لیستی گرووپە تیرۆرستەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-21-05:14:00 - کۆدی بابەت: 4694
لیستی گرووپە تیرۆرستەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەمکی تیرۆر وشەیەکە کە هەر لایەنێک بۆ خۆی ڕەفتاری لەگەڵ دەکات و پێناسەکەی لەبەر خواست و بەرژەوەندییەکانی دەگۆڕێت، تا ئێستاش هیچ بۆچوونێکی یەکدەنگی نێودەوڵەتی نییە سەبارەت بە لیستی تیرۆر و هەرکەسێک لەلایەن خۆیەوە پەنجەی تۆمەت یان دڵنیاکردنەوەی تیرۆر بۆ گرووپێک ڕادەکێشێت، دەکرێ ئەو کەسەی گرووپێک بە تیرۆرست بزانێت لەلایەکی دیکەوە یارمەتی بدات بۆ فراوانبوونی دژی لایەنێکی دیکە و لەگەڵ ئەمەشدا لە سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا هەروەک تیرۆرست دەیناسێنێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دوو وڵاتن کە زۆرێک لە گرووپەکان لەلایەن ئەوانەوە دەخرێنە نێو لیستی تیرۆر یاخود وڵاتان دەخەنە لیستی پاڵپشتیکاری تیرۆرەوە، وڵاتانی دۆستی ئەوانیش یاخود ئەوانەی بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان هەیە پێکەوە، هەمان گوفتاری ئەو دوو وڵاتە دووپات دەکەنەوە و ئەوەی لای ئەوان تیرۆرست بێت، بۆ ئەوانی دیکەش بە زۆری وایە.

لیستەکەش لەو کەسانە پێک نایەت کە "گورگی تەنیا"ـن بەڵکو بۆ گرووپ و دەسەڵاتی خۆجێی و شۆڕشگێڕانی ناوچە جیاجیاکانی جیهان بەکاردێن، تا ئێستاش ژمارەیان لە کەم و زیادکردندایە و نزیکەی ٢٥٠ گرووپ دەبن.

لیستی بەناوبانگترینیان

گرووپی عەبدوڵا عەزام (بەشێک لە القاعیدە): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە.

تاڵیبان: لەلایەن ڕووسیا و میسڕ تۆمارکراوە

ڕێکخراوی داعش: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات و کەنەدا و ئوستوڕالیا و ڕووسیا و ژاپۆن و نیوزلەندا و چین تۆمارکراوە.

بەرەی نوسڕە (سوریا): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا تۆمارکراوە.

ئەنسارو لئیسلام (کوردستان): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

حیزبوڵڵا: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ژاپۆن و ئیمارات تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی حەماس: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل و ژاپۆن و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی برایانی موسوڵمان: لەلایەن میسڕ و ئیسرائیل و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات و ڕووسیا و سعوودیە تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی موجاهدینی خەلق (ئێران): لەلایەن ئێران تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی قاعیدە (چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست): تەنیا میسڕ و تورکیا و تایوان و ئۆکرانیا و سعوودیە و فلیپین بە تیرۆرستیان نەزانیوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە

گرووپی ئەبووسەیاف (فلیپینی): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

سوپای عەدەن ئەبینی ئیسلامی (یەمەن): لەلایەن بەریتانیا و کەنەدا تۆمارکراوە.

ئەجناد المصر (میسڕ): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و میسڕ تۆمارکراوە.

بوکۆحەرام: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات و کەنەدا و ئوستوڕالیا و تورکیا تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی ئەقسا (ڕێکخراوێکی خێرخوازی بۆ فەڵەستینییەکان): لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل تۆمارکراوە.

هێزەکانی شەهیدانی ئەقسا (فەڵەستین): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و کەنەدا تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی حەرەمەین (ڕێکخراوێکی ئیسلامیی خێرخوازی سعوودیە): لەلایەن ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی گەنجانی ئیسلامی (سۆماڵ): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا  و نیوزلەندا و ئیمارات و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی هەموو هێزی پڵنگی تریپۆرا (هیندستان): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات تۆمارکراوە.

ئۆم شرینکۆ (ژاپۆن): لەلایەن ژاپۆن و ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کەنەدا تۆمارکراوە.

عەسائیبی ئەهلی حەق: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیمارات تۆمارکراوە.

یەکێتیی زانایانی ئیسلامی: لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و ئیمارات و سعوودیە تۆمارکراوە.

حیزبی شیوعی فلیپینی: لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و نیوزلەندا و فلیپین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی ئیتا: لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و نیوزلەندا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا تۆمارکراوە.

سوپای ئازادی بەلوچستان (پاکستان): لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا تۆمارکراوە. 

بزووتنەوەی موجاهیدین: لەلایەن ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی نێودەوڵەتی گەنجانی سیخ: لەلایەن هیندستان تۆمارکراوە. 

سوپای ئازادیخوازی ئێرلەندا: لەلایەن بەریتانیا تۆمارکراوە.

یەکێتی جیهادی ئیسلامی: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی ئۆزپاکستانی ئیسلامی: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

سوپای محەمەد: لەلایەن بەریتانیا تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی کاخی جولەکە: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کەنەدا تۆمارکراوە.

هەڵۆکانی ئازادی کوردستان: لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا تۆمارکراوە.

سوپای جەهەنکوی: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

پڵنگەکانی تامیل: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا و هیندستان و کەنەدا و ئوستوڕالیا تۆمارکراوە.

بەرەی گەلی ئازادی فەڵەستین: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و کەنەدا تۆمارکراوە.

هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا: لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و کەنەدا تۆمارکراوە.

حیزبی شیوعی هیندستان: لەلایەن هیندستان تۆمارکراوە. 

بزووتنەوەی ئیسلامیی قوتابیانی هیندستان: لەلایەن هیندستان تۆمارکراوە.

بزووتنەوەی تەکفیر و کۆچ: لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە تۆمارکراوە.

هەندێک لەو وڵاتانەی وەک پاڵپشتیکاری تیرۆر سەیردەکرێن

ئەفغانستان

ئەفغانستان زۆر گرووپی تیرۆرستی تێدایە و وڵاتێکی فرە گرووپی سەربەخۆیە، یەکێک لەوانە وەکالەتی خادە کە لە ساڵی ١٩٨٠ بەرپرسی تەقینەوەیەک بوو لە ڕۆژئاوای پاکستان، و لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر ناوچە سنووریەکانی پاکستان چونکە پێیوابوو یەکێتی سۆڤیەت گرووپی تیرۆرستی لەو ناوچانەدا گەشە پێداوە، لە ساڵی ١٩٧٠ بۆ ١٩٩٠ دەزگای ئاسایشی ئەفغانستان هاوکاری گرووپێکی تیرۆرستی دەکرد بەناوی ذوالفقار بۆ کردەوەی تیرۆرستی لە پاکستان، دەشڵێن کردەوەی ڕفاندنی فڕۆکەی کراتشی بۆ کابول لە ساڵی ١٩٨١ کاری ئەوان بووە.

لە ٢٤/٦/٢٠١٧ پاکستان هێرشە چەکدارییەکانی سەر شارە پاکستانییەکانی خستە ئەستۆی هەریەک لە دەزگای ئاسایشی ئەفغانستان و هیندی کە پێکەوە یارمەتی گرووپی چەکداری تیرۆرستی دەدەن بۆ ئاژاوە لە پاکستان.

ئێران

جۆرج دەبلیو بۆش لە سەردەمی سەرۆکایەتی خۆی، ئێرانی بە ناوی "وڵاتی پاڵپشتیکاری تیرۆر" وەسف کرد.

سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە پڕچەککردنی هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی شیعی بە هەموو جۆرە چەکێک بۆ بەکارهێنانیان لە هێرشەکانیان، حیزبوڵڵا لەلایەن دە وڵات و ڕاوێژکاری یەکێتیی خەلیج و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە لیستی تیرۆردایە و ئیسرائیل دەڵێت: "بنکەی ئێرانە لە لوبنان".

لەگەڵ ئەمەشدا یەکێتیی ئەورووپا تەنیا باڵی سەربازی حیزبوڵڵا وەک تیرۆرست دەناسێنێت و لەگەڵ باڵی سیاسیدا هیچ کێشەیەکیان نییە.

سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە ساڵی ٢٠١٩ بە فەرمی خرایە نێو لیستی تیرۆرەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بەهۆی ئەوەی ساڵانە ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ گرووپە تیرۆرستییەکان تەرخان کردووە، هەروەها کردنەوەی شوێن و ڕێگا بۆ گواستنەوەی چەکدارانی قاعیدە بۆ عێراق و سوریا و ئەفغانستان.

هەروەها تۆمەتبارە بە یارمەتیدان و هاندانی میلیشیا شیعییەکان دژی خۆرئاوا و تێکدانی ئاسایشی عێراق.

ئیسرائیل

ئیسرائیلیش تۆمەتبارە بە هێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، ساڵی ١٩٥٤ لە هێرشێکی تیرۆرستی وڵاتەکە بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، کاتێک چەند سەربازێکی جولەکەی لەناو سوپای میسڕدا ناونووس کردبوو و کە دواتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆمب بچێنن و چەندین کتێبخانە و شوێنی مەدەنی بتەقێننەوە، و دواتریش بیخاتە ئەستۆی حیزبی ئیخوان (کە حیزبێکی سیاسی و مەدەنی میسڕە و لەسەر بیری میانڕەوییە و دوورە لە فیکری تیرۆر) و دەسەڵاتی شیوعی و ئاژاوە بنێتەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان سوپاکەیان لە نۆکەندی سوێس نەکشێننەوە.

بەڵام سەری نەگرت و یەکێک لە تیرۆرستەکان لەکاتی چاندنی تەقینەوەدا بەخۆیدا تەقییەوە و کوژرا، دووانی دیکەشیان لەکاتی ڕوبەڕووبوونەوە کوژران و دووی دیکەش لە میسڕ دەستگیرکران.

ئەوکات ئۆپەراسیۆنەکە بەناوی ئابڕووچوونی لاڤۆن ناونرا، چونکە وەزیری بەرگری ئەوکات بنحاس لاڤۆن بوو و بەرپرسی ڕووداوەکە بوو، دواتر دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی ئاشکرابوونی پەڕاوەکانی.

لەڕێی دەزگاکانی هەواڵگرییەوە واتە مۆساد و شاباک لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٢ و ساڵی ٢٠٢١ـیش پێنج زانای ئەتۆمی ئێرانی تیرۆر کردووە، کە هەریەک لە (مەسعود عەلی محەمەدی و مەجید شەهریاری و رزان جاد و موستەفا ئەحمەدی روشان) و دواتریش فەرەیدون عەباسی و لە ساڵی ٢٠٢١ـیش موحسن فەخری زادە کە زۆربەیان لەڕێی چاندنی بۆمبی موگناتیسییەوە بوون، و هێرشەکان لەلایەن ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقەوە دەکران بە پاڵپشتی ئیسرائیل.

قەتەڕ

لە ساڵی ٢٠١١ واشتن تایمز ڕایگەیاند کە وڵاتی قەتەڕ چەک و پێداویستی جەنگی بۆ عەبدولحەکیم بلحاج ناردووە، کە سەرۆکی گرووپی جەنگی لیبیا بوو ئەوکات، و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەک گرووپێکی چەکداری تیرۆرستی ناسراوە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ـیش نیۆیۆرک تایمز تۆمەتباری کرد بە گەیاندنی پێداویستی بە بەرەی نوسڕە لە سوریا، و دووپاتیان کردەوە لەو ساڵەدا ئەمیر حەمەدی سەرۆک سەردانی غەزەی کردووە و چاوی بە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس کەوتووە کە لەلای هەندێک وڵات بە گرووپێکی تیرۆرستی ناسراوە، ساڵی ٢٠١٣ تۆمەتبار کرا بە ناردنی پێداویستی جەنگی و پارە بۆ ڕێکخراوەکانی مالی، کە ژمارەیان چوار گرووپی گەورەی ئەفریقایە و لە ناویاندا ناوی قاعیدە هاتووە.

لە ساڵی ٢٠١٤ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق حکوومەتی قەتەڕی تۆمەتبار کرد بە پاڵپشتی چەند تێکدەرێکی ئاسایش دژی سەربازانی عێراقی لە ئەنبار، لە هەمان ساڵ هەواڵی ئەوە بڵاوبوویەوە گوایە سالم حەسەن خەلیفە راشد الکواری چەندین هەزار دۆلاری لە گرووپە چەکدارییەکاندا خەرج کردووە.

نیۆیۆرک تایمز لە هەمان ساڵ ڕایگەیاند کە چەندین دەوڵەمەندی قەتەڕی پاڵپشتییان ناردووە بۆ ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).

ڕووسیا

وڵاتی ڕووسیا تۆمەتبارە بە هاندانی ڕێکخراوی تیرۆرستی و کردەوەی تیرۆرستی لە ئۆکرانیا، و چەندین جاریش لەگەڵ دراوسێکانی تووشی کێشە هاتووە بەم هۆیەوە.

لە ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٤ـش ڕێخۆشکەر بووە بۆ کۆچکردنی گەنجانی توندڕەوی وڵاتەکەی بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ سوریا بۆ بەشداری لە ڕێکخراوی داعش.

شانشینی سعوودیە

سعوودیەی خاوەن فیکری سەلەفی یەکێکە لەو وڵاتانەی هەمیشە ناوی هێنراوە وەک یارمەتیدەری ڕێکخراوەکانی قاعیدە و تاڵیبان و داعش، چەندین جاریش ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە دەبێت ڕێگری لە دەرچوونی پارەیەکی زۆر بکرێ لەو وڵاتەوە بۆ دەرەوە، چونکە دەبێتە خۆراک و خەزێنەی گرووپە توندڕەوەکان.

سەرمایەدارانی سعوودیەش پارە بۆ تاڵیبان و قاعیدە ڕەوانە دەکەن بۆ ئەفغانستان و حکوومەتیش ڕێگرییەکی کەم لەمە دەکات.

بەپێی توێژینەوەیەکیش لە ٢٠٠٧ ئەوە دەرکەوتووە زۆرینەی ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە لە عێراق سعودین. جیا لەوەش ١٥ کەس لەو ١٩ کەسەی فڕۆکەکانی یانزەی سێپتەمبەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان ڕفاند سعودی بوون، هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدەش واتە (ئوسامە بن لادن) هەر خەڵکی سعوودیەیە.

لە دوای بەهاری عەرەبیش دەستێکی باڵای هەبووە لە تێکدانی ناوخۆی عێراق و سوریا بۆ ئەوەی بەهاری عەرەبی کاریگەری لەسەر سعوودیە دانەنێت، بەهۆی نزیکییان لە سنووریانەوە.

لە هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٧ـی تارانیش ڕاستەوخۆ وڵاتی ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران پەنجەی تۆمەتیان بۆ سعوودیە درێژکرد، دواتریش ڕووداوی تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی لە تورکیا لەلایەن سعوودیەوە و ئەمیر محەمەد بن سەلمانەوە، ڕووداوێکی دیکە بوو بۆ پەڕاوەکانی سعوودیە.


سەرچاوەکان



1398 بینین