جەنگی یەکەمی چیچان

له‌لایه‌ن: - ڕەوەند دڵشاد - به‌روار: 2021-05-27-15:46:00 - کۆدی بابەت: 5576
جەنگی یەکەمی چیچان

ناوه‌ڕۆك

جەنگی چیچان

جەنگی یەکەمی چیچان کە ناسراویشە بە جەنگەکەی چیچان، شەڕێک بوو لە نێوان ڕووسیا و چیچان لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٦، دەرئەنجامەکەی سەربەخۆبوونی چیچان بوو لە ڕووسیا وەک کۆماری چیچان. لە دوای هێرشە سەرەتاییەکانی ١٩٩٤-١٩٩٥، وێرانکارییەکانی جەنگی گرۆزنی گەشتە لوتکە، هێزە فیدڕاڵیە ڕووسییەکان هەوڵیاندا بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە شاخاوییەکانی چیچان بەڵام بەرپەرچدرانەوە لەلایەن گەریلا چیچانییەکان، وە هێرشیان دەستپێکرد لە ناوچە تەختاییەکان دژی توانای بەرهەڵستی مرۆیی، چەک، و پشتیوانییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی جەنگەکە پشتگوێخستنی ژیانی مرۆڤە مەدەنییەكان بوو، بەشێوەیەک لە ئەنجامدا هەزارەها مەدەنی بوونە قوربانی. داتا جیاوازەکان ئەوە پیشاندەدەن کە ژمارەی ئەو مەدەنییانەی گیانیان لەدەستداوە لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس دەبێت و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار برینداربوون. زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس ڕاگوێزران بەهۆی بەریەککەوتنەکان وەک چۆن هەزارەها شار و گوند چۆڵکران بە درێژایی سنوری داگیرکارییەکان.

بنچینەکانی جەنگ لە چیچان

چیچانییەکان لە چیا قەوقازییەکان خەڵکێکی خێڵەکی بوون، بە زۆری بتپەرست و مەسیحی بوون تاوەکو بانگخوازە سۆفییەکان توانییان بیانهێننە سەر دینی ئیسلام لە سەدەی پانزەدا. هەرێمەکە لە ڕووی مێژوییەوە ناوچەیەکی بەربەست بوە لە نێوان ڕووسیا لە باکوور وە تورکیا لە باشوور. پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووانی موسوڵمان لە وڵات، بەڵام بەریەککەوتنەکان لەگەڵ ڕووسیا بەردەوامی هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ قۆزاکییەکان کە لە ناوچەکەدا جێگیر کرابوون.

فەرمانڕەوایی ڕووسیا و یەکێتی سۆڤیەت

قۆزاکەکان گواسترابووبوونەوە بۆ ناوچە نزماییەکانی چیچان لە سەدەی شازدەیەمدا. ڕووسیا بۆ یەکەمجار بەرزاییەکانی چیچانی داگیرکرد لە ژێر فەرمانی (کاسرینی مەزن) لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە. دوای زنجیرە شەڕێکی توند ڕووسیا توانی چیچان ببەزێنێت و بیکات بە پاشکۆی خۆی لە ساڵی ١٨٧٠. هەوڵە یەک لە دوایەکەکانی چیچان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە دوای کەوتنی دەوڵەتی ڕوسیا شکستیانهێنا.

لە ١٩٢٢ چیچان لەگەڵ ڕووسیای شوعی و دواتر لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت یەکیگرت. لیۆ تۆڵستۆی لەو ماوەیەی ڕۆمانەکەی خۆی بە ناوی (حاجی موراد) بڵاو دەکاتەوە دەربارەی پڕۆسەی ئارامبوونەوە لە چیچان بووە، کە لە ڕۆمانەكەیدا ڕووسەكان بە بێ ڕەوشت وەسف دەکات بەهۆی كارەكانیان بەرامبەر بە چیچانییەکان. کە بە یەک تایبەتمەندی کۆتایی پێدەهێنێت، لە کاتێکدا ڕوسییەکان یاسای پاباندبوونی بنەماکانی جەنگیان هەبوو، بەڵام جگە لە جەردەیەک زیاتر نەبوون. دانیشتووانی هەرێمەکە بۆ نیوە کەمی کرد بەهۆی داگیرکارییە بەردەوامەکان لە سەدەی نۆزدە.

ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت

ڕووسیا بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە مانگی ١٢ی ١٩٩١. لە کاتێکدا ڕوسیا بە شێوەیەکی بەربڵاو وەک ویلایەتێکی سەرکوتووی یەکێتیەکە سەیردەکرا، بەڵام زۆربەی هێزی سەربازی و ئابورییەکەی لەدەستدا. سەرەڕای ئەوەی ڕووسی-ڕەگەزەکان زیاتر لە سەدا ٧٠ی دانیشتوانی ڕووسیای کۆماری سۆڤیەتیان پێکدەهێنا بەڵام گرنگی ڕەگەزی و جیاوازی بیروباوەڕ ترسی شینبوونەوەی سیاسی لە هەندێک ناوچە دروستکرد.

ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی چیچان

لە ٦/٩/١٩٩١ شۆڕشگێڕەکانی هەموو ئەنجوومەنە نەتەوییەکانی پارتی چیچانییەکان کە لەلایەن جەنەراڵی پێشووی سۆڤییەت (دژۆکاڤ دودەیڤ) دروستکرا، چەندین کۆبوونەوەی بۆ چەسپاندنی سەبەخۆیی ئەنجامدا. دواتر و دوای چەندین جیابوونەوە لە ١٩٩٣ چیچان سەربەخۆیی ڕاگەیاند و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووسیاوە نەما.

شەڕ بۆ گرۆزنی

کاتێک ڕووسییەکان هێرشیان هێنا بۆ سەر گرۆزنی پایتەختی چیچان لە مانگی ١٢ ی ١٩٩٤ بۆ مانگی ١ی ١٩٩٥، هەزارەها مەدەنی گیانیان لەدەستدا لە ماوەی هەفتەی درێژی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکان و هەروەها بۆمببارانکردن بە قورسترین چەکەکان. دوای شکستهێنانی هێرشی زرێپۆشەکان، ڕوسییەکان بڕیاریاندا بە هاڕینی شارەکە بۆ ملکەچبوون. فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانەوە بۆمبارانی شارەکەیان دەکرد، لە هەمان کاتدا زرێپۆشەکان و هێزی پیادە لەسەر زەوی شەڕیان دەکرد. هێرشی ڕوسییەکان زۆربەی بە بەر مەدەنییەکان دەکەوت، بەتایبەت بە ڕەگەز ڕوسییەکان کە لە شێڵدەرەکان ناچاری مانەوە کرابوون. تا تەواو بوونی جەنگ لە گرۆزنی لە ٦/٣/١٩٩٥ بە نزیکەیی ٣٥ هەزار مەدەنی بوونە قوربانی و بە پێی ئامارە نافەرمییەکانیش ٥٠٠٠ منداڵ لە ناو قوربانییەکاندا بووە، و نزیکەی ٢٠٠٠ سەربازی فیدراڵی کوژراون یا بێسەروشوێن بوون.


سەرچاوەکان



692 بینین