ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق

ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-21-23:09:00 - کۆدی بابەت: 9119
ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق یان ئەوەی بە کوردی بە ڕێکخراوەی موجاهیدینی خەلقی ئێران ناسراوە (بە فارسی: سازمان مجاهدین خلق ایران، بە ئینگلیزی: People's Mujahedin Organization of Iran (PMOI)) ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامی و چەپڕۆیە و خاوەنی پێکهاتەیەکی نیمچە سەربازییە. سەرکردایەتی ئەم ڕێکخراوە لای مەسعوود ڕەجەوی و مەریەم ڕەجەوییە. ژیانی مەسعوود ڕەجەوی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە نهێنیدا پەردەپۆش کراوە و لە نەبوونی ئەودا، هاوسەرەکەی، مەریەم ڕەجەوی، بە کردەوە بەرپرسی ڕێکخراوەکەیە. لەگەڵیشیاندا زەهرا مەریخی لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بوو بە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە.

ناو بە کورتکراوەیی MKO, MEK, PMOI
ڕابەر مەریەم ڕەجەوی، مەسعوود ڕەجەوی
سکرتێر زەهرا مەریخی
دامەزراندن ١٩٦٥/٩/٦
بنکە
ڕۆژنامە موجاهید
باڵی سەربازی سوپای ئازادیبەخشی گەل (NLA)
باڵی سیاسی شوورای بەرگریی گەل (NCR)
ئەندامان (٢٠١١) ٥,٠٠٠ بۆ ١٣,٥٠٠
ئایدۆلۆجیای سیاسی مارکسیستی ئیسلامی، ناسیۆنالیزم، پۆپۆلیزم
ڕەوتی سیاسی چەپڕۆ
ڕەنگی سەرەکی سوور
دروشم فَضَّلَ اللَّهُ الْمُجَاهِدِینَ عَلَی الْقَاعِدِینَ أَجْرًا عَظِیمًا

ئەم ڕێکخراوە لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٦٥ بە سەرکردایەتی محەمەد حەنیفنەژاد، سەعید موحسین و عەبدولڕەزا نیکوبین دامەزراوە؛ بەڵام دوای شۆڕشی ١٩٧٨ عەبدولڕەزا نیکوبین لە لیستی فەرمی دامەزرێنەران دوورخرایەوە و عەلی ئەسغەر بەدیعزادەگان لە شوێنی دانرا کە لە ساڵی ١٩٦٦ پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە کردبوو. ڕێکخراوی موجاهیدین پاش پێکهاتنی لە دژی بنەماڵەی پەهلەوی کردەوەی چەکداری گرتەبەر. لە ساڵی ١٩٧٢ ڕێکخراوی ئاسایش و زانیاریی ئێران (ساواک) سەرکەوتوو بوو لە دەستبەسەرکردنی یەکەم سەرکردەکانی ئەم ڕێکخراوە و لەلایەن دادگای سەربازییەوە بە تۆمەتی "هەڵسوکەوتکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی، کردەوەی تیرۆریستی (تیرۆری هاووڵاتیانی ئێرانی و ئەمریکی)" سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاندن و هەندێکیشیان زیندانی کران.

لە ساڵی ١٩٧٥ هەندێك كەس بە سەرۆكایەتی تەقی شەهرام و بەهرام ئارام ئەندامانی ئایینیان تیرۆر كرد و دووریانخستەوە، لەوانە مەجید شەریف واقفی لە دەرەوەی زیندان، دواتریش گۆڕینی ئایدۆلۆجیای ڕێکخراوەکەیان گرتە بەر لە بیرێکی ئیسلامییەوە بۆ مارکسیزم. دوای ئه‌وه‌ش ئه‌ندامانی ئه‌و رێكخراوه‌ به‌سه‌ر دوو گرووپدا دابه‌ش بوون: ماركسیسته‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی تەقی شه‌هرام و به‌هرام ئارام، لەگەڵ موسوڵمانان به‌ سه‌ركردایه‌تی مه‌سعوود ڕەجەوی و مووسا خیابانی.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، بەشی ئایینیی ڕێکخراوی موجاهیدین بە سەرۆکایەتی مووسا خیابانی و مەسعوود ڕەجەوی چالاکی خۆیان وەک بزووتنەوەی نەتەوەیی موجاهیدین ڕاگەیاند؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وەک ڕوحوڵڵا خومەینی لەسەر پرسی کۆمارێکی ئیسلامی لە ئێران ناکۆک بوون. ئەم ڕێکخراوە دوای ناڕەزایەتییەکانی ٢٠ـی حوزەیرانی ١٩٨١ و لەکار لابردنی ئەبولحەسەن بەنی سەدڕ ڕایگەیاند کە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

دوای دوو ساڵ لە دەستپێکی جەنگی ئێران و عێراق، ئەندامانی موجاهدین لە ساڵی ١٩٨٢ چوونە عێراق و بە هاوکاری سوپای عێراق، قۆڵێکی سەربازییان پێکهێنا بە ناوی "سوپای ڕزگاریی نیشتمانی ئێران" و هاوکات لەگەڵ سوپای عێراقیش بەشدارییان لە جەنگی دژی ئێران دەکرد. لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا ئەم هێزە سەربازییە زیاتر لە سەد ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی عێراقەوە لە دژی پێگەکانی هێزەکانی ئێران ئەنجام دا.

گرینگترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٨٨ لە ژێر ناوی "فروغ جاویدان" ئەنجام درا و لە وەڵامی ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی تەواوی زیندانیانی سیاسیی ڕێکخراوەکەی لەسێدارەدا کە ئامادە نەبوون لە کردەوەکانیان پەشیمان ببنەوە. هەرچەندە تا ئێستا ژمارەی وردی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەکە بە ١٨٧٩ و سەرچاوەکانی تریش بە ٣ هەزار بۆ ٤ هەزار و ٤٨٢ کەس دەخاتە ڕوو.

ئەم ڕێکخراوە لەلایەن حکوومەتی پێشووی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی عێراقەوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێنراوە. هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ حكوومه‌ته‌كانی ڕۆژاوا بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی ده‌یه‌ك ئه‌و ڕێكخراوه‌یان خسته‌ لیستی گرووپە تیرۆرستییەکانەوە، به‌ڵام دواتر له‌ لیسته‌كه‌ لابرا.

لە سەردەمی ڕژێمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، نازناوی "مارکسیستی ئیسلامی" بۆ ئەم ڕێکخراوە بەکارهاتووە. لە ئەدەبیاتی حکوومەتی ئێراندا، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق بە "ڕێکخراوی مونافقین" واتە ڕێکخراوی دووڕووەکان ناودەبرێت.

دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران

موجاهیدینی خەلق له‌ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا پیرۆزبایی ئه‌م ڕووداوه‌یان له‌ ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕش (سه‌ید ڕوحوڵڵا خومه‌ینی) و نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی کرد و به‌ "ئیمام" ناویان برد. مەسعوود ڕەجەوی کە ماوەیەک پێش شۆڕشی ١٩٧٨ و ڕووخاندنی شا لە زیندان ئازاد کرابوو و سەرکردایەتی موجاهدینی گرتبووە دەست، لەگەڵ موسا خیابانی چوو بۆ سەردانی سەید ڕوحوڵڵا خومەینی. بە کەڵک وەرگرتن لەو کەشوهەوا ئازادترەی کە سەری هەڵدابوو، موجاهیدین بە خێرایی گەشەی کرد، هەروەک چۆن لایەنەکانی تریش گەشەیان کرد، لەگەڵ زیادبوونی تای چالاکیی سیاسی. تێڕوانین و هه‌ڵوێستی جیاوازی حیزب و گرووپه‌كان سه‌باره‌ت به‌ جۆری حكوومه‌ت دوای ڕووخانی حكوومه‌تی په‌هله‌وی، داخوازی نه‌ته‌وه‌یی و داخوازی فیدراڵی له‌ نێو هه‌ندێ نه‌ته‌وه‌كانی ئێران، تێوه‌گلانی هه‌ندێ حكوومه‌تی بیانی و دواجاریش لاوازی داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كان، شۆڕشی بەرەو گرژی و ململانێی چەکداری برد. مردنی سەید مەحمود تاڵەقانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولای زیاتر کرد، چونکە جەماوەری ئەو لەنێو شۆڕشگێڕان و قبووڵکردنی لەلایەن پیاوانی ئایینیی سوننە و نەتەوەکانی تریش، دەیتوانی یاریدەر بێت کە دۆخەکە ئارام بکرێتەوە.

دوابەدوای وەرگرتنی كاندیدەكان بۆ یەكەم هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ساڵی ١٩٧٩، مەسعوود ڕەجەوی، وەك كاندیدی ڕێكخراوی موجاهیدین، ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش دژایەتی هەندێكیان وروژاند، وەك کۆمەڵەی فیداییەکانی ئیسلام. ئەو گرووپە لە نامەیەکی کراوەدا بۆ ئەنجوومەنی شۆڕش، خوازیاری دوورخستنەوەی بەشێک لە کاندیدە بەناو "لادەرەکان" بووە و ڕایانگەیاندووە ئەگەر نەکرێت بە پێچەوانەوە هەڵسوکەوت دەکەن. دواتر لە ٢٠ـی کانوونی دووەم، دەربارەی پرسی سەرۆکایەتی پرسیار لە خومەینی کرا و وەڵامەکەی بەم شێوەیە بوو:

"ئەوانەی کە دەنگیان بە یاسای سەرەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان نەداوە، مافی ئەوەیان نییە ببنە سەرکۆماری ئێران"

دوابەدوای ڕاگەیاندنی خومەینی، ڕەجەوی لە هەڵبژاردن کشایەوە و ڕێکخراوی موجاهیدین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وەزارەتی ناوخۆی بە تاوانبار زانی. لەو ڕۆژەوە موجاهیدین بە ئاشکرا دەسەڵاتی خومەینی شەرمەزار کرد و بەرپرسانی حکوومەتیش بە قەدەغەکردنی ڕۆژنامەی موجاهیدین وەڵامیان دایەوە کە ١٦ جار زیاتر لە ڕۆژنامەی پیاوانی ئایینی دەسەڵاتدار (حیزبی کۆماری ئیسلامی) فرۆشی هەبوو. دواتریش چەند سەركردەیەكی ئەو ڕێكخراوەیان دەستگیركرد و چالاكییەكانیان قەدەغەكرد. ڕووداوەکانی تری وەک دەستبەسەر کردنی محەمەد ڕەزا سەعادەتی یەکێک لە گرینگترین ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە تۆمەتی سیخوڕی دۆخەکەیان خراپتر کرد.

لەم قۆناغەدا، واتە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، تا مانشێتی ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨١، کە موجاهیدین بە قۆناغی سیاسی ناوی دەبەن، پلانی کاری موجاهیدین بۆ ئاشکراکردنی چالاکی سیاسی بوو. لە هەمان کاتدا گۆڤاری موجاهیدین کە ئۆرگانی فەرمی ڕێکخراوی موجاهیدین بوو، بە تیراژێکی بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار دانە لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوکرایەوە.

هاوپەیمانی لەگەڵ بەنی سەدر و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری

دوابەدوای ناکۆکییەکانی سەرکۆماری ئەوکات، ئەبولحەسەن بەنی سەدڕی سەرکۆمار بە تەنیا نەیدەتوانی ڕووبەڕووی نەیارەکانی ببێتەوە و پێشتر هەرگیز حیزبی دروست نەکردبوو و هاوپەیمانی نەبوو. لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی حەشاردابوو، داوای لە خەڵک کرد هەستن. هەروەها موجاهیدین لەدوای ململانێ توندەکانی ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی لە بەنی سەدڕ کرد و لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨١دا داوایان لە لایەنگرانی خۆیان کرد لە دژی ڕژێم بڕژێنە سەر شەقامەکان. دوای ڕۆژێک خۆپیشاندانی توندوتیژ لە شارە جۆربەجۆرەکانی سەرتاسەری وڵات ڕوویدا. لە تاران نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشم و ناڕەزایەتیان دەربڕی و لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم پێکدادانیان کرد.

هەروەها ڕژێم بە کاردانەوەیەکی خێرای خومەینی ڕایگەیاند کە "ئەوانەی دژی دەسەڵاتدارانی شەریعەت دەدوێن، شەڕی ئیسلام دەکەن". تەنیا لە دەوروبەری زانکۆی تاران نزیکەی ٥٠ کەس کوژراون و ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون و هەزار کەسیش دەستگیر کران. ڕۆژی دواتر بەنی سەدڕ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و خومەینی بە تۆمەتی خیانەت و پیلانگێڕی لە دژی ڕژێم فرمانی دەستگیرکردنی ڕاگەیاند.

چاندنی بۆمب لە نووسینگەی حیزبی کۆماری ئیسلامی

لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨١، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی حیزبی کۆماری ئیسلامی، بۆمبێکی بەهێز تەقییەوە و زیاتر لە حەفتا بەرپرسی باڵای حکوومەت، لەوانە سکرتێری گشتیی حیزب و بەرپرسی دادگای باڵای شۆڕش محەمەد بەهەشتی، چوار وەزیری حکوومەت و ٢٣ ئەندام پەرلەمان و چەند بەرپرسێکی تر تیرۆر کران. دوای ماوەیەک دەستەی سەرۆکایەتی کۆمار ڕادەستی محەمەد عەلی ڕەجایی کرا و ناوبراو بە سکرتێری گشتیی حیزبی کۆماری ئیسلامی هەڵبژێردرا. هەروەها محەمەد جەواد باهونەری بە سەروەزیرانی خۆی هەڵبژارد. مەسعوود ڕەجەوی و ئەبولحەسەن بەنی سەدڕ کە خۆیان حەشاردابوو، لە یەکەم بنکەی مێهرابادەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەتی فڕۆکەوانێکی تایبەتی شای پێشووی ئێران بە ناوی بێهزاد موعیزی گواسترانەوە و لە فڕۆکەخانەی پاریس نیشتنەوە.

چاندنی بۆمب لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار

دوای دوو مانگ لە تەقینەوەکەی ٢٨ی حوزەیران، ڕەجایی و باهونەر لە تەقینەوەیەکی تری ترسناکدا لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی لە ٢٩ی ئەیلوولدا تیرۆر کران. هەرچەندە هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاند، بەڵام کۆماری ئیسلامی ڕێکخراوی موجاهیدینی بە هۆکاری تەقینەوەکە زانی. سەرەڕای ئەوەی پێشتر موجاهیدین دوای لادانی بەنی سەدڕ بەرپرسیارێتی تیرۆرەکانی تری لە ئەستۆ گرتبوو.

دوای کوژرانی سەرکۆماری وڵات، چەندین ڕووداوی تر لەلایەن ڕێکخراوی موجاهیدینەوە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ڕوویاندا، وەک تیرۆرکردنی پێشنوێژەکانی نوێژی هەینی لە شارەکانی تەبرێز، کرمان، شیراز، یەزد، باختەران. لەگەڵ تیرۆرکردنی پارێزگارێک، بەرپرسی زیندانی ئەڤین، چەند دادوەرێکی دادگای شۆڕش، ئەندامانی پەرلەمان، بەرپرسە نزمەکانی حکوومەت، ئەندامانی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان.

جیا لەوە دواتر چەندین شەڕ لەگەڵ سەربازانی سوپای پاسداران لە ناوەوە و دەرەوەی شارەکانی ئێران ڕوویاندا.

گواستنەوە بۆ عێراق

لە ئەیلوولی ١٩٨٠ ئەم گرووپە ڕوویان لە عێراق کرد و بە هاوکاری لەگەڵ سوپای بەعسی عێراق دەستیان کرد بە شەڕ لە دژی ئێران. لە ساڵی ١٩٨٦ حکوومەتی فەرەنسا موجاهدینی ناچار کرد پاریس بەجێبهێڵن و لەو کاتەوە بارەگاکانیان لە بەغدای پایتەختی عێراق جێگیر کرد. پاشان موجاهیدین شارێکیان لە باکووری بەغدا لە پارێزگای دیالە دامەزراند. ئەم شارە بە ئەشرەف ناسێنرا، شوێنی نیشتەجێبوونی موجاهیدین بوو و دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمان و دژە تیرۆرەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ لەلایەن ئەمریکییەکان پاسەوانی دەکرا. دوای ئەوەی ئەندامان ڕوویان لە عێراق کرد، هاوسەرەکان ناچار بوون جیاببنەوە و ڕێکخراوەکە منداڵەکانیانی گواستەوە بۆ ئەورووپا. زۆرێکیان جارێکی تر منداڵەکانیان نەبینییەوە.

جەنگی ڕاستەوخۆ دژی ئێران

ئۆپەراسیۆنی خۆر - آفتاب

ئۆپەراسیۆنەکە لە ١ی نیسانی ١٩٨٨ لە دەوروبەری شووش پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام پێکدادانی نێوان دوو لە ئەندامانی سیخوڕیی ڕێکخراوەکە و دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بووە هۆی دروستبوونی گومان لە ئەگەری دزەکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و دواخستنی یەک هەفتە. لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٨ی نیسان دەستی پێکرد. لەم ئۆپەراسیۆنەدا و بەپێی ئاماری موجاهیدین، زیانەکانی لەشکری ٧٧ی خوراسان بە ٣٥٠٠ کوژراو و بریندار و ٥٠٨ دیل مەزەندە کراوە، هەروەها بڕێکی زۆر کەرەستەی سەربازی تاڵان کراون. موجاهیدینیش ١٢٣ زیانی گیانی و ماددی ڕاگەیاند و پاش ئۆپەراسیۆن ئەو ناوچەیەیان جێهێشت و گەڕانەوە عێراق.

ئۆپەراسیۆنی چل چرا - چلچراغ

دوای سێ مانگ لە ئۆپەراسیۆنی خۆر کە موجاهدینی خستە پێگەیەکی باشی سیاسی و سەربازی، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٨٨دا ڕێکخراو ئۆپەراسیۆنی چێڵچراغ یان چلچرای دەست پێکرد. مەبەست لەم ئۆپەراسیۆنە دەستبەسەرداگرتنی شاری مێهران بوو کە بەدی هات. سەرەتا ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی لەلایەن تیپەکانی سوپای عێراق و هێزی پیادەی موجاهیدین دەستی پێکردبوو. هێرشەکە لەسەر چوار میحوەر لە قووڵایی ٥٠ کم و ٢٠ کم ئەنجامدرا. 

موجاهیدین بۆ هێرش و گرتنی مێهران، لە چوار قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر شاری سنووری مێهران و ئەو شارەیان گرت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی موجاهیدین، لە ئۆپەراسیۆنی لەشکری ١٦ی زرێپۆشی قەزوین، لەشکری ١١ی سوپای پاسداران و کەرتی جۆراوجۆری تۆپخانە و کاتیۆشای دەوڵەتی ئیسلامی بەتەواوی لەناوچوون و ٨ هەزار سەرباز کوژراون و بریندار بوون. هه‌روه‌ها هه‌زار و ٥٠٠ كه‌س له‌ ماوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا ده‌ستگیركراون. دوای ئۆپەراسیۆنەکە و دەستبەسەرداگرتنی شاری مێهران، هێزەکانی ئەو ڕێکخراوە کەرەستە و کەلوپەلی خۆیان کۆکردەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژدا گەڕانەوە سنوورەکانی عێراق.

ئۆپەراسیۆنی درەوشانەوەی نەمر - فروغ جاویدان

دوای شەش ڕۆژ لە پەسندکردنی بڕیارنامەی ئاگربەست لەلایەن ئێرانەوە و لە کاتێکدا هێزە عێراقییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە لاوازی توندی مۆڕاڵی هێزەکانی ئێران، جارێکی تر هێرش دەکەنە سەر خوڕەمشەهر و بەرەو لێواری دەستبەسەرداگرتن پێشڕەوی دەکەن، ڕێکخراوی موجاهیدین ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "فروغ جاویدان" دەست پێدەکات. لە شەوی ئۆپەراسیۆنەکەدا مەسعوود ڕەجەوی وتی: "بەپێی ئەو شیکارییانەی کە کراوە، لە ٤٨ کاتژمێردا دەگەینە تاران؛ ئەوەی دەمانەوێت بیکەین ئەوەندەیە کە زلهێزێک دەتوانێت بیکات؛ چونکە لەم ماوەیەدا تەنها زلهێزێک دەتوانێت وڵاتێک داگیر بکات، لە بنکەی نوژە مەترسن؛ هەر سێ کاتژمێر جارێك فەرمان بە فڕۆكە عێراقییەكان دەكەم بێنە ئەوێ بۆردمان بکەن. هەروەها هەموو سێ کاتژمێر جارێک بە فڕۆکە بنکەی ئاسمانی تەبرێز دەکەینە ئامانج، جگە لەوەش ئەو مووشەکی دژە فڕۆکە و سام ٧ کە هەمانە هێزی ئاسمانی عێراق لەگەڵ ستوونەکان بەرەو سەرپێڵێ زەهاو یاوەری دەکات. لە ئاسمان ناڕەحەت مەبن، چونکە فڕۆکە عێراقییەکان پاڵپشتیمان دەکەن".

ئامانجی موجاهیدین گرتنەوەی تاران بوو، بەڵام بە پێچەوانەی دوو ئۆپەراسیۆنی پێشوو، شکستی بەرفراوان و زیانی زۆری لێکەوتەوە. بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمی موجاهیدین، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٣٠٤ ئەندامی موجاهیدین کوژراون. هاشمی ڕەفسنجانی لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئامادەکاری دووڕووەکان زۆر گەورەیە و کاریگەری لەسەریان زۆر قووڵە. ١٢٠ تانکی زرێپۆشی دیجلە، ٦٠ زرێپۆش و ٦٠٠ ئۆتۆمبێلی تر، نزیکەی پێنج هەزار چەکدار و هەمان ژمارەی پشتیوانی و دابینکەر و پلانی گەیشتن بە تاران، زۆر گەمژانە و بێهەڵوێست و لە سەدا حەفتا وێرانکاری ..".

دوای ئەم ڕووداوە، تەواوی زیندانیانی سیاسیی ڕێکخراوەکە لەسێدارە دران. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، لە سێدارەدانەکان کە لە هەموو ناوچەکانی ئێران ڕوویان داوە، زۆرجار لە دووری شوێنی هێرشەکە ئەنجام دەدرا و زیندانیانی سیاسیش لە نێویاندا ژمارەیەکی نادیار لە زیندانیانی باوەڕداری تێدابوو، کە ساڵانێک بوو لە زینداندا بوون. بەهۆی ئەمەوە ئەو کەسانە نەیاندەتوانی ڕۆڵیان هەبێت لەو هێرشە یان سیخوڕیکردنەدا. زۆربەیان لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێندرا پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێن و دادگایی بکرێن و سزای زیندانیکردنی جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێندرا بەهۆی چالاکییە ناتوندوتیژییەکانەوە، وەک دابەشکردنی ڕۆژنامە یان تراکت یان ناڕەزایەتی دەربڕین، زۆرێکیشیان لەکاتی دەستگیرکردنیان خوێندکارێکی تەمەن کەم بوون. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر بەهیچ شێوەیەک دادگاییکردن نەبوایە، دادگاییکردنەکان بەپەلە دەبوون، هەروەها ڕێگە بە تۆمەتباران نەدەدرا پارێزەرێک دابنێن یان بەرگری لە خۆیان بکەن.

لە نێو قوربانیانی ئەو ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر لە هەرزەکار و ژنان هەبوون، زۆرینەی ئەوانەی لەو ساڵەدا لە سێدارە دراون لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدین خەلق بوون. بەڵام سەدان کەس لە ئەندام و لایەنگرانی گرووپە سیاسییەکانی تری وەک ڕێکخراوی گەریلای فیدایی گەلی ئێران، حیزبی توودە، حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێگای کرێکار و ئەوانی تری تێدابوون.


سەرچاوەکان

114 بینین