڕەوشتی جوانی مسوڵمان لە کاتی سەردانی بۆ لای نەخۆش ئەوەیە کە زۆر لەلای نەمێنێتەوە، بە تایبەتی گەر نەخۆشەکە ئافرەت بوو، بەڵام گەر نەخۆشەکە حاڵەتی باش بوو، سەلیقەی قسەکردنی هەبوو، ئەوا قەیناکە زۆریش لەلای بمێنێتەوە، وا چاکە ڕۆژێک نا ڕۆژێک  سەردانی نەخۆش بکرێت، گەر حاڵەتی چاک بوو،

دوعاکردن بۆ نەخۆش

کاتێک دەچیتە لای نەخۆشێک، وا باشە دوعای شیفای بۆ بکەی، وەک ئەم دوعایەی کە پێغەمبەر د.خ بۆ نەخۆشی کردووە، لە خاتوو عائیشەوە، ڕەزای خوای لێبێ، کە کاتێک پێغەمبەر د.خ خێزانی نەخۆش بووە، چووەتە لای و دەستی ڕاستی بەسەردا هێناوە و فەرموویەتی: (اللهم رب الناس، أذهب البأس، إشف أنت الشافي لا شفاء إلا شفاؤک، شفاء لا یغادر سقما) واتە خوایە ئەی پەروەردگاری خەڵک نەخۆشی لادە، شیفا بنێرە هەرتۆ شیفا دەری و هیچ شیفایەکی نەخۆش نییە، جگە لە شیفای تۆ، شیفاییەک بنێرە، کە نەخۆشی بە دواوە نەبێ. هەروەها ئیبن عەباس گوتویەتی پێغەمبەر د.خ فەرموویەتی (من عآد مریضا لم یحضرە أجلە فقال عندە سبع مرات: (أسأل اللە العظیم رب العرش العظیم أن یشفیک، إلا عافاه من هذا المرض)) واتە هەر کەسێک سەردانی نەخۆش بکات بە مەرجێ ئەجەلی نەهاتبێ، حەوت جار بڵێ (أسأل اللە العظیم رب العرش العظیم أن یشفیک) واتە لە خوای بەرز و مەزن داوا دەکەم کە خوای عەرشی گەورەیە شیفات بۆ بنێرێ، ئەوا خوای گەورە لەم نەخۆشیە چاکی دەکاتەوە.

دەست خستنە سەر شوێنی ئازارەکە و دوعا خوێندن بە سەریدا

لە ئەبی عبداللە عوسمانی کوڕی ئەبی العاصەوە، کەوا لە لەشیدا شوێنێکی ئازاری هەبووە و بە پێغەمبەری فەرمووە، کە ئەم ئازارەی هەیە، پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (ضع یدک علی الذي یألم من جسدک قل: بسم اللە ثلاثا و قل سبع مرات: أعوذ بعزة اللە) واتە دەستت لەسەر ئەو شوێنە دابنی کە ئازار بە لەشت ئەگەیەنێ سێ جار بڵی بسم اللە و حەوت جاریش بڵی أعوذ بعزة اللە وقدرتە من شر ما أجد و أحاذر، واتە پەنا دەگرن بە عیزەت و هێز و توانای خوای گەورە لە خراپەی ئەو شتەی کە هەمە و حەزەریش وەرئەگرم.

پرسیارکردن لە ئەحواڵی نەخۆش

لە ئیبن عەباسەوە کەوا عەلی کوڕی ئەبی طالب ڕەزای خوای لێبێ (خرج من عند رسول اللە في وجعە الذي توفي فیە علیە الصلاة و السلام، فقال الناس: یا أبا الحسن کیف أصبح رسول اللە؟ قال: أصبح بحمد اللە باریئا) واتە لە لای پێغەمبەری خوا د.خ هاتە دەرەوە کە نەخۆش بوو بەو نەخۆشیەی کە گیانی پێ سپارد، جا خەڵکەکە گوتیان ئەی باوکی حەسەن پێغەمبەری خوا د.خ حاڵی چۆنە؟ گوتی: سوپاس بۆ خوا چاکە.

دانیشتن لای سەری نەخۆش

ئەمەش وەک کە پێغەمبەر د.خ ئاوایی ڕەفتاری کردووە، وەک ئیبن عەباس ڕەزای خوایی لێبێت، گوتویەتی: کاتێک پێغەمبەر د.خ سەردانی نەخۆشی دەکرد، لە لای سەرییەوە دادەنیشت، پاشان حەوت جار ئەیفەرموو (أسأل اللە العظیم رب العرش العظیم أن یشفیک)، جا گەر ئەجەلی دوا بخرێ، ئەوا لەم نەخۆشییەی چاک ئەبێتەوە.

دڵ دانەوەی نەخۆش و ئاوات خواستن بە چاکبوونەوە و تەمەن درێژیی

ئەم سیفەتە دڵ ڕفێنە کاریگەرییەکی بە تینی هەیە لەسەر دڵ و دەروونی نەخۆش، هەروا دەبێتە دڵخۆشکردنی و هیوا پێدانی. ئەبی  سەعیدی خودری ڕەزای خوای لێبێت گوتویەتی: پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (إذا دخلتم علی مریض فنفسوا لە أجلە بطول العمر فإن ذلک لا یرد شیئا، و یطیب نفسە) واتە گەر چوونە لای نەخۆش، داوای تەمەن درێژی بۆ بکەن، چونکە ئەمە هیچ شتێکە ڕەت ناکاتەوە و دڵیشی پێ خۆش دەبێ. هەروەها لە حەدیسی ئیبن عەباسدا هاتووە، کە بە نەخۆش دەگوترێ (لا بأس طهور إنشاء اللە) قەیناکە إن شاء اللە بوەتە مایەی پاککردنەوەی گوناهەکان،

داوای دوعاکردن لە نەخۆش

وەک ئیبن ماجە و ئیبن السني لە عومەری کوڕی خەتتابەوە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕنەوە، کە گوتویەتی پێغەمبەری جوا د.خ فەرموویەتی (إذا دخلت علی مریض فمرە فلیدع فإن دعاءه کدعاء الملائکة) واتە گەر چوویتە لای نەخۆش پێی بڵی دوعات بۆ بکات، چونکە دوعاکەی وەک دوعای فریشتەکان وایە.

گەر نەخۆشێک لە حەڵەتی گیاندان بوو (لا إلە إلە اللە)ـی بیربخرێتەوە

ئەبی سەعیدی خودری ڕەزای خوای لێبێ گوتویەتی پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (لقنوا موتاکم لا إلە إلا اللە) واتە ئەو نەخۆشانەی کە لە حاڵەتی مردندان پێیان بڵێن (لا إلە إلا اللە) بڵێن، هەروەها مەعازی کوری جەبەل ڕەزای خوای لێبێ گوتویەتی: پێغەمبەری خوا، فەرموویەتی (من کان أخر کلامە لا إلە إلا اللە  دخل الجنة) واتە هەر کەسێک لە کاتی گیاندنی کۆتای قسەی (لا إلە إلا اللە) بێت، دەچێتە بەهەشت.


سەرچاوەکان



1627 بینین