ڕۆژی جیھانی مامۆستایان

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-07-24-18:44:00 - کۆدی بابەت: 13675
ڕۆژی جیھانی مامۆستایان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژی جیھانی مامۆستایان (بە عەرەبی: اليوم العالمي للمدرس، بە ئینگلیزی: World Teacher's Day) مامۆستا ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە گەیاندنی زانست و زانیاری بۆ ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە بێ جیاوازی گرنگە مێژووی ئەم پیشەیە بخرێتەڕوو بەتایبەت ئاشنابوون بە گرنگی زانست و تێگەیشتن لەوەی مامۆستا وەک پردێک وایە بۆ گەیشتن بە زانستە ڕاست و دروستەکە و یارمەتیدەرە لە پەڕینەوە لە دیوە تاریکەکەی ژیان بەرەو دیوە ڕووناکەکەی ژیان.

چەمکە گرنگەکانی ئەو بوارە

فێرکردن

"زانست ڕووناکییە" ئەم دەستەواژەیە بەبێ ھۆ نەگوتراوە، زانست ئەو ڕووناکیەیە کە ڕێگای مرۆڤایەتی ڕۆشەن دەکاتەوە بۆی بەرەو ڕێگای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ھەنگاو بنێت، زانست ڕووناکی دەبەخشێت بە ھزری مرۆڤەکان تاکو لە تاریکی نەزانین دەربازیانبێت، چونکە ئەگەر زانست نەبوایە ژیانی مرۆڤەکان ژیانێک دەبوو کە ئارەزوو و ویستەکانی پێداوستیەکانی دەیبرد بەڕێوە، واتە ھاوشێوەی ژیانی ئاژەڵەکان دەبوو، زانست یەکێکە لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کە ئایینەکەمان جەختی لەسەر دەکاتەوە کە ھەوڵی بۆ بدەین، چونکە زانست تەنھا ڕێگایە بۆ سەرخستنی نەتەوەکان و پێشخستنیان، ھەروەھا تەنھا ڕێگەشە بۆ زانینی ھەموو ئەو ڕووداوانەی لە چواردەورمان ڕوودەدەن و ئاشکراکردنی نھێنیە شاراوەکانی گەردوونەکەمان، تەنھا زانست یارمەتیمان دەدات لە درکردن بە ھەمووشتێکی نەزانراو و ناڕوونی ئەم جیھانە و بەردەوام ئاگاداربوون لە ھەرشتێک کە تازەیە، بەڵام زەحمەتە بۆ مرۆڤ بە تەنیا ھەوڵی گەیشتن بە زانست بدات چونکە پێویستی بە مامۆستایەکە کە پاڵپشت و یاوەریبکات بۆ بەدەستھێنانی زانستی درووست.

مامۆستا 

مامۆستا تەنھا کەسە لەم جیھانەدا کە بەرپرسیارێتی گەیاندنی زانست و زانیاری ھەمەجۆری بۆ ھەموو خەڵکی لە ئەستۆگرتووە، پیشەی مامۆستایی بە کۆنترین پیشە دادەنرێت کە مرۆڤایەتی پێی ئاشنابووە، گەرچی قەشەکان وەک یەکەم کەس دادەنرێن کە پەیڕەوی ئەم پیشەیەیان کردبێت چونکە لەسەردەمی کۆندا ژیاون و ھەستاون بە پەروەردەو فێرکردنی کەسانی تر، بەڵام مەزنترین مامۆستاکان کەمرۆڤایرتی بەخۆیەوە بینوێتی پێغەمبەران و نێردراوەکانی خودان و جێدەستی ئەوان لەم جیھاندا دیارە و ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە، ھەر ئەوان بوون کە ڕێگەی ڕاست و عەقیدەی ڕاستیان پشانی مرۆڤایەتی داوە، فێریانکردن چۆن یەکتاپەرستبن و تەنھا  خودای گەورە و بێ ھاوتا بپەرستن، ئەوان خەڵکیان لە تاریکی نەزانییەوە دەرھێنا بەرەو ڕووناکی ھیدایەت، بوونە ھۆی درووستبوونی چەندین مامۆستای تر لە پاش خۆیان کە پەیامەکەیان بگەیەنن بە نەوەکانی داھاتوو.  

مامۆستا بەھۆی ئەو ڕۆڵەی لە کۆمەڵگادا دەیگێڕێت، بەجۆرێک ڕۆڵی ئەو ھەرگیز کەمتر نییە لەچاو ڕۆڵی پیشەگەرەکانی تر وەک دکتۆرەکان، ئەندازیارەکان، دەرمانسازەکان، یان ھەر پیشەوەرێکی تر... بە پێچەوانەشەوە گەر مامۆستا نەبوایە کەسیان بەو ئاستە بەرزانەیان نەدەگەیشتن، دەبێت بزانین کە ڕۆڵی مامۆستا تەنھا گەیاندنی زانیاری نییە بە خوێندکارەکانی، بەڵکو فێری ڕەوشتی چاکیان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتیان بەھێز دەکات و وایان لێدەکات بە شێوازێکی ئەرێنی لە ژیان بڕوانن، لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیەک دەھێنێتە ئاراوە کە ھۆشیارن و توانای خۆگونجاندنیان ھەیە لەگەڵ ھەموو گۆڕانکاریەکی نوێدا.

ڕۆژی مامۆستایان

وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو ڕۆڵە گەورەیەی مامۆستایان ھەیانە لە سەر ژیانی مرۆڤ، ڕۆژێکی تایبەت دیاریکراوە بە ڕۆژی جیھانی مامۆستایان کە دەکەوێتە ٥ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکەوە، بۆ یەکەم جار بە فەرمی ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٤ ئاھەنگی بۆگێڕدراوە، ئەم ڕۆژەش سەریھەڵداوە لە ئەنجامی واژووکردنی ڕاسپاردەی هاوبەشی نێوان  رێكـخـراوی نه‌تــه‌وه‌ یـه‌كگـرتـووه‌كـان (یۆنسكـۆ) و رێكخراوی (كـاری نێوده‌وڵـه‌تی) لە ساڵی ١٩٦٦، لە کۆنگرەیەکدا سەبارەت بە مامۆستایان و بارودۆخیان.


سەرچاوەکان



161 بینین