کاوە گوڵستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-15-21:50:00 - کۆدی بابەت: 7984
کاوە گوڵستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاوە گوڵستان (بە ئینگلیزی: Kaveh Golestan، بە فارسی: کاوه گلستان) وێنەگرێکی هەواڵی و دۆکیۆمێنتارێکی ئێرانییە. یەکێکە لەو وێنەگرانەی لە کاتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا سەرقاڵی وێنەگرتن بووە.

ژیان

سەید کاوە تەقوا شیرازی لە ١٩٥٠/٧/٨ لە شاری شیرازی وڵاتی ئێران لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ لەدایک بووە. دایک و باوک و هاوسەر و کوڕەکەی هونەرمەند و وێنەگر و دەرهێنەرن. سەرەتا کاری چیرۆک نووسین و دەرهێنەریی سینەما و وێنەگری بووە. دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەکانی (شۆڕشی ١٩٧٩ و جەنگی ئێران و عێراق) ناسناوی لە وڵاتانی تردا بڵاوبوویەوە و بوو بە وێنەگرێکی نێودەوڵەتی و ئەمەش کردیە خاوەنی دەیان خەڵاتی جیاواز.

ساڵی ١٩٨٨ لە درێژەی وێنەگرتنەکانی لە جەنگی عێراق و ئێران دەڕواتە شاری هەڵەبجە و کارەساتی کیمیابارانی شارەکە وێنە دەگرێت. 

لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٧ سێ کۆمەڵە وێنەی بە ناوەکانی (کارگر، روسپی، مجنون) بڵاوکردووەتەوە. ساڵی ١٩٩٤ دەبێتە وانەبێژی وێنەگریی لە زانکۆی تاران و لە ١٩٩٩ دەبێتە وێنەگر و تۆمارکەری BBC.

لە دۆکیۆمێنتارییەکدا کاوە دەڵێت:

دەمەوێت کۆمەڵێک گرتە بە تۆ پیشان بدەم کە وەک زلـلە لە ڕووخسارت بدات و ئاسایشی تۆ لەکەدار بکات و بیخاتە مەترسییەوە. دەتوانیت سەیر نەکەیت، دەتوانیت بیکوژێنیتەوە، دەتوانیت ناسنامەی خۆت بشاریتەوە، وەک بکوژەکان، بەڵام ناتوانیت پێش بە ڕاستییەکان بگریت، کەس ناتوانێت. (وتەیەک لە دۆکیۆمێنتاری "تۆمارکردنی ڕاستی").

کۆچی دوایی

کاوە گوڵستان لە ٢٠٠٣/٤/٢ لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئەمریکا و عێراق وەک وێنەگری بی بی سی دەڕواتە پێشەوە و لە نزیک شاری کفری بەهۆی تەقینەوەی مینەوە دەکوژرێت. لە کێلی گۆڕەکەی نووسراوە "لەڕێی تۆمارکردنی ڕاستیدا کوژرا".


سەرچاوەکان



340 بینین