بابەتێک دەربارەی ڕۆژی جیهانی منداڵان

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-08-05-18:46:00 - کۆدی بابەت: 13905
بابەتێک دەربارەی ڕۆژی جیهانی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی بابەت

بابەتێک دەربارەی ڕۆژی جیهانی منداڵان (بە عەرەبی: موضوع عن يوم الطفل العالمي، بە ئینگلیزی: Topic about World Children's Day) ڕۆژی‌ جیهانی‌ منداڵان له‌وڵاته‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ جیهان به‌جیاوازی‌ یاد ده‌كرێته‌وه‌، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی بیستی مانگی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی منداڵان دیاری کردوە، بەڵام لە وڵاتانی کۆمۆنیستدا ڕۆژی منداڵان دەکەوێتە یەکی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێکەوە.

ڕۆژی جیهانی منداڵان

ڕۆژی جیهانی منداڵان دەکەوێتە ڕۆژی بیستی مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک بەپێی ڕاسپاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراندنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی هەزارو نۆسەد و چل و نۆ کە لە لایەن یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی دیموکراتی لە کاتی کۆنفرانسی پاریس لە مانگی تشرینی دووەم دیاریکرا.

کورتە مێژوویەک 

لە ساڵی هەزار و نۆسەد و پەنجا و چوار دا ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوای‌ له‌سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی‌ جیهان كرد ڕۆژێك ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ڕۆژی‌ منداڵان، وەک ڕۆژێک بۆ لێکتێگەیشتن و برایەتی لە سەرانسەری جیهاندا لەنێو منداڵاندا، جگە لەوەش ڕۆژی پێنجەمی مانگی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانی منداڵ دیاری کرا، پێش ئەم ڕاگەیاندنەش ژمارەیەک ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی ھاتە ئاراوە تایبەت بە مافەکانی منداڵ، وە لە بیستی تشرینی دووەمی ساڵی هەزار و نۆ سەد و هەشتا و نۆ پەیماننامەی مافەکانی منداڵ واژوکرا کە لە سەر بنەماکانی جاڕنامەی مافی منداڵ دامەزراوە کە لە هەمان بەرواردا ئەنجامدرا لە ساڵی هەزار و نۆسەد و پەنجاو نۆ.

ئەم ڕۆژە تەرخانکراوە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی بۆ ئاھەنگێڕان، لەگەڵ ژمارەیەک خۆپیشاندان کە لە لایەن چالاکوانانی مافەکانی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا ڕێکدەخرێت،لە وڵاتی فەرەنسادا رێکخراوێکی داکۆکیکار لە منداڵان ھەڵدەستێت بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ساڵانە بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەڕەنسا و سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا، بەڵام یونیسێف کۆمەڵیک چالاکی و بۆنە ساز دەکات بۆ ئاھەنگێڕان و ھۆشیاریکردنەوە خەڵک دەربارەی ئەم ڕۆژە.

وڵاتانی عەرەبی کۆمەڵێک ڕەخنەیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئازادی باوەڕبوون بە مافەکانی منداڵان. ڕۆژی جیهانی منداڵان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە بیستی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە پاش ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافەکانی منداڵ لەم ڕۆژەدا دیاری کردووە، بەڵام لە وڵاتانی کۆمۆنیستیدا ڕۆژی منداڵان دەکەوێتە یەکی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێکەوە

لە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵدا مافە سیاسی و مەدەنی و ڕۆشنبیری و ئابوورییەکانی منداڵان دیاری کراوە، سەرەڕای چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیماننامەکە لەلایەن کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتنەکەدا بۆ مافەکانی منداڵان کە ئەندامانی سەرجەم وڵاتانی جیهان لەخۆدەگرێت.

ڕۆژی جیهانی منداڵان لە ساڵی ٢٠١٠

لە ساڵیادی شەست و یەک، پەنجا و یەک و بیست و یەکەمین جاڕنامەی مافەکانی منداڵ و پەیماننامەی مافەکانی منداڵدا، شانبەشانی پەیماننامەی جنێڤ، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە ساڵی ٢٠١٠ ژمارەیەک نامیلکە و بڵاوکراوەی لەسەر جەنگ و منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکردەوە.

ئەم نامیلکە و بڵاوکراوانە باس لەو مەترسیانەی ئەو منداڵانە دەەکەن کە تووشی بونەتەوە بەهۆی شەڕی چەکدارییەوەو زیانیان بەرکەوتووە،  لە هەوڵێکدا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو منداڵانە، سەڕەڕای دەرکردنی یاسا کە پارێزگاری تایبەتیان پێدەبەخشێت.

بەم بۆنەیەوە کۆمپانیای Humanium  بە فەرمی دەروازەیەکی ئەلیکترۆنی تایبەتی بۆ منداڵان کردەوە، ئەم ماڵپەڕە سەرچاوە و زانیاری دەوڵەمەند لەسەر مافەکانی منداڵان دابین دەکات، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ دەستگەیشتن بەم زانیاریانە.


سەرچاوەکان



226 بینین