پارێزگاریکردن لە نینۆکی سروشتی

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-13-18:56:00 - کۆدی بابەت: 13171
پارێزگاریکردن لە نینۆکی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

پارێزگاریکردن لە نینۆکی سروشتی (بە عەرەبی: عناية طبيعية بالأظافر، و بە ئینگلیزی: Natural nail care)، بۆیەکردن تاکە چارەسەر نییە بۆ شاردنەوەی کێشەکانی نینۆک، بەڵکو بۆ مانەوەی نینۆکی سروشتیت پێویستیان بە چاودێری و گرنگیدانێکی دروست هەیە بە بەردەوامی. هەروەها کۆمەڵێک هەڵەی باو هەیە کە دەبێت لێیان دوور بکەویتەوە بۆ مانەوەی نینۆکی سروشتی خۆت و ڕێگریکردن لە شکانی و مانەوەی بە تەندروستی.

کۆمەڵێک ئامۆژگاری بۆ پارێزگاریکردن لە مانەوەی نینۆکی سروشتی

یەکەم/ نینۆکەکانت بپارێزە و پاک ڕایانبگرە
هەموو کێشەکانی نینۆک لە میکرۆب و بەکتریاوە دەست پێدەکات، دەبێت دڵنیا بیت لەوەی کە هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ دورخستنەوەی میکرۆب و بەکتریا هەروەها دەبێت نینۆکەکانت بە بەردەوامی پاک بکەیتەوە و دڵنیابیت لەوەی کە دوای شۆردنی نینۆکەکانت وشکیان دەکەیتەوە. هەروەها دەبێت ڕێگری بکەیت لە کۆبوونەوەی پیسی و بەکتریا لە ژێر نینۆکەکانتدا ئەوەش بە پاک ڕاگرتن و شۆردنی دەبێت بەڵام ئاگاداربە زیادەڕەوی مەکە لە زۆر شۆردنی نینۆکەکانت و زۆر لە ئاودا نینۆکەکانت مەهێڵەوە چونکە لەوانەیە ببنە هۆی وشکبوونی نینۆکەکانت و بە ئاسانی شکاندنیان. هەروەها لە کاتی شۆردنی قاپدا دەبێت پارێزگاری لە نینۆکەکانت بکەیت بە بەکارهێنانی دەستکێش. پێویستە دڵنیا بیت لەوەی پێستی دەوروبەری نینۆکەکان پاک و بێ پیسییە، ئەویش دەتوانیت بە بەکارهێنانی فڵچەی ددان و هەندێک خوێی لەسەر دابنێیت و بەکاری بهێنیت بۆ ئەوەی نینۆکەکانت و پێستی دەوروبەری نینۆکت بە پاکی و بە هیواشی پاک بکەیتەوە.

دووەم/ وازبهێنە لە گازگرتن لە نینۆکەکانت 
گازگرتن لە نینۆکەکانت زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە نینۆکەکانت جگە لەوەی کە هەمیشە نینۆکەکانت بە وشکی و زبری دەردەکەوێت چونکە بەرکەوتنی نینۆکت لەگەڵ لیکی دەمت وا دەکات نینۆکەکانت لاواز و شکاو بن، هەروەها پیسی نینۆک و دەورووبەری نینۆکت زیان بە ددان و پوکت دەگەیەنێت و پیسی و میکرۆبی نینۆکەکانت دەگوازرێتەوە بۆ ناو دەمت. 

سێیەم/ کرێمی شێدارکەرەوەی دەست بەکاربهێنە
وشکبوونەوە و زبربوون چەندە بۆ نینۆکەکانت خراپە ئەوەندەش بۆ پێستت خراپە، چەنکە نینۆک زۆر ناسکە و مەیلیان هەیە بە ئاسانی بشکێن، هەمیشە کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنەوە نینۆکەکانت شێدار بکە بۆ ئەوەی بەهێز بن. شێدارکردنی نینۆک زۆر گرنگە بۆیە ئاگاداربە کام کرێمی شێدارکەرەوەیە هەڵدەبژێریت چونکە کرێمێکی باشی شێدارکەرەوە یارمەتیت دەدات نینۆک و پێستت بە بریقەدار و تەندروستی بمێننەوە.

چوارەم/ ماساج بکە بە نینۆکەکانت
هەمیشە چۆن هەموو بەشەکانی پێست و ڕوخسار پێویستیان بە مەساجە نینۆکەکانیش پێویستییان بە مەساجکردن هەیە، کە پێویستییەکی سەرەکییە بۆ پاک ڕاگرتن و زبرنەبوونی نینۆکەکانت. هەروەها دەتوانیت شەوان پێش نوستن مەساج بکەیت بە نینۆکەکانت بە زەیتی زەیتوون یاخود کرێمی شێدارکەرەوەی تایبەت بە خۆت، ئەم کارە هەموو شەوێک دووبارە بکەرەوە دەبێتە هۆی ڕەونەقداری و جوانی و پاکی نینۆکەکانت بۆ هەمیشە. هەروەها دەتوانیت لە هەفتەیەکدا ٣ جار ئاو و لیمەدۆزی تێکەڵ بکەیت و بۆ ماوەی ١٠ خولەک نینۆکەکانتی لەناودا دابنێیت بۆ ئەوەی پیسی ژێر نینۆکەکانت دەربێت و نینۆکەکانت بەهێز و پتەو بکات.

پێنجەم/ دەستکێش بەکاربهێنە بۆ پاراستنی نینۆکەکانت
ئەگەر خۆت کارەکانی ماڵەکەت ئەنجام دەدەیت ئەوا هەمیشە دەستکێش بەکاربهێە بۆ پارێزگاریکردنی نینۆکی سروشتی خۆت، چونکە بەشێکی زۆر لە پاککەرەوەکانت مادەی کیمیاییان تێدایە و زیان بە نینۆکەکانت دەگەیەنێت کاتێک بەرکەوتنیان لەگەڵدا دەبێت، هەروەها چارەسەری سادەش ئەوەیە کە دەستکێش بەکاربهێنیت بۆ پاراستنی نینۆکەکانت. دڵنیابە لەوەی کە دەستکێشەکانت بە باشی دەشۆیت لە دوای تەواوبوونی کارەکانت و لەبەر تیشکی خۆردا هەڵیانبواسیت بۆ ئەوەی وشک ببنەوە.

شەشەم/ دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی جێڵ و ئەکریلیک واتا نینۆکی دەستکرد
جێڵ و ئەکریلیک و هونەری نینۆک بێ گومان زۆر جوانن بەڵام بەداخەوە زیانێکی زۆر بە نینۆکەکان دەگەیەنن لەبەرئەوە ئەگەر دەتوانیت بە تەواوی لێیان دوور بکەوەرەوە. دانانی نینۆکی دەستکرد جوانیەکی تایبەتی هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیانی هەیە و دەبێتە هۆی زوو شکان و بێهێزی نینۆکی سروشتی خۆت، چونکە پاودەرە ئەکریلیکەکان بڕێکی زۆر مادەی کیمیایی تێدایە کە توانای چوونە ناو خوێنی هەیە لە ڕێگەی ژێرەوەی نینۆکەکەوە. هەروەها ئەو لامپە سەروو بنەوشەییانەی کە لە مانیکیۆری جێڵدا بەکاردەهێنرێن زیان بە پێستی دەوروبەری نینۆک و دەستەکانت دەگەیەنن. 

حەوتەم/ نینۆکەکانت بە یەک ئاراستە چاک بکە
هەوڵبدە با چاککردنی نینۆکەکانت بە شێوەی هێواش و نەرم بێت و بە یەک ئاراستە بێت، ئەگەرنا نینۆکەکان لاواز دەبن و پێشوەختە دەشکێن. هەروەها چاککردنی نینۆکەکانت بە هەمان ئاراستە یارمەتیت دەدات بۆ بەدەستهێنانی نووکێکی نەرم و ئاسانکاریت بۆ دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەو شێوە نینۆکەی کە دەتەوێت. ئەگەر چاککردنی نینۆکەکانت بە شێوەیەکی ئاڕاستە (یەکسان) ئەنجام نەدەیت، ئەوە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە نینۆکەکانت. سەرەتا بە چاککردنی نینۆکت لە گۆشەیەکەوە بۆ ناوەڕاستی نینۆکت دەست پێ بکە پاشان لە گۆشەی بەرانبەرەوە بۆ ناوەڕاستی نینۆکت. ئەم پرۆسەیە یارمەتیت دەدات بۆ بەدەستهێنانی کۆتایییەکی نەرم و زیان بە لێوارەکانی نینۆکت ناگەیەنێت.

هەشتەم/ هەرگیز بۆیە زۆر مەهێڵەوە بە نینۆکەتەوە
هێشتنەوە بۆیەی نینۆکەکانت بۆ ماوەیەکی زۆر خراپترین شتە کە بەرانبەر نینۆکەکانتی دەکەیت چونکە ڕووی نینۆکەکانت زبر و وشک دەکات. هەروەها چینی سەرەوەی نینۆکەکانت دەڕوشێنێت و زیانیان پێدەگەیەنێت. هەوەرها هەمیشە پێویستە بۆیەی نینۆکەکەت بە یەک چین لێبدەیت بۆ ئەوەی زیانی کەمتر بگات بە نینۆکەکەت. هەروەها بۆ لابردنی بۆیەی سەر نینۆکەکانت لابەری بۆیە (ڕیمۆڤەر)ی بێ ئەسیتۆن بەکاربهێنە.

نۆیەم/ بەکارهێنانی زەیتی کوتیکڵ (Cuticle) بۆ دوورکەوتنەوە لە نینۆکی شکاو
نینۆکەکانت پێویستیان بە خۆراکی بەردەوام هەیە هەربۆیە چارەسەری نینۆک یان مانیکیۆر هەفتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نینۆکەکانت بە بەهێز و تەندروستانە بمێنێتەوە. دوای چارەسەرکردن زەیتی کوتیکڵ بەکاربهێنە بۆ خۆراکدانی نینۆکەکانت.

دەیەم/ خۆراکی باش بخۆ
خواردنی باش هەموو کێشەیەک چارەسەر دەکات کێشەی نینۆک لە ئەنجامی خۆراکی خراپە و پیسەوە دروست دەبێت وەک نینۆکی شکاو لە ئەنجامی کەمی کالیسیۆمەوەیە. پێویستە بڕێکی پێویست کالیسیۆم لە خۆراکەکەتدا هەبێت هەروەها ئەو خۆراکانە بخۆ کە ڤیتامین E و پرۆتین و ئاسن و ڤیتامین D و زینک و مەگنیسیۆمیان تێدایە، وەک (گوێز، چەوەندەر، سۆیا، فاسۆلیا، دانەوێڵەی تەواو و سەوزە... چەندانی تر) ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە نینۆکی تەندروستتر و بەهێزت هەبێت.


سەرچاوەکان



186 بینین