عەبدوڵا ئۆجەلان

له‌لایه‌ن: - كارا كوردستانى - به‌روار: 2021-05-22-17:45:00 - کۆدی بابەت: 41
عەبدوڵا ئۆجەلان

ناوه‌ڕۆك

عەبدوڵڵا ئۆجەلان

(لەدایکبووی 4ی نیسانی 1948 لە دێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا ڕحا لە باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا)، سەرکردەی بزوتنەوەی ناسراو بە پارتی کرێکارانی کوردستانە و لە ناو کورددا بە «ئاپۆ» ناسراوە کە ڕێکخراوەکەی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و ناتۆ و چەند وڵاتێکی تر لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە.

ژیان

لە کۆلێجی زانستی (زانستی سیاسی) خوێندووە لە زانکۆی ئەنقەرە بەڵام خوێندنەکەی تەواو نەکردووە و گەڕاوەتەوە بۆ دیاربەکر. ھەستی نیشتمانی و کوردایەتی کاری تێ کردووە و بۆی تێکۆشاوە تا لە ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراندووە کە تاکوو ئێستاش سەرکردایەتی دەکات، ئەم پارتە لە ساڵی 1984 دەستی کرد بە کرداری چەکداری لە ناو تورکیا و ئێران و عێراق بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی.

زۆربەی وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بە پارتێکی تیرۆرستی دادەنێن وەکو پشتگیرییەک بۆ وڵاتی تورکیا، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم وڵاتە قەدەغەی کردووە لە خەڵکی کورد کە کۆرپەکانیان بە ناوی کوردی ناوبنێن یان تەنانەت بە کوردیش بدوێن، ئەمەش ھەتا ئەم دواییە بەردەوام بوو دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارە تورکیەکان رێگە درا، ئەوە بوو لە 11/9/2009دا ئەنجومەنی خوێندنی باڵای تورکی رێگەی دا بە خوێندنی کوردی لە زانکۆ ڕەسمیەکانی تورکیا، بەڵام دەسەڵاتی نوێی تورکیا و لەم دواییەدا زیاتر ئازادی بە کوردنشینەکانی تورکیا داوە.

دەستگیرکردن و دادگایی

تا ساڵی 1998 ئۆجەلان لە وڵاتی سووریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو، تورکیا ھەڕەشەی لە سووریا کرد بە وەی کە پشتگیری لەم پارتە دەکات، بۆیە سووریا ئۆجەلانی ناچار کرد کە سووریا بەجێ بھێلێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی تورکی. پاش ئەوە ئۆجەلان ڕوویکردە ڕووسیا، پاشان ڕوویکردە چەند وڵاتێکی تر لەوانە ئیتالیا و یۆنان، لە ساڵی 1998 لەو کاتەی کە لە یۆنان بوو، حکوومەتی تورکی داوای تەسلیمکردنی ئۆجەلانی کرد، لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیر کرا لە پرۆژەیەکی چەکداری ھاوبەش لە نێوان دەزگای سیخوڕی مەرکەزی ئەمەریکی سی ئای ئەی (CIA) و دەزگای سیخوڕی تورکی ئێم ئای تی (میت) و دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی موساد. پاشان لە رێگەی ئاسمانەوە گوازرایەوە بۆ تورکیا بۆ دادگایی کردنی. لە کاتی دەستگیر کردنیەوە، ئۆجەلان خراوە زیندانێکی فەردی لە دوورگەی ئیمرالی لە دەریای مەڕمەڕە لە تورکیا، ھەرچەند لە سەرەتادا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر دا سەپێندرا بەڵام دواتر بە مەرجەوە ئەم حوکمە گۆڕا بۆ تاھەتایی لە ئابی 2002دا.

دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان

پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) ساڵی 1978 لە گوندێکى باکوورى کوردستان یەکەم کۆنگرەى خۆى بەست و بوونى خۆى بە شێوەى ئاشکرا و فەرمى ڕاگەیاند. پەکەکە لە ڕۆژى 27/11/1978 لە گوندى فیسى سەر بە قەزاى لیجە لە پارێزگاى ئامەد لە باکورى کوردستان یەکەم کۆنگرەى خۆى بە بەشداریى 23 کەس بەست و سەرهەڵدانى خۆى ڕاگەیاند. دانانى ناوى پەکەکە بۆ ئەو حزبە تازە دامەزراوە لەلایەن ئەندامێکى کۆنگرەى یەکەمى پەکەکە بە ناوى فەرهاد کورتاى پێشنیاز کراوە و لەو کۆنگرەیەدا پەسەندکرا. پێش دامەزراندنى پەکەکە، ئەندامان و لایەنگرەکانى ئەو حزبە، بەناوى ئاپۆچییەوە کارو چالاکییان بەڕێوە دەبرد. یەکەم دەستەى ئەو کەسانەى پێیان دەوترا ئاپۆچى لە ساڵى 1974 دا لە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا وەک گروپێکى فیکرى و ئایدۆلۆژى بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان دەستیان بەکار کرد. لە ساڵى 1977دا ئەو گروپە سەرەتاییەى پەکەکە بڕیاریدا بۆ درێژەدان بەکار و چالاکییەکانى بگەڕێتەوە بۆ باکوورى کوردستان. ساڵێک لە دواى گەڕانەوەیان بۆ باکورى کوردستان بە بەشداریى 23 کەس یەکەم کۆنگرەیان بەست، لەو کۆنگرەیەدا حەوت کەس بۆ دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە هەڵبژێردران. دەرکەوتنى ئاپۆچییەکان و پەکەکە لە باکوورى کوردستان لەلایەن بەشێک لەو عەشیرەتە چەکدارانەوە، کە حکومەتى تورکیا پشتیوانیى لێدەکردن دژایەتى دەکرا. ئەوەش بووە هۆى ئەوەی یەکەم پێکدادانە سەربازییەکانى پەکەکە لەناوچەى حیلوان - سیڤەرەک لە پارێزگاى ڕحا (ئورفا) لە نێوان ئاپۆچییەکان و چەکدارە عەشیرەییەکاندا ڕووبدات. ئەو دۆخە بەردەوام بوو تاوەکو کودەتاى سەربازیى 12 ئەیلولى 1980 بەسەرۆکایەتیى کەنعان ئەڤرەن، لەلایەن جەنەڕاڵەکانى سوپاى تورکیاوە بەڕێوەچوو. لە دواى ئەو کودەتایە ئەندامانى پەکەکە وەک زۆربەى گروپ و دەستەکانى دیکە لە باکورى کوردستان و تورکیا کەوتنەبەر شاڵاى ڕاونان و گرتن و کوشتن. هەڵمەتى ڕاوەدونان و کوشتنى ئەندامانى پەکەکە بووە هۆى ئەوەی لە کۆتایى ساڵی 1981دا بەشێک لە ئەندامانى پەکەکە بەرەو لوبنان بڕۆن. لوبنان لەو کاتەدا ناوەندێک بوو بۆ کۆبوونەوەى گروپە شۆڕشگێڕەکانى سەرتاسەرى جیهان. ئەندامانى پەکەکە بە سەرۆکایەتیى عەبدوڵا ئۆجەلان لە لوبنان پەیوەندییان بە گروپە شۆڕشگێڕەکانى ئەو سەردەمەوە کرد و لەلایەن کەسانى وەک نایف حەواتمە، جۆرج حەبەش و بەگشتى بزووتنەوەى ڕزگاریى فەلەستینەوەوە هاوکارى کران.

پەکەکە لە ساڵى 1982 دا دووەمین کۆنگرەى خۆى لە لوبنان بەڕێوەبرد و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر گەڕانەوەى گروپە ڕاهێنراوەکانى پەکەکە بۆ باکورى کوردستان و ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنى شەڕى چەکداریی درا. ئەو گروپە ڕاهێنراوانەى پەکەکە لە دواى گەڕانەوەیان بۆ باکورى کوردستان پردى پەیوەندییان لە نێوان باکور و لوبناندا دروستکرد و پۆل پۆل کەسان و لایەنگرانى خۆیان دەنارد بۆ ڕاهێنان بۆ لوبنان. بەهۆى گەورەبوونەوەى ئەو کار و چالاکییەکانى پەکەکە سوپاى تورکیا هەڵمەتێکى لە دژى ئەندامان و لایەنگرانى پەکەکە دەستپێکرد. لەو هەڵمەتانەى سوپاى تورکیادا ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و کادێرە پێشکەوتووەکانى پەکەکە دەستگیرکران، یان کوژران. ئەو سەرکردە و کادیرە دیارانەى پەکەکە لەلایەن سوپاى تورکیا و دەستگیرکران بریتی بوون لە مەزڵوم دۆغان، حەقى قەرار، محەمەد خەیرى دورمش، کەمال پیر و عەلى چیچەک. مەزڵوم دۆغان لە دواى دەستگیرکردنى لە زینداندا بە بۆنەى نەورۆزەوە ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا و نەریتى یادکردنەوەى نەورۆزى لە دۆخە سەخت و ئەستەمەکاندا چەسپاند. هەر یەک لەو ئەندامانى دیکەى پەکەکە مانگرتنیان تا مردنیان بەڕێوە برد و بەهۆى مانگرتنەوە گیانیان لە دەستدا. ئەوەش بووە هۆى ئەوە لە دەرەوەى زیندانیش کاروچالاکییەکانى پەکەکە ڕوو لە زیادبوون بکات، سەربارى ئەوەى زۆربەى کادیرە سەرەکییەکانی پەکەکە دەستیگر کرابوون، ژمارەى ئەندامانى ئەو حزبە ڕووى لە زیادبوون کرد. لە دواى ئەو پێشهاتانە پەکەکە لە ساڵى 1984 هێزى ڕزگاریى کوردستان (هەرەکە)ى دامەزراند و لە 15ى ئابى 1984دا شەڕى چەکدارى بەشێوەى فەرمى و بە سەرۆکایەتیى مەعسوم کۆرکوماز (عەگید) لە دژى سوپا و حکومەتى تورکیا لە ناوچەکانى ئەڕوح شەمزینان دەستپێکرد. لە ساڵى 1986 و لە ڕۆژى 28ى ئازارى ئەو ساڵەدا و لە دواى چەند پێکدادانى قورس دامەزرێنەى هێزى ڕزگاریى کوردستان، عەگید لە چیاى گابار گیانى لە دەستدا. عەگید خەڵکى فارقینى ئامەد بوو و لە دایکبووى 1956 بوو.

پەکەکە لە ساڵى 1986 لە سێیەمین کۆنگرەیدا بڕیایدا هێزى ڕزگاریى کوردستان بکات بە ئارتەشى ڕزگاریى گەلى کوردستان (ئەرگەکە). هەروەها ئەکادیمیاى سەربازیى مەعسوم کورکوماز (عەگید)ى دامەزراند. لە ساڵانى 1990ى ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاپەڕین بە پێشەوایەتیی پەکەکە زۆربەى شار و شارۆچکە و ناوچەکانى باکورى کوردستانى گرتووە و ئەوەش بووە هۆى ئەوە پەکەکە زیاتر لەوەى کە چاوەڕوان دەکرا هێزى خۆى لە ناو خەڵکدا نیشان بدات.

پەکەکە لە ساڵى 1990 جگە لە لوبنان چەند بنکەیەکى لە ناوچەکانى شام لە سووریا کردەوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامى سەردانى ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستانى دەکرد. لە دواى هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیا بۆ ئەوەى کێشەى کورد بە شێوەى ئاشتییانە چارەسەر بێت. لە ڕۆژى 19ى ئازارى 1993 عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى گشتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بوقاعى لوبنان کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیى بەڕێوەبرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا. بەپێى گفتوگۆکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست و چارەسەرکردنى کێشەى کورد بە شێوەى ئاشتییانە بەهێزترین پێشنیاز، پێشنیازى دامەزراندنى تورکیاى فیدراتیڤ بوو. تورگوت ئۆزال هەشتەمین سەرۆک کۆمارى تورکیا لە چەند لێدوانێکدا باسى فیدراسیۆنى نێوان کورد و تورکى کردبوو. لە دواى ئەوەى بەشێوەى گوماناوى تورگوت ئۆزال لە 17ى نیسانى 1993 کوژرا. ئاگربەستى نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیاش کۆتایى پێهات. لە دواى ئەوەى جەنگ لە نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە زیاتر لە جاران چڕبوویەوە دیسانەوە هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست دەستیان پێکردەوە و لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە لە ساڵى 1995 دا ئاگربەست و لە ڕۆژى ئاشتیى جیهانى لە ساڵى 1996 ئاگربەستێکى دیکەى ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆى هەوڵى "تیرۆرکردنى" عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراوەوە، ئاگربەستەکەى 1996 کۆتایى پێهات. بەهۆى گوشارەکانى تورکیاوە حکومەتى سووریا داواى لە عەبدوڵا ئۆجەلان کرد خاکى ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت و لە نۆى تشرینى یەکەمى 1998 دا ئۆجەلان سووریاى بەجێهێشت.

ئۆجەلان لە یەکەم گەشتیدا ڕووى لە ڕووسیا کرد و سەربارى ئەوەى دۆماى ئەو وڵاتە بە کۆى دەنگ مافى پەنابەریى سیاسیى بە ئۆجەلان بەخشى، بەڵام حکومەتى ڕووسیا مانەوەى ئۆجەلانى لە خاکەکەیدا قبوڵ نەکرد. ڕووسیا لەبەرامبەر ئەوەدا کە ڕێگرى لە مانەوەى ئۆجەلان بکات لەلایەن سندوقى دراوى نێودەوڵەتییەوە قەرزێکى 10 ملیار دۆلاریى پێدرا و تورکیاش پشتیوانییەکانى خۆى بۆ چەکدارەکانى چیچان بڕى، کە ئەو کات چەکدارەکانى چیچان بەسەرۆکایەتیى جەوهەر دۆدایف و ئەسلان مەسخادۆف و شامیل باسایفەوە ڕووسیایان ڕووبەڕووى قەیرانێکى گەورە کردبووە. لە دواى ئەوە ئۆجەلان سەردانى هەر یەک لە وڵاتانى یۆنان و ئیتالیاى کرد. هەروەها هەوڵیدا بڕواتە ئەڵمانیا کە لەلایەن حکومەتى ئەڵمانیاوە ڕیگرى لێکرا. هەوڵێکى دیکەى ئۆجەلان ڕۆیشتن بوو بۆ هۆڵەندا تاوەکو لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى دۆز لە بارەى کێشەى کوردەوە بکرێتەوە و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکى نێودەوڵەتیى کۆتایى پێبهێنرێت. بریتا بۆلەر یەکێک لە پارێزەرە هۆڵەندییەکانى ئۆجەلان، کە هاوکات ئەندامى دەستەى تیمێکى پارێزەرى نێودەوڵەتى بوو لە کتێبى "گەشتە بێ ئاکامەکانى سەرکردەیەکدا" نووسیویەتى، کاتێک ئۆجەلان هەوڵیدا خۆى بگەیەنێتە هۆڵەندا حکومەتى ئەمێستردام ئامادە باشى ڕاگەیاند و ڕێگاى لە نیشتنەوەى فڕۆکەکەى ئۆجەلان گرت لە فڕۆکە خانەکانى ئەو وڵاتەدا. لەسەر داواى یۆنان و بۆ هێوربونەوەى دۆخەکە، داواکرا ئۆجەلان یۆنان بەرەو کینیا لە ئەفریقا بەجێبهێڵێت. لەو کاتەدا پلانى ڕۆیشتنیش بۆ ئەفریقاى باشوور بۆلاى ماندێلا بەهۆى ڕەزامەندى نیشان نەدانى حکومەتى ئەفریقاى باشوورەوە شکستى هێنا.

کاتێک ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەى یۆنان لە شارى نایرۆبیى پایتەختى کینیا بوو، بڕیارى ئەوە درابوو ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و یەکێک لە پلانەکانیش ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام کاتێک لە بیناى باڵیۆزخانەى یۆنانەوە بەرەو فڕۆکە خانەى نایرۆبى بەڕێدەکەون لەلایەن ژمارەیەک لە تیمى تایبەتەوە هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەى ئۆجەلان و دەستگیریان کرد و لە 15ى شوباتى 1999 دا ئۆجەلان فڕێندرا بۆ تورکیا. بەپێى بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان سەرۆکى ئەو کاتى کینیا لەبەرامبەر وەرگرتنى پێنج ملیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە فڕاندنەکەى ئۆجەلان بدرێت. هەروەها بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردبووە کە وتەبێژى کۆشکى سپى بەناوى سێندى برگرەوە سەرپەرشتیى ئۆپراسیۆنى چاودێرکردن و دەستگیرکردنى ئۆجەلانى بەڕێوە بردووە. ئەو زانیارییە بەشێوەى فەرمى لەلایەن ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. لەو کاتەدا ئۆجەلان فڕیندرا، پەکەکە سەرقاڵى بەڕێوەبردنى شەشەمین کۆنگرەى خۆى بوو. لە دواى ڕفاندنى ئۆجەلان پەکەکە حەوتەمین کۆنگرەى خۆى بەشێوەى نائاسایى بەڕێوە برد. پەکەکە تاوەکو ئێستا 11 جار کۆنگرەى بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستى یەکلایەنەى ڕاگەیاندووە. هەروەها سێ جار لۆگۆى خۆى گۆڕیوە. پەکەکە لە دواى عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانى وەک موراد قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیى کراوە. سووپاى تورکیا لە ماوەى جەنگ لە دژى پەکەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوندى باکوورى کوردستانى تێکدا. بەهۆى ئەو جەنگەوە زیاتر لە 25 هەزار ئەندام و لایەنگرى پەکەکە و هاووڵاتیى کورد شەهید کراون وە زیاتر لە 20 هەزار هێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی تورکی کوژراون.

لە ماوەى جەنگى نێوان پەکەکە و سوپاى تورکیا لەلایەن حکومەتى تورکیاوە 17 هەزار مامۆستا، ئەندازیار، خوێندکار، گوندنیش، پارێزەر، پزیشک لە شار و گوندەکانى باکوورى کوردستان ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە. ئەگەرى زۆر ئەوەیە ئەو کەسانە لەلایەن هێزەکانى سوپاى تورکیاوە لە دەستەى چەند کەسیدا و بە کۆمەڵ کوژرابن و لە گۆڕى کۆمەڵادا شاردرابنەوە. بەپێى ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوى مافى مرۆڤ (ئیهاد) لە تورکیا، زیاتر لە 300 گۆڕى بەکۆمەڵ لە ناوچەکانى باکوورى کوردستاندا هەیە و جگە لەچەند دانەیەکیان نەبێت تاوەکو ئێستا حکومەتى تورکیا ڕێگاى نەداوە گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە و دۆسیەکانیان یەکلایى بکرێتەوە. پەکەکە ئێستا لە ژێر چەترى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کار دەکات. شێوەى بەڕێوەبردنى سیستمى هاوسەرۆکایەتییە. ستراتیژیى ئێستاى پەکەکە کۆنفدڕاڵیزمى دیموکراتیکە. بەپێى ئەو ستراتیژیە هەموو گروپ، پێکهاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەتوانن بەپێى تایبەتمەندییەکانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگاى سەرەکیى ئێستاى سەرکردایەتى پەکەکە لە زنجیرە چیاکانى قەندیلە و ئەو ناوچانەى لە ژێر دەسەڵاتى پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە بە ناوچەکانى پاراستنى میدیا دەناسرێن و ڕووبەرى ئەو ناوچانەش زیاتر لە 20 هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت. ئەو ناوچانە ناوچەى شاخاوى و سەختن لە سنوورە هاوبەشەکانى نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستاندان.

هەرچەند هێزى سەربازى پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتى ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە 14 هەزار گەریلاى لە شاخدا هەبێت، کە لە چوارچێوەى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)دا ڕێکخراون. هەپەگە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتى دەکرێت. لە ناو پەکەکەدا ژنان خاوەنى هێزى تایبەت بە خۆیان و هێزەکانیان بەناوى (یەژە ئا ستار)ە. هەروەها ژنان لە ناو پەکەکە حزبێکیان هەیە بەناوەى پارتى ژنانى ئازادى کوردستان (پاژک). سەرچاوە داراییەکانى پەکەکە بە تەواوەتى ڕوون نین، بەڵام بەرپرسانى پەکەکە و ئەو بەرپرسانەشى کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەیى سەرەکیى داراییەکانى پەکەکە هاووڵاتییانى کوردن لە ناوچە جیاواز و جۆراجۆرەکانى کوردستان و ئەوروپا.

تۆڕێکى گەورەى میدیایى وەک ستێرک تیڤى، ئاژانسى هەواڵى فورات، نوچە تیڤى، ئاژانسى هەواڵى دیجلە، کەناڵى ئاى ئێم سى، ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات، ڕۆژنامەى یەنى ئوزگور پولوتیکا کارو چالاکییەکانى پەکەکە ڕووماڵ دەکەن. شانبەشانى ئەوانە ئاژانسى هەواڵى هاوار، ڕووناهى تیڤى، نەورۆز تیڤى و چرا تیڤى گرنگى بە بڵاوکردنەوەى کارو چالاکییەکانى پەکەکە دەدەن.

ئەو حزبانەش کە بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەکەکە دەناسرێن بریتین لە پەیەدە، تەڤگەرى ئازادى، پژاک، کۆدار و هەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، کۆنگرەى گەل، دەتەکە و کەژەئا. هەروەها هێزە سەربازییەکانى یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەکە بەو هێزە سەربازیانە دەناسرێن، کە هاوستراتیژ و هاوتاکتیکى پەکەکەن.


سەرچاوەکان



2831 بینین