مین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-18-14:15:00 - کۆدی بابەت: 7851
مین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مین یان ئەڵغام (بە ئینگلیزی: land mine، بە عەرەبی: الألغام) چەکی کوشندە/ناکوشندەن کە دەیان ساڵ دوای کۆتایی جەنگ کاریگەری درێژخایەنیان لەسەر خەڵک هەیە. کەرەستەیەکی سەربازی و جەنگییە و لەژێر زەوی و حەشارگەکان دادەنرێت و کاتێک قورساییەک لەسەری بێت دەتەقێتەوە. بەهۆیەوە ساڵانە چەندین کەس و ئاژەڵ دەبنە قوربانی. زۆرترین ئەو کەسانەی دەبنە قوربانی مینەکان شوان و گەشتیار و کۆڵبەر و ڕاوکەر و جووتیارەکانن کە زیاتر لەو ناوچانە نزیکن سنوورین و مینیان تێدا چێنراوە.

شێوەی مین

مین چەکێکی قەبارە مامناوەندە و لەژێر کەلوپەل و زەویدا دەچێنرێت و سەری دادەپۆشرێت، چەکێک نییە وەک نارنجۆک هەڵبدرێت یان وەک دەمانچە فیشەکی لێوە دەربچێت، بەڵکوو کۆمەڵێک زۆر بارووتی تێدایە و لەکاتی تەقینیدا دەنگێکی زۆر گەورە دەردەکات.

شێوەی مین لە کۆمەڵێک پێداویستی سەرەکی پێکدێت: کۆمەڵێکی زۆر بارووت لەناوەوەی مینەکە، کۆمەڵێک ساچمەی ژەهراوی، پڵیتە، سپرینگێک و دەرزییەک. کاتێک فشار دەکەوێتە سەر مینەکە، دەرزییەکە لە سپرینگەکە دەدات و بەوەش پڵیتەکە گڕ دەگرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی تەقاندنەوەی بارووتەکە و بەخێرایی دەتەقێتەوە.

هەروەها مینەکان بەزیادبوونی تەمەنیان، کاریگەرییان زیاتر دەبێت.

ئامانج لە چاندنی مین

لە جەنگدا مینەکان بۆ ئەوە دەچێنرێن کە ڕێگری لە پێشڕەوی سەربازانی بەرەی بەرانبەر بگرن بۆ هاتنە ناوەوە، کە ئەمە زیاتر لە بەرەکانی پێشەوەی ئەو شار و ناوچانە دادەنرێن کە ئامانجی دواتری هێزی بەرانبەرن. لە سنووری هەندێک وڵاتیش بۆ ڕێگری لە قاچاخی و تێپەڕینی ڕێگەپێنەدراو دادەنرێت. ئەو شوێنەی کە کۆمەڵێک مینی تێدا دەچێنرێت پێی دەوترێت کێڵگەی مین.

هەندێک کێڵگەی مینی سەردەم بەجۆرێک دروست کراون دەتوانن ئۆتۆمبێلی سەربازانی خۆیان بناسنەوە بەهۆی تەکنەلۆجیای تایبەتەوە، بەوشێوەیەش هیچ زیانێکیان بۆ ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان نییە و تەنیا لە ئۆتۆمبێلی نەناسراودا دەتەقێنەوە.

هاندەرەکانی مین بۆ تەقینەوە

مینە زەمینییەکان دەتوانن بەهۆی کۆمەڵێک پاڵنەرەوە بتەقن، وەک فشار، جووڵە، دەنگ، هێزی موگناتیسی و لەرزین. زۆرجار مینی دژەمرۆڤ بەهۆی فشاری قاچی کەسەکەوە هاندەدرێت، بەڵام ئەوەی زۆرتر بەکاردێت بریتییە لە تەلی نادیار کە لەکاتی ڕاکێشان و بەرکەوتنیان دەبێتە هۆی تەقینەوەی مینەکە. 

ئۆتۆمبێلە دژەمینە نوێیەکان زۆرجار بۆ خۆپاراستن لە تەقینەوەی مینەکە لە نزیک و ژێر تایەکانیان سوود لە شەپۆل و لەرینەوەی دەنگی دەبینن بۆ جووڵاندنی مینەکان و تەقاندنەوەیان.

هەندێک جۆری تری مین هەن کە تەنیا بە دەست لێدانیان دەتەقنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەندازیارانی بەرانبەر بکەن لە لێکردنەوەی پیمەکەیان و پووچەڵکردنەوەیان. زۆرینەی مینەکانیش لە پلاستیک دروست دەکرێن بۆ ئەوەی تێچوویەکی کەمتریان هەبێت.

بیرکردنەوەی هەڵە دەربارەی تەقینی مین

بیرۆکەیەکی هەڵە هەیە دەربارەی تەقینەوەی مینی دژەمرۆڤ کە زۆرجار لە فیلمەکاندا دەبینرێت و کەسەکە پێی لەسەر مینەکە دادەنێت و ناجووڵێت تاوەکوو پووچەڵی دەکەنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا مینەکان بۆ مەبەستی کوشتن دروست کراون و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بە دوو هەنگاو بتەقێنەوە، بەڵکوو هەر لە یەکەم فشاردا دەتەقنەوە مەگەر ئەوەی کێشەیەکیان هەبێت.

ئامێری دژەهەڵگرتن و گواستنەوە

ئامێری دژەهەڵگرتن یان دژەگواستنەوە ئامێرێکە لە نزیک مینەکە دەچێنرێت و هەرکات کەسێک دەستی لە مینەکە دا بە مەبەستی پووچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوەی، ئامێرەکە مینەکە دەتەقێنێتەوە. ئەمەش بۆ ڕێگری لە ئەندازیارانی مین هەڵگرتنەوە. بۆیە باشترین هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی مینەکان تەقاندنەوەیان نەوەک هەڵگرتنەوەیان.

جۆرەکانی مین

مینی دژەمرۆڤ

جۆرێکە لە جۆرەکانی مین و یەکەمینیانە، ئەم جۆرە تەنیا بە مرۆڤ و ئاژەڵدا دەتەقێتەوە و لەسەر ئۆتۆمبێل کاریگەری نییە. زیانی ئەم جۆرە مینە زۆرینەی کات کوشتن نییە، بەڵکوو کەمئەندامکردنی کەسی بەرانبەرە بۆ دواخستنی هێزی مرۆیی دژمن و سەرقاڵکردنیان بە بوونی بریندارێکی زۆرەوە کە شپرزەیان دەکات. ئەم جۆرە مینانە زۆرجار دەبنە هۆی پەڕاندنی دەست یان قاچی مرۆڤەکان و لە شوێنی برینەکەیشی هەست بە سووتانەوە دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی کاریگەری ئەم جۆرە مینە لەسەر ئۆتۆمبێل نییە، بەڵام هەندێک جۆریان دەتوانن زیانی گەورە بە پارچەکانی ئۆتۆمبێل بگەیەنن.

لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ و دروستبوونی چەندین جەنگی ناوخۆیی و جەنگی تیرۆر، تیرۆرستان سوود لە مینێکی تایبەت وەردەگرن کە دروستکراوێکی خۆماڵیی خۆیانە و زۆر سەرەتاییە، بەڵام بەپێی داتاکانی وێبگەی BMJ Open زیانی ئەم جۆرە زۆر لە مینی سەربازی زیاترە چونکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەبێتە هۆی شیکردنەوەی ئەو کەسەی نزیکی دەبێتەوە و زۆرجار بە بەرزی چەند مەترێک بەرزی دەکاتەوە زیاتر لە پارچەیەکی جەستەی دەپەڕێنێت.

بەشێکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە جەنگی دژی داعش لە ڕۆژئاوای کەرکووک و ناوچەکانی سەرووتری بەهۆی عەبوە و مینی دروستکراوی داعشەوە شەهید بوون.

مینی دژەتانک

جۆرێکی تری مینەکانە و لەدوای دروستکردنی تانک لە جەنگی جیهانیی یەکەم دروستکراوە، ئەم جۆرە پێویستی بە فشار و هێزێکی زیاترە بۆ ئەوەی بتەقێتەوە. تەقینەوەی ئەم مینەش زیاتر دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە تانکەکە وەک لەوەی بە تەواوی وێرانی بکات.

تانکە نوێیەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو چەندین چینی بەرگری لە پێشەوە و دواوە لەخۆ دەگرن بۆ ڕێگری لە چوونەناوەوەی پارچەی مین و تەقەمەنییەکان. 

مینی دەریایی

مینەکانی دەریا قەبارەیەکی گەورەتریان هەیە و بۆ ژێردەریاییەکان دادەنرێن، کە لە کاتی نزیکبوونەوە یان پێداکێشان یان کاتێکی دیاریکراوی خۆیان دەتەقنەوە و دەبنە هۆی نوقمبوونی ژێردەریاییەکە.

کارگەکان

پێش واژووکردنی ڕێکەوتنی ئۆتاوا لە ١٩٩٧، نزیکەی ١٠٠ کۆمپانیا لە ٤٨ وڵاتی جیهان زیاتر لە ٣٤٠ جۆری مینیان دروست کردبوو لە ماوەکانی ڕابردوو. کە ڕێژەکەی ساڵانە دەگەیشتە پێنج بۆ دە ملیۆن کێڵگە بە بڕی ٥٠ بۆ ٢٠٠ ملیۆن دۆلار. کە گەورەترینیان ئیتاڵیا و چین و یەکێتیی سۆڤیەتن.

کۆمپانیاکانیش بریتیبوون لە:

  • Daimler Benz
  • Fiat Group
  • Daewoo Group
  • RCA
  • General Electric


سەرچاوەکان



5639 بینین