ناوهڕۆك
ئەدەب و ئاکاری پرسە
پرسە و سەرەخۆشی چەند یاسا و ئادابێکی تایبەتی هەیە، کە پێویستە مسوڵمان پەیڕەوی بکەن، و خۆیان دوورخەنەوە لە ئاکار و داب و نەریتە نەفامییەکانی ئەمڕۆ. یاسا و ئادەبەکانیش ئەمانەن:
دوعاکردنی پاداشتدانەوە بۆ خاوەن پرسەکە
ئیمامی نەوەوی لە کتێبەکەی (الاذکار) دا دەڵێ: باشترین قسە کە بە خاوەن مردوو بگوترێ ئەوەیە کە لە (صحیح)ـی بوخاری موسلیمدا هاتووە لە ئوسامەی کوری زەیدەوە کە گوتویەتی یەکێک لە کچەکانی پێغەمبەر د.خ نێردرایە لای پێغەمبەر د.خ تا بانگی بکەن و پێی بڵین منداڵێکی کچەکەی لەسەر مردنە، پێغەمبەریش فەرمووی بگەڕێتەوە لای پێی بڵی (ان اللە ما أخذ، ولە ما أعطی، وکل شیء عندە مسمی، فمرها فلتصبر و لتحتسب) واتە خوای گەورە بۆی هەیە، ئەوەی هەیە بیباتەوە، بۆیشی هەیە کە ببەخشێ هەموو شتێکیش لای ئەو ماوەی دیاریکراوە، جا پێی بڵی با ئارام بگرێ و داوای پاداشت لە خوا بکات، ئیمامی نەوەوی دەڵێڵ شێوازی پرسەنامە هیچ حەرامی تێدا نییە، بەهەر چ شێوازێک پرسە دەکەی دروستە، بەڵام وا باشترە لە پرسەی مسوڵمان بگوترێ (أعظم اللە أجرک، و أحسن عزاءک، و غفر امیتک) وا باشە پرسەکردنی مسوڵمان بۆ کافر بەم شێوەیە بگوترێ (أعظم اللە أجرک، و أحسن عزاءک).
بە باشدانانی چێشت دروستکردن بۆ خاوەن مردوو
بۆ پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئیسلام بە باشی داناوە کە خواردن بۆ ماڵی خاوەن مردووەکە بکرێت، چونکە ماڵە مردووەکە لەبەر دڵتەنگی و خەمباریان لەوانەیە نەتوانن بەم کارە هەڵسن، ئەمەش بە پێی ئەو گێڕانەوەی کە ئەبوداود و ئیبن ماجە و ترمزي لە عبداللەی کوڕی جەعفەرەوە گێڕاویەتیانەوە، کە گوتویەتی پێغەمبەری خوا فەرموویەتی (إصنعوا لال جحفر طعاما فإنە قد أتاهم أمر یشغلهم) واتە خواردن بۆ ماڵی جەفەر دروست بکەن، چونکە ئەوان شتێکیان بەسەر هاتووە کە وای لێکردن سەرقاڵ ببن و نەتوانن چێشت دروست بکەن.
بەدەرنەخستنی دڵ خۆشی و ڕووخۆشی بەرامبەر ئەو کەسانەی کە پرسەنامەیان لێ دەکەی یان دڵیان دەدەیەوە
لە کاتێکدا یەکێک دەمرێ مسوڵمانی پابەند بە دینی خوا هەرگیز کارێکی واناکات کە خەڵک بە سوکی سەیری بکەن و بە خراپە باسی بکەن و ئیسلامیشی پێ ڕەش و ناشرین بکات، بەڵکو لەم کاتەدا دڵنەوایی کەسوکاری مردووەکە دەداتەوە، چ بە ئایەت بێ، یان بە فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەر د.خ یان بە بەسەرهاتێکی واقیعانەی ئیسلامی، لەم کاتانەشدا پێ ناکەنێ و تەنانەت خەندەشی نایەتە سەر لێو و قسەی پڕوپووچ ناکات و نوکاتی پێکەنین هێنەر ناکات وەک لە تازییەکانی ئەمڕۆ دەبینرێ. هەروەها بە شێوازێکی نەرم و نیان و کارامە و لێهاتوانە و بە دڵێکی پڕ لە تەقواوە ئامۆژگاری ئامادەبوان دەکات.