پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە

له‌لایه‌ن: - شێرزاد ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2021-08-27-20:09:00 - کۆدی بابەت: 113
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە

ناوه‌ڕۆك

پەکەکە

پارتی کرێکارانی کوردستان (بە کرمانجی: Partiya Karkerên Kurdistan (PKK)) پارتێکی کوردی باکووری کوردستانە و بە کورتکراوەی پەکەکە دەناسرێت، لە ٢٧/١١/١٩٧٨ لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە دامەزرا، سەرەتاییترین فیکری پارتەکە مارکسی-لینینی بوو و لەسەر ئەو بنچینەیە دامەزرا، یەکەمین کۆنگرەی پارتەکەش بە بەشداری ٢٢ ئەندام بوو بۆ دروستکردنی حیزب و ناوەکەی لەلایەن فەرهاد کورتاییەوە پێشنیار کرا، لە سەرەتاوە بە کاری سیاسی دەستی پێکرد بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ بە ناچاری بووە ڕێکخراوێکی چەکداری، بەهۆی ستەمی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر کوردەکان ئایدیۆلۆژیای پەکەکە لەسەر بنەما شۆڕشگێڕییەکانی مارکسیزم - لینینیزم و نەتەوەخوازیی کوردی دامەزرێنرا.

ئامانجی پەکەکە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی سۆسیالیستی بوو لە کوردستانی گەورە، بەڵام دواتر ئامانجەکە نوێکرایەوە و کرا بە داوای مافی کلتووری و سیاسی بۆ کوردەکانی دەوڵەتی تورکیا. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەلایەن چەند دەوڵەتێکەوە لە لیستی تیرۆردایە کە دیارترینیان ئەمریکا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپان، هەرچەند لەدوای پڕۆسەی ئاشتی تورکیا یەکێتی ئەوروپا ناوی پەکەکەی لە لیستەکەدا دەرهێنا، ساڵی ٢٠٠٧ بە یەکێک لە ١٢ ڕێکخراوییە تیرۆرستییە چالاکەکان دانرا لەلایەن دژەتیرۆری فەرمانگەی ئاسایشی گشتی تورکیا، سەرچاوە تورکییەکان پەکەکە بە ڕێکخراوێکی جوداییخوازی قەومی ناودەبەن کە تیرۆریزم دژی خەڵکی شارستانی و ئامانجە سەربازییەکان بەکاردێنن بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسییەکان، بەهۆی جەنگی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیاوە ھێزە چەکدارەکانی تورکیا نزیکەی ٨٠٠٠ دێی کوردستانیان خاپوور کردووە و ٣–٤ میلیۆن کورد ئاوارەبوون، لە ١٩٨٤ـەوە کە پەکەکە خەباتی چەکداری دەست پێکردووە، زیاد لە ٣٧٠٠٠ کەس کوژراون.

ناوی بە کوردی پارتی کرێکارانی کوردستان
کورتکراوە پەکەکە
ناو بە کرمانجی Partiya Karkerên Kurdistan
ناو بە ئینگلیزی Kurdistan Workers' Party
سەرکردە موراد قەرەیلان، جەمیل بایک، بەسێ هۆزات، عەبدوڵا ئۆجەلان
وتەبێژ ئەحمەد دێنیز
دروشم ئازادی بۆ ئۆجەلان، ئاشتی بۆ کوردستان
دامەزراندن ٢٧/١١/١٩٧٨
باڵی سەربازی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)
بنکەی سەرەکی چیاکانی قەندیل، کوردستان
ئایدۆلۆژیا کوردایەتی، سۆشیالیزمی دیموکراتی، کۆنفیدراڵیزم، کۆمۆنیزم، مارکسی-لینینی، ماویزم، دژە سەرمایەداری
فیکری سیاسی ئەوپەڕی چەپ
ئایین سێکۆلاریزم

دامەزراندن

دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی پارتەکە ٢٢ کەس بوون کە بریتی بوون لە: 

  • عەبدوڵڵا ئۆجەلان
  • سەکینە جانسز
  • کەسیرە یڵدرم
  • عەلی حەیدەر قەیتان
  • ھاکی کارەر
  • جەمیل بایک
  • دوران کالکان
  • مەزڵوم دۆغان
  • محەممەد خەیری دورموش
  • فارووق ئۆزدەمیر
  • فەرزەندە تاغاچ
  • عەبدوڵڵا کومرال
  • شاھین دۆنمەز
  • عەلی چەتینەر
  • حوسەین تۆکگوولەر
  • عەلی گوربوز
  • ڕەسوول ئالتیۆک
  • سەیفەددین زوغورلو
  • سوبحی کاراکۆش
  • محەممەد جاھید شەنەر
  • محەممەد دوران
  • عەبباس گۆکتاش

دروستبوونی پارتەکە

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ساڵی ۱۹۷٨ لە گوندێکی باکووری کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست و بوونی خۆی بە شێوەی ئاشکرا و فەرمی ڕاگەیاند. پەکەکە لە ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بە بەشداری ٢٣ کەس بەست و سەرھەڵدانی خۆی ڕاگەیاند، دانانی ناوی پەکەکە بۆ ئەو حزبە تازە دامەزراوە لەلایەن ئەندامێکی کۆنگرەی یەکەمی پەکەکە بە ناوی فەرھاد کورتای پێشنیاز کراوە و لەو کۆنگرەیەدا پەسەندکرا. پێش دامەزراندنی پەکەکە، ئەندامان و لایەنگرەکانی ئەو حیزبە، بەناوی ئاپۆچییەوە کار و چالاکییان بەڕێوە دەبرد.

یەکەمین گرووپی ئاپۆچییەکان لە ساڵی ١٩٧٤ دەستیان بە چالاکی کرد بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان، ساڵی ١٩٧٧ ئەو گرووپە بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ باکووری کوردستان بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانی ساڵێک دواتریش وەک پەکەکە خۆیان ناساند و حەوت کەسیان وەک دەستەی بەڕێوبەری حیزب هەڵبژارد، بەهۆی پاڵپشتی تورکیا بۆ هەندێک عەشیرەت لەو ناوچانە و وەستانەوەیان دژی پەکەکە یەکەمین پێکدادانی سەربازی و چەکداری ڕوویدا لە ناوچەی حیلوان - سیڤەرەک لە پارێزگاری ئورفا.

تاوەکوو کودەتای سەربازی ١٢/٩/١٩٨٠ ئەم دۆخە بەردەوام بوو، دوای کودەتا زۆرینەی ئەندامەکان تووشی کوشتن و ڕاوەدوونان و دەستگیرکردن بوونەوە و لە ساڵی ١٩٨١ زۆرێک لە ئەندامان ڕوویان کردە وڵاتی لوبنان، لەوێ لەلایەن گرووپە شۆڕشگێرەکانی دیکەوە پاڵپشتی کران کە دیارترینیان نایف حەواتمە و جۆرج حەبەش و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین بوو.

ساڵی ١٩٨٢ دووەمین کۆنگرەی بەست و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر گەڕانەوەی گرووپە ڕاھێنراوەکانی پەکەکە بۆ باکوری کوردستان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکداری، ئەو گرووپە ڕاھێنراوانەی پەکەکە لە دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان پردی پەیوەندییان لە نێوان باکوور و لوبناندا دروستکرد و پۆل پۆل کەسان و لایەنگرانی خۆیان دەنارد بۆ ڕاھێنان بۆ لوبنان، بەھۆی گەورەبوونەوەی ئەو کار و چالاکییەکانی پەکەکە سوپای تورکیا ھەڵمەتێکی لە دژی ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە دەستپێکرد، لەو ھەڵمەتانەی سوپای تورکیادا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و کادیرە پێشکەوتووەکانی پەکەکە دەستگیرکران، یان کوژران.

ئەو سەرکردە و کادیرە دیارانەی پەکەکە لەلایەن سوپای تورکیا و دەستگیرکران بریتی بوون لە مەزڵوم دۆغان، حەقی قەرار، محەممەد خەیری دورمش، کەمال پیر و عەلی چیچەک. مەزڵوم دۆغان لە دوای دەستگیرکردنی لە زینداندا بە بۆنەی نەورۆزەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و نەریتی یادکردنەوەی نەورۆزی لە دۆخە سەخت و ئەستەمەکاندا چەسپاند. ھەر یەک لەو ئەندامانی دیکەی پەکەکە مانگرتنیان تا مردنیان بەڕێوە برد و بەھۆی مانگرتنەوە گیانیان لە دەستدا. باردۆخی خۆڕاگری ئەندامان و کادیرانی پەکەکە کاردانەوەی بەرچاوی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا دروستکرد. ئەوەش بووە ھۆی ئەوە لە دەرەوەی زیندانیش کاروچالاکییەکانی پەکەکە ڕوو لە زیادبوون بکات و سەرباری ئەوەی زۆربەی کادیرە سەرەکییەکانی پەکەکە دەستیگرکرابوون، ژمارەی ئەندامانی ئەو حزبە ڕووی لە زیادبوون کرد. لە دوای ئەو پێشھاتانە پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ ھێزی ڕزگاریی کوردستان (ھەرەکە)ـی دامەزراند و لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا شەڕی چەکداری بەشێوەی فەرمی و بە سەرۆکایەتی مەعسوم کۆرکوماز (عەگید) لە دژی سوپا و حکومەتی تورکیا لە ناوچەکانی ئەڕوح شەمزینان دەستپێکرد. لە ساڵی ١٩٨٦ و لە ڕۆژی ٢٨ی ئازاری ئەو ساڵەدا و لە دوای چەند پێکدادانی قورس دامەزرێنەی ھێزی ڕزگاریی کوردستان، عەگید لە چیای گابار گیانی لە دەستدا.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٦ لە سێیەمین کۆنگرەیدا بڕیایدا ھێزی ڕزگاری کوردستان بکات بە ئارتەشی ڕزگاریی گەلی کوردستان (ئەرگەکە). ھەروەھا ئەکادیمیای سەربازیی مەعسوم کورکوماز (عەگید)ـی دامەزراند. لە ساڵانی ١٩٩٠ی ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاپەڕین بە پێشەوایەتی پەکەکە زۆربەی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی باکوری کوردستانی گرتووە و ئەوەش بووە ھۆی ئەوە پەکەکە زیاتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا ھێزی خۆی لە ناو خەڵکدا نیشان بدات.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٠ جگە لە لوبنان چەند بنکەیەکی لە ناوچەکانی شام لە سووریا کردەوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامی سەردانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی دەکرد. لە دوای ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بێت. لە ڕۆژی ١٩ی ئازاری ١٩٩٣ عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بوقاعی لوبنان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی بەڕێوەبرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا. بەپێی گفتوگۆکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و چارەسەرکردنی کێشەکی کورد بە شێوەی ئاشتییانە بەھێزترین پێشنیاز، پێشنیازی دامەزراندنی تورکیای فیدراڵی بوو. تورگوت ئۆزال ھەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیا لە چەند لێدوانێکدا باسی فیدراسیۆنی نێوان کورد و تورکی کردبوو. لە دوای ئەوەی بەشێوەی گوماناوی تورگوت ئۆزال لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣ کوژرا. ئاگربەستی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیاش کۆتایی پێھات. لە دوای ئەوەی جەنگ لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە زیاتر لە جاران چڕبوویەوە دیسانەوە ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەستیان پێکردەوە و لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٥ دا ئاگربەست و لە ڕۆژی ئاشتیی جیھانی لە ساڵی ١٩٩٦ ئاگربەستێکی دیکەی ڕاگەیاند، بەڵام بەھۆی ھەوڵی «تیرۆرکردنی» عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە، ئاگربەستەکەی ١٩٩٦ کۆتایی پێھات. بەھۆی گوشارەکانی تورکیاوە حکومەتی سوریا داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان کرد خاکی ئەو وڵاتە بەجێبھێڵێت و لە نۆی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دا ئۆجەلان سووریای بەجێھێشت.

ئامانجەکانی حیزب

  • بڵاوکردنەوەی پەیوەندییەکی فراوانی گشتگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کورد و عەرەب و فارس و تورکەوە.
  • هەوڵدان بۆ جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان بەبێ دەستدرێژی دەرەکی.
  • بڵاوکردنەوەی ئەندامەکان بە تەواوی ناوچەکانی جیهان.
  • دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە دەوڵەت و حکوومەت.
  • دامەزراندنی ژیانێکی گونجاو و پلەباڵا بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
  • دامەزراندنی هێز و سوپایەک کە سەر بە هیچ لایەنێکی دیکە نەبێت

دەستگیرکردنی ئۆجەلان

ئۆجەلان لە یەکەم گەشتیدا ڕووی لە ڕووسیا کرد و سەرباری ئەوەی دۆمای ئەو وڵاتە بە کۆی دەنگ مافی پەنابەری سیاسیی بە ئۆجەلان بەخشی، بەڵام حکومەتی ڕووسیا مانەوەی ئۆجەلانی لە خاکەکەیدا قبوڵ نەکرد. ڕووسیا لە بەرامبەر ئەوەدا کە ڕێگری لە مانەوەی ئۆجەلان بکات لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە قەرزێکی ١٠ میلیار دۆلاری پێدرا و تورکیاش پشتیوانییەکانی خۆی بۆ چەکدارەکانی چیچان بڕی، کە ئەو کات چەکدارەکانی چیچان بەسەرۆکایەتیی جەوھەر دۆدایف و ئەسلان مەسخادۆف و شامیل باسایفەوە ڕووسیایان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە کردبووە. لە دوای ئەوە ئۆجەلان سەردانی ھەر یەک لە وڵاتانی یۆنان و ئیتاڵیای کرد. ھەروەھا ھەوڵیدا بڕواتە ئەڵمانیا کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە ڕیگری لێکرا. ھەوڵێکی دیکەی ئۆجەلان ڕۆیشتن بوو بۆ ھۆڵەندا تاوەکو لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دۆز لە بارەی کێشەی کوردەوە بکرێتەوە و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی کۆتایی پێبھێنرێت. بریتا بۆلەر یەکێک لە پارێزەرە ئەڵمانیەکانی ئۆجەلان، کە ھاوکات ئەندامی دەستەی تیمێکی پارێزەری نێودەوڵەتی بوو لە کتێی «گەشتە بێ ئاکامەکانی سەرکردەیەکدا» نووسیویەتی، کاتێک ئۆجەلان ھەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە ھۆڵەندا حکومەتی ئەمستردام ئامادە باشی ڕاگەیاند و ڕێگای لە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ئۆجەلان گرت لە فڕۆکە خانەکانی ئەو وڵاتەدا. لەسەر داوای یۆنان و بۆ ھێوربونەوەی دۆخەکە، داواکرا ئۆجەلان یۆنان بەجێبھێڵێت بەرەو وڵاتی کینیا لە ئەفریقا بەڕێبکەوێت. لەو کاتەدا پلانی ڕۆیشتنیش بۆ ئەفریقای باشوور بۆلای ماندێلا بەھۆی ڕەزامەندی نیشان نەدانی حکومەتی ئەفریقای باشوورەوە شکستی ھێنا.

کاتێک ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیا بوو، بڕیاری ئەوە درابوو ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ ئەورووپا و یەکێک لە پلانەکانیش ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام کاتێک لە بینای باڵیۆزخانەی یۆنانەوە بەرەو فڕۆکە خانەی نایرۆبی بەڕێدەکەون لەلایەن ژمارەیەک لە تیمی تایبەتەوە ھێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەی ئۆجەلان و دەستگیریان کردووە و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا ئۆجەلان فڕێندرا بۆ تورکیا. بەپێی بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان سەرۆکی ئەو کاتی کینیا لەبەرامبەر وەرگرتنی پێنج میلیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە فڕاندنەکەی ئۆجەلان بدرێت. ھەروەھا بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردبووە کە وتەبێژی کۆشکی سپی بەناوی سێندی برگرەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی چاودێرکردن و دەستگیرکردنی ئۆجەلانی بەڕێوە بردووە. ئەو زانیارییە بەشێوەی فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. لەو کاتەدا ئۆجەلان ڕفێندرا، پەکەکە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی شەشەمین کۆنگرەی خۆی بوو. لە دوای ڕفاندنی ئۆجەلان پەکەکە حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بەشێوەی نائاسایی بەڕێوەبرد. پەکەکە تاوەکو ساڵی ٢٠٢١، ١١ جار کۆنگرەی بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە. و سێ جار لۆگۆی خۆی گۆڕیوە.

پەکەکە لە دوای عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانی وەک موراد قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت. سووپای تورکیا لە ماوەی جەنگ لە دژی پەکەکەدا زیاتر لە چوار ھەزار گوندی باکووری کوردستانی تێکداوە و بەھۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٥ ھەزار ئەندام و لایەنگری پەکەکە و ھاووڵاتی کورد شەھید کراون وە زیاتر لە. ٢٠ ھەزار ھێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی تورکییە کوژراون.

لە ماوەی جەنگی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ١٧ ھەزار مامۆستا، ئەندازیار، خوێندکار، گوندنشین، پارێزەر، پزیشک لە شار و گوندەکانی باکووری کوردستان ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە. ئەگەری زۆر ئەوەیە ئەو کەسانە لەلایەن ھێزەکانی سوپای تورکیاوە لە دەستەی چەند کەسیدا و بە کۆمەڵ کوژرابن و لە گۆڕی کۆمەڵادا شاردرابنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (ئیھاد) لە تورکیا، زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی باکووری کوردستاندا ھەیە و جگە لەچەند دانەیەکیان نەبێت تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا ڕێگای نەداوە گۆڕەکان ھەڵبدرێنەوە و دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێتەوە. پەکەکە ئێستا لە ژێر چەتری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کار دەکات. شێوەی بەڕێوەبردنی سیستمی ھاوسەرۆکایەتییە. ستراتیژی ئێستای پەکەکە کۆنفدڕاڵیزمی دیموکراتیکە. بەپێی ئەو ستراتیژییە ھەموو گروپ، پێکھاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەتوانن بەپێی تایبەتمەندییەکانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگای سەرەکی ئێستای سەرکردایەتی پەکەکە لە زنجیرە چیاکانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە بە ناوچەکانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت. ئەو ناوچانە ناوچەی شاخاوی و سەختن لە سنوورە ھاوبەشەکانی نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندان.

ھەرچەند ھێزی سەربازی پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە ١٤ ھەزار گەریلای لە شاخدا ھەبێت، کە لە چوارچێوەی ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) دا ڕێکخراون. ھەپەگە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ناو پەکەکەدا ژنان خاوەنی ھێزی تایبەت بە خۆیان و ھێزەکانیان بەناوی (یەژە ئا ستار)ـە. ھەروەھا ژنان لە ناو پەکەکە حیزبێکیان ھەیە بەناوەی پارتی ژنانی ئازادی کوردستان (پاژک). سەرچاوە داراییەکانی پەکەکە بە تەواوەتی ڕوون نین، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە و ئەو بەرپرسانەشی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەی سەرەکی داراییەکانی پەکەکە ھاووڵاتیانی کوردن لە ناوچە جیاواز و جۆراجۆرەکانی کوردستان و ئەورووپا، هەروەها وەرگرتنی سەرانەیە لە خەڵکی لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتیان.

تۆڕێکی گەورەی میدیایی وەک ستێرک تیڤی، ئاژانسی ھەواڵی فورات، نوچە تیڤی، ئاژانسی ھەواڵی دیجلە، کەناڵی ئای ئێم سی، ڕۆژنامەی ئازادیا وڵات، ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پولوتیکا کارو چالاکییەکانی پەکەکە ڕووماڵ دەکەن. شانبەشانی ئەوانە ئاژانسی ھەواڵی ھاوار، ڕووناھی تیڤی، نەورۆز تیڤی و چرا تیڤی گرنگی بە بڵاوکردنەوەی کارو چالاکییەکانی پەکەکە دەدەن.

ئەو حیزبانەش کە بە دۆست و ھاوپەیمان و ھاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەکەکە دەناسرێن بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پژاک، کۆدار و ھەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، کۆنگرەی گەل، دەتەکە و کەژەئا. ھەروەھا ھێزە سەربازییەکانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەکە بەو ھێزە سەربازیانە دەناسرێن، کە ھاوستراتیژ و ھاوتاکتیکی پەکەکەن.

گواستنەوە بۆ قەندیل

بە وتەی محەمەدی حاجی مەحموودی سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان گواستنەوەی بنکەی پەکەکە بۆ قەندیلی کوردستان بە ڕێککەوتنێک بوو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەم ڕێککەوتنەش لە ماڵی کەسێک بە ناوی کەریم خان برادۆستی ڕوویدا لە ناوچەی سیدەکان لە هەولێر، لەوێ هەریەک لە فوئاد مەعسومی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیدارەی سلێمانی و ڕۆژ نوری شاوەیس سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیدارەی هەولێر لەگەڵ عوسمان ئۆجەلانی برا بچووکی ئۆجەلان بە نوێنەرایەتی پەکەکە ئەو ڕێککەوتنەیان واژوو کردووە، ئەندامانی پەکەکە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی پارتی و یەکێتی گوازراونەتەوە بۆ قەندیل و نوسینگەی جەلال تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دراوە بە پەکەکە.

هەریەک لە بادەڵیان و مارەدوو و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە بەپێی ڕێککەوتنەکە.

ئەو وڵاتانەی پەکەکەیان لا تیرۆرستە

هەریەک لە تورکیا، ئازەربایجان، ئوستوڕالیا، پۆڵەندا، عێراق، کەنەدا، ئێران، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، قێرقزستان، ماڵدیڤ، سوریا، بەریتانیا، ئەمریکا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەم دەدەن.

ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا خەڵاتی ١٢ ملیۆن دۆلاری دانابوو بۆ زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی پەکەکە.

سەرچاوە دارایییەکان

بودجەی ساڵانەی پەکەکە بە ١٥٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت. سەرچاوەی داھاتەکە بە کورتی خۆی لە کۆمەکە داراییەکانی دەوڵەمەندە کوردەکانی باکووری کوردستان دەبینێتەوە ھەروەھا یارمەتی کوردی پارچەکانی تر، ھەروەھا لە ڕێگەی بڵاوکراوە و بازرگانی ڕێپێدراوەوە کە پەکەکە. ھەروەھا، پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ناوخۆی تورکیاو لە وڵاتانی ئەورووپا چەندین سەرچاوەی داھاتییان ھەیە وەک کۆمپانیای بچووک و گەورە کە لەلایەن ئەندامان ولایەنگرانی ئەو پارتەوە بەڕێوە دەچێ وداھاتەکانیان بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت پارتی کرێکارانی کوردستان.


سەرچاوەکان



5620 بینین