داگیرکردنی شنگال

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-16-15:19:00 - کۆدی بابەت: 7614
داگیرکردنی شنگال

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ناوخۆی عێراق

دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.

ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.

بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش

هێرشی داعش بۆ ناوچە کوردییەکان

لە نێوان ڕێکەوتی یەک بۆ ١٥ـی مانگی ئابی ٢٠١٤، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوچە کوردییەکانی پارێزگای نەینەوا و دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکە کشانەوە، داعش توانی هەریەک لە ناوچەکانی شنگال، تەلکێف، قەرەقووش، بەرتەلە، زوممار، وانە، بەنداوی مووسڵ، بەتنایە و کۆچۆ داگیربکات. هەروەها ماوەی ٢٠ کیلۆمەتر لە هەولێر و ٤٠ کیلۆمەتر لە دهۆکەوە دووربوو.

هێرشەکان بووە هۆی ئەوەی ٢٠٠,٠٠٠ ئێزیدی و ١٠٠,٠٠٠ کەسی مەسیحی لە ماڵەکانیان ڕابکەن و کۆچ بکەنە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق. ٥,٠٠٠ کەسی ئێزیدیش بوونە قوربانی و ٥,٠٠٠ بۆ ٧,٠٠٠ کچی ئێزیدیش ڕفێنران و هەندێکیان لە بازاڕەکانی ڕەققە و مووسڵ فرۆشران. زیاتر لە پەنجا هەزار ئێزیدی پەنایان بردە بەر چیای شنگال و بەبێ خواردن و ئاو و پێداویستی لەوێ مانەوە. هێزەکانی ئەمریکا لە ئاسمان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی پەکەکە بەرپەرچی داعشیان دایەوە و یاریدەربوون بۆ ڕزگاربوونی خێزانە ئاوارەکان. لە ماوەی چەند هەفتەیەک زیاتر لە ٣٥ بۆ ٤٥ هەزاریان گواسترانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ و هاوکاری کران. 

دوای ئەم هێرشە وڵاتانی نێودەوڵەتی هاوپەیمانییەکیان بەناوی (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش) دروستکرد و ڕێگرییان کرد لە پێشڕەوی زیاتری داعش لە عێراق.

ڕۆژی یەکی ئاب

لە ڕۆژی هەینی ٢٠١٤/٨/١ داعش هێرشی کردە سەر چەند سەنگەرێکی پێشمەرگە لە زوممار کە ٤٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای مووسڵەوەیە و ناوچەیەکی پڕ لە سامانی سروشتی و پێگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبایە. لەو هێرشەدا هێزەکانی پێشمەرگە دەیان چەکداری داعش دەکوژن و ١٤ پێشمەرگە شەهید دەبن.

ڕۆژی سێی ئاب

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠١٤/٨/٣ داعش بە چەکی قورسەوە هێرش دەکاتە سەر زوممار و شنگال و دوای کشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە داگیریان دەکات. لە ڕاپۆرتێکدا هاوڵاتیەکی شنگال دەڵێت کە ٢٥٠ چەکداری پێشمەرگە لە شەودا شنگالیان بەجێهێشتووە و شارەکەیان بەدەستەوەداوە.

ڕۆژی چواری ئاب

داعش گوندی کۆچۆی گەمارۆدا و داوای لە هاوڵاتییە ئێزیدییەکانی کرد یان دەبێت موسوڵمان ببن یان دەمرن. 

ڕۆژی پێنجی ئاب

هێزی ئاسمانی عێراق خۆراک و ئاوی بەسەر ئاوارە ئێزیدییەکانی شنگالدا دابەشکرد.

ڕۆژی شەشی ئاب

داعش توانی ٤٠ بگاتە ٤٠ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژئاوای هەولێر.

ڕۆژی حەوتی ئاب

لە ڕۆژی ٢٠١٤/٨/٧ داعش دەستی بەسەر شاری قەرەقووشدا گرت، کە گەورەترین شاری مەسیحیی عێراقە و دەکەوێتە ٣٠ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ. لەو ساتەشدا هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکان کشانەوە و تەواوی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی کە لەگەڵ قەرەقووشدا گیران ئاوارەبوون.

لەو ڕۆژەشدا داعش توانی شاری مەخموور داگیربکات.

هێزی ئاسمانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ڕۆژەدا لە ڕێگەی فڕۆکەوە ئاو و خۆراکیان بەسەر هاوڵاتیانی گیرخواردووی چیای شنگالدا دابەش دەکرد.

ڕۆژی هەشت و نۆی ئاب

لەم ڕۆژەوە ئەمریکا لە مەخموور هێرشی ئاسمانی کردە سەر داعش و دواتریش لە چیای شنگال بۆردمانی هێزەکانی کردن.

لە ڕۆژی ١٠ـی مانگیش هێزی ئاسمانی شاهانەی وڵاتی بەریتانیا خۆراک و ئاوی بەسەر ئاوارەکاندا دابەشکرد.

هێرشەکانی دواتر

لە پێنجی ئابەوە ئەمریکا دەستی کردبوو بە دابەشکردن و پێدانی چەک بە هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە ناوچەکانیان بکەن لە مەترسیی داعش. لە ڕۆژی ١٠ـی مانگ توانرا گوێر و مەخموور بە هاوکاری ئەمریکا و هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئازادبکرێن. لە ڕۆژانی نۆ بۆ ١٣ـی مانگ توانرا جێگای مانەوە بۆ زۆرینەی ئاوارە ئێزیدییەکان لە کوردستان دابین بکرێت.

لە ڕۆژی ١٥ـی ئاب داعش بەرەو گوندی کۆچۆ پێشڕەوی کرد و ٨٠ پیاوی گولـلەباران کرد و ژن و منداڵەکانیشی ڕفاند.


سەرچاوەکان



434 بینین