تکریت

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-18-16:24:00 - کۆدی بابەت: 7296
تکریت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شاری تکریت (بە عەرەبی: تكریت، بە ئینگلیزی: Tikrit) شارێکی عێراقییە، ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدینە، 175 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای بەغداد دوورە، لەسەر ڕۆخی ڕووباری دیجلەیە، هەروەها 300 کیلۆمەتر لە پارێزگای مووسڵەوە دوورە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 24,363 کیلۆمەتر دووجایە، کەشوهەوای ناوچەکە گەرم و بیابانییە. 

مێژووی شاری تکریت

ـ شاری تکریت لەلایەن ڕۆمانەکانەوە بنیاتنراوە، ناویان لێنا Moeniatigridis کە واتای قەڵای دیجلەیە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی عومەری کوڕی خەتتاب، لە سەدەی شەشەمی زایینی شاری تکریت فەتح کرا و کەوتەژێر دەسەڵاتی موسڵمانانەوە.
ـ لەکاتی داگیرکارییەکانی مەغۆلییەکان بە سەرکردایەتی تەیمور لینک، شارەکە تاڵانکرا و بەشێکی زۆری لەناوچوو.
ـ لە ساڵی 1508 شاری تکریت لەگەڵ هەموو ناوچەکانی تری عێراق کەوتنەژێر داگیرکاری دەسەڵاتی دەوڵەتی سەفەوی.
ـ لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1917 لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم هێزەکانی بەریتانیا شارەکەیان داگیر کرد.
ـ لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە دوای کودەتاکانی عێراق و بەتایبەتی کودەتای بەعسییەکانی ساڵی 1968 و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەکر و دواتر سەدام حسێن کە هەردووکیان بنچینە و ڕەچەڵەکیان بۆ شاری تکریت دەگەڕێتەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی تری حیزبی بەعس ڕەچەڵەکیان لەم شارە بووە، گرنگییەکی زۆریان پێداوە و پێگە، بایەخی بەرز بووە و مەڵبەندی چالاکی و سیاسەتەکانی ئەو حیزبە بووە.
ـ لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق، لە ساڵی 2003 شارەکە لە چەند لایەکەووە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بووەوە، بەشێک لە دامودەزگاکانی دووچاری خاپوورکردن و تاڵانکردن بوونەوە.
ـ لە ساڵی 2014 لەکاتی سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکان، ڕۆژێک دوای داگیرکردنی شاری مووسڵ داعش شاری تکریتی داگیر کرد، نزیکەی 28 هەزار کەس لە دانشتوانەکەی ئاوارە بووەن.
ـ لە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014 پاش داگیرکردنی شاری تکریت، داعش کارەساتی سپایکەر ئەنجامدا، نزیکەی 2000 سەربازی سەر بە ڕێبازی شیعە دەسگیرکران و لە ناوچەی قسور لە تکریت بە دڕندانەترین شێوە کوژران.
ـ بە یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە چەکدارییەکانی حەشدی شەعبی لە 31ی ئاداری ساڵی 2015 حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی ئەوکاتەی عێراق بە فەرمی ڕزگارکردنی شاری تکریتی لەژێر داگیرکاری داعش ڕاگەیاند.

دانیشتوان

بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی پەیڕەوی ئاینی ئیسلامن، و لەسەر ڕێبازی سوننە مەزهەبن، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێری ساڵی 2013 ژمارەی دانیشتووانکەی نزیکەی 137 هەزار کەسن، بەشێکی نەتەوە کەمینەکانی تری عێراق لەو شارە نیشتەجێن.

شوێنەوارە گرنگەکانی تکریت

ـ شاری ئاشووری مێژوویی: دەکەوێتە ناوچەی شرقاتەوە لەسەر کەناری ڕووباری دیجلە، شوێنەوارێکی مێژوویی کۆنی سەردەمی ئاشوورییەکانە.
ـ شوورای تکریت: شوێنەوارێکی دێرینی شارەکەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووریی و بابلییەکان، درێژییەکەی شەش مەتر ونیوە، تیرەکەی کیلۆمەترێکە.
ـ  مەزارگەی موعتەسەم: مەزارگەی موعتەسەم بیللای خەلیفەی عەباسییەکانە، دەکەوێتە شارۆچکەی سامەڕاوە، ئەم مەزارگەیە کۆمەڵێک گۆڕی خەلیفەکانی عەباسی لەخۆگرتووە، شێوازی بنیاتانی گومەزەکە ناوازەیە، شێوەی هەشتگۆشەیی وەرگرتووە.
ـ منارە و مزگەوتی مەلوییە: ‏مزگەوتی مەلوییە لە ‎سامەڕایە، ئەو مزگەوتەیە کە وێنەکەی لەسەر دراوی 250 دیناریی عیراقییە، لە ساڵی 221ـی کۆچی لەلایەن خەلیفە موعتەسەم بیللای عەباسی دروستکراوە، یەکێکە لە کۆنترین مزگەوتەکانی ‎عێراق، لە 21 دەرگا پێکهاتووە و شێوازێکی لوولپێچی وەرگرتووە، لە خشت و کەرپووچ دروستکراوە، بەرزییەکەی 52 مەترە، سیمبوولی گەشتیارییە لە ناوچەکە.
ـ مەزاری دوو ئیمامەکە: مەزارێکی تایبەتی ئیسلامییە، گۆڕی عەلی هادی و حەسەن عەسکەری لەخۆگرتووە، بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نۆی زایینی، دووجار خاپوور کراوە، لە ساڵی 2006 لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی قاعیدەوە تەقێندرایەوە، و لە ساڵی 2007 هێرشێکی تری کراوەتەسەر بە تەواووی خاپور کراوە و لەناوچووە، دووبارە بنیاتنراوەتەوە گومەز و دەرگاکانی لە ئاڵتوون دروستکراون و لە ئێستادا گەشتیاران سەردانی دەکەن.
- مۆزەخانەی تکریت: لە ساڵی 2003 مۆزەخانەی تکریت دووچاری تاڵانکردن و خاپوورکردن بووەوتەوە و زیانی بەرکەوتووە.
- زانکۆی تکریت: زانکۆیەکی ناودارە لە عێراق، لە ساڵی 1987 دامەزراوە.
- یاریگای تکریت: یاریگایەکی سەرەکی تایبەتە بە یارییەکانی تۆپی پێ و بنکەی سەرەکی تیپی وەرزشی سەڵاحەدینە، و یاریگاک نزیکەی 10,000 کەس لەخۆدەگرێت. 

کەسایەتییە ناودارەکانی شاری تکریت

  • سەڵاحەدینی ئەیوبی پێشەوای موسڵمانان و ڕزگارکەری شاری قودس.
  • سەدام حسێن سەرکۆماری پێشووی عێراق.
  • ئەحمەد حەسەن بەکر سەرکۆماری پێشووی عێراق.
  • عەدنان خەیڕوڵا وەزیری بەرگری پێشووی عێراق.
  • دادوەر عەلی حسێن تکریتی.
  • جەمال عەبدولکەریم دەبان تکریتی موفتی ناوداری پێشووی عێراق.
  • دوکتۆر وەدیع یاسین محەمەد زانای بواری
  • بایۆمیکانیکی.
  • دوکتۆر ئوسامە تکریتی سەرۆکی حیزبی ئیسلامی لە عێراق.
  • دوکتۆر ئەحمەد مەتڵوب سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی عێراق. 

شارۆچکەکانی شاری تکریت

  • سامەڕا
  • شڕقات
  • بێجی
  • سلێمان بەگ
  • دوجەیل
  • ئامرلی
  • زڵوعییە
  • یەسرب
  • یانگیجە 


سەرچاوەکان



923 بینین