سوودەکانی چۆکلێت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-30-00:45:00 - کۆدی بابەت: 7437
سوودەکانی چۆکلێت

ناوه‌ڕۆك

چۆکلێت

چۆکلێت بەرهەمێکی خۆراکییە کە لە دەنکی کاکاوی برژاو و هاڕدراو دروست دەکرێت، چۆکلێتی ئاسایی (بە ئینگلیزی: Dark chocolate) بە زیادکردنی چەوری و شەکر بۆ تێکەڵەی کاکاو دروست دەکرێت، لە زۆربەی شوێندا پێی دەوترێت چۆکلێتی شیرین، بە گشتی نزیکەی ٪٣٥ لە کاکاوی وشککراوە پێکدێت، تاکوو ڕێژەی کاکاوی وشک تیایدا زۆربێت تامی تاڵتر دەبێت، چۆکلێتی نیمچە شیرین بریتییە لە چۆکلێتی ئاسایی کە ڕێژەیەکی کەمی شەکری تێدایە، چۆکلێتی تاڵ و شیرین چۆکلێتی شلە کە هەندێک شەکری تێدایە (بە گشتی ١/٣ شەکرە) و ڕێژەی هەویری کاکاو و ڤانیلای زیاتر تێدایە، شەکری کەمتر و هەویری کاکاوی زیاترە لە شەکری نیمچە شیرین، دەوڵەمەندە بە کاربۆهیدرات و سەرچاوەیەکی باشی وزەی خێرایە، هەروەها بڕێکی کەم لە هاندەرەکانی ئالکەلۆیدەکانی تیۆبڕۆماین (بە ئینگلیزی: alkaloids theobromine) و کافایینی تێدایە، چۆکلێتی ئاسایی چەندین پێکهاتەی تێدایە کە بە شێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر تەندروستی.

سوودەکانی چۆکلێت

دەوڵەمەندە بە کانزاکان

ئەگەر چۆکلێتی کوالیتی بەرز و دەوڵەمەند بە ڕێژەیەکی باشی کاکاو بکڕیت، ئەوا سەرچاوەیەکی باشی کانزات کڕیوە، چونکە بڕێکی گونجاوی لە ڕیشاڵی تواوە تێدایە کە دەوڵەمەندە بە کانزا، ١٠٠ گرام لە چۆکلێتی لە قاڵبدراو کە نزیکی ٧٠٪-٨٥٪ لە کاکاو پێکهاتووە ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

  • ١١ گرام لە ڕیشاڵ.
  • ٦٧٪ ڕێژەی پێویستی ڕۆژانەی ئاسن.
  • ٥٨٪ ڕێژەی پێویستی ڕۆژانەی مەگنیسیۆم.
  • ٨٩٪ ڕێژەی پێویستی ڕۆژانەی مس.
  • ٩٨٪ ڕێژەی پێویستی ڕۆژانەی مەنگەنیز.

هەروەها بڕێکی زۆری پۆتاسیۆم و زینک و فۆسفۆر و سیلینیۆمی تێدایە.
بە دڵنیاییەوە ١٠٠ گرام (٣٫٥ ئۆنس) بە شێوەیەکی تەواو بڕێکی زۆر لەو شتانەی تێدایە کە لەش ڕۆژانە بەکاری دەهێنێت و هەندێکیش کە بەکاری ناهێنێت، جگە لە ئەم کانزایانە لەش دەتوانێت لە ڕێگای چۆکلێتەوە ٦٠٠ کالۆری و بڕێکی مامناوەند لە شەکر وەربگرێت، لەبەر ئەم هۆکارانە چۆکلێت باشترینە ئەگەر بە بڕێکی مامناوەند بەکاربێت، پێکهاتەی ترشە چەوری ناو کاکاو و چۆکلێت باشە، زۆربەی چەورییەکەی لە ترشی ئۆلیک پێکدێت (کە چەورییەکی تەندروستە بۆ دڵ و لە زەیتی زەیتووندا هەیە)، هەروەها ترشی ستیاریک و پاڵمیتیکیشی تێدایە، ترشی ستیاریک کاریگەرییەکی بێلایەنانەی هەیە لەسەر کۆلیستڕۆڵی لەش، ترشی پاڵمیتیکیش دەتوانێت ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی لەش بەرز بکاتەوە، بەڵام خۆی لە خۆیدا ڕێژەکەی کەمە و تەنها ١/٣ کۆی گشتی چەورییەکان پێک دەهێنێت.
چۆکلێت هاندەرەکانی وەک کافایین و تیۆبڕۆماینی تێدایە، بەڵام ڕێژەکەی ئەوەندە بەرز نییە کە تووشی کەمخەویت بکات.

سەرچاوەیەکی بەهێزی دژەئۆکسانە

دژەئۆکسان یارمەتی پاراستنی لەش دەدات دژی تێکشکانی خانەکان بەهۆی تەنۆلکەی سەربەستەوە، تەنۆلکەی سەربەست بەو تەنۆلکانە دەوترێت کە ئۆکسجینی تێدایە بە ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن، ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن وا لە ئۆکسجین دەکات بە ئاسانی کارلێک بکات لەگەڵ گەردەکانی تردا، تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارلکێکی کیمیاییی لە لەشدا و ئەم کارلێکانە ئەگەری هەیە سوودبەخش یاخود زیانبەخش بن. 
کورتکراوەی ORAC لە زمانی ئینگلیزیدا کە درێژکراوەکەی بریتییە لە (oxygen radical absorbance capacity) کە بە واتای توانای تەنۆلکەی سەربەستی ئۆکسجین بەپێی ئامێری ئەبزۆربانس دێت، ئەم توانایە تاقیکردنەوەیەکی تاقیگەییە بۆ پێوانی (تێکڕای توانای دژەئۆکسان) یان (بڕی چالاکی دژەئۆکسانی خۆراکەکان)، بە شێوەیەکی سەرەتایی توێژەرەوەکان گورزەیەک لە تەنۆلکەی سەربەستییان ڕووبەڕووی نموونەیەکی خۆراک کردەوە بۆ ئەوەی ببینن چۆن دژەئۆکسانەکانی ناو خۆراک ڕێگری لە تەنۆلکەی سەربەست دەکەن، پەیوەندی زیندەزانی ڕێژەی ORAC جێی پرسیارە، چونکە لەناو تیوبی تاقیکردنەوەدا دەپێورێت و مەرج نییە کاریگەرییەکەی لەسەر لەش هاوتا بێت، چۆکلێت دەوڵەمەندە بەو پێکهاتە ئەندامییانەی کە بەشێوەیەکی زیندەیی چالاکن و وەک دژەئۆکسان کاردەکەن.

پەستانی خوێن ڕێکدەخات

پێکهاتەی فلاڤانۆڵ کە وەک دژەئۆکسان کاردەکات لە چۆکلێتدا دەتوانێت هانی ناوپۆشی خوێنبەرەکان بدات بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نایترۆجین، یەکێک لە فەرمانەکانی ئۆکسیدی نایترۆجین ناردنی شەپۆلە بۆ خوێنبەرەکان تاکوو خاوببنەوە و پشوو بدەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەڵستی خوێنبەرەکان بۆ تێپەڕبوونی خوێن و کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ سەلماندنی ئەم کاریگەرییەی چۆکلێت لەسەر پەستانی خوێن.

چەوری باش زیاد دەکات و ڕێگری لە ئۆکسانی چەوری خراپ دەکات

خواردنی چۆکلێت دەکرێت دوورت بخاتەوە لە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، لە توێژینەوەیەکدا ئەوە دۆزراوەتەوە کە تۆزی کاکاو بە شێوەیەکی سەرکەوتوو چەوری خراپ (LDL)ی ئۆکساوی کەم کردووەتەوە لە پیاواندا، هەروەها چەوری باش (HDL)ی بەرزکردووەتەوە، هەروەها تێکڕای چەوری خراپی لەو کەسانەدا کەم کردووەتەوە کە کۆلیستڕۆڵیان بەرز بووە.
چەوری خراپی ئۆکساو بە مانای ئەوە دێت کە چەوری خراپ کارلێکی لەگەڵ تەنۆلکەی سەربەستدا کردووە، ئەوەش وا لە چەوری خراپ دەکات کالێککردوو بێت و توانای زیانگەیاندنی هەبێت بە شانەکانی دیکە، وەک ناوپۆشی خوێنبەرەکانی دڵ.

دەکرێت پێست لە خۆر بپارێزێت

پێکهاتە زیندەچالاکەکانی ناو چۆکلێتی ئاسایی دەکرێت سوودێکی باشی هەبێت بۆ پێست، پێکهاتەی فلاڤانۆڵ دەتوانێت پارێزگاری لە پێست بکات دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر، هەروەها توندی و شێداری پێست زیاد بکات، دەستەواژەی  ئێم ئی دی (MED) کە کورتکراوەی (minimal erythemal dose)ی زمانی ئینگلیزییە و بە واتای کەمترین هۆکاری سووربوونەوەی پێست دێت، بریتییە لە کەمترین بڕی تیشکی UVB کە پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی سووربوونەوەی پێست دوای ٢٤ کاتژمێر لە بەرکەوتنی خۆر، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ٣٠ کەس ئەنجامدراوە کە تیایدا چۆکلێتی دەوڵەمەند بە فلاڤانۆڵ بۆ ماوەی ١٢ هەفتە خوراوە، لە ئەنجامدا ڕێژەی MED زیادی کردووە بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندە.

کرداری مێشک باشتر دەکات 

چۆکلێتی ئاسایی دەکرێت یارمەتی مێشک بدات بۆ باشتر ئەنجامدانی فەرمانەکانی، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر چەند خۆبەخشێکی تەندروست ئەنجامدراوە ئەوە سەلمێنراوە کە خواردنی کاکاوی دەوڵەمەند بە فلاڤانۆڵ بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک زیاد دەکات، هەروەها کاکاو ماددەی هاندەری وەک کافایین و تیۆبڕۆماینی تێدایە کە دەکرێت هۆکاری سەرەکی بن لە باشترکردنی کرداری مێشکدا بۆ ماوەیەکی کورت.

پوختە

بەڵگەی ڕەچاوکراو بوونی هەیە لەسەر سوودە بەهێزەکانی کاکاو بۆ تەندروستی مرۆڤ، بە تایبەت پاراستنی لەش دژی نەخۆشییەکانی دڵ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە واتای ئەوە نییە کە چۆکلێتێکی زۆر ڕۆژانە بخورێت، دەتوانیت یەک لاکێشە یان دووان بخۆیت دوای نانی ئێوارە، ئەگەر حەز دەکەیت سوودەکانی کاکاو وەرگریت بەبێ کالۆری ناو چۆکلێت، ئەوا دەتوانیت کاکاوێکی گەرم بخۆیتەوە بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ شەکر و کرێمدا.
هەروەها ئەوەت بیر بێت کە هەموو جۆرێکی چۆکلێت دەوڵەمەند نییە بە ماددەی خۆراکی، چۆکلێتی ئاسایی بە شێوەیەکی سەرەتایی هەندێک شەکری تێدایە، ئەم بڕەی شەکر بە گشتی کەمە هەروەها تاکوو تاڵتر بێت واتە ڕێژەی کاکاوی زیاتر تێدابێت و لەسەر زانیاریەکانی سەر کاغەزی چۆکلێتەکە ڕێژەی تاڵی (بە ئینگلیزی: Dark) زیاتر بێت بە واتای ئەوە دێت شەکری کەمتر تێدایە.


سەرچاوەکان



416 بینین