توانای کۆماری گەلی چین لە جەنگی درێژخایەندا

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-12-27
توانای کۆماری گەلی چین لە جەنگی درێژخایەندا
سەربازی

پێشەکی

لە گەرمەی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکانی سەدەی بیست و یەکدا، ئەزموونەکانی جەنگی مۆدێرن ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە کە توانای بەرگەگرتن لە جەنگێکی درێژخایەن و پەکخەردا، زۆر چارەنووسسازترە لە تەنیا خاوەندارێتی تەکنەلۆژیا. ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی دیاریکراو و چڕ تەنیا تیشک دەخاتە سەر لایەنە نەرێنی و کەلێنە ستراتیژییەکانی چین بەدەر لە خاڵە بەهێزەکانی.
لێرەدا لە ڕوانگەی زانستە سەربازی و ئابوورییەکانەوە شیکاری بۆ ئەو هۆکارە بنەڕەتییانە دەکەین کە وا دەکەن چین لە سیناریۆی جەنگێکی درێژخایەندا، لە جیاتی سەرکەوتن ڕووبەڕووی داڕمان ببێتەوە.

بەشی یەکەم

لە ڕووی سەربازییەوە، سوپای ڕزگاری گەلی چین گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیوە لە هێزێکی وشکایی گوندنشینەوە بۆ هێزێکی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو بەڵام ئەم مۆدێرنیزاسیۆنە خاوەنی چەندین کەلێنە لە سیناریۆی جەنگێکی درێژخایەنی هاوشێوەی ڕووسیا و ئۆکراین.
کێشەی جوگرافیای سەربازی ئاڵنگارییەکی بەردەم سوپای چینە. بەنموونە جیاوازی بنەڕەتی نێوان ڕووسیا و چین لە سروشتی جوگرافیاکەدایە. ڕووسیا خاوەنی هێزێکی زەمینی و خاوەنی قوڵایی ستراتیژییەکی مەزنە کە ڕێگەی دەدات هێڵەکانی گواستنەوەی لۆجیستی بەسەر وشکاییدا ڕێکبخات. بە پێچەوانەوە، بەرەی جەنگی چین (تایوان، دەریای باشووری چین) بەرەیەکی دەریاییە. لە زانستی سەربازیدا، بەڕێوەبردنی لۆجیستی لە دەریا زۆر ئاڵۆزتر و مەترسیدارترە لە وشکایی. واتە لە جەنگێکی درێژدا ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی (کۆریای باشوور، ژاپۆن، فلیپین) زنجیرە دوورگەی یەکەم دابخەن هێزی دەریایی چین لەناو کەوانەیەکدا قەتیس دەبێت. ئەم گەمارۆدانە جوگرافییە مانای ئەوەیە کە چین ناتوانێت دەستی بە دەریا ئازادەکان بگات بۆ جووڵەپێکردنی کەشتی و هێنانی کۆمەک.

لە زانستی سەربازیدا دەستەواژەیەک هەیە بە ناوی نەخۆشیی ئاشتی یان ژەنگی ئاشتی. دوایین جەنگی گەورەی چین جەنگی ڤێتام-چین بوو لە ساڵی ١٩٧٩ بو، کە تێیدا سوپای چین زیانی زۆری بەرکەوت. ئێستاکە هیچ جەنەڕاڵێکی چینی و هیچ یەکەیەک لە سوپای چین ئەزموونی جەنگی هاوچەرخی تێکەڵاوی نییە. بە پێچەوانەی ئەمریکا کە دەیان ساڵە لە جەنگدایە، یان ڕووسیا کە لە چیچان، جۆرجیا، سوریا و دۆنباس شەڕی کردووە، سوپای چین تەنها نمایشی کردووە.

لە ئەگەری جەنگی درێژخایەندا، هەڵەکان لە فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ دەردەکەون. سیستەمی فەرماندەیی چین زۆر ناوەندییە و بڕیارەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەرەوە ئەمەش لە جەنگی مۆدێرندا هەڵەیەکی کوشندەیە چونکە ڕێگە لە دەستپێشخەریی مەیدانی دەگرێت، وەک ئەوەی لە قۆناغی یەکەمی جەنگی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیاوە بینیمان، سوپای ڕووس زیانێکی کوشندەی بەرکەوت و لەزۆربەی ئەوناوچانە کشایەوە کە لەسەرەتای جەنگەکە کۆنتڕۆڵی کردبوون. بەڵام بۆ چین چاککردن و گۆڕینی ئەمە ساڵانێکی دەوێت.

بەشی دووەم

خاڵی هەرە لاوازی چین لە جەنگی درێژخایەندا، سروشتی ئابوورییەکەیەتی
لە تیۆری ئاسایشی نەتەوەییدا، خۆژێنی مەرجی سەرەکییە بۆ بەرگەگرتنی جەنگی درێژ. ئابووری ڕووسیا وەک گەورەترین وڵاتی وزە و دانەوێڵە، کێشەی مانەوەی نەبوو. بەڵام چین نزیکەی ٧٠-٧٥٪ی نەوتی خۆی هاوردە دەکات و نیوەی ئەو نەوتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دێت. خاڵی خنکێنەر گەرووی مالاکایە لە نێوان مالیزیا و ئەندەنوسیا. لە حاڵەتی جەنگدا هێزی دەریایی ئەمریکا دەتوانێت تەنها بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم گەرووە و ڕێگرتن لە تانکەرەکانی نەوت، ئابووریی جەنگی چین لە ماوەی ٦ بۆ ١٢ مانگدا پەک بخات. تەنانەت ئەگەر بۆرییە نەوتییەکانی ڕووسیاش کار بکەن، توانای دابینکردنی تەواوی پێداویستی پیشەسازیی زەبەلاحی چینیان نییە. بە بێ نەوت، ئامێرە جەنگییەکان، کارگەکان و سیستەمی گواستنەوە دەوەستن.
ئابووریی چین لەسەر بنەمای هەناردەکردن بۆ ڕۆژئاوا (ئەمریکا و ئەوروپا) بونیاد نراوە. جەنگێکی درێژخایەن واتە نەمانی ئەم پەیوەندییە. لە کاتێکدا ڕووسیا توانی گەمارۆکان تێپەڕێنێت چونکە جیهان پێویستی بە نەوتەکەی بوو (کە کاڵایەکی سەرەکییە و بە ئاسانی جێگرەوەی نییە)، بەڵام چین کەلوپەل دەفرۆشێت. جیهان دەتوانێت مۆبایل و جلوبەرگ و پلاستیک لە ڤێتنام، هندستان یان مەکسیک بکڕێت. لەدەستدانی بازاڕەکانی ڕۆژئاوا دەبێتە هۆی مایەپووچبوونی هەزاران کۆمپانیا لە چین، زیادبوونی بێکاریی ملیۆنی، و داڕمانی سیستەمی بانکیی چین کە قەرزێکی ناوخۆیی زەبەلاحی هەیە.

بەشی سێیەم

لێرەدا قوڵترین و شاراوەترین لاوازیی چین دەردەکەوێت، کە جیاوازییەکی ڕیشەییە لەگەڵ هەموو زلهێزەکانی دیکەی مێژوو.
بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ (١٩٧٩-٢٠١٥)، چین سیاسەتی توندی تاکە منداڵی جێبەجێ کرد. ئەمڕۆ، زۆرینەی ڕەهای سەربازانی سوپای چین و هێزی کار تاکە منداڵی خێزانەکەیانن. لە سایکۆلۆجیای جەنگدا، کوشتنی کوڕێک کە خوشک و برای هەیە ئازارێکی زۆرە بۆ خێزان، بەڵام کوشتنی تاکە منداڵێک واتە کۆتایی هاتنی ڕەچەڵەکی خێزانەکە و بێ-کەس مانەوەی دایک و باوکەکە لە پیریدا. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمەڵگای چینی هەستیارییەکی یەکجار بەرزی هەیە بۆ ژمارەی قوربانیان. لە جەنگێکی درێژدا وەک ئۆکراین، ئەگەر چین ١٠٠,٠٠٠ سەربازی کوژراوی هەبێت، کاریگەرییەکەی لەسەر سایکۆلۆژیای جەماوەر سەدان هێندەی ڕووسیایە، و مەترسی دروستبوونی شۆکی کۆمەڵایەتی و ڕەتکردنەوەی جەنگ زۆر بەرز دەبێتەوە.

بەشی چوارەم

شیکردنەوەی سیستەمی حیزبی کۆمۆنیستی چین دەریدەخات کە جەنگی درێژخایەن دەکرێت هەڕەشە بێت بۆ سەر شەرعییەتی حیزب.
لە دوای ساڵی ١٩٨٩ (ڕووداوەکانی تیانانمێن)، حیزبی کۆمۆنیست گرێبەستێکی نەنووسراوی لەگەڵ خەڵکدا کرد: ئێمە دەسەڵاتی سیاسی قۆرخ دەکەین، لە بەرامبەردا خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابووریتان پێ دەدەین. جەنگی درێژخایەن ڕاستەوخۆ ئەم گرێبەستە دەشکێنێت. کاتێک گەمارۆ دەست پێ دەکات و خۆشگوزەرانی نامێنێت، چینی ناوەڕاست لە چین هیچ پاڵنەرێکی ئایدۆلۆژییان نییە بۆ بەرگەگرتنی برسێتی و هەژاری، بە پێچەوانەی کۆمەڵگای ڕووسی کە مێژوویەکیان هەیە لەگەڵ بەرگەگرتنی سەختی. شەرعییەتی شی جینپینگ بەستراوەتەوە بە بوژانەوەی نەتەوەیی بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی وێرانبوونی ئابووری، شەرعییەتەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
خاڵێکی دیکە، پاکتاوی گەندەڵییە. ئەو هەڵمەتە فراوانانەی بۆ پاکتاوکردنی ژەنەڕاڵەکان ئەنجام دەدرێت (تەنانەت لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤)، ئاماژەن بۆ نەبوونی متمانە لە نێوان سەرکردایەتی سیاسی و فەرماندەیی سەربازی.

دەرەنجام و سیناریۆی چاوەڕوانکراو

لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە هەمەلایەنە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی خوارەوە:
 
یەکەم: چین توانایەکی زۆر بەهێز و وێرانکەری هەیە بۆ جەنگێکی کورت، چڕ، و سنووردار لە ناوچەکانی نزیک لە کەناراوەکانی خۆی. لە سیناریۆیەکدا کە شەڕەکە چەند هەفتەیەک یان یەک دوو مانگ بخایەنێت، چین سوودمەند دەبێت بەهۆی قەبارەی گەورەی پیشەسازییەکەیەوە کە دەتوانێت درۆن و مووشەک ببارێنێت
دووەم: لە ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەکە بۆ ساڵێک یان زیاتر (هاوشێوەی سیناریۆی ڕووسیا-ئۆکراین) هاوکێشەکە بەتەواوی پێچەوانە دەبێتەوە. لاوازیی جیۆگرافی (گەمارۆدراوی دەریایی)، پاشکۆیی وزە (نەبوونی نەوتی پێویست)، داڕمانی بازاڕەکانی هەناردەکردن، و لە هەمووی ترسناکتر؛ کەمیی بەرگەگرتنی دەروونی و دیمۆگرافیی کۆمەڵگای تاکە-منداڵ، وا دەکات چین لەبەردەم مەترسیی داڕمانی ناوخۆیی و شۆڕشی جەماوەریدا بێت.
 
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین وەک چۆن ناپلیۆن لە زستانی ڕووسیادا شکست دێنێت نەک بەهۆی هێزی سوپای ڕووسیا بەڵکو بەهۆی ژینگە و لۆجیستیکەوە. هەر جەنگێکی درێژخایەن بۆ چین شەڕکردن دەبێت لە دژی جوگرافیا و ئابوورییەکەی خۆی. چین زلهێزێکی گەورەیە، بەڵام زلهێزێکی شوشەییـە لە جەنگی درێژدا