ناوهڕۆك
ناساندن
بەرواری ڕۆژی باوکان (بە عەرەبی: تاريخ عيد الأب، بە ئینگلیزی: father's day) ڕۆژی جیھانی باوک لە زۆربەی وڵاتانی جیھان یادی دەکرێتەوە بەڵام لە ھەر وڵاتەی بە جۆرێکە بە پێی بیروبۆچوونی خۆیان، بەڵام زۆربەی وڵاتان لە سێیەم یەکشەممەی مانگی حوزەیران ئاھەنگی بۆ دەگێڕن، گرنگی مێژووی ئەم ڕۆژە چەند باس بکرێت ھەر کەمە چونکە باوک وەک چیایەکی گەورەیە دەبێتە پشتوپەنامان ڕێگانادات تووشی ھیچ بەڵاو ناخۆشیەک ببین، گەر بەھەشت لە ژێرپێی دایک بێت باوک ئەوڕێگەیەیە کە دەمانگەیەنێت بەو بەھەشتە.
ڕۆژی باوکان
ڕۆژێکە بۆ دەربڕینی ڕێزلێنان و ئاھەنگێڕان بۆ باوکان لە سەرانسەری جیھاندا، وەک پێزانینێک بەرامبەر ئەو قوربانیانەی کە داویانە لە پێناو خێزان و منداڵەکانیان، لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک دیاریان پێشکەش دەکرێت لەگەڵ کارتی پیرۆزبایی کە دەستەواژەی جوان و بەنرخی تێدا نووسراوە،
ڕۆژی باوک بە ڕۆژێکی بەناوبانگ دادەنرێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ھەر وڵاتێکیش شێوازی تایبەتی خۆی ھەیە بۆ ئاھەنگێڕان کە جیای دەکاتەوە لە وڵاتێکی تر، بۆ نموونە ھەنێک وڵات ئەم ڕۆژە بە ئایینەوە دەبەستنەوە وەک پەیڕەوانی ڕێبازی کاسۆلیکی، ھەستاون بە بەستنەوەی ڕۆژی باوک لەگەڵ ڕۆژی قەشە یوسف، لەکاتێکدا لە وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسلامییەکاندا ھێشتا دیاردەیەکی جیاواز و نوێیە، لەلایەن کەمینەوە ئاھەنگی بۆ دەگێڕدرێت، ھەنێکی تریان تەنھا بیرۆکەکەیان وەرگرتوە تا ڕۆژێکی تایبەت دیاری کەن بۆ باوکان.
بەرواری ڕۆژی باوکان
بەرواری ئاهەنگێڕانی ڕۆژی باوک لە سەرانسەری جیهاندا جیاوازە، پەیڕەوانی ڕێبازی کاسۆلیکی ئایینی مەسیحی لە نۆزدەی ئازاردا یادی دەکەنەوە، بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سێیەم یەکشەمەی مانگی حوزەیراندا ئاھەنگی بۆدەگێڕن، وڵاتی ئوستراڵیاش یەکەم یەکشەمەی مانگی ئەیلولی دیاریکردووە بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، وڵاتە عەرەبیەکانیش لە ڕۆژی جیاوازدا یادی ڕۆژی باوکان دەکەنەوە، لوبنان لە ڕۆژی بیست و یەکی مانگی حوزەیراندا ئاھەنگی بۆدەگێڕێت، ھەروەھا وڵاتانی تری وەک تورکیا و پاکستان لە نۆزدەی حوزەیراندا ئاھەنگی بۆدەگێڕن، لەبەرنەبوونی ھیچ کۆدەنگیەک بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ ڕۆژی باوکان لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژئاوا ھەر وڵاتێک بە جیا ئاھەنگی بۆدەگێڕێت لە ڕۆژی تایبەتی خۆیاندا.
بنەڕەتی ڕۆژی باوکان
دەنگۆی زۆر ھەیە دەربارەی سەرچاوەی ئەم ڕۆژە، دەوترێت کە بنەڕەتێکی کۆنی ھەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چوار سەد ساڵ لەمەوبەر پەیوەندیشی ھەیە بە پەیڕەوانی ڕێبازی کاسۆلیکی، ھەروەھا دەگوترێت کە بنەڕەتێکی تریشی ھەیە دەگەڕێتەوە بۆ بابلیەکان کە تیایدا گەنجێکی کلدانی بە ناوی (المیسۆ) لەسەر تابلۆیەک کە لە گڵ درووستکرابوو سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ باوکی دەربڕیوە و پێشکەشی باوکی کردووە، ئەمەش بە یەکەم دیاری دادەنرێت کە پێشکەش بە باوک کرا، لە چیرۆکێکی تردا دەگوترێت کە (سۆنۆرا لویس سمارت) کچێک بووە حەزیکردووە سوپاس و پێزانینی باوکی بکات لە دوای گوێگرتنی لە کۆمەڵێک وتار کە لە ڕۆژی دایکان پێشکەشکراوە، چونکە بیری لە ھەوڵ و قوربانییەکانی باوکی کردۆتەوە کە لەدوای مردنی دایکی ئاگای لە ھەر شەش منداڵەکەی بووە و بەخێوی کردون، بەھۆی دڵسۆزی باوکەکە بۆ خێزانەکەی و لە پێناو بەرزڕاگرتنی ڕێزلێنانی سۆنۆرا بۆ باوکی، لە شاری سبوکان نۆزدەی حوزەیران بە فەرمی دیاریکرا بۆ ڕۆژی باوک، پاشان ئەم ڕۆژە بە پشووی فەرمی لە هەموو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیاری کرا، دواتر ئەم نەریتە لە نێو وڵاتانی تردا بڵاو بووەوە.
گەورەیی باوک
باوک زۆر لەوە گەورەترە تەنھا ڕۆژێکی بۆ دیاریبکرێت تا سوپاسی کەین، چونکە باوک فیداکارییەکانی بێسنوورە، واتە پێدانی سۆزێکی بێ کۆتا سەرەڕای دژواریەکانی ژیان، چەندان باوک بوونە ھۆی ڕووناکردنەوەی ڕێگەی منداڵەكانیان، حیکمەت و ئەزموونی خۆیان خستە ژێردەستی منداڵەکانیان تاکو سوودیان پێبگەیەنن و سەربکەون بەسەر ھەموو بەربەستەکانی ژیان کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، باوک وەک چرایەکە کە دەسوتێت لە پێناو ڕووناکردنەوەی ڕێگای منداڵەکەی، ڕوحی خۆی فیدادەکات بێ بەرامبەر بێ داواکردنی ھیچ شتێک، بۆیە چەند وەسفی باوکان کەین و سوپاسی ڕەنج و ماندووبونیان کەین ھێشتا ھەر کەمەو ناتوانین پاداشتیان بەینەوە، شایەنی ئەوەن ھەرشتێک کە جوانەو دڵخۆشیان دەکات پێشکەشیان کەین، تا گوێبیستی باشترین نزاکان بین و بتوانین بەھەشت بە دەست بھێنین.