نەورۆز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-21-01:25:00 - کۆدی بابەت: 3497
نەورۆز

ناوه‌ڕۆك

واتای نەورۆز

نەورۆز بەواتای ڕۆژی نوێ دێت

نەو=نوێ + رۆز یان (روز) = رۆژ.

ئەمە بە واتای داھاتنی رۆژێکی نوێ و دەستپێکردنی ژیانێکی تازە.

سەرھەڵدانی نەورۆز بە گشتی

گەلانی ئاری نەژاد وەک یەک گرنگی بە نەورۆز دەدەن. بەو پێیەی سەرھەڵدانی ئەم ڕووداوە کەوتوەتە ئەو شوێنە جوگرافییەی کە لە خۆرھەڵاتی ئەوروپاوە دەست پێدەکات بۆ باشوری ئاسیا. ھەر یەک لە ناوچەکانی جێنشینێتی ئێستای (کوردستان، ئێران، ئەفغانستان، ھیندستان، پاکستان و …ھتد) دەگرێتەوە، بۆیە ساڵانەش ھەر یەک لەو وڵاتانە بە شێوەی جیاواز و تایبەتمەندێتی خۆیان ڕێوڕەسمی نەورۆز یاد دەکەنەوە.

شکور مستەفا لە (دەفتەری کوردەواری)ـدا دەڵێت:”ئاریایی نەژادەکان حەوت جەژنی سەرەکییان ھەبووە: نەورۆز، میھرەگان، سەدە، تیرەگان، پەروەردگان و کۆسە”. نەورۆز و میھرەگان پیرۆزترین جەژنیانن.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، دوو ھۆکاری سەرەکی لە دیاریکردنی رۆژی نەورۆزدا ڕۆڵیان ھەیە، ئەوانیش:

-ھۆکاری سیاسی

-ھۆکاری ئابوری

ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە ھەیە ئەوەیە، کە نەورۆز دەبەسترێتەوە کاتی ڕاگەیاندنی یەکەم چوارچێوەی حوکمڕانێتی ڕێکخراو (دەوڵەتداری)، کە لە مێژوودا بە دەوڵەتی پێشدادی ناسراوە.

لەسەرزەمینی ئەوکاتی ئێراندا، پێشدادی یەکەم دەوڵەت بووە دامەزراوە. ھەڵبەتە دەوڵەت بەو واتا قەوارە و جیۆسیاسی و یاساییەی ئەم رۆژگارەی ئێستایەوە نا، بەڵکو وەک پەیکەرێک بۆ رێکخستنەوەی ژیانی خەڵک لە بەرەڵایی و ھەرکەس بۆخۆ و ھەڕەمەکییەوە، بۆ ژیانێکی رێکخراوتر.

ئەمە ڕووداوە بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسان کەوتوەتە سەرەتای بەھارەوە. ڕووداوەکەش بەلای خەڵکەوە گرنگی زۆری ھەبووە و ئەوەی خواستووە کە ئەو رۆژە بە (رۆژێکی نوێ) ناو بنێن. ئیتر لەمەوە بوەتە نەورۆز.

ھۆکاری ئابوری پشت سەرھەڵدانی نەورۆزیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەھەمانکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی پێشدادییەوە، کۆتایی بەوەرزی زستان و قات و قڕی و سەرما ھاتووە و بەپێی گۆڕینی وەرزەکان، لەسەرەتای بەھاردا ژیانێکی نوێ ھاتوەتە کایەوە و خەڵک کە ژیانی لەسەر ڕاو و شکار و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بووە، ھەمیشە لەگەڵ بەھاردا باشتر ژیاون و سەرەتای ئەو وەرزەشیان بە (رۆژێکی نوێ) ناوبردوە.

ھاوکات بوونی دامەزراندنی دەوڵەتی پێشدادی و گواستنەوەی ژیانی خەڵک لە ھەڕەمەکی و نادەستورییەوە بۆ چوارچێوەیەکی رێکتر، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەھار و کۆتایی ھاتنی نەھامەتییەکانی سەرما و نەبوونیدا، بونەتە ھۆکاری دیاریکردنی نەورۆز.

ڕای مێژوونوسان سەبارەت بە سەرهەڵدانی نەورۆز لەمێژوودا

هەر مێژوو نوسێك بەجۆرێك باس لەچوونێتی دەست پێكردنی (نەورۆز) دەكەن. هەر یەكەیان بە بۆچوونی خۆیان دەیبەنەوە بۆ سەردەمێكی مێژوویی. بۆیە هەندێ‌ مێژوو نوس دەیبەنەوە بۆ ئەو ڕۆژەی خوای گەورە (گەردوون و ئادەمی) دروست كردووە. هەندێكیش پێیان وایە (25 سەدە پێش زاین) نەورۆز پەیدابووە، وای بۆ دەچن نەورۆز لە سەردەمی حەزرەتی ابراهیم (د.خ) كۆنترە. (مامۆستا حەسەن محمود) دەربارەی سەرهەڵدانی نەورۆز دەڵێت (نەورۆز دەگەڕێتەوە پێش سەردەمی دەوڵەتی (پێشدادی)، كە كتومت سەردەمی پیغەمبەر نوح (د.خ) دەگرێتەوە. هەندێكیش ئەم ِڕۆژە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بابلی و سۆمەرییەكان، كە جەژنێكی هاوشێوەی ئەم جەژنەیان هەبووە‌ بە ناوی جەژنی (دار)

پەیوەندی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک بە نەورۆزەوە لەلایەن نەتەوەی دیكەی ئاریایی

مێژووی نەورۆز وەک لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کرا، کۆنترە لە مێژووی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک. ئەگەرچی ئەم دوو کارەکتەرەش بەشێکن لە مێژووەکە.

دەڵێن جەمشید کە چوارەم پاشای پێشدادییەکان بووە، فەرمانڕەوایەکی گونجاو بووە بۆ خەڵکەکەی. ژیانی رێکخستونەتەوە و خانوو و تەلار و جێی و ڕێی دروست کردووە.

دوای ئەو، فەرمانەڕەوایەکی تر ھاتوەتە سەر تەختی پێشدادی کە (زوحاک) بووە. ئەم پاشایە ستەمکار بوە بۆ خەڵکەکەی و چەوساندنەوەی لە فەرمانەڕەوێتیدا پەیڕەو کردووە. خەڵک بەدوای ئەوەدا گەڕاون لێی دەرباز بن.

کاوەی ئاسنگەر یەکێک بووە لەو کەسانەی بەرەوڕووی ستەمی زوحاک بوەتەوە. سەرکردایەتی شۆڕشێکی کردووە و توانیویەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی زوحاک بێنێت و (فەرەیدون)ی نەوەی (جەمشید)ی لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی داناوە.

رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشەکەی کاوە و فەرەیدون ھاوکاتی ھەمان رۆژی نەورۆز بووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕش و لەناوبردنی دەسەڵاتی ستەمکارەی زوحاک، خەڵک لەسەر شاخێکی بەرز ئاگریان کردوەتەوە وەک ھێمایەک بۆ ئاگادارکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەر لە ڕووداوێکی گەورە و کاریگەر.

راستی کوردبوون لەنێوان (کاوەی ئاسنگەر) و (زوحاک)دا

ئەو دێڕانەوەی سەرەوە ئاماژەیەک بەو راستییە دەدات، کە کاوەی ئاسنگەر یەکێک بووە لەو سەرکردانەی شۆڕش کە دژی ستەمکاری زوحاک بەرپاکراوە.

ھەندێک بەو جۆرە خوێندنەوە بۆ ئەو مێژووە دەکەن، کە (زوحاک) ھەمان کەسایەتی (ئاستیاگ) بێت، کە ئەمەی دوایین کۆتا پاشای میدییەکان بووە. ئەمەش ئەو بابەتەی ھێناوەتە کایەوە کە بوترێت (زوحاک) کورد بووە و کاوە فارسێک بووە و دەسەڵاتی کوردی لەناوبردوە.

مێژوونووسەکانی مێژووی کۆن و نوێی ئێرانی و مێژووی پێشدادی و ئەشکانی و میدی و ھەخامەنشی و فارسیش نەیانوتوە (ئاستیاگ) ھەمان کەسایەتی (زوحاک)ـە. بەڵکو ئەوەی ھەیە لێچونێک لە ناوەکانیاندا ھەیە.

بەڵگەکان

بەڵگەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم راستییە کەم نین. بۆ نمونە:

١-ئەوە دەزانرێت کە زوحاک یەکێک بوە لە پاشاکانی دەوڵەتی پێشدادی و دوای جەمشیدی چوارەم فەرمانڕەوا، دەسەڵاتی گرتوەتە دەست. (ئاستیاگ)یش دوا فەرمانڕەوای میدییەکان بوە.

ھەڵبەتە، سەردەمی حوکمداری پێشدادی و میدی زۆر لەیەکەوە دوورن. راستە، شوێنی جوگرافی ھەردوو دەوڵەت لەیەکەوە نزیکن، بەڵام سەردەمەکەیان جیاوازە.

٢-سەردەمی پێشدادی، نوسین بوونی نەبووە، بەڵام بۆ سەردەمی میدی جیاواز بووە و مێژوونووسان لە توێژینەوەکانیاندا ئەوەیان سەلماندووە کە میدییەکان ساڵی ٧٠٠ پ.ز ھەتا ٥٥٠ پ.ز فەرمانڕەواییان کردوە.

٣-لە ئەدەبیاتی بابلییەکاندا ناوی (ئاستیاگ)ی کۆتا پاشای میدی بە (ئیختوویکۆ) ھاتوە، کە تا ئێستا ھیچ نوسینێک ئەوەی نەسەلماندوە ئەو ناوە بە بەر (زوحاک)یشدا بڕا بێت.

٤-لەبارەی ڕەچەڵەکی زوحاکەوە دوو ڕا ھەیە:

یەکەمیان ئەوەیە کە شازادەیەکی پێشدادی بوە. دوەمیشیان رەچەڵەکی ئەبەستێتەوە رەگەزی (سامی)ەوە بەتایبەت ئەوترێت لە ناوچەی (یەمەن)ەوە گەورە بووبێت و ئامادە کرابێت بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی پێشدادی.

ئەبوحەنیفەی دینەوەری لای وایە زوحاک دەبێتە برازای (شەدید کوڕی عەملیق کوڕی عاد کوڕی ئەرم کوڕی سام کوڕی نوح)ی پاشای یەمەن.

شەھابەدین کوڕە ئەحمەدیش لەکتێبی (مسالک الابێار فی ممالک الامێار)دا زەحاک بە پاشایەکی بەرەچەڵەک عەرەب ناساندوە.

بەم جۆرە ئەو راستییە زیاتر ڕوون دەبێتەوە، کە زوحاک ھیچ پەیوەندییەکی بە کەسایەتی (ئاستیاگ)ی دوا فەرمانڕەوای میدییەوە نییە. لەمەشەوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەو راستییە دەسەلمێنرێت، کە کاوەی ئاسنگەر شۆڕشگێڕێکی کورد بوە و دژی پاشایەکی ستەمکار شۆڕشی کردوە.

بیروڕاكانی دیكە دەربارەی نەورۆزی كوردان

بەڕای مێژوونوسانی كورد نەورۆز تێکەڵ بوە بە کۆمەڵێک ئەفسانەی سەیرو سەمەرە، لە ئێرانی کۆندا لە یەکەم رۆژی بەهاردا واتە رۆژی نەورۆز، پاشای وڵات دەرگای خستوەتە سەر پشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و رۆژەکانی تەرخان کردوە بۆ چاوپێکەوتنی هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هەر لەو رۆژەشدا خەڵات و دیاری پێشکەش بە دەست و پێوەندەکانی کردوە و دیارییشی لێیان وەرگرتوە.

ھۆنەری فارس، فیردەوسی دانەری پەرتوکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک، ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات هیچ بنەمایەکی مێژویی نییە، دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) هەبوە و دوایین پاشای مادەکان بوە. بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی دەکات، فیردەوسی وەکو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کە دەبو هەمو رۆژێک مێشکی دو گەنجی دەرخوارد بدەن، هەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و بەختی لێ وەردەگێڕێت، لە حاڵێکدا هەر لەو وتارە بەڵگەمەندەی د.مەولود ئیبراهیم حەسەندا هاتوە، کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان، نەک زاڵم و شێت نەبوە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی روخۆش بوە. بەڵام مێژوی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە، سەرکەوتنی هەخامنشییەکان، بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییهاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لە لایەن ئەوانەوە، بوەتە هۆی ئەوەی کە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بە تایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە (وێنا بکرێت) و روخساری ئەو دوژمنەی پێ ناشیرین بکرێت.

نەورۆز لە كوردەواری و بیروڕای هێمن موكریانی

لە کەس شاراوە نییە کە کورد هەر لە بنەچەدا ، گەلێکی ئاژەڵدار بوە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردوە. کەوابو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگی تایبەت بە خۆی هەبوە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای هەبوە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە جاری جاران بەفرێکی قورس دەباری و جار هەبوە هەتا دو مانگ لە بەهاریش تێپەڕیوە و بەفر هەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازوقەیەیی (ئاوردویی). بە پێی هەمو ئەو ھۆکارانە، کە هەم سروشتی و هەمیش ھەرێمییە کورد تەواو بونی وەرزی توش و سەرمای زستانی کردبێتە جەژن.

بیروڕای هێمن موكریانی

مامۆستا هێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو رۆژە رۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد رانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە رۆژەکەی کردوەتە جەژن.
لە مێژوی جەژنە ئێرانییەکاندا جەژنێکیش هەیە بە ناوی جەژنی مێهرەگان. ئەو جەژنە یەکەم رۆژی پاییز بوە. مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو رۆژە رۆژی بەرانگرتنی مەڕ بوە. بۆیە ئەو رۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێهرەگان ناوی دەرکردوە و مامۆستا هێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەر ئەو ناوی جەژنی مێهرەگانە دواتر بوەتە مێهرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێهرەجان. بە گشتی مەودای نێوان جەژنی مێهرەجان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە. "مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد رۆژ روحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جەژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن "بێڵن دانا"، پێوەندیی لەگەڵ ئەم باسە هەیە. دو مانگ پایز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی هەرە گەورەی مەڕدارە.

ئاگر وەک هێمایەکی کۆنی کورد

سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێ لە ئەفسانە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێ کە ئەو رۆژەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار ئاگری تێدا دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە کۆتا شەوی زستان و یەکەم رۆژی نەورۆز و هەمو ساڵێک ئەو رۆژەی وەک رۆژێکی ئەگەر نەشڵێین پیرۆز لانیکەم سەیر و سەمەرە سەیر کردوە، بەڵام بە گشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردەواریی خۆماندا هێمایەکی لە مێژینەیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان زەردەشتی بون. ئەوان ئاگرپەرست نەبون. بەڵکو ئاگر بەلایانەوە وەک هێمایەکی پیرۆز پارێزراوە.

مێژووی جەژنی نەورۆز و ساڵنامەی کوردی

ساڵنامە بە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی ژیان و زانینی ڕووداوەکانی مێژوو ئەژمار کراوە، تا ئەوەی ساڵنامەکان وەک بەھێزترین پشتیوان و دەقی مێژوویی، ھۆکاری ڕەسەنایەتی ڕابردووی کۆمەڵ و نەتەوە و گەلان و ئایینێک بوون، کە بەھۆیانەوە لەلایەک ڕووداوەکانی مێژوویان بۆ پاراستووین، لەلایەکی دیکەوە ھۆکاری گەیشتنی ئەو ڕووداوانە بوون بە نەوەکانی ئایندە و نەفەوتاندنی بۆ داھاتوو.

لەم پێودانگەوە ھەر کۆمەڵ و نەتەوە و گەل و ئاینێک لەسەر ڕووی زەوی خاوەنی ساڵنامەی تایبەت بە خۆیان بوون، کە بەھۆیانەوە واقیعییەتی مێژوویی خۆیان پاراستووە، جووەکان وەک پەیڕەوانێکی ئایینی، کە لە دێر زەمانەوە خۆیان بە (نەتەوەی عیبری) ناساندووە بڕویان وابووە نەتەوەیەکی سەربەخۆن و ساڵنامەیەکی تایبەت بە خۆیان بووە، کە بە (ساڵنامەی عیبری) ناسراوە. ئەوان بۆ سەلماندنی ڕاستی ساڵنامەکەیان، ئاماژەیان بە مێژووییەک کردووە، کە بەر لەساڵی (٣٧٦٠پ.ز) یەکەمین دەسەڵاتی سیاسیان لە سەر خاکی (ئورشەلیم) دامەزراندووە.

لەو کاتەشەوە تا بە ئێستا دەگات جووەکانی جیھان و لە نێویشیاندا دەوڵەتی ئیسرائیل کار بەو ساڵنامەیە دەکەن. ئامانج لەو کارەشیان سەڵماندنی ئەوەیە، کە ئەوان بەر لە (٣٧٦٠پ.ز) خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی بوون.

ئەوەش بۆ ئەوەی بۆ عەرەب و سەراپای نەتەوە و کۆمەڵ و گەلانی جیھانی بسەلمێنن، کە ئەوان سەر بە ھیچ ئایین و نەتەوەیەکی تر نەبوون و خاکی فەڵەستین، کە (دەوڵەتی ئیسرائیل)یان تێدا دامەزراندووە، خاکی ڕەسەنی خۆیان بووە و سەربەخۆ بوون و سەر بە ھیچ نەتەوە و ئایینێک نەبوون.

ئەو ساڵنامەشیان بە فەڕمی لە یەکەمین بەیاننامەی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان لە (١٤ی مایسی١٩٤٨ز) بە (٥٧٠٨عیبری) ڕاگەیاند. 

لە لایەکی دیکەوە مەسیحییەکانی جیھان و لە نێویشاندا ئەو دەوڵەتانەی سەر بە ئایینی مەسیحین، ڕۆژی ھاتنە قسە و خەتەنەکردنی (عیسای کوڕی مەریەم-س.خ)ـی پەیامبەریان لە حەوتەمین ڕۆژی تەمەنیدا بەسەرەتای (ساڵنامەی زایینی) زانیووە، چونکە ئەو پەیامبەرە لە (٢٥ی کانوونی یەکەم) لەدایکبووە و دوای (حەوت) ڕۆژ لە لەدایکبوونی لەلایەک کەوتۆتە قسە، تا پەردە لەسەر بێتاوانی دایکی لاببات، کە بێ ئەوەی بچێتە ژیانی ھاوسەرییەوە مناڵێکی بە ناوی (عیسا) بووە، لەلایەکی دیکەوە بەو خەتەنەکردنەی سیمای پیاوەتی بەبەردا کراوە، تا لەگەڵ پایەی پەیامبەرایەتیدا بگونجێت، چونکە نەدەبوو منداڵێک پەیامبەر بێت، یان بانگەشە بۆ پایەی پەیامبەری بکات.

ھەربۆیە بە وتەی گێڕانەوەکانی مێژوو ھەر لەو ڕۆژەدا ھاتۆتە قسە، خەتەنەش کراوە. بەوەش لای باوەڕدارانی مەسیحی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی سەلماندی کوڕیەتی و ناسینی وەک پەیامبەرێکی مێژووی مرۆڤایەتی ناسراوە، بۆیە کردویانە سەرەتایی (ساڵنامەی زایینی).

ئەمەو موسڵمانانی جیھانیش کۆچی پەیامبەری ئیسلام (موحەممەد کوڕی عەبدولڵا-د.خ) لەگەڵ (ئەبوبەکری سدیق-ڕ.خ) لە شاری (مەککە)ەوە بۆ شاری (یەسرب)، بە سەرەتایی دەرکەوتنی ساڵنامەیەک زانیووە، کە ناوی (ساڵنامەی کۆچی)یە.

ئەو ساڵنامەیەی لە سەردەمی دووەمین خەلیفەی ڕاشدی (عومەری کوڕی خەتاب-ڕ.خ) و ھەر لەلایەن خۆیەوە دانرا. بەوەش ساڵی (٦٢٢ز) بووە یەکەمین ساڵی کۆچی و ھاوکات کرا لەگەڵ (١ی موحەڕەم).

لەو کاتەشەوە ساڵنامەی کۆچی بۆتە ساڵنامەیەکی باوەڕ پێکراوەی مێژوویی بۆ موسڵمانانی جیھان تێکڕا و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی. ڕووداوەکەش لە شوێنی خۆیدا بوو، چونکە بە گەیشتنی پەیامبەری ئیسلام بۆ شاری (یەسرب) سەرەتاکانی دەرکەوتن و دامەزراندنی (دەوڵەتی ئیسلام) بە ناوی (دەوڵەتی مەدینە) دەرکەوت، کە بووە یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامی لە مێژوودا. 

لێرەوەش تاکە ڕووداوێکی مێژوویی، کە ساڵنامەی کوردی بۆ بگەڕێتەوە دامەزراندنی (دەوڵەتی ماد)ـە. ئەو دەوڵەتەی بەر لە (حەوت سەدە) لە ھەرێمی موکریانی خۆرھەڵاتی کوردستان دامەزرا. دیارە گێڕانەوەی ساڵنامەی کوردی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ماد لە لایەن ھەر مێژوونووس و توێژەر و نووسەر و ھۆنەری کورد یان خۆرھەڵاتناس و بێگانەوە بووبێت، جێگای ستایشە، چونکە گێڕانەوەی تاکە ساڵنامەی کوردی بۆ بیرەوەری دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر خاکی کوردستان، کە زۆربەی ھەرە زۆری بنەماکانی دەوڵەت و کوردستانیبوونی لەخۆگرتبێت و زۆر لە دەرکەوتنی نەتەوەی کوردەوە نزیک بێت لە شوێنی خۆیدا بووە.

ئەمەو جگە لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە ھیچ دەقێکی مێژوویی یان گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانەیەکیش پشتیوانی لەوە ناکەن، کە بەر لە (حەوت) سەدە کەسێکی بە ناوی (کاوەی ئاسنگەر) توانیبێتی پادشایەک بە ناوی (زوحاک) بکوژێت.

تەنانەت ئەگەر ڕووداوەکەش بۆ (کۆرشی ھەخامنشینی) پادشای ھەخامەنشینی و (ئەستیاگز)ی دوایەمین پادشای ماد بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو ڕووداوەش وەک لە چەندین دەقی مێژووییدا سەلمێنراوە بۆ ساڵی (٥٥٠پ.ز) دەگەڕێتەوە نەوەک بۆ (٧٠٠پ.ز)، کە ساڵنامەی کوردی بۆ دەگەڕێتەوە.

لە پەراوێزی وەھا ڕووداوێکی مێژووییدا جێگای خۆیەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە، ئاماژە بەوە بکەین، کە گێڕانەوەی مێژووی جەژنی نەورۆز بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ماد، جگە لەوەی ساڵنامەی کوردی پشتگیری و پشتیوانی لێدەکات، لەھەمانکاتدا بەڵگەی ئەوەشە، کە ئێمە کورد بەر لە (٧٠٠پ.ز) خاوەنی دەوڵەتێکی بەھێزی وەک (ماد) بووین و لە نێوان ساڵانی (٧٠٠-٥٥٠پ.ز) فەرمانڕەوایەتی خاکی کوردستانی کردووە.

لاشمان وایە بە ھەڵەدا نەچووبین، کە ئەوەندی ئێمەی کورد لە دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی مادەوە عەوداڵی دەوڵەت و گەیشتن بە سەربەخۆیی خاکی کوردستان بووین، ئەوەندە کێشەمان لەگەڵ قارەمان و پاڵەوانەکاندا نەبووە، چونکە ھەر تاکێک بۆ تەنیا قۆناغێکی مێژوویی بڕوانێت، دەگاتە ئەوەی، کە ئێمەی کورد بۆ ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو، خاوەنی چەندین قارەمان و سەرکردەیی مێژوویی بووین، بێئەوەی ھیچ یەک لەوان توانیبێتیان کورد بە بچووکترین مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بگەیەنن، کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە، بۆیە گەڕانەوەی ھەر تاکێکی ئێمەی کورد بۆ سەروەرییەکانی دەوڵەتی ماد و بانگەشەکردن بۆی مانای ئەوەیە، کە ئێمەی کورد لە ڕابردوودا خاوەن قەوارەی سیاسی بووین و لە قۆناغێکی مێژوویی و تا بە ئێستاش دەگات لێمان زەوتکراوە.

ڕۆڵی (پیرەمێرد) لە زیندوكردنەوەی جەژنی نەورۆزدا

پیرەمێرد بەزیندوكردنەوەی ئەم یادە دادەنرێت. چونكە بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتی عوسمانییەكان (1299ـــ1924ز) یادكردنەوەی ئەم جەژنە قەدەغە بووە‌. لەدوای نەمانی عوسمانییەكان، ئەم یادەش تا ساڵانی (1930) نەدەكرایەوە. هەر بۆیە پیرەمێرد لە ناوەڕاستی سییەكانی سەدەی بیستەمدا، که لە توركیاوە دەگەڕێتەوە سلێمانی، زورترین كاتەكانی خۆی بۆ خزمەتكردنی نەتەوەكەی خۆی تەرخان دەكات. بایەخی تەواو دەدات بەزیندوكردنەوەی كەلتور و داب و نەریتی نەتەوەكەی. ئەمەش وا دەكات ببێتە یەكەم كەس لە شاری سلێمانی یادی نەورۆز بكاتەوە بە ئاگر كردنەوە لە گردی (مامەیارە). ساڵ لە دوای ساڵ تا مردنی بەرگی تازە بە بەر چونێتی یادكردنەوەكە دەكات. وە لەو پێناوەشدا تووشی چەندین توانج و ئازاری دەروونی دەبێتەوە، چونكە زۆرێك دژی دەوەستنەوە بە شێوەیەك بە ئاگر پەرست ناوی دەبەن. بەڵام، پیرەمێرد لەوەڵامی ئەو كەسانەدا دەڵێت: (بە گڕی ئاگر ڕێی ئایندەی قەومەكەی خۆم ڕووناك دەكەمەوە، عادەتێكی باو باپیرمە پەیڕەوی ئەوان دەكەمەوە).

بەڵام (مامۆستا سجادی) پشتگیری لە (پیرەمێرد) دەكات و دەڵێت: (رۆژی نەورۆز جەژنی قەومی كوردستانە، ئینجا عەجەبا ڕوژێك بناغەی بوژانەوەی ژیانی قەومێكی تێدا دەركەوێ‌ ئیتر چۆن ئەو رۆژە نەكەین بە جەژن). پیرەمێرد لە هەموو ئەو بڵاو كراوەنەدا جەختی لەوە كردوەتەوە كە نەورۆز جەژنی نەتەوەی كوردە و بە هیچ هەواو نەفەسێكی دنیاوە ئەو یادە ناكەنەوە. ئەم گرنكی پێدانەی پیرەمێرد وایكرد نەورۆز هەتاوەكو ئێستا بایەخی پێبدرێت و یادی بكرێتەوە وە لەهەموو ئەو یادانەش دا ناوی پیرەمێرد و ئەو شیعرانەی كە لەبارەی نەورۆزەوە نوسیوێتی بە قەد یادەكە گرنگی پێبدرێت.

لە ڕۆژنامەی (ژین) دا لە ژمارە 662 ی 19 ی ئازاری 1940 لە لاپەڕەی یەكی ئەو ڕۆژنامەیەدا پیرەمێرد ئەم بانگەوازەی بڵاو كردوەتەوە دەڵێت: (نـــــەورۆز، بۆ ئەوەی باوەڕمان پێبكەن، كەتا ئێستا سەیرانی نەورۆزمان بە هیچ هەوایەكی لاوە نەكردووە، وا شەوی یەك شەممە لە گردی یارە، ئاگری نەورۆز ئەكرێتەوە. ڕۆژی (هەینی)یش سەیرانە، جنسی لەطیف، كە ئەمساڵ لە بەفرا كەسیرە بوون با بای باڵی خۆیان بدەن بە سایەی ئەوانیشەوە جنسی خەشین ئەتوانن بێن، بەڵام ڕەش بەڵەك نییە).

یەكێك لەشیعرە بەرز و جوانەكانی پیرەمێرد كە بۆ چەژنی نەورۆزی نوسیوە لەكاتی نزیك بوونەوەی جەژنی نەورۆز و لە ڕۆژانی نەورۆزدا گوێمان لێی دەبێت و لەلایەن هونەرمەندانەوە كراوە بە گۆرانی چەندین ئاوازی بۆ دانراوە ئەم شیعرە جوانەی پیرەمێردە كە دەڵێت:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە

جەژنێكی كۆنی كوردە بە خۆشی و بە هاتەوە

چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ‌ پەست بوو تاكو پار

هەر خوێنی لاوەكان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار.

نەورۆز لە شیعری شاعرانی کورد

نالی :

تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ

مەولەوی :
نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن

وەفایی :
نەسیمی بایی نەورۆزی شەمیمی عەبھەری ھینا
موریدی عاشقان دیسان پەیامی دولبەری ھێنا
نەوید ئەی عاشقانی دڵفگار یار ھاتە سەر خەندە
سەڵا ئەی بولبولان دیسان درەختی گوڵ بەری ھێنا

حاجی قادری کۆیی :

رۆژتە ئەی بایی نەورۆزی لەبن بەفری گران
کانی پێی سڕ بو چناریش دەستی چو پەنجەی تەزی
سونبولی زوڵف و گوڵی روخسار و سەروی قامەتی
مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخی وزەوی

حەمدیی ساحێبقران:

نەورۆزە، جەژنە بۆیە چراغانی عالەمە
یا ئاگرە لە عومری شێتا کوژایەوە
عەرعەر لە لەنجەدایە، لە ڕەقسایە سەروەکان
بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زومڕەد کرایەوە

قانع :

هەوای شنەی بای نەسیم دیاره
مەعلومه وادەی گوڵ و گوڵزاره

پیرەمێرد:
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە

حەریق:
ئەڵێن وا جەژنی نەورۆزە دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە
وەرە ‌بۆ جەژنە پیرۆزە بدەم رۆحم لەبەر ماوم
وەرە سەر چاوەیی چاوم، دەڵێی دەریای عەممانە
تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم

مامۆستا حەقیقی:
مزگێنی بێ ھات ساڵی نوێ
خۆشی دوای خۆشی جوێ بە جوێ
بڵێن بەخت چیدی نەنوێ
ئەستێرەی مەش سەری ناسوێ
وە بیرت دێ چمان دی دوێ
زو راپەڕن مەبن شلوێ
ئەوا ھات پەیکی ئازادی
بە روخۆشی و کەیف و شادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلوم بەشی مەشی پێیە

ھەژار:
مزگێنی دا بە ‌سروە بای بەھاری
وا ھاتەوە نەورۆزی کوردەواری

عبدوڵڵا پەشێو:
ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم . بێ بۆنی گیا نەورۆز ناکەم .
نەورۆز ناکەم بێ بڵێسەی سوری ئاگر . نەورۆز ناکەم گەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات وبەخۆم نەبمە سەرچۆپیگر .

دڵدار:
گوڵی سور ئەی ‌کچی نەورۆز ئەرێ کام دەس لەباغی ژین
لەبۆ یەک دەفعە بۆن کردن بەناکامی ئەتۆی ھێنا


سەرچاوەکان



5992 بینین