ناوهڕۆك
ناساندن
پیسبوونی خۆراک (بە ئینگلیزی: Food pollution، بە عەرەبی: تلوث الغذاء)، بریتیە لە هەر گۆڕانێک کە ڕوودەدات لە خەسڵەتێک یان زیاتری خەسڵەتەکانی خۆراکدا کە وای لێدەکات ڕواڵەتی خۆراکەکە بگۆڕێت و ئەو کەسانەی کە خۆراکەکە دەخۆن لایان پەسەند نەبێت یان بەها خۆراکییەکەی کەم بووبێتەوە، مەرج نییە خۆراکی خراپ و گەنیو زیان بە تەندروستی بگەیەنێت، بەڵام هەموو خۆراکێکی زیان بەخش بە خۆراکی خراپ و گەنیو دادەنرێت، بە واتایەکی تر خۆراکەکە هیچ گۆڕانێکی نەخوازراوی بەسەردا نەهاتبێت لە ڕووی ڕواڵەت و تەندروستیەوە، ئەویش بە هۆکاری ئەنزیمەکان، میکرۆب و ڤایرۆس، کە لە خۆراکی پیسبوودا هەیە و نەگونجاوە بۆ خۆراکی مرۆڤ.
ئەو هۆکارانەی کە دەبنە یاریدەدەر بۆ پیسبوونی خۆراک
چەند خەسڵەتێک هەیە کە پێویستە لە خۆراکدا فەراهەم بێت بۆ ئەوەی لە بار و باش و بەسوود بێت بۆ مرۆڤ لەوانە:
١- دەبێت خۆراکەکە ڤایرۆس یاخود میکرۆب یان پیسی تێدا نەبێت، پێویستە خۆراکەکە بە تەواوەتی پێگەشتبێت.
٢- لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی کە یارمەتی خراپ بوونی خۆراک دەدەن بوونی بوونەوەری وردی وەک بەکتریایە بە تایبەت ئەوانەی دەبنە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی، هەروەها مشەخۆرەکان کە ئەمانیش هۆکاری گرنگن بۆ تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی ترسناک.
٣- ئەو میکرۆبانەی کە دەڕژێتە ناو خۆراکەوە، دەبێتە هۆی زۆر بوونی تێکڕای پیسبوونەکە، کە نیشانەکانی زۆرن لەوانە: ئازاری سک، دڵ تێکەڵان، ڕشانەوە و سکچوون، ڕەنگە نیشانەکانی ژەهراوی بوون مەترسیدار بێت چونکە هەندێک جۆری میکرۆب کاردەکاتە سەر کۆئەندامی دەمار، نیشانەکانی تووشبوون بە خۆراکی پیسبوو دوای ٢ ــ ٤٨ کاتژمێر دوای خواردنی خۆراکە پیسەکە دەردەکەوێت.
مەترسییەکانی ژەهراوی بوونی خۆراک
مەترسی ژەهراوی بوونی خۆراک لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە پلەی مردن، حاڵەتەکانی ژەهراوی بوونی خۆراک لە ناو دانیشتووانی شارە پیشەسازییەکاندا لە هەر ساڵێکدا دەگاتە نزیکەی %٢٠ی دانیشتووان ئەوە جگە لە نەخۆشی سکچوون بە کێشەیەکی تەندروستی گەورە دادەنرێت لای پێگەیشتووان بە تایبەتی لە ناو ئەوانەدا کە سەفەر دەکەن، ئەو ئامار و لێکۆڵینەوانەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کردوویەتی سەلماندوویانە کە زۆرتر لە ٢،٥ ملیۆن کەس کە هاوتایە بە %٥٠ - ٢٠، ئەوانەی کە سەفەر دەکەن دەناڵێنن بەدەست کێشەکانی سکچوونەوە، ئەوەی کە بەهۆی ئاوی پیس و خۆراکی پیس بووەوە تووشی دەبن. زانای بەکتریالۆجی عبداللە محمود کە لە بەشی زیندەوەرە وردەکانە لە پەیمانگای توێژینەوەکانی خۆراک سەلماندویەتی، پیسبوونی خۆراک واتای هەبوونی کەرەستەی نامۆیە لە خۆراکەکەدا، مەرجێک نیە لە ئاوێتەکانی خۆراک، بە ئاستێک کە کار لە تەندروستی گشتی مرۆڤ بکات، گرنگترین ئەوانەی لە پیس بوونەوە دەکەوێتەوە سکچوونە بە تایبەت لە منداڵاندا، هەندێک نەخۆشی تر کە دەبنە هۆی بەدخۆراکی بە پێچەوانەوە بەدخۆراکی تووشبوون بە سکچوون و نەخۆشییەکانی تر ئاسان دەکات.
سەرچاوەکانی پیسبوونی خۆراک
١- پیسبوونی سروستی: لە شیبوونەوەی سروشتی خۆراکەوە پەیدا دەبێت، بەهۆی بەکتریا و کەڕووەکانەوە، یان بەهۆی درێژی ماوەی هەڵگرتن، یان بەهۆی دووچاربوونی سروشتی بە تیشکە سروشتییەکان، هەندێک هۆکاری تر کە مرۆڤ دەستی تیادا نیە، ڕەنگە ئەو تیشکەی لە بەردە گەردوونییەکان پەیدا دەبێت، ڕۆڵی هەبێت لە پیسبوونە سروشتییەکاندا، ئەم تیشکە زیان بەخشانە دەگوێزرێتەوە بۆ ڕووەک و سەوزەکان پاشان لە ڕێگەی زنجیرە خۆراکییە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵان، دەکرێت هەندێک میکرۆب و ڤایرۆس لە ڕێگەی بەرازەوە بگوازرێتەوە بۆ ڕووەکە سەوزەکانی ناو کێڵگە کە پاشان دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ، ببێتە هۆی تووشبوونیان بە گەلێک نەخۆشی لەوانە کرمی شریتی.
٢- پیسبوونی دەستکرد: ئەو پیسبوونەیە کە مرۆڤ دەستی تیادا هەیە کاریگەری هەیە لەسەری جا بە مەبەست بێت یان لە ڕێگەی هەڵەوە، لە گەورەترین کێشەکانی پیسبوونی دەستکرد پیسبوونی کیمیایی خۆراکە، ئەوە بریتییە لەو کەرەستانەی کە بەکاردەهێنرێن لە پیشەسازی خستنە قوتوودا.
٣- بەکارهێنانی ڕەنگە پیشەسازییەکان، بۆیە ڕەنگا و ڕەنگەکان، ئەوانەی تام و بۆن دەدەنە بەرهەمە خۆراکیە پیشەسازییەکان دەبنە هۆی پیسکردنی ئەم بەرهەمانە، زانستی نوێ سەلماندویەتی ئەم کەرەستانە بەرپرسن لە زۆرێک لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.
چۆن زاڵ دەبین بەسەر کێشەی پیسبوونی خۆراکدا؟
دەبێت چەند هەنگاوێکی گرنگ بنێین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەی پیسبوونی خۆراکدا بەوە زۆرێک لە ئاسەوارە خراپەکانی کەمدەکەینەوە.
١- ئەوەندەی دەکرێت خواردنی تازە بخۆین بۆ ئەوەی لەو ملیۆنەها بەکتریایانە کەم بکەینەوە کە ڕۆژانە لەگەڵ خۆراکدا دەچێتە لەشمانەوە.
٢- شتنەوەی بەردەوام و هەمیشەی سەوزە و میوە، دوورخستنەوەی خۆراکی تازە لە خۆراکی لێنراو هەتا بەکتریا نەگوازرێتەوە لە خواردنە تازەکەوە بۆ لێنراوەکە، پێویستە پێش خواردن و دوای خواردن پاک دەستەکانمان بشۆین.
٣- دانانی جل و بەرگ و چەرچەف و خاولی لەبەر هەتاودا بە تایبەت لەو کاتانەدا کە ئەم پێویستیانە بەکارناهێنرێت باشتریش لەوە بەکارهێنانی خاولی و دەستەسڕی کاغەزییە، کە گەشەی بەکتریا و زاوزێیان کەم دەکاتەوە.
٤- هەڵگرتن و پارێزگاریکردنی بەر و بوومی دانەوێڵە و تۆوەکان لە شوێنێکدا کە زۆر شێدار نەبێت، هەوا گۆڕگێی باشی هەبێت، ئەمە کەشی لەبارە بۆ هەڵگرتن و ناهێڵێت دووچاری کەڕوو و ژەهرەکانی ئەفلاتۆکسین بێت.
٥- کەمکردنەوە یان دوور کەوتنەوە بەپێی توانا لە ژەمە خێراکان، نە خواردنی خواردەمەنییەکانی سەر عەرەبانەکان یان خواردنی تری لەو جۆرە.