ناوهڕۆك
ناساندن
نەخۆشی دەردە کۆپان (بە ئینگلیزی: Croup or laryngotracheobronchitis، بە عەرەبی: الخانوق أو التهابُ الحَنْجَرَةِ والرُّغامَى والقَصَبات) دەردە کۆپان ئاماژە بە هەوکردنی ڕێڕەوی سەرەوەی هەوا دەکات، کە تەسک دەبێت و هەناسەدان قورستر دەکات. هەروەها کۆکەیەک دروستدەکات کە دەنگێکی جیاواز لە کۆکەی ئاسایی هەیە، هەندێک دەڵێن دەنگی کۆکەکە هاوشێوەی وەرینی سەگە.
کۆکە و نیشانەکانی دیکەی دەردە کۆپان لە ئەنجامی هەوکردن و هەستیاربوونە لە دەوروبەری دەنگە ژێیەکان (قورقوڕاگە)، بۆڕی هەوا و لقە بۆرییەکانی هەواوە. کاتێک کۆکە پەستان دەخاتە سەر هەوا لەم ڕێڕەوە تەسکەوە، کۆکەکە دەنگێکی هاوشێوەی وەرینی سەگ دروستدەکات. هەناسەدانیش زۆرجار دەنگێکی بەرز دروست دەکات کە پێی دەوترێت جێڕە (دەنگێکی وشکی ڕەق).
زۆربەی جار دەردە کۆپان لە منداڵی بچووکدا ڕوودەدات بەڵام بە گشتی دەکرێت لە هەر تەمەنێک ڕووبدات. بە گشتی توند نییە، زۆربەی منداڵان دەتوانن لە ماڵەوە چارەسەری دەردە کۆپان وەربگرن و پێویست بە مانەوەیان لە نەخۆشخانە ناکات
نیشانەکان
زۆر جار وەک هەڵامەت دەست پێدەکات. ئەگەر هەوکردنی زۆری هەبێت، لەگەڵ هەستیاری و کۆکە، لەوانەیە نیشانەی تریشی لێ دەربکەون، لەوانە:
- کۆکەیەکی بەرز کە بەهۆی گریان و کۆکەکردنەوە خراپتر دەبێت، هەروەها دڵەڕاوکێ و نیگەرانیش، سووڕێک لە نیشانەکان خراپتر دەکەن.
- تا
- نووسانی دەنگ، دەنگ گڕبوون و ڕەقبوونی دەنگ.
- هەناسەیەکی ماندوو یان پڕ ژاوەژاو.
- نیشانەکانی دەردە کۆپان زۆرجار لە شەودا خراپتر دەبن و بە گشتی بۆ ماوەی سێ بۆ پێێج ڕۆژ بەردەوام دەبن.
چی کاتێک سەردانی پزیشک بکەیت؟
پەیوەندی بکە بە چاودێری تەندروستییەوە ئەگەر نیشانەکان سەخت بوون و خراپتر بوون، زیاتر لە سێ بۆ پێنج ڕۆژ بەردەوام بوون یان وەڵامی چارەسەری ماڵەوەیان نەدایەوە.
داوای چاودێری پزیشکی دەستبەجێ بکە ئەگەر منداڵەکەت:
- دەنگی هەناسەدانی بەرز دروست بکات کاتێک هەناسە دەدات لە ناوەوە و دەرەوە.
- دەنگی هەناسەدانی بەرز دروست دەکات کاتێک دەگریێت یان بێزار دەبێت.
- دەردانی لیک و بوونی کێشە لە کاتی قوتدانی خواردن.
- بوونی دڵەڕاوکێ و نائارامی یان زۆر ماندوو بوون و نەبوونی وزەی پێویست.
- هەناسەدان بە خێراییەکی خێراتر لە جاران.
- هەوڵدانێکی زۆر بۆ هەناسەدان، واتا قورسی و گرانی لە هەناسەدان.
- ڕەنگی شین یان خۆڵەمێشی لە دەوری لووت، دەوروبەری دەم یان لەسەر نینۆکەکان دروست بکات.
هۆکارەکان
دەردە کۆپان بەزۆری بەهۆی هەوکردنێکی ڤایرۆسییەوە دروست دەبێت، زۆربەی کات ڤایرۆسی پاراینفلوێنزایە.
منداڵ و گەورەکانیش لەوانەیە ڤایرۆسەکە وەربگرێت بە هەڵمژینی دڵۆپەکانی هەناسەی کەسی تووشبوو کە کۆکە یان پژمیووە و لە هەوادا بڵاویکردۆتەوە. تەنۆلکە ڤایرۆسەکانی ناو ئەم دڵۆپانە لەوانەیە لەسەر کەلوپەلەکان و یاری و ڕووی تر بمێننەوە. ئەگەر کەسێک دەستی لە ڕوویەک دا کە ڤایرۆسێکی لەسەر بوو، پاشان دەستی لە چاو، لووت یان دەم دا، لەوانەیە تووشبوون بە دەردە کۆپان بەدوای خۆیدا بهێنێت.
هۆکارەکانی مەترسی
ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان شەس مانگ بۆ سێ ساڵدایە زۆرترین مەترسی تووشبوونیان بە دەردە کۆپان هەیە. لەبەر ئەوەی منداڵان ڕێڕەوی هەوای بچووکیان هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە نیشانەی زیاتریان هەبێت لەگەڵ دەردە کۆپان. زۆر بە دەگمەن لە منداڵانی سەروو تەمەنی شەش ساڵیدا ڕوودەدات.
ئاڵۆزییەکان
زۆربەی حاڵەتەکانی دەردە کۆپان سووکن. لە ژمارەیەکی کەم لە منداڵاندا، ڕێڕەوی هەوا بە جۆرێک هەڵدەئاوسێت کە دەبێتە هۆی کێشەی هەناسەدان. بە دەگمەن، هەوکردنی بەکتریایی بۆرییەکان دەکرێت ڕوو بدات لەگەڵ هەوکردنی ڤایرۆسەکەدا. ئەمە ئەگەر ڕووبدات لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی هەناسەدان و پێویستی بە چاودێری پزیشکی بەپەلە هەبێت. تەنها ژمارەیەکی کەم لەو منداڵانەی کە لە ژووری فریاکەوتندا دەبینرێن پێویستیان بە مانەوە هەیە لە نەخۆشخانە.
خۆپاراستن
بۆ ڕێگریکردن لە دەردە کۆپان، هەمان ئەو هەنگاوانە ئەنجام بدە کە بەکاریدەهێنیت بۆ ڕێگریکردن لە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا. کە ئەوانیش بریتین لە:
- شۆردنی دەست بە ئاو و سابوون بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی بیست چرکە، ئەمە گرنگترین هەنگاوە.
- خۆت یان منداڵەکەت دوور بگرە لە هەر کەسێک کە نەخۆش بێت.
- هاندان بۆ کۆکە یان پژمین.
- بەشێوەیەکی باش و بەردەوام ئەو ڕووانە پاکبکەرەوە کە بەرکەوتنت لەگەڵیان دەبێت و دەستیان لێ دەدەیت.
بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردنی زیاتر کە لەوانەیە ببێتە هۆی دەردە کۆپان، کوتان نوێ بکەرەوە. ڤاکسینەکانی نەخۆشی ئەنفلۆنزای هیمۆفیلۆس جۆری بی (Hib) ڕێگریت پێشکەش دەکەن لە بەرامبەر هەندێک لە دەگمەنترین، بەڵام مەترسیدارترین هەوکردنەکانی ڕێڕەوی سەرەوەی هەوا. بەڵام تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نییە کە ڕێگری لە ڤایرۆسی پاراینفلوێنزا بکات.