جەنگی دژی داعش

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-11-14:01:00 - کۆدی بابەت: 7560
جەنگی دژی داعش

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ناوخۆی عێراق

دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.

ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.

لەم جەنگەدا هێزی ئاسمانی دەیان وڵاتی وەک ئەمریکا و فەڕەنسا و سووریا و ئێران بەشدارییان کرد و لەشکری قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بە سەرۆکایەتی قاسم سولەیمانی یەکێک بوو لە هێزە چالاکەکانی جەنگەکە هاوشانی حەشدی شەعبیی عێراقی.

هۆکاری جەنگ

داگیرکردنی عێراق لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٠٣ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانییەکانیەوە دەستی پێکرد و نزیکەی ٣ هەفتەی خایاند، دوای هێرشەکە حکوومەتی کاتیی نوێ دروست کرا، بەڵام دروستکردنی کارێکی قورس بوو چونکە عێراق وڵاتێکی فرەمەزهەب و نەتەوەیە و بەشێکی زۆریان بە شێوەی جیاجیا و پێکەوە دژی ڕژێمی پێشوو وەستابوونەوە و پێویست بوو هەمووان مافی خۆیان وەربگرن، %٩٨ـی هێزی سەربازی دوای داگیرکردنی عێراق لە بەریتانی و ئەمریکییەکان پێکهاتبوون، لەدوای داگیرکارییەکە جەنگی ناوخۆی عێراق دەستی پێ کرد و چەندین ڕێکخراوی تیرۆرستی ئیسلامیی توندڕەو هاتنە ناو عێراق و دروست بوون، لەم ماوەیەدا ڕێکخراوی قاعیدە دەستی بەسەر زۆرێک لە شارە سوننییەکانی عێراقدا گرت و شەڕی دژی سەربازە ئەمریکییەکان دەکرد، جەنگەکەش بە شێوەیەکی فەرمی تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٩ بەردەوام بوو، لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ ئەمریکا لە عێراق کشایەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا خۆتەقاندنەوە و هێرشی تیرۆرستی لە چەند ناوچەیەکی عێراق دەبینران و بەردەوام بوون.

لەدوای بەهاری عەرەبی و لە ساڵی ٢٠١٣ کۆمەڵێک خۆپیشاندان لە شارە فرەسوننییەکانی عێراق دروست بوون و داواکارییەکان بریتیبوون لە:

  • نەهێشتنی گەندەڵی
  • ڕێگری لە دەستتێوەردانی ئێران لە سیاسەتی عێراق
  • کەمیی خزمەتگوزاری
  • سەرکوتکردنی سوننەکان لەلایەن شیعەوە
  • نەبوونی ئاسایشی وڵات
  • مامەڵەی نادادپەروەرانە لەگەڵ زیندانییان
  • بەخراپ بەکارهێنانی یاسا
  • بێکاری
  • کەمیی ڕێژەی مووچەی یەکە سوننییەکان کە دژی تیرۆر و دەمارگیری تائیفی دەوەستنەوە

خۆپێشاندان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢ دوای هەڵکوتانە سەر ماڵی وەزیری دارایی ئەوکات ڕوویدا، کە کەسایەتییەکی سووننی بوو و تۆمەتی تیرۆر درابووە پاڵ پاسەوانەکانی، بەهۆی ئەم ڕەفتارەشەوە هەزاران خۆپێشاندەر ڕژانە سەر شەقامەکانی عێراق، لەم ماوەیەشدا ڕێکخراوی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی لە ڕۆژی ٥ـی شووبات، بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشێکی خۆکوژی کردە سەر زیندانی حووت لە ناوچەی تاجی لە بەغداد، بەهۆی تەقینەوەکەوە ٢١ کەسی مەدەنی و سەرباز کوژران، دواتریش دەستڕێژەی گولـلەیان کردە سەر ئۆتۆمبێل و پاسەوانانی زیندانەکە و قوربانییەکی زۆری لێ کەوتەوە. دوای ئەو ڕووداوەش حکوومەت هەستا بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان و گرژی لێ کەوتەوە.

سەرەتای سەربزێوی

دوای دروستبوونی گرژییەکان لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ سوپای عێراق لە چەند ناوچەیەکی ئەنبار کشایەوە، دوابەدوای ئەوە ڕێکخراوی داعش هەستا بە داگیرکردنی کۆمەڵێک ناوچەی شارەکانی فەلووجە و ڕومادی لە پارێزگای ئەنبار و ڕایگەیاند کە ئەوانە دەوڵەتێکی نوێن.

دوای پەرتەوازەیی ئەنبار، حزبی بەعس و گرووپە هاوپەیمانەکانی (وەک سوپای ئیسلامی و بزووتنەوەی نەقشبەندی) ئەنجوومەنی سەربازی گشتی شۆڕشگێڕانی عێراقیان بە سەرۆکایەتی کۆمەڵێک لە سەرکردە دیارەکانی پێشووی حیزبی بەعس پێکهێنا، کەناڵی جەزیرە ئەنجوومەنەکەی بە یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی بەشدار لە جەنگی دژ بە حکوومەتی عێراق ناوبرد، کە بۆ شەڕی دژی حکوومەتی ناوەند و سوپای عێراق پێکهێنراوە، هەروەها لە شارە سووننەکانیش لەکاتی حووکمی سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی سوپاکەی کردووەتە ئامانج.

هێرشی داعش

کەوتنی فەلووجە

لە ٢٠١٤/١/١ چەکدارانی یاخیبووی هۆزەکان بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ بەرگرییەک ببنەوە هێرشیان کردە سەر بنکەکانی پۆلیسی ناوخۆ لە فەلووجە، پاشان داعش لە شاری فەلووجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار بە بڵندگۆ ڕایگەیاند کۆنترۆڵی تەواوی شارەکەی کردووە و داوای لە هۆزە سووننەکان کرد بچنە پاڵیان دژی سوپای عێراق، لە ماوەی جەنگی یەکەمی عێراقدا فەلووجە قەڵای سەرەکی هەموو ڕێکخراوە توندڕەوە سوزننەکانی وەک ئەلقاعیدە بوو، کەوتنی فەلووجە بۆ جاری دووەم کێشەیەکی سەرەکی بوو بۆ حکوومەتی عێراق چونکە شارەکە پێگەیەکی ستراتیجی هەیە و نزیکە لە بەغداد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی.

بابەت: کەوتنی فەلووجە

کەوتنی شاری مووسڵ

مووسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە هێرشێکی ڕێکخراوی ئیسلامی بۆ باکووری عێراق بەتەواوی کەوتە دەستی داعش و هێزە ناوخۆییە هاوپەیمانەکانی، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شارەکە شایەتی شەپۆلێکی ئاوارەبوون بوو و هەزاران سەربازی داعش دەستیان بەسەر باڵەخانە حکوومییەکان و فڕۆکەخانەی مووسڵ و بنکە و سەربازگە و بارەگای پارێزگای نەینەوادا گرت، سوپای عێراق بەرگرییەکی ئەوتۆی نەکرد و ڕاستەوخۆ کشایەوە بەرەو هەرێمی کوردستان و باشوور.

ڕێکخراوەکە توانی کۆنتڕۆڵی شارەکە و زۆربەی شارەکانی پارێزگای نەینەوا بکات، لەگەڵیشیاندا گرنگترین شوێنەکانی داگیرکرد کە یەکێک لەوانە بینای پارێزگای نەینەوا و فڕۆکەخانەی شارەکە و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان بوو. دوای داگیرکردنی شارەکەش ٣,٠٠٠ زیندانییان لەناو زیندانەکانی شارەکە ئازاد کرد. داعش کۆنتڕۆڵی تەواوی پارێزگای نەینەوایان گرتە دەست و شەڕەکانیان بە ناوی (غەزوەی ئەسەدوڵڵای بیلاوی) ناساند و ناوی پارێزگای نەینەواشیان کرد بە ویلایەتی نەینەوا.

لەگەڵ هێرشەکاندا پێشمەرگە لە ناوچەکانی زومار و شنگال و وانە و ڕەبیعە کشانەوە و ناوچەکان کەوتە دەست چەکدارانی داعش و هەزاران کەسی شارەکان ئاوارەبوون کە زۆرینەیان ئێزیدییەکانی شاری شنگال بوون و دەیان کچ و ژنیان کرانە کۆیلە و کەنیزەک و لە بازاڕەکانی داعشدا هەڕاج کران.

دوای داگیرکردنی شارەکە داعش هەستا بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی وەک: تەقاندنەوەی مزگەوت و ئارامگای پێغەمبەر یوونس و مۆزەخانەی مووسڵ کە مێژووی هەزاران ساڵی گەلی عێراق و ناوچەکەی تێدابوو، ئەم کارەشی ناونرا بە ئیرهابی فکری، چونکە ڕێکخراوەکە پێی وابوو بوونی ئەم جۆرە شوێنانە وێنا و هۆکارێکە بۆ پەیداکردنی هاوەڵ بۆ خوا و بتپەرستی.

دواتریش هێرشی کردە سەر شارۆچکەی بادوش و دەستی بەسەر زیندانی بادوشدا گرت، لەوێ نزیکەی ١,٤٠٠ زیندانیی ئازادکرد و ٦٧٠ زیندانی بە بیانووی تائیفییەوە لەسێدارەدا.

بابەت: کەوتنی مووسڵ

کەوتنی تەلعەفەر

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شاری تەلعەفەر کە زۆرینەی تورکمانی شیعەن، سەرەتا داعش بە وتنەوەی (حي على السلام) و بانگەواز بۆ ئاشتی هاتە پێشەوە و دواتر بە ٢٠٠ چەکدارەوە هێرشی کردە سەر شارەکە، سوپای عێراق لەوکاتەدا ٤,٠٠٠ سەربازی لەناو شارەکە هەبوو و لە ئاسمانیشەوە بۆردمانی چەکدارەکان کرا بەڵام سوودی نەگەیاند و شارەکە کەوتە دەست چەکدارەکان و زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکەش ئاوارەی ئەو ناوچانەبوون کە لەژێر دەستی پێشمەرگەدابوون.

بابەت: کەوتنی تەلعەفەر

کەوتنی شنگال و ڕەبیعە

دوای هێرشی داعش بۆ سەر شاری مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بە گشتی، هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی شنگال و وانە کشانەوە، لە مانگی ئابی ٢٠١٤ کوشتارگەی شنگال ڕوویدا و داعش هێرشی کردە سەر شاری شنگالی بنکەی ئێزیدییەکان و ناوچەکانی دەوروبەری، قوربانییەکانی ئەو شەڕە بە ٢,٠٠٠ بۆ ٥,٠٠٠ کەس دەخەمڵێنرێن، دواتریش هەستان بە دیلکردنی کچە ئێزیدییەکان و زۆرینەیان لە بازاڕەکانی شاری مووسڵ و ڕەققە فرۆشران.

کەسانێکی زۆر دوای کەوتنی شاری شنگال و دەوروبەری ئاوارەبوون و کەوتنی بنکەی سەرەکی یەزدییەکان دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهاندا لێ کەوتەوە و چاوی تەواوی میدیاکانی جیهانی بۆ  عێراق ڕاکێشا.

بابەت: کەوتنی شنگال

کەوتنی حەویجە

دوای هێرشەکانی پێشوو داعش توانی شاری حەویجەش داگیربکات و دوای ئەوەش هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کەرکووک و لەوێ ڕووبەڕووی پێشمەرگە بوویەوە و پێشڕەوییەکەی هێواش بوویەوە، لە ڕۆژئاوای کەرکووک توانی دەست بەسەر پێنج ناوچەدا بگرێت، داعش دەستی بەسەر ناوچەکانی زاب و ڕەشاد و ڕیاز و عەباسی و یەنگجەدا گرت.

بابەت: کەوتنی حەویجە

گەمارۆی بێجی

لە سەرەتای هێرشەکەی سەر پارێزگای سەڵاحەدینەوە، داعش دوای کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندی شاری بێجی و دەوروبەری، ویستی داگیرکردنی پاڵاوگەی نەوتی بێجی هەبوو بەڵام بەهۆی بەرگرییەکی بەهێزەوە لەلایەن هێزەکانی پاڵاوگەکە نەیتوانی داگیری بکات سەرەڕای ئەوەی ژمارەی سەربازانی هەردوو بەرە زۆر جیاوازبوون. داعش لەدوای چەند هێرشێک گەمارۆی زەمینی پاڵاوگەکەی دا و تاوەکوو چەندین مانگ پاڵاوگەکە گەمارۆدرابوو تا ئەوکاتەی هێزەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٥ توانییان ڕزگاری بکەن.

گەمارۆی ئامرلی

ڕۆژی ١١ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ دوای کەوتنی شاری مووسڵ و داگیرکردنی هەموو گوندەکانی دەوروبەری ئامرلی تورکمانی شیعەنشین، دوای چەندین هێرش بۆ سەر شارەکە نەیتوانی داگیری بکات، بۆیە گەمارۆی شارەکەی دا، لە گەمارۆی شارەکە داعش بۆ ماوەی ٨٠ ڕۆژ هەستا بە بڕینی ئاو و ڕێگری لە چوونەناوەوەی هەموو جۆرە خۆراک و دەرمانێک کرد، جاربەجاریش لە هەموو قۆڵەکانەوە هێرشی دەکردە سەر شارەکە بەوهیوای بتوانێت بەرەی پێشەوەی بەرگریی شارەکە بشکێنێت، دانیشتوانی شارەکە تاوەکوو کۆتا سات بەرگرییان کرد و ڕێگرییان لە هێرشەکان کرد.

داعش لە هێرشەکانی سەرەتا سوودی لە ٥ تانک و ٦ هەمەڕ و ٣ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی برادلی و ٣٠٠ سەرباز وەرگرت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

بابەت: گەمارۆی ئامرلی

کەوتنی تکریت و کوشتارگەی سپایکەر

تکریت پایتەختی پارێزگای سەڵاحەدینە و یەکێکە لە گرنگترین شارەکانی، لە ڕۆژی ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ بە تەواوی کەوتە دەست چەکدارانی داعش و هاوپەیمانەکانیان لەو چەکدارانەی لە حیزبی بەعس مابوونەوە، لەدوای داگیرکردنی شارەکە عیزەت دووری لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ پاڵەوانانی قاعیدە و ڕێکخراوی ئیسلامی دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە.

پێش داگیرکردنی شارەکە لە ڕۆژی ١٢ـی مانگ، داعش هەستا بە گرتنی ٢٠٠٠ بۆ ٢,٢٠٠ خوێندکاری هێزی ئاسمانیی عێراق و لە کۆشکی سەرۆکایەتی تکریت و دەوروبەری زۆرینەیانی گولـلەباران کرد و هەندێکیانی بە زیندوویی لەگەڵ ئەوان خستە ژێر خاکەوە، ئەم ڕووداوەش بە کوشتارگەی سپایکەر ناسرا. هەندێک لە خوێندکارەکان توانییان هەڵبێن و لەڕێی شاری عەلەمەوە کە تا ئەوکات نەگیرابوو، ڕزگاریان ببێت.

بابەت: داگیرکردنی تکریت

هەڕەشە لەسەر کوردستان

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە قاسم سولەیمانی ١٠ ڕۆژ پێش داگیرکردنی مەخموور لە کۆتایی مانگی تەمووز سەردانی مەسعوود بارزانی دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە لە هێرشی داعش بۆ سەر هەولێر و دەڵێت کە ئەستەمە ڕێگایان لێ بگیرێت چونکە پێشمەرگە ئەزموونی ئەم جۆرە جەنگەی نییە، دواتریش دەڕواتە سنووری مەخموور بۆ چاودێری دۆخەکە. لە ڕێكەوتی ٧ـی ئابی ٢٠١٤، چەكدارانی داعش بە دووری نزیكەی كەمتر ٦٥ كیلۆمەتر لە هەولێر نزیكبوونەوە و پایتەختی هەرێمی كوردستان لە هەرسێ میحوەری (گوێر، مەخموور، خازر) كەوتە بەردەم هەڕەشەی داگیركردن. لە ئەنجامی هێرشەکە شارۆچکەی گوێر و قەزای مەخموور داگیردەکرێن و هێزی پێشمەرگە دەکشێتەوە تێیدا. دوای داگیرکردنی گوێر، کە نیوکاتژمێر لە شاری هەولێرەوە دوورە، بەشێک لە خەڵکی هەولێر ماڵەکانیان چۆڵکرد و ڕایان کرد.

دوای دروستبوونی هەڕەشە لەسەر شاری هەولێر تیمی بارزانی تەلەفۆن بۆ جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن و ئەویش دوای ١٥ خولەک هەواڵی سەرۆکی ئەمریکا دەگەیەنێت و دەڵێت کە ڕێگە نادەن هەولێر بکەوێتە دەست داعش.

لە ڕێکەوتی ٩ـی ئاب ئەمریکا داوای لە سەرجەم هێزە کوردییەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ سەر هێڵی ٣٦ کە پێشووتر لەدوای ڕاپەرینی ١٩٩١ دروستکرابوو. دوای دوو ڕۆژ لە هێرشی داعش ئەمریکا لە ئاسمانەوە هێرشی کردە سەر ڕێکخراوی ئیسلامی و ڕێگری لە بەرەوپێشچوونیان کرد.

٤٨ کاتژمێر پێش هاتنی هێزەکانی ئەمریکا، لەسەر داوای هەردوو مەسعوود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قاسم سولەیمانی و هێزێکی ئێرانی دەگەنە میحوەری خازر و مەخموور، دوای ئازاكردنی مەخموور و گوێر، بارزانی سوپاسنامەیەكی ئاڕاستەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆماری ئەوکاتی ئێران كرد، بۆ ئەو هاوكارییەی پێشكەشی هەولێریان كردووە.

دوای هێرشی داعش سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان هەستا بە دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵا و لە ڕووی کارگێڕیشەوە کڵێشەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەڵوەشاندەوە و بەشێوەیەكی نهێنی تەواوی هەرێمی كوردستانی كردە چەند میحوەرێك و میحوەرەكانیش تەنیا فەرمانیان لە ئۆپەراسیۆنی باڵاوە وەردەگرت.

کەوتنی تەل وەرد

لە شەوی ٢٠١٤/١١/٢٥ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک گوندی ڕۆژئاوا و باشووری کەرکووک و چەند گوندێکیان داگیرکرد، لەو شەوەدا کۆمەڵێک پێشمەرگە شەهیدبوون و شەڕێکی سەخت تاوەکوو ڕۆژەکانی داهاتوو بەردەوام بوو.

بانگەواز بۆ جیهاد

لە ڕۆژی ١٤ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، دوای گەیشتنی داعش بە دەوروبەری شاری بەغداد، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە بانگەوازی کرد و وتی: "هەموو کەسێک بە شیعە و سووننەوە کە دەتوانێت چەک هەڵبگرێت با دژی تیرۆرستان بوەستێتەوە و بەرگری لە شەرەف و وڵات و پیرۆزییەکانی بکات چونکە داعش هێرش بۆ سەر هەموو شارێک دەکات و جیاوازی ناکات."

دوای ئەم بانگەوازە خەڵکی دەستی کرد بە خۆبەختکردن و ناونووسین لە هێزەکانی (حەشدی شەعبی) کە لە ١٣ـی ئازاری هەمان ساڵ بە فرمانی حکوومی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و سەروەزیرانی ئەوکات نووری مالیکی دروست کرا، کە یەکگرتنێک بوو لە چەکدارە شیعەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی داعش لە عێراق. حەشدی شەعبی سەرەتا لە هێزەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق و ڕێکخراوی بەدر و هێزەکانی شەهید سەدڕ پێکهاتبوون، دواتر گەورەبوون و چەندین هێزی تریان بۆ زیادبوو.

جەنگ

ئازادکردنەوەی گوێر و مەخموور

بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا، هێزی پێشمەرگە هێرشێكی چڕی بۆ ئەو ناوچانە دەست پێكرد كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. بەر لەوەی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا دەست بكەن بە هێرشكردن بۆ سەر بنكەكانی چەكدارانی داعش‌، چەكدارانی داعش لە دوو قۆڵەوە سەرقاڵی ئامادەكاری بوون بۆ تۆپبارانكردنی شاری هەولێر و تۆپەكانیش ئەو جۆرە تۆپە پێشكەوتووانە بوون كە چەكدارانی داعش لە مووسڵ دەستیان بەسەردا گرتبوو. چەكدارانی داعش سەرجەم تۆپەكانیان لەسەر دوو لۆری بارهەڵگر جێگیركردبوو، یەكێك لە لۆرییەكانیش بە ئاڕاستەی وێستگەی كارەبای پیرداود جوڵێنراوە ویستوویانە سەرچاوەی كارەبای شاری هەولێر خاپوور بكەن.

لەدوای هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا، هێزی پێشمەرگە لە دوو قۆڵەوە هێرشی دەست پێكرد بۆ ناحیەی گوێر، قۆڵی یەكەم بەسەرپەرشتی ئەنوەری حاجی عوسمان بوو كە لە ڕێگەی نێوان (مەخموور-گوێر) هێرشەكانی دەست پێكرد. قۆڵی دووەمیش لە ڕێگەی (هەولێر-گوێر) بوو بەسەرپەرشتی كاكەمین نەجار و جەمال مورتكە و سەید هەژار.

لە قۆڵی مەخمووریشەوە بە سێ ئاڕاستە هێرشكرایە سەر مەخموور كە ئاڕاستەی یەكەم هێزەكانی پەكەكە بوون و لە كامپی ئاوارەكانی مەخموور جێگیركرابوون. قۆڵی دووەمیان هێزی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون كە لەناو بازاڕگەی مەخموور نزیكەی ١٠ نیشانەشکێنیان بەرانبەر چەكدارانی داعش جێگیركردبوو، بەهۆی جێگیركردنی ئەو نیشانەشکێنانەوە توانرا سایلۆی مەخموور ئازاد بكرێت. قۆڵی سێیەمیان بەسەرپەرشتی نەجات عەلی و هێزەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. هێزی دژەتیرۆر و گەریلاكانی پەكەكە و پێشمەرگەكانی نەجات عەلی و عەلی حسێن، لە ١٠ـی ئاب خۆیان گەیاندە ناوجەرگەی مەخموور و بەردەم قایمقامیەتی مەخموور و ئازادیان كرد، دوای چەند كاتژمێرێكی كەم ناحیەی گوێڕیش ئازادكرا.

ئازادکردنی ئامرلی

دوای نزیکەی سێ مانگ لە گەمارۆدانی ئامرلی،  ئۆپەراسیۆنێک بۆ ڕزگارکردنی شارەکە دەستی پێ کرد و لە سێ قۆڵەوە هێرش کرا: دووزخورماتوو بەرەو گوندی سەلام و بەستاملی لە باکوور، قۆڵی کفری بەرەو ئامرلی لە ڕۆژهەڵات و قۆڵی گەورەی ئەنجانە لە باشوور. هێزەکانی سوپا لە باشووری ئامرلییەوە و حەشدی شەعبیش لە کفری و لە قۆڵی سێیەمیشەوە هەریەک لە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی پێکەوە هێرشیان کرد. لە ڕۆژی ٨/٣١ سوپای عێراق بە فەرمی شکاندنی گەمارۆی شارەکەی ڕاگەیاند و بەرەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین لە داعش پاککرایەوە.

ئۆپەراسیۆنی عاشورا

لەگەڵ مانگی موحەرەم و سەفەر کە تێیدا مووسڵمانان یادی ڕووداوی ئەلتەف و چلەی ئیمام حسێن دەکەنەوە، هەڕەشەکانی داعش بۆ بە ئامانجگرتنی ئەم نەریتانە بەرپرسانی عێراقی هاندا بۆ دەستپێشخەری و ڕایانگەیاند کە شارۆچکەی (جرف النصر) ناوچەیەکی مەترسیدارە بۆ شاری کەربەلا و زۆر پێویستە کە ناوچەکە پێش مانگی موحەڕەم بگەڕێندرێتەوە، پێش هەفتەیەکیش پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە کەربەلا تەقێنرابوونەوە ئەوەش ئۆپەراسیۆنەکەی خێراتر کرد.

لە ٢٠١٤/١٠/٢٤ ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەستی پێ کرد و ماوەی دوو ڕۆژی خایاند و شارەکە ئازادکرا، لەبەرئەوەی ٥٠٠ چەکداری داعش لە شارەکەبوون، ئەم شکستە بووە گورزێکی کوشندە بۆ داعش و ورەیان ڕووخا لە ناوچەکە.

لە هەمان کات لە باکوورەوە هێزەکانی پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر ناوچەی زومار و ڕزگاریان کرد.

دروستکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش

لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنا و ناوی نا هێزی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان – ئۆپەراسیۆنی چارەسەریی پتەو (CJTF–OIR، قوة المهام المشتركة – عملية العزم الصلب). ئەم هاوپەیمانییەتە بۆ تێکشکاندنی داعش بوو لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق و زیاتر لە ٣٠ وڵات تێیدا بەشداربوون.

هێرشی دیالە

لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٤ حکوومەتی عێراق یەکەم هەڵمەتی سەربازی بۆ ئازادکردنی پارێزگای دیالە دەست پێکرد، کە داعش زۆربەی شارۆچکە و گوندە سوننەنشینەکانی نزیک پارێزگای سەڵاحەدین و کەرکووکی تێدا کۆنتڕۆڵ کردبوو، هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە پێکەوە نزیکەی ٥٠ ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ ڕزگارکردنی تەواوی پارێزگای دیالە ئەنجام دا و هێزە پارێزەرە هاوبەشەکانی عێراق پێکەوە نزیکەی ٥٨ کوژراو و ٤٨٢ برینداریان لێ کەوتەوە. ڕێکخراوی ئیسلامیش زیاتر لە ١٠٠٠ کوژراوی لێ کەوتەوە. هێرشەکان بە ئازادکردنەوەی شاری جەلەولا کۆتایی هات.

هێرشی زڵووعییە (الضلوعية)

لە ٢٠١٤/٦/١١ مانگی حوزەیراندا، شارۆچکەی زڵووعییەی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین کەوتە دەست داعش، کە ٨٥ کیلۆمەتر لە باکووری شاری بەغدادەوەیە و کۆمەڵێک عەشیرەتی عەرەبی سووننە تێیدا نیشتەجێن، لە دووەم ڕۆژی داگیرکاری داعش هۆزە عەرەبییەکان دژی داعش هەستان و لە شارۆچکەکە دووریان خستنەوە بەرەو دەوروبەری سامەڕا و دیالە، بەڵام دواتر داعش بە هێزێکی زیاترەوە گەڕایەوە و لە سێ لاوە بۆ ماوەی ٢٠٠ ڕۆژ گەمارۆی خستە سەر شارەکە، زۆرینەی شارۆچکەکە دوای گەمارۆ کەوت تەنیا ناوچەی عەرەب جبوور نەبێت کە تاوەکوو دەمی ئازادکردنی مایەوە و لە مانگی یەکی ٢٠١٥ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکە و بە یارمەتی هۆزەکانی ناوچەکە ئازادکرا، دوای ئەوەش ڕێگای سامەڕا-بەغداد کرایەوە.

هێرشی سەڵاحەدین

دوای شکاندنی گەمارۆی سەر شارەکانی عێراق، سوپای عێراق نەخشەیەکی بۆ هێرشی پێچەوانە بۆ سەر داعش ئامادەکرد و جەنگی لە شێوەی بەرگرییەوە گۆڕی بۆ شێوەی هێرش و یەکەم شوێن دەستی بە ئازادکردنی پارێزگای سەڵاحەدین کرد، لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٥ـەوە دوای دوو مانگ لە کۆکردنەوەی زانیاری، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزە عەشایەرە چەکدارەکان بە ٢٣,٠٠٠ سەربازەوە هێرشیان کردە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، لە سەرەتای هێرشەکە قەزای عەلەم و عۆجە و دوور ئازادکران، دوای ئەوانیش گەمارۆی سامەڕا کرایەوە و لە بەشی باشوورەوە دەست بەسەر گردی حەمریندا گیرایەوە.

هێرشە گەورەکەی کەرکووک

لە شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ چەکدارەکانى داعش لە چەندین قۆڵەوە پەلامارى سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگەیان لە ڕۆژئاواو و باشوورى ڕۆژئاواى کەرکووک دا. لەو شەوەدا چەکدارانی داعش توانییان هەریەک لە تەل وەرد و مەلا عەبدوڵا و چەندین ناوچەی تر داگیربکەن، لە ڕۆژی ٣٠ـی مانگیش هێزێکی زۆری پێشمەرگە نێردرانە ناوچەکە و چەند ناوچەیەک ئازادکرانەوە.

هێرشەکە بە خۆتەقاندنەوەى چەند چەکدارێکى خۆکوژ و دواتر دەستپێکردنى هێرشى فراوان بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەستی پێکرد، لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندە و پێشمەرگە شەهیدبوون کە سالار شێرکۆ شوانى فەرماندەى لیواى یەکى پیادە یەکێک لەوان بوو. دوای شەڕەکە تەرمی ١٠٠ چەکداری داعش کەوتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە کە زۆرینەیان بیانی بوون، دوای تەواوبوونی هێرشەکە فەرماندەی هێزەکانی پەکەکە لە کەرکووک بەناوی عەگید ڕایگەیاند کە ٧٥ چەکداری داعش لەلایەن پەکەکەوە کوژراون بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە سەرەڕای ئەوەی زۆرێکیان بەجێیان هێشتوون، لە هەواڵەکاندا وتویانە کە ئەوان داعشەکانیان کوشتووە.

ئازادکردنی تکریت

ڕۆژی ١١ـی ئازار سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان لە چوار قۆڵەوە دەست پێکرد بۆ ڕزگارکردنی تکریت لە چنگی داعش، پێشتر سوپای عێراق ناوچە گەمارۆدراوەکانی ئازادکردبوو و بەوەش توانیبووی هاوکاری و چەکی پێویست بگەیەنەتە بەرەکانی پێشەوە و ئامادەبێت، گەورەترین هێرش لە بەرەی باکوورەوە ئەنجام درا و دەست بەسەر گەڕەکی حي القادسيةدا گیرا، لە بەرەی باشووریشەوە بەرەو ناوەڕاستی شار پێشڕەوی کرا. دوای چەند هێرشێک هێزەکانی عێراق توانییان ئاڵای عێراق لەسەر نەخۆشخانەی گشتی تکریت بەرزبکەنەوە، دواتر لە دوو قۆڵەوە چوونە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی تکریت لە ڕۆژهەڵاتەوە، ئەو ناوچانەی مابوونەوە درانە بەر تۆپبارانی چڕ و لە ناوچەی دیوومەوە هێرش دەستی پێ کردەوە بەرەو ناوەڕاستی شار.

بەهۆی سەختی جەنگەوە حەیدەر عەبادی داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر شارەکە، بەڵام حەشدی شەعبی ڕەتیان کردەوە و ڕایانگەیاند گەر هێرشی ئاسمانی بکرێت ئەوان دەکشێنەوە، بۆیە هێرشەکە ئەنجام نەدرا، دواجار لە ڕۆژی ٣١ـی ئازاردا شارەکە بە تەواوی ئازادکرا.

لە ماوەی شەڕی تکریتدا داعش لە دەوروبەری کەرکووک بە قووڵی ٤٠ کیلۆمەتر کشایەوە و پێشمەرگە چووە شوێنەکانیان. لەو ماوەشدا هەر سێ گوندی (وەحدە، سەعد و خالید) دوای شەڕێکی دوو کاتژمێری ئازادکران.

هێزەکانی هاوپەیمانانیش هێرشێـکی ئاسمانییان ئەنجام دا و بەرەنجام ئه‌بو عه‌لا ئه‌لعفری و دادوه‌ری ویلایه‌تی جه‌زیره‌ و بادیه‌ ئه‌کره‌م قرباش ناسراو به‌ مه‌لا مه‌یسه‌ر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ چه‌کدارانی داعش کوژران، ئەمەش کاتێـک له‌ مزگه‌وتی شوهه‌دای ناوچه‌ی ئه‌لعه‌یازیـیه‌ له‌ شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ر کۆده‌بوونه‌وه‌.

شکاندنی گەمارۆی بێجی

دوای ململانێیەکی دوورودرێژی نێوان هێزە گەمارۆدراوەکانی عێراق و حەشدی شەعبی، هێزەکانی دژە تیرۆر بە پشتیوانی عەسائیب ئەهلی حەق لە ٢١ـی ئایاری ٢٠١٥ توانییان گەمارۆی پاڵاوگەی بێجی بەتەواوی بشکێنن و ٣٠٠ سەربازی گەمارۆدراوی ناو پاڵاوگەکە ئازاد بکەن. ئەمەش گەورەترین و ماوەدرێژترین گەمارۆی داعش بوو لە سەرەتای هێرشەکانی حوزەیرانی ٢٠١٤ـەوە.

کەوتنی ڕومادی

لە ١٧ـی ئایاری ٢٠١٥ دوای کشانەوەی هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ و سوپای عێراق، داعش دەستی بەسەر ڕومادی پایتەختی پارێزگای ئەنباردا گرت، ڕێکخراوەکە لە ڕومادی بەهۆی ئەم کشانەوەیە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و هەڕەشەی خستە سەر دوایین دەستکەوتەکانی سوپای عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەهۆی هێرشەکەوە %٩٠ـی پارێزگای ئەنبار کەوتە ژێر دەستی جگە لە شارەکانی عامریە و فەلووجە و خالیدیە و حەدیثە کە تووشی گەمارۆ بوون و بووە هۆی ئاوارەبوونی ١٣٣ هەزار دانیشتووی شارەکان.

گەمارۆی حەدیثە

دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ڕومادیدا گرت، ئەو ڕێکخراوە گەمارۆیەکی گەورەیان بەسەر شاری حەدیثەدا سەپاند کە دەکەوێتە ئەوپەڕی ڕۆژئاوای وڵاتی عێراق، بەهۆی شوێنە جوگرافییە سنووری و دوورەکەیەوە، دانیشتوانی شارەکە زۆر بە سەختی دەیانتوانی خۆراک و ئاو و دەرمان بگەیەنن بە خەڵکی، بۆیە زۆرجار لە ڕێی بڕینی ڕێگایەکی دووری بیابانەوە خۆراکیان دەست دەکەوت، زۆرینەی هاوکارییەکانیش لەڕێی پشتیوانی ئاسمانییەوە بۆیان دەنێردرا.

ئازادکردنی شنگال

لە بەرەی باکوورەوە پێشمەرگە لەگەڵ جوڵەی سوپای عێراقدا خەریکی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەبوو کە پێشتر لەدەستی دابوون، دوای هێرشێکی چڕ لە باکووری شنگالەوە، لە ڕۆژی هەینی ٢٠١٥/١١/١٣ هێزەکانی پێشمەرگە و یەکینەکانی پاراستنی گەل بە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا توانییان شنگال لە ژێر دەستی ڕێکخراوی داعش دەربهێنن، لە هێرشەکەدا ٧,٥٠٠ پێشمەرگە بە هاوکاری هێزە ناوخۆییە ئێزیدییەکان بەشداربوون.

لەم هێرشەدا هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستانیش بەشدارییان کرد.

ئازادکردنی دوورگەی سامەڕا

ڕۆژی ٢٥ـی ئایار هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی سەربازییان دەست پێکرد بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژئاوای پارێزگای سەڵاحەدین لە دەست داعش، کە نزیکەی ساڵێک بوو داگیرکرابوو، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوار قۆڵەوە دەستی پێ کرد:

  • قۆڵی یەکەم: ناوچەی مەکشیفە
  • قۆڵی دووەم: ڕۆژئاوای سامەڕا
  • قۆڵی سێیەم: ڕۆژئاوای شاری تکریت
  • قۆڵی چوارەم: باشووری ڕۆژئاوای قەزای بێجی و ناوچەی صینییە

هێزەکان لە هەریەک لە حەشدی شەعبی و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق پێکهاتبوو.

ئەنجامی هێرشەکە ئازادکردنی دوورگەی سامەڕا بوو کە ڕووبەرەکەی نزیکەی پێنج هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و خاوەنی ٦٥ گوندی کشتوکاڵییە، لەگەڵ ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە ماون لە سەڵاحەدین و گرەنتی پارێزگاری لە ئارامگای هەردوو ئیمام و پاراستنی شاری سامەڕا لەو هاوەنانەی کە داعش دەیباراند بەسەریدا.

ئۆپەراسیۆنی لبیک یا رسول اللەـی دووەم

دوای شکاندنی گەمارۆی بێجی و گەڕاندنەوەی سەربازە گەمارۆدراوەکان، هێزە عێراقییەکان گەڕانەوە بۆ باشووری بێجی و بەوەش داعش دووبارە بە هێرشێک دەستی بەسەر کۆمەڵێک بەشی شارەکە و پاڵاوگەکەدا گرت و ناوی نا شاری بێجی عصیە. هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی هێرشێکی تریان کردە سەر شارەکە و لە هەموو قۆڵەکانەوە داعشیان تێکشکاند. لە ڕۆژی ٢٢ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ توانرا تەواوی شاری بێجی لە دەستی داعش ڕزگاربکرێت، بەوەش ڕێگای بەغداد-بێجی کرایەوە و شارەکە بوو بە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر شاری مووسڵ.

یەکەم هێرشی ئەنبار

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ـی تەمووز سوپای عێراق بە پشتیوانی حەشدی شەعبی و هۆزە سوننەکانی سەر بە حکوومەتی عێراق لە چەند بەرەیەک لە ئەنبار هێرشیان دەست پێ کرد، هێزە عێراقییەکان لە هەردوو بەرەی ڕۆژئاوا و باشوورەوە چوونە ناو شاری ڕومادی، سەرەتا داعش بەرگرییەکی سەختی کرد، بەڵام لە نیوەڕۆی ڕۆژەکەدا بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکەش کەوتە دەست حکوومەتی عێراقی و یاریگای ئۆڵۆمپی ڕومادی ئازادکرا، لە ڕۆژی ٢٠ـی مانگ داعش لەڕێی تەقینەوەی کۆنتڕۆڵکراوەوە یاریگاکەی تەقاندەوە و هیچ ئامارێک لە کوژراو و برینداری ئەو شوێنە نییە.

لە ڕۆژی ٢٣ـی تەمووز سوپای عێراق ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمین جار ئەو سەربازانە بەکاردەهێنرێن بۆ بەدەستهێنانەوەی ڕومادی کە لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە.

سوپای عێراق سەرقاڵی ئازادکردنی ڕومادی و حەشدی شەعبیش سەرقاڵی ئازادکردنی شاری فەلووجە بوون، ٢٦ـی تەمووز هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی بە پشتیوانی سوپای عێراق و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فڕۆکەکانی عێراق کۆنتڕۆڵی تەواوی زانکۆی ئەنباریان کرد و لە چەکدارەکانی داعشیان وەرگرتەوە.

لە ڕۆژی ٢٩ـی مانگ بەهۆی تەقینەوەی دوو خۆکوژی داعش لە دەرەوەی زانکۆی ئەنبار خۆیان بە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمب گوێزەرەوەدا تەقاندەوە و بوونە هۆی کوشتنی ١٢ سەربازی عێراقی. لە ڕۆژی ١١ـی ئاب هێزە عێراقییەکان خۆیان بۆ کۆتا هێرشی یەکلاکەرەوە ئامادەکرد و تەواوی شارەکەیان گەمارۆدا.

لە ڕۆژی ٢٣ـی ئاب داعش ٢٣ سەربازی عێراقی لەڕێی چەند خۆکوژێک و چەکی قورسەوە کوشت، لە ڕۆژی ٢٥ـی مانگیش سێ هێرشی خۆکوژی تر بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دران بەڵام پووچەڵ کرانەوە، دوو ڕۆژ دواتر بەهۆی هێرشی خۆکوژێکەوە دوو ئەفسەری پلەباڵای عێراقی و سێ پاسەوانیان کوژران.

لە ڕۆژی ١٠ـی ئەیلوولیش هێزی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر پێگەی ئۆپەراسیۆنی داعش لە ئەنبار و لە ڕۆژی ١٥ـی مانگیش هێزێکی ١٦٠ کەسی گەیشتنە پنکەی ئاسمانیی حەببانییە بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق لە وەرگرتنەوەی شاری ڕومادی.

لە ڕۆژی حەوتەمی مانگی ئۆکتۆبەر هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنیان لە ڕومادی دەست پێ کرد و چەندین ناوچەیان لە باکوور و ڕۆژئاوا گرت، کە ڕێگای سەرەکی ڕۆژئاوای ڕومادی لەخۆدەگرت. تا ١٣ـی تشرینی یەکەم هێزەکانی عێراق ١٥ کیلۆمەتر پێشڕەوییان لە بەدەستهێنانی شارەکەدا کرد.

لە ڕۆژی ١٤ـی مانگیش هێزە عێراقییەکان توانییان دەست بەسەر بەڕێوبەرایەتی فریاکەوتندا بگرن.

هێرشی سەر چیای زەرتک

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 16-12-2015، چەکدارانی داعش لە چیای زەرتک بە پیادە هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە وەڵامیان درایەوە و هێرشەکەیان تێکشکێندرا. شەڕەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بووە و شکستی هێناوە، لەم شەڕەدا سەرتیپ مەغدید هەرکی، فەرماندەی هێزی 2ی سوپای 5 ی زێرەڤانی و ژمارەیەك پێشمەرگە شەهیدبوون.

جەنگی ڕومادی

ڕۆژی ٢٥ـی تشرینی دووەم هێزە عێراقییەکان هێرشێکیان بۆ گرتنەوەی ڕومادی دەست پێ کرد و پردی ستراتیجی فەڵەستینیان گرتەوە، کە دوایین هێڵی هاوکاری بوو بەرەو شارەکە لەسەر ڕووباری فوڕات. لە ڕۆژی ٢٠١٥/١٢/٧ بە فەرمی هێرش دەستی پێ کرد و لە یەکەم هەڵمەتدا توانرا بنکەی ئۆپەراسیۆنی ئەنبار بەدەست بهێنرێتەوە، لە ڕۆژی ١٠ـی مانگ داعش پردی (الورار)ـیان تەقاندەوە کە هێڵی بەیەکگەیاندنی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بوو بە بەشی ڕۆژئاوای باکوورەوە، بەوەش تەنیا یەک پرد لە ڕومادی مایەوە.

لە ڕۆژی ٢٢ـی مانگ هێزە عێراقییەکان گەیشتنە ناوەڕاستی شاری ڕومادی و لە ڕۆژی ٢٧ـی مانگ توانییان دەست بەسەر بەشێکی زۆری باڵەخانە حکوومییەکان بگرنەوە و دوای ئەوەش عێراق گرتنەوەی شارەکەی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی %٣٠ـی شارەکە هێشتا لەژێر دەستی داعشدا مابوویەوە. لە ڕۆژی ٣٠ـی مانگیش سەروەزیرانی ئەوکاتی عێراق، حەیدەر عەبادی سەردانی شارەکەی کرد و ئاڵای عێراقی هەڵکرد.

لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە %٨٠ـی ڕومادی گرتووەتەوە و داعش تەنیا لە ناوچەکانی مەلعەب و شارع عشرین ماوەتەوە. لە ڕۆژی ٢٠ـی مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ دوای شەش مانگ لە شەڕکردن شاری ڕومادی ئازادکرا.

ڕۆژی 22ی کانوونی دووەم، هێزە عێراقییەکان بە تەواوی چوونە ناو ناوچەی سەجاریە، هەروەها چوونە ناو ناوچە داگیرکراوەکانی ئەلجەنابە و ئەلحەصیبە لە ڕۆژهەڵاتی ڕومادی. ڕۆژی ٢٣ـی کانوونی دووەم، داعش لە ناوچەی ٧٠ کیلۆمەتری ڕۆژئاوای ڕومادی و لە تەل مەشهیدە لە ڕۆژهەڵات ناوچەکانی باکووری ڕومادی هێرشی خۆکوژی ئەنجامدا و بەهۆی هێرشی ئاسمانیشەوە ٦٢ چەکداری لەدەست دا، هێزە عێراقییەکانیش کوژرانی ٤٨ سەربازیان بڵاوکردەوە. دواتریش ١٩٠ کەس بە گومانی تێکەڵاوییان لەگەڵ داعش دەستگیرکران. لە ڕۆژی ٢٠١٦/٢/٤ هێزە عێراقییەکان ناوچەی سەجارییەیان ئازادکرد و بەوشێوەیەش بە تەواوی داعش لە ڕومادی وەدەرنرا.

شەڕی هیت

ڕۆژی ١٩ـی شوبات ئاشکرابوو کە ئامانجی داهاتووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار دەبێتە شارۆچکەی هیت، کە ١٢,٠٠٠ کەسی تێدا دەژی و ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ چەکداری داعشی تێدایە، لە ڕۆژی ٢٣ـی مانگ سوپای عێراق هێز و چەکەکانی ناردە بنکەی عەینولئەسەد لە نزیک هیت، لە ئامادەکاری بۆ هێرشی داهاتوو بۆ دووبارەگرتنەوەی هەردوو کەبیسە و هیت کە لە ژێر دەستی داعشدان. هەر لەو ڕۆژەدا شەڕوپێکدادان لەنێوان هۆزە سونییە ناوخۆییەکان و هێزەکانی داعش لە هیت دروستبوو. ڕۆژی دواتر، هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بارەگای داعشی لە هیت و کەبیسە تێکشکاند و ژمارەیەکی زۆری داعش کوژران.

ڕۆژی ٢٨ـی شوبات حکوومەتی عێراق خەڵکی مەدەنی لە کەبیسە و هیت ئاگادارکردەوە کە دەبێت لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا شارەکە بەجێبهێڵن، بۆ ئەوەی لە هەر هێرشێکی نزیک بە ئامانجەکان دووربکەونەوە و زیان نەبینن. لە ڕۆژی ١٢/٣ یەکەمین هێرش کرا و ناوی لێ نرا (وشق الصحراء)، ڕۆژی ١٧ـی ئازار هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوپەیمانەکانیان هێزەکانی داعشیان لە ناوچەی محەمەدی باشووری ڕۆژهەڵاتی هیت دوور خستەوە. لە ڕۆژی ١٩ـی مانگیش کەبیسەیان ئازادکرد. ڕۆژی ٢١ـی ئازار سوپای عێراق لە هەمان ڕۆژدا گەیشتە کیلۆمەترێک لە قەراغی ڕۆژهەڵاتی ئەم ناوچەیە، دواتر هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانیان ڕاگرت و ڕێگەیان دا بە هاوڵاتیان کە ناوچەکە چۆڵ بکەن.

لە ڕۆژی یەکی نیسان سوپای عێراق بەرەی باکووری شارەکەی ئازادکرد، بەڵام بەهۆی بوونی مینێکی زۆر پێشڕەوی سوپا خاوبوویەوە، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراقیشەوە کۆمەڵێک لە یەکەکانی سوپا گەڕانەوە بۆ پارێزگاری لە خۆپیشاندەران و دروستنەبوونی گرژی و ئەمەش ئەوەندەی تر پێشڕەوییەکانی خاوکردەوە.

تاوەکوو 5ی نیسان، هێزەکانی عێراق زیاتر لە 70٪ی هیتیان ئازاد کرد، تەلەڤزیۆنی دەوڵەتیش لە زاری فەرماندەی بەرەکانی پێشەوە وتی کە سوپا داعشی لە شارەکە تێکشکاندووە، بەڵام شەڕ بەردەوامە.

لە 8ی نیسان هێزەکانی عێراق ناوەندی شارەکەیان گرتەوە و هێزەکانی داعشیان لە زۆربەی شارەکە دوورخستەوە، بەڵام شەڕ و پێکدادان هەر بەردەوام بوو. لەو پێکدادانانەدا لانیکەم ٣٠ سەربازی عێراقی کوژران و زیاتر لە ٥٠ سەربازیش برینداربوون. لە ڕۆژی ١٤ـی مانگیش بە تەواوی شارەکە ئازادکرا.

ڕۆژی 13ی ئازار، فەرماندەیەکی باڵای عێراقی ڕایگەیاند کە داعش بەتەواوی لە شاری ڕوتبە کشاوەتەوە بەرەو قائیم دوای ئەوەی شەوی پێشوو شوێنەکەیان جێهێشتبوو، دواتریش داعش شاری کەبیسەی چۆڵکرد و بە شێوەیەک لە شێوەکانیش سەربازەکانی لە هیت کەمکردەوە، ئەم کشانەوانەش بەهۆی کۆمەڵێک شکستی یەک لەدوای یەکی داعش بوو لە سووریا و ئەنبار بەتایبەت دوای هێرشی سەر هیت، بەڵام ڕۆژی داهاتوو داعش گەڕایەوە بەرەکانی جەنگ لەو ناوچەیە.

ڕۆژی ١٦ـی مانگ هێزەکانی عێراق هێرشێکی سێ قۆڵییان کردە سەر شاری ڕوتبە و دەوروبەری کە زیاتر لە ١٠٠ سەربازی لێبوو، لە ڕۆژی ١٧ـی مانگیش شارەکە ئازاد کرا، لە شەڕەکاندا نزیکەی ١٠٠ چەکداری  داعش و ٤ سەربازی سوپای عێراق کوژران.

ئۆپەراسیۆنی شکاندنی تیرۆر

ڕۆژی یەکشەممە 22ی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی عێراق لە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ئازادکردنی فەلووجە بە ناوی "شکاندنی تیرۆر" بە بەشداری حەشدی شەعبی دەستی پێکردووە، ئەم ڕاگەیاندنە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە هادی عامری سەرۆکی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو "شەڕی داهاتوو لە فەلووجە دەبێت نەک مووسڵ".

شەڕەکە لە چەند تەوەرێکەوە دەستیپێکرد، کە هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە پشتیوانی حەشدی شەعبی و هێزە عەشایەرییەکان یەکەم هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی کەرەمە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە. لە 26ی ئایاردا دوای شەڕێکی قورس کە چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر تەواوی ناوچەکەدا گرتەوە.

لە بەرەیەکی تردا شەڕێکی تر بەرەو ناوچەی سەقلاویە بۆ ئازادکردنی دەستی پێکرد و لە 30ی ئایاردا ڕاگەیەندرا بە تەواوی ڕزگار کراوە. قۆڵی باشوور لەلایەن چەکدارانی لیواکانی حیزبوڵاوە سەرکردایەتی دەکرا و لەوێ توانییان ناوچەی حەلابسەی باشووری ڕۆژئاوای شارەکە ئازاد بکەن و دەست بەسەر ئەو پردەدا بگرن کە بە شاری کۆنەوە گرێدراوە.

لە 6ی حوزەیرانی 2016 حەشدی شەعبی دەستپێکردنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی ئۆپەراسیۆنی 15ی شەعبان (شکاندنی تیرۆر)ـی ڕاگەیاند و لە شەش قۆڵەوە بە بەشداری هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و بە پشتیوانی حەشدی شەعبی بەرەو شارەکە پێشڕەوییان کرد. لە 26ی حوزەیرانی 2016 هێزەکانی عێراق دوای شەڕێکی سەخت کە چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو کۆنتڕۆڵی تەواوی فەلووجەی کرد.

دوای سەرکەوتنی هێزەکانی عێراق داعش بە کاروانێکی 300 ئۆتۆمبێلی گەورە کشایەوە، بەڵام لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقەوە بۆمباران کرا و نزیکەی 150 ئەندامی داعشی تێدا کوژرا.

جەنگی خالیدیە

دوای ئەوەی داعش لە فەلووجە تێکشکا، ئەو گرووپە گەورەترین شکستی بەرکەوت کە لە شەڕەکەدا نزیکەی 3000 ئەندامی لەدەست دابوو، لە مانگی ئابی 2016دا، هەڵمەتێکی سەربازی نوێ بۆ ڕزگارکردنی دوورگەی خالیدیە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ڕومادی لە دەستی داعش دەستی پێکرد. کە هۆکاری سەرەکی ڕووخانی ڕومادی بوو، هەروەها زیاتر لە 1000 جەنگاوەری ڕێکخراوەکە لەوێ جێگیرکرابوون، حەشدی شەعبی گەمارۆی سەرتاسەری بەسەر دوورگەکەدا سەپاند و لە پێشڕەوی بەردەوام بوو و دوای مانگێک هێزەکانی حەشد ئازادکردنی دوورگەکەیان ڕاگەیاند و هەموو ئەو چەکدارانەی داعش کە گەمارۆدرابوون لە هێرشەکاندا کوژران.

ئۆپەراسیۆنی فەتحولموبین (جەنگی مووسڵ)

مووسڵ دووەمین شاری فرەدانیشتوانی عێراقە کە لە مانگی حوزەیرانی 2014دا لەلایەن داعشەوە گیرابوو بە ماوەی دوو ڕۆژ، لە ڕۆژی ٢٤ـی ئازاری ٢٠١٦ سوپای عێراق و هێزی ئاسمانیی عێراق و هاوپەیمانان چەندین هێرشیان کردە سەر پێگە گرنگەکانی داعش لە مووسڵ، پێش ٧٢ کاتژمێر لە هێرشی زەمینی، هێزی ئاسمانیی بەریتانیا هەستا بە بۆردمانی پێگەی موشەک و هاوەن و شوێنە ستراتیجییەکانی داعش لە مووسڵ. دواتریش چەندین پەڕە و کاغەز لەڕێی ئاسمانەوە خرانە خوارەوە بەسەر شارەکەدا کە داوایان لە خەڵکی دەکرد لەکاتی دەستپێکی هێرشدا یارمەتی سوپا بدەن و دژی داعش هەستن.

چەکدارانی داعش لە پێش هێرش هەستان بە هەڵکەندنی چەندین خەندەق و ڕێگاکانی شاریان گرت، دواتریش هەستان بە سووتاندنی نەوت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بینین.

هێرشەکە لە 24ی ئازاری 2016 لە نزیک ناوچەی مەخموری سەر بە پارێزگای نەینەوا دەستی پێکرد کە پێشتر هەزاران سەربازی عێراقی لەوێ لە بنکەی هێزە کوردی و ئەمریکییەکان بڵاوکراوبوونەوە.

ئۆپەراسیۆنی قادمون یا نینوى

لە 16ی تشرینی یەکەمی 2016، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێکردنی هێرشەکەی بۆ گرتنەوەی مووسڵ ڕاگەیاند. دوای وتارەکەی حەیدەر عەبادی لە کەناڵی عێراقییە، هێزە زەمینی و تۆپهاوێژەکانی سوپا دەستیان بە جووڵە کرد بەرەو مووسڵ، هێرشەکە بە بۆردمانی ئاسمانی و تۆپباران دەستی پێکرد و هێزەکانی عێراق و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان بەرەو هێڵەکانی هاوپەیمانان پێشڕەوییان کرد. لە شەودا هێزەکان شاری بەعشیقەیان ئازادکرد. دوای مانگێک لە هێرشەکەش توانرا شارۆچکەی شورە و حەمام عەلیل و بەرتەلە و تەلکیف ئازاد بکرێن و بەرەو لای چەپی شارەکە پێشڕەوی بکرێت. ڕۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2016 حەشدی شەعبی ڕزگارکردنی فڕۆکەخانەی سەربازی تەلعەفەری ڕاگەیاند و ڕێگای گەیشتنی هاوکاری بە داعشی لە سنووری سووریا بڕی و نزیکەی 30 هەزار چەکداریان لە مووسڵ و تەلەعفەر گەمارۆدا.

جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ

دوای گەمارۆدانی مووسڵ هێزە عێراقییەکان دەستیان کرد بە چوونە ناو کەنارە چەپەکانی مووسڵ و گەڕەکەکان، دەزگای دژەتیرۆریش بە فەرماندەیی سەلام عوبێدی ڕایگەیاند کە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی مووسڵی گرتووە کە پێی سپێردرابوو. هێرشی هەموو لایەک بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی عێراق بتوانن دەست بەسەر هەر پێنج پردەکەی شار بگرن. لە ڕۆژی ٢٠١٧/١/٢٤ حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی ئەوکات ڕایگەیاند کە بەشی چەپی شاری مووسڵ بە تەواوی ئازادکراوە.

ڕۆژی 3ی شوباتیش، هێزەکانی عێراق ڕایگەیاند کە گوندەکانی بوستان ڕادیف و ئوم غوربە لە ڕۆژئاوای مووسڵ ئازاد کراون. ڕۆژی 13ی شوبات زیاتر لە 200 چەکداری داعش بە تانک و خۆکوژەوە هێرشیان کردە سەر سێ گوندی ڕۆژئاوای تەلەعفەر بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگای نێوان تەلعەفەر و ڕەققە بەدەست بهێننەوە. هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش بوونە هۆی کوشتنی حەقی ئیسماعیل حامد ئەلعومەری، ئەندامی پێشووی قاعیدەی عێراق، کە ڕۆڵی سەرەکی لە تۆڕە ئاسایشییەکانی داعشی لە مووسڵ گێڕابوو.

لە ڕۆژی ١ـی تەمووز هێزەکانی عێراق گەیشتنە مزگەوتی نووری و منارەکەی. لە ڕۆژی ٢٠١٧/٧/١٠ شاری مووسڵ بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرایەوە، دوای هێرشەکانیش سوپای عێراق ڕایگەیاند کە جەنگی مووسڵ بە بەشداری ٦٠ هەزار سەربازی عێراقی ئەنجام دراوە و توانراوە ٢٥ هەزار چەکداری داعش بکوژرێن. یەک ملیۆن کەسیش لە شارەکە ئاوارەبوون لە ساتی دەستپێکی شەڕەکەوە، %٨٠ـی شارەکە بە تەواوی وێران بووە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان توانیویانە ٢٠ هەزار لێدانی ئاسمانی بەجێ بهێنن کە بووەتە هۆی کوشتنی پێنج هەزار سەربازی داعش.

جەنگی تەلعەفەر

دوای شکستهێنانی داعش لە مووسڵ، ڕێکخراوەکە بارەگای خەلافەتیان گواستەوە بۆ تەلعەفەر بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی کاتیی گرووپەکە. لە 20ی ئابی 2017، حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی عێراق دەستپێکردنی هێرشی گرتنەوەی تەلعەفەری ڕاگەیاند، لەدوای ڕاگەیاندنەکە هێزەکانی عێراق دەستیان کرد بە هێرش کردنە سەر شارەکە، لەگەڵ دەستپێکی هێرشدا هێزەکانی عێراق توانییان گوندەکانی حەلاوە و ئەبووشکەی ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی مەحلەبییە، لەگەڵ تەل سەمباکی ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی تەلعەفەر ئازاد بکەن و ڕێگای تەلعەفەر-مەحلەبییە بکەنەوە. لە 21ی ئابی 2017 هێزەکانی عێراق گوندەکانی تەل ڕەحال و جەبارە و حسێن ئیدریس و مەلا و ئەلمەجیدیان لە باشووری ڕۆژئاوای تەلعەفەر ڕزگارکرد، دواتریش گوندەکانی تۆمی و مەجارینیش ڕزگارکران، هەروەها ڕێگای کاسکیان بەرەو ناوچەی مەحلەبییە بڕی.

لە ٢٠١٧/٨/٢٧ هێزەکانی عێراق حەی عەسکەری و حەی سەناعیی باکوور و ناوچەکانی دەرچەی تەلعەفەر و گوندی ڕەحمەیان ئازادکرد و بەوەش دەوروبەری تەلعەفەر ئازادکرا. لە ڕۆژانی داهاتووش هێرش کرایە سەر ئەو گوندانەی کە مابوونەوە ئازادکران. لە ڕۆژی ٢٠١٧/٨/٣١ فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئازادیی تەواوی شاری تەلعەفەری ڕاگەیاند.

شەڕی ئازادکردنی حەویجە

لە 21ی ئەیلولی 2017، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، دەستپێکردنی ڕزگارکردنی قەزای حەویجەی لە پارێزگای کەرکوک ڕاگەیاند، کە نزیکەی 10 مانگ لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی مووسڵەوە لە گەمارۆدابوو، قۆڵی سەرەکی لەلای هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو کە هەریەک لە گردی حەمرین و دەوروبەری ڕیاز و مەکحول و عەباسی و ڕەشادی دەگرتەوە، شەڕەکە ٢٠ ڕۆژی خایاند و لە ڕۆژی ١٠ـی ئۆکتۆبەر هەموو قەزای حەویجە و ناوچەکانی دەوروبەری ئازادکرا.

ڕۆژی پشوو

حکوومەتی عێراق، لە ٢٠١٧/١٢/١٠ بەدەستهێنانەوە تەواوی زەوییە داگیرکراوەکانی دەستی داعش ڕاگەیاند. ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک لە وڵاتی عێراق پشووی فەرمییە.


سەرچاوەکان



1065 بینین