یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-01-17:40:00 - کۆدی بابەت: 6466
یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە

ناوه‌ڕۆك

یەپەگە

یەکینەکانی پاراستنی گەل کە ناسراون بە یەپەگە (بە کرمانجی: Yekîneyên Parastina Gel) گرووپێکی چەکداری ڕۆژئاوای کوردستانە، لە پێناو ئازادکردنی ناوچە کوردستانییەکان تێدەکۆشێت، گرووپەکە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا (پەیەدە)ـوە دروستکرا، لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە لەژێر چەتری پەیەدە و لە ٢٠١٢ـەوە لە ژێر چەتری خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوا و باکووری سوریا کە پێی دەوترێت ناوچەی ڕۆژئاوا (الفدرالية الديمقراطية لشمال سوريا) خزمەت دەکات.

یەپەگە لەلایەن حکوومەتی سوریاوە دانی پێدانانرێت وەک گرووپێکی یاسایی، گرووپەکە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، لە جەنگی ناوخۆی سوریادا هێزەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کرد و زۆرترین ڕێژەی چەکداریان هەیە لە چاو هێزە چەکدارە کوردییەکانی دیکە، هەروەها باڵی سەربازی ژنانی هەیە کە پێی دەوترێت یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و شانبەشانی یەکتری شەڕدەکەن.

چالاکی ٢٠٠٤ (پەیەدە)
دامەزراندنی فەرمی ٢٠١٢ (ناوچەی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژئاوای سوریا)
جۆری هێز میلیشیای پیادەی سووک
ژمارە  ١٣٠ هەزار کەس
بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات
سەرۆک مەزڵوم عەبدی
وتەبێژی سەرەکی نوری مەحموود
لۆگۆ People's Protection Units Flag.svg

دەستپێکی جەنگ

لە تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ یەکینەکانی پاراستنی گەل هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێ و لەژێر دەستی هێزەکانی سوریا ئازادیانکرد، دواتریش هەریەک لە عامودا و عەفرینیان ئازادکرد و بوونە ناوچەی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ـش هەریەک لە قامیشلۆ و سەرێ کانی و مالیکیە و ئەلباب ئازادکران. 

سەرەتا یەپەگە ویستی هێرشی نەبوو و تەنیا حاڵەتی بەرگری لە ناوچە کوردییەکان دەستپێکرد و هەوڵی بۆ ناوچە کوردییەکان بوو و خۆی لە جەنگی سوریا بەدوورگرت، کاتێک بەرەی نوسڕە هێرشی کردە سەر کۆبانێ و داگیری کرد، لە تەمووزی ٢٠١٣ یەپەگە شارەکەی ئازادکردەوە جارێکی دیکە.

ساڵی ٢٠١٥ یەکینەکانی پاراستنی گەل سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامدا بەدەستهێنا لە شاری کۆبانێ، بە هاوکاری ئاسمانی و چەکی ئەمریکی و هاوپەیمانان، لەوکاتەشەوە هێزەکە بوونە هێزی یەکەم لە دژی داعش.

کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ بە چاودێری و داواکاری ئەمریکا یەپەگە هەستان بە دروستکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە کەمینەکان و عەرەبە دژەدەسەڵاتەکانی سوریا پێکهاتبوو، ساڵی ٢٠١٦ـش هەسەدە دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر شاری ڕەققە کە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی بوو.

پەیوەندی لەگەڵ تورکیا

وڵاتی تورکیا بەهۆی هاوکارییەکانی یەپەگە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان، یەکینەکە بە گرووپێکی تیرۆرستی دەزانێت و ساڵی ٢٠١٨ هێرشی کردە سەریان.

لە ٢٠/١/٢٠١٨ هێزەکانی تورکیا بە هاوکاری هێزەکانی سوریای ئازاد بە ناوی "چڵە زەیتوون" هێرشیان کردە سەر شاری عەفرینی کوردی لە باکووری سوریا بۆ پاراستنی سنوورەکانی لە هێزەکانی هەسەدە، لە ١٨/٣/٢٠١٨ـش شارەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرا.

هێز

لەچاو هێزەکانی دیکەی سوریا لە جەنگی ناوخۆی سوریا، یەکینەکانی پاراستنی گەل هاوکارییەکی ئەوتۆ نەکراون و خاوەنی چەکی سووکن لەسەر زەوی و دەستیان لە ئاسمان کورتە، و تەنیا خاوەنی چەند زرێپۆشێکی سەربازین.

یەپەگە لە عەفرین خاوەنی ٨ بەتالیۆن و لە کۆبانێ خاوەنی ٢ بەتالیۆنە، لە هەریەک لە جزیرێ خاوەنی سێ بەتالیۆن و لە حەلەب خاوەنی بەتالیۆنێک و لە ئەلتەورە خاوەنی بەتالیۆنێکە.

چەندین خۆبەخش لە نێو هێزەکانی یەپەگە کوژراون کە خەڵکی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و شوێنەکانی دیکەی جیهان بوون.

جەنگەکان

  • جەنگی کوردەکان لە سوریا
  • جەنگی حەلەب (٢٠١٢ - ٢٠١٦)
  • هێرشی باکووری حەلەب - ٢٠١٦
  • هێرشی ناوچەی حەسەکە (٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣)
  • شەڕی کۆبانێ
  • شەڕی یەعربیە
  • شەڕی تەل ئەبیەز لە ٢٠١٣
  • گەمارۆی کۆبانێ
  • هێرشی ڕۆژهەڵاتی حەسەکە
  • شەڕی سەڕین (حوزەیران - تەمووزی ٢٠١٥)
  • هێرشی تەل ئەبیەز
  • هێرشی هول لە ٢٠١٥
  • شەڕی حەسەکە
  • هێرشی شەدادی - ٢٠١٦
  • شەڕی گرێ سپی لە ٢٠١٦
  • شەڕی باکووری ڕەققە لە ٢٠١٦
  • شەڕێ مەنبج
  • شەڕی غەرب باب لە ٢٠١٦
  • شەڕی ڕەققە ٢٠١٦ - ٢٠١٧
  • شەڕی عەفرین
  • شەڕی شنگال لە ٢٠١٤
  • شەڕی شنگال لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥

ڕووداوی عامودا

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی دەستگیرکردنی چەند چالاکوانێکەوە لە عامودێ لە حەسەکە، چەند چالاکوانێکی دیکە مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەشەوە ناڕەزایەتی دروستبوو و پەیەدە لە ناوچەکە قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند، لە ئێوارەی ٢٧/٦/٢٠١٣ خەڵکی دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و ئەوکاتیش هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و شەش کەسی مەدەنی تێیدا کوژرا کە یەکێکیان منداڵ بوو.

هەر ئەوکاتیش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ڕووداوەکەی لەنێو لیستی پێشێلکاری مافی مرۆڤ نووسیەوە.


سەرچاوەکان



2197 بینین